دەیڵێم و بێ باکم

دەیڵێم و بێ باکم

@kurdpoems

هەچێکی بێتە سەر زارم، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

ئەگەرچی بێکەس و زارم، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

ئەوی ئاغایە بێ بێکارە، جەبوون و قەڵس و لاسارە

دزی و ڕێ گرتنی کارە، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

گەلێ بێ فیکر و ئیدراکن، گەلێ بێ خێر و ناپاکن

توخواکەی کامەیان چاکن، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

ئەوەندە گێژ و بێ هۆشن، حەیا و نامووسێ دەفرۆشن

لەبۆ ئازادی ناکۆشن، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

خودای ئاغاوەتان قەندە، لەبۆ قەندن هەموو بەندە

بەحاڵی وان دەکەن خەندە، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

نییانە بیری سەربەستی، دەکەن فەخرێ بەژێردەستی

دەڕۆن هەروا بەرەو پەستی، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

لە تاڵان و بڕۆ ئازان، لە ڕێگرتن هەموو وریان

درۆ ناکەم بپرسە وان، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

ئەوانەی ئێستە سەردارن، جەفاجۆن و ستەمکارن

غوڵامی پوول و دینارن، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

بەشەو تا ڕۆژ دەکەن تەگبیر، چ مڵکێکی بکەن داگیر

چ داماوێک بکەن یەخسیر، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

لەبەر زوڵم و جەفای وانە، وەتەن یەکبارە وێرانە

هەزار خۆزگەم بەبێگانە، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

لە شەرم و شوورەیی مردم، بەخۆم من چۆن بڵێم کوردم

کە ئاغا ئابڕووی بردم، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

منم لاوێکی بێ پەروا، لە کەس باکم نییە بەخوا

ئەگەر ئاغا لە حەبسم کا، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

--------------------------------
09 قەڵای نیشتمان
https://telegra.ph/09-08-12


Report Page