ڕێبەندان و شاعیر

ڕێبەندان و شاعیر

@kurdpoems

ڕێبەندان! دیسان هاتیەوە سەرمان

ڕەقمان هەڵێنی دیسان لە سەرمان

بەسۆزەی زریان پیاوی دەکەی سڕ

بەکڕێوە و باکوت ئاژەڵ دەکەی قڕ

ڕێ و بان دەبەستی بە بەفر هەموو

لەبەر پەساران هەڵدەنێی ڕنوو

پڕووشە و مژ و کەڕەسیسەکەت

تەپ و تومان و هەوا پیسەکەت

پێیەوە هەزار ئازار و ئاهۆ

کۆخە و هەڵامەت، لەرز و چەق و چۆ

کە تۆ تەشریفی ناشەریف دێنی

دڵی گەلی کور دادەخورپێنی

ماشین و ڕێگای ئیسفاڵتی نییە

بەو سارد و سۆڵە عیلاجی چییە

بە هەچەهەچی کەرێ چۆن باری

لادێیی کوردی دەگاتە شاری؟

هەژار لێی دەبڕێ ئاوردوو و زمهەڕ

کورووژمەی دەکا فەقیر، ماڵانگەڕ

سەر دەنێنەوە پیر و نۆجوان

بێ پەرستار و بێ داو و دەرمان

بەخێر نەهاتی مانگی مژ و تەم

دێنی بۆ ئێمە گەلێک دەرد و خەم

ڕێبەندان:

شاعیر ماڵ شێواو بۆ دژ داماوی

گێژی، خەوئاڵووی، شێتی خەرفاوی؟

بۆ چی تۆ ئاگات لە دنیا نییە؟

بۆ چی نازانی دەنگوباس چییە؟

بۆ بەمن دەڵێی قسەی سوێر و تاڵ

بۆ چی نازانی بێ خەبەر! ئەو ساڵ

زریانم هێنای بۆ کورد ئازادی

شەماڵم هێنای بۆ ئێوە شادی

مژی من هات و مژی هەژاری

ڕەواند یەکجاری لە کوردەواری

بەکەڕەسیسە و پڕووشە و سیخوار

ئاواتی کۆنی کوردم هێنا خوار

لە ڕۆژی مندا کورد بەڕووسووری

هەڵی بژاردووە ڕەئیس جەمهووری

جا ئەو جار باوی کوردی دێتەوە

ئاسوودە دەبێ، دەحەسێتەوە

شاعیر:


گیانی شاعیرت دەکەم بەقوربان وا هاتووی ئەوساڵ مانگی ڕێبەندان!دەک بەخێرهاتی قەدەمت پیرۆز

بەقوربانت بێ جێژنەکەی نەورۆز

ڕۆژی تۆ جێژنی گەورەی کوردانە

ناوت دەرمانی ژان و دەردانە

ئەوساڵ بەهارە بۆ ئێمە زستان

بمرێ دوژمنی کورد و کوردستان

1946

هەواری کرماویلە

--------------------------------
18 بژی دێموکڕات
https://telegra.ph/18-08-12-14


Report Page