🌕 ڕیشە و ڕەچەڵەکی "کوردە لوڕەکان" باشتر بناسە

🌕 ڕیشە و ڕەچەڵەکی "کوردە لوڕەکان" باشتر بناسە


    

✍: نەوزاد بۆسکانی


کوردە لوڕەکان بە کۆنترین خێڵەکانی کورد ئەژمار دەکرێن کە بە ئازایەتی و سوارچاکی بەناوبانگ بوون و جەنگاوەرانی بوێر و بەتوانا بوون.

لە مێژووی دێریندا هیچ کاتێک سەریان بۆ دوژمانی کورد شۆڕ نەکردووە و هەمیشە ڕووبەڕووی دوژمنان وەستاونەتەوە، بستێک لە خاکی خۆیان نەفرۆشتووە بە داگیرکەران، بە سەدان و بەهەزاران جەنگاوەری دلێر و چاونەترسیان لە پێناوی خاک و میللەت لەدەست داوە.

کوردە لوڕەکان گەورەترین هێز بوون لە سوپای کوردە ساسانییەکاندا، ئەمان تا سەرئێسقان لەگەڵ دوژمنانی کورددا شەڕیان کردووە و هیچ کاتێک خۆیان نەداوە بەدەستەوە، هەردەم یان مردن یان سەرکەوتن دروشمی ئەوان بووە.

هۆزەکانی کوردە لوڕەکان لە چەند تیرە و شێوازی ئاخافتنیان لە چەندین شێوەزاری کوردی ‌پێکهاتووە.

لەم پێوەندییەدا جەودەت پاشا، نووسەر و مێژووناسی بەناوبانگ لە یەکەم کتێبی مێژووییی خۆیدا نووسیویەتی:

لوڕ و بەختیاری و گۆران و لەک هەموویان لە یەک تیرە و زاراوە و ڕەچەڵەکن کە خاکی ئەوان هەر لە تەنگەی هۆرمۆزەوە تا مەرعەش و ماڵاتییە درێژ دەبێتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا "هێنری ڕاولیسۆن" لە سەفەرنامەکەی خۆیدا بۆ ناوچەی کوردە لوڕەکان نووسویەتی:

شێوەزاری لوڕی یەکێکە لە کۆنترین شێوەزارەکانی زمانی کوردی، بەڵام لە ڕووی بێژە و فۆنێتیکەوە (Aussprache) لە شێوەزاری خێڵە کوردەکانی تر کەمێک جیاوازیی هەیە.

هەروەها "بارون دوبەر" کە یەکێک بووە لە تۆریستە بەناوبانگەکانی ڕووسی، لە سەفەرنامەکەی خۆیدا بەناو لوڕستان و خووزستاندا نووسیویەتی: زمانی لوڕی هەر هەمان زمانی کوردییە و شێوەزاری تیرە و خێڵەکانی کورد و لوڕ بە شێوەیەک ئاوێتەی یەکتر بوون کە جیاکردنەوەیان زۆر ئاڵۆزە، هەردووکیان بە هەمان سیفەتی ئازا و نەبەردی دەناسرێنەوە کە هیچ جیاوازییەک لەنێوانیاندا بەدی ناکرێت، هەروەها لە ڕووی زمانەوانییەوە زۆر لەیەکەوە نزیکن و واژە و وشەکانیان هاوبەشە و هەردووکیان یەک سەرچاوەی ڕەگەزی و نەژادییان هەیە.

هەر لەم بارەیەوە مێژووناسی بەناوبانگ یاقوت حەمەوی نووسیویەتی: لوڕەکان لە میللەتی کوردن، ئەوان کوردی ڕەسەنن کە لە ناوچەکانی خووزستان و ئەسپەهان (ئەسفەهان) نیشتەجێ بوون و خاکی ئەوان بە لوڕستان ناوی هێنراوە کە بەشێکە لە کوردستان.

دوکتۆر فریچـ"ـیش مێژووناسی ئورووپایی، ئەو تاقیکردنەوانەی ئەو کردی بۆ زمانی کوردی ئەوەی ئاشکرا کرد کە کوردەکان دوو شێوەزاراوەیان هەیە کە کوردی و لوڕییە و تەنیا یەک سەرچاوەیان هەیە، لە هەمان کاتیشدا لە ڕووی دابونەریتی کۆمەڵایەتییەوە هیچ جۆرە جیاوازییەک بەدی ناکرێت لە نێوانیاندا.

نووسەر و مێژوونوسانی عەرەب تەواوی دانیشتووانی کوردە لوڕەکان بە کورد و بە کوردستان پێناسە دەکەن، وەک "ابن خردادییە" لە کتێبی "المسالک والممالک"ی خۆیدا باسێکی تێروتەسەلی لەسەر دابونەریتی کوردانی لوڕ کردووە.

نووسەری بەناوبانگی کورد، شەرەفخانی بەتلیسی، لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی "شەرەف نامە" یان "تاریخ مفسل کردستانی" باسی تایبەتمەندیی کوردانی لوڕی کردووە و نووسیویەتی: لوڕان لە تیرە و هۆزی کوردان ئەژمار دەکرێت و کوردان چوار بەشن، زمان و دابونەریتیان یەکە. یەکەم کرمانج، دووهەم لوڕ، سێهەم کەلهوڕ، چوارەم گۆران.

پرۆفیسۆر محمد ئەمین زەکی بەگ لە کتێبی کورد و کوردستاندا نووسیویەتی: زۆربەی ڕۆژهەڵاتناسان بە هۆی لەیەکچوونی شێوەزار و دابونەریتی لوڕەکان لەگەڵ کورددا، بە کورد و کوردستانی دەناسنەوە.

Report Page