🌕 پەیامی پیرۆزباییی ناوەندی چوارباخ بەبۆنەی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات

🌕 پەیامی پیرۆزباییی ناوەندی چوارباخ بەبۆنەی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات




بەڕێزانی حیزبی دێموکرات!


بەبۆنەی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی دوو لایەنی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، لەژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پیرۆزباییتان لێ ئەکەین و هیوادارین ئەم یەکگرتنەوەیە ببێتە هەوێنی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی نەتەوەیی و هەروەها ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێی خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داگیرکراوماندا.

لەم هەلومەرجەی هەنووکەی ناوچە و جیهان و هەروەها شپرزەییی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران و گوشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سەر ئەو ڕێژیمە و لەو بارودۆخەی ئێستەی کوردستانیشدا، یەکگرتوویی لەناو سەرجەم ڕەوتەکانی کوردستان و بەتایبەت ئەو حیزب و لایەنانەی کە بە هەر هۆکارێک تووشی دابڕان و جیابوونەوە بوون، نەک تەنیا زۆر پێویستە، بەڵکوو هەنگاوی سەرەکییە بۆ یەکڕیزییی نەتەوەیی لەسەر ئاستی کوردستانی مەزن و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە دەبێت هەوڵی بۆ بدرێت.

هەموومان دەزانین کە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی نەتەوەیی، لە یەکگرتنەوەی لایەنە دابڕاوەکانەوە دەست پێ ئەکات، کە بەخۆشییەوە ئەوەی چاوەڕان دەکرا، دوولایەنی حیزبی دێموکرات بەو یەکگرتنەوەیە ستارتی ئەو یەکڕیزییەیان لێ دا و لەو هەوڵە پیرۆزەدا کە ساڵانێکە خەڵکی کوردستان داوای ئەکەن، دەستپێشخەرییان کرد.

لە کۆتاییدا جارێکی تر پیرۆزبایی لە سەرجەم بنەماڵەی شەهیدان، بەندکراوانی سیاسی، ڕێبەری، کادر، پێشمەرگە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات ئەکەین و هیوادارین ئەم یەکگرتنەوەیە، یەکگرتووییی سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان و لە ئاکامدا بەرەی نیشتمانیی لێ بکەوێتەوە.


سەرکەوتن لە یەکگرتووییدایە.

 بە هیوای سەرکەوتنی خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان.


ناوەندی چوارباخ

١ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی

Report Page