🌕 پشتگیریی ناوەندی چوارباخ لە مانگرتنی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان
شۆڕشگێڕانی گۆڕەپانی خەبات
لە ڕەوتی پیلانە نامرۆڤانەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانی پارسی و لە درێژەی کۆمەڵکوژیی سیستەماتیکی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە، بەداخەوە ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢١ی کوردی، ڕۆڵەیەکی تری گەلەمان، کاک "حەیدەر قوربانی" بە تاوانی کوردبوون و بە تومەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکاندا، لەسێدارە درا و چووە ڕیزی نەمرانی سوورخەڵاتی گەلەکەمانەوە.
بە مەبەستی شەرمەزارکردن و ئیدانەکردنی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیەی ڕێژیم کە دوور لە سەرجەم پرنسیپە مرۆیییەکان و دوور لە گشت بنەماکانی مافی مرۆڤە، هەروەها بۆ بەگژداچوونەوەی ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانی پارسی، کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی، فەرهەنگی، ئەدەبی، ژینگەپارێزی و مەدەنیی کوردستان لە بانگەوازێکدا ڕوو بە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای مانگرتنی سەرانسەریی دەکەن.
ناوەندی چوارباخ، وێڕای شەرمەزارکردن و ئیدانەکردنی ئەو تاوانە نامرۆڤانەی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، سەرەخۆشیی خۆی لە بنەماڵەی شەهید "حەیدر قوربانی" و گەلی کورد دەکات و هاوکات پاڵپشتیی خۆی لە مانگرتنی سەرانسەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەگەیەنێت.
هەروەها داوای لە هاونیشتمانییانی پارچەکانی تری کوردستان دەکات کە لەو هەنگاوەدا پاڵپشتی ڕۆژهەڵات بن و لە هەر ڕێگایەکەوە بۆیان دەکرێت، دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی خەڵکی تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
سڵاو لە ڕوحی شەهید حەیدەر قوربانی.
یادی بەر و ڕێگای خەباتی ئاوەدان.
ناوەندی چوارباخ
٣٠ی سەرماوەزی ٢٧٢١ی کوردی