🌕 بریتانیا داواى لێبوردن له كورد و بنه‌ماڵه‌ى شێخ مه‌حموود حەفید ده‌كات
دواى زیاتر له سه‌ده‌یه‌ک له شۆڕشه‌كه‌ى شێخ مه‌حموود حه‌فید، یه‌كه‌م مه‌لیكى كوردستان، بریتانیا به‌فه‌رمى داواى لێبوردن له نەتەوەی كورد و بنه‌ماڵه‌ى شێخ مه‌حموودى حه‌فید ده‌كات.
شێخ مسته‌فا حه‌فید، نەوەی شێخ مەحموودی نەمر، لەم بارەیەوە له لێدوانێكدا ڕایگه‌یاند؛ ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر باڵیۆزى بریتانیا له وڵاتی عێراق، له سه‌ردانێكدا بۆ دیوه‌خانى ناوبراو له شارى سلێمانى، باسى له‌و ڕۆژگارانه كردووە كه كورد خه‌باتى ده‌كرد و ئه‌وانیش نه‌ک تەنیا هیچیان بۆ كورد نه‌كرد، به‌ڵكوو دژایه‌تیی کوردیشیان كردووە و وتى: "باڵیۆز بریتانیا به ئاشكرا ڕایگه‌یاندووە؛ ئێمه ئه‌وكات و له‌و سه‌رده‌مه‌دا هچیمان بۆ كورد پێ نه‌بووه و هیچمان بۆ كورد نه‌كرد جگه له دژایه‌تیكردن، بۆیه به‌فه‌رمى وه‌كوو شانشینى بریتانیا داواى لێبوردن له گه‌لى كورد و بنه‌ماڵه‌ى شێخ مه‌حموودى حه‌فید، یه‌كه‌م مه‌لیكى كوردستان ده‌كه‌ین".
هەروەها ناوبراو لەم پێوەندییەدا وتی: "هه‌ر له ماوه‌ى ڕابردووش وه‌كوو باڵیۆزخانه‌ى بریتانیا داواى چه‌ند وێنه‌یه‌كى مێژوویی و ده‌گمه‌نى شێخ مه‌حموودیان كرد و ئێستە ئه‌و وێنانه له باڵیۆزخانه و كونسوڵخانه‌ى بریتانیا له وڵاتی عێراق و هه‌رێمی کوردستادا هه‌ڵواسراون".
هه‌روه‌ها وتیشی: "ئەگەری هەیە له مانگى یه‌کەمی ساڵى داهاتوودا، واته سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتوو، له په‌رله‌مانى بریتانیا به ئاماده‌بوونى جۆن مێجه‌ر و ژماره‌یه‌ک له به‌رپرسانى پێشووترى بریتانیا، له‌ناو هۆڵى په‌رله‌مان فیلمێكى بەڵگەیی (دۆكیۆمێنتارى) له‌سه‌ر شێخ مه‌حموود پیشان به‌درێت و بنه‌ماڵه‌ى ئێمه‌ش به‌شدار بن".
لە درێژەی لێدوانەکەیدا باسى له فستیڤاڵێک كرد بۆ یادى یه‌كه‌م مه‌لیكى كوردستان و وتى: "له ئێستەدا كار بۆ ئه‌وه ده‌كرێت کە به هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمی کوردستان و پارێزگاى سلێمانى و بنه‌ماڵه‌ى شێخ مه‌حموود، مانگى 10ى ئه‌مساڵ (زایینی، واتە مانی ٨ی ٢٧٢٢ی کوردی) له ده‌ربه‌ندى بازیان، به ئاماده‌بوونى سه‌رجه‌م باڵوێزانى وڵاتانى جیهان كه له عێراقن له‌گه‌ڵ كونسووڵخانهكانیان له هه‌رێمى كوردستان، گه‌وره‌ترین فستیڤاڵ بۆ یادى شێخ مه‌حموود بەڕێوە بچێت".
شێخ مسته‌فا لە کۆتاییی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆ ئه‌و ڕێوڕەسمە، سه‌رجه‌م به‌رپرسانى حكوومه‌تى عێراق و هه‌رێمی کوردستان بانگهێشت كراون و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌و فستیڤاڵه به به‌شداریی نزیكه‌ى 100 هه‌زار کەس له هه‌ر چوار پارچه‌ى كوردستان به‌ڕێوه بچێت.
شێخ مەحموود کوڕی شێخ سەعید کوڕی شێخ محەممەدى حه‌فید، ساڵى ١٨٧٨ی زایینی له‌دایك بووه و لە ساڵی ١٩۵۶ی زایینی، كۆچى دوایی كردووه.
شێخ مه‌حموود ڕابەر و ڕێبەری چەندین ڕاپەڕینی جه‌ماوه‌ری دژی هێزه‌كانى بریتانیان لەکوردستان بوو. وه‌كوو بنه‌ماڵه‌كه‌ى ئاماژه‌ى پێ ده‌كه‌ن، ئەوان شێخی ڕێبازی قادریین و لە خێزانی بەرزنجییهكانن.
شێخ مه‌حموود لە ساڵی ١٩١٨ی زایینی، لە کۆبوونەوەیەکدا لە سلێمانی لەگەڵ کۆڵۆنێڵ ئارنۆڵد وێڵسن، مەندوبی سیڤیلی میسۆپۆتامیا بە وەکالەت داوای پاڵپشتی لە بریتانیا کرد بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی یەکگرتووی سەربەخۆ لە سایەی پاراستنی بریتانیادا دابمەزرێنێت.
لەنێوان ساڵانی ١٩١٩ و ١٩٢٢ی زایینی، شێخ مەحموود حەفید حکوومەتێکی کوردیی پێک ھێنا و دوو شۆڕشی دژی حکوومەتی بریتانیا به‌رپا كرد، دوو ساڵی پێ چوو تا دەسەڵاتی بریتانی توانی ڕاپەڕینەکانی سەرکوت بکات.
یەکەم شۆڕشی ئەو ڕێبەرە، لە ساڵی ١٩١٩ی زایینی، دەستی پێ کرد، لەو سەردەمەدا ئەو کارمەندە بریتانیانەیییانەی کە لە سلێمانی بوون، دەستگیر کران و شۆڕشەکە بەخێرایی بە مووسڵ و ھەولێردا بڵاو بووه، له به‌رانبه‌ریشدا بریتانیا بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکەی شێخ مەحموود، بۆمبارانی ھەوایی، تۆپباران، شەڕی زەوینی و یەکجاریش گازی کیمیایی بەکار ھێنا.
وه‌كو شێخ مسته‌فا ئاماژه‌ى پێ دا، "ڕەتکردنەوەی بریتانیایییەکان بۆ حکوومەتی سەربەخۆی کوردستان لەوەوە سەرچاوەی گرت کە ئه‌گه‌ر بێت و حکوومەتی سەربەخۆی کوردستان لە ناوچەکەدا سه‌ر بگرێت، وا دەکات عەرەبەکانی تر لە ھەردوو ناوچەی بەغدا و بەسرە داوای سەربەخۆیی بکەن و بەمەش کۆنترۆڵی ڕاسته‌وخۆى بریتانیا بەسەر میسۆپۆتامیادا لەدەست دەچێت".
لەساڵی ١٩٢٢ی زایینی‌دا دواى دورخستنه‌وه‌ى شێخ مه‌حموود بۆ هیندستان، جارێكى تر بریتانیا شێخ مەحموودیان گێڕایەوە سەر دەسەڵات، بەو ھیوایەی کە شێخ مەحموود کوردەکان ڕێک بخاتەوە و دژایەتیی تورکەکان بکات کە داوای موسڵ و کەرکووکیان دەکرد، بەڵام شێخ مەحموود حكوومه‌تى كوردستانى ڕاگەیاند و خۆی وەک مەلیکی کوردستان ناساند، دواتر ڕەزامەندیی دەربڕی بە ئۆتۆنۆمییەکی سنووردار لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی نوێی ئەو سەردەمدا.
لە ساڵی ١٩٣٠ی زایینی و دوای ڕاگەیاندنی وەرگیرانی عێراق لە «عوسبەتول ئومەم»، شێخ مەحموود سێهەم ڕاپەڕینی دەست پێ کرد کە بە ھێزە زەوینی و ئاسمانییە بریتانیا سەرکوت کرا و ئەو ڕاپەڕینەیش بەو شێوەیە هەرەسی هێنا.
سەرچاوە: حەفتەنامەی "دەنگی کوردستان".