wtayrozh

wtayrozh


ئاماری قوربانییانی توندوتیژی دژبە ژنان لە ئێران کە خوسووتاندنی ژنان و قەتڵی نامووسی لە توندترین شێوەکانین، ڕوو لە زیادبوونە. بەپێی لێکۆڵینەوەی توێژەرانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران کە لە پێنج شاری تاران، مەشهەد، تەورێز، شیراز و ئەهواز ئەنجام دراوە، توندوتیژی نیسبەت بە ژنان لە سەردەمی بڵاوبوونەوی نەخۆشیی کۆرۆنادا یەکجار چووەتە سەرێ. بە پێی ئەم لێکۆڵینەوەیە لە پێنج هەزار و ٣١٧ ژن، چوار هەزار و ١٠٧ کەسیان لانیکەم جۆرێک لە توندوتیژییان لە دەورانی قەرەنتینەی کۆرۆنادا تەجروبە کردووە. لەناو ژنانی توندوتیژی دیتوودا، ٩١ و دوو دەهومی لەسەد توندوتیژیی دەروونی، ٦٥ و هەشت دەهومی لەسەد توندوتیژیی جەستەیی، ٤٢ و شەش دەهومی لەسەد توندوتیژیی سێکسی و ٣٨ و دوو دەهومی لەسەد توندوتیژیی زیاناوییان تەجروبە کردووە. ئەم لێکۆڵینەوەیە نیشانی دەدات کە توندوتیژی دژبە ژنانی لاوتر، کەم خوێندەوارتر و بە پشتیوانیی کۆمەڵایەتیی لاوازترەوە، زیاتر لە باقی ژنانی دیکە بووە. بەم پێیە، ئەزموونی ئاستی توندوتیژیی دژبە ژنانێک کە پێگەی ئابوورییان لاواز بووە چوار بەرابەر لە ژنانی خاوەن پێگەی ئابووریی باش لەسەرتر بووە. هەروەها بە پێی ئەم لێکۆڵینەوەیە، توندوتیژی لەگەڵ بەکارهێنانی سیگار، ئەڵکۆڵ و ماددەی هۆشبەر پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە. ئاکامی ئەم لێکۆڵینەوەیە لەژێرناوی "تاوتوێ کردنی توندوتیژیی ناوماڵ و هۆکارە پەیوەندیدارەکانی لە سەردەمی پەتای کۆویدی ١٩ لەناو ژنانێکدا کە سەردانی ناوەندە تەندرووستی و دەرمانیەکانی ئێرانیان کردووە" بڵاوکراوەتەوە. لە مانگی خەرماناندا سەرۆکی بەشی فریاکەوتنی کۆمەڵایەتیی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا ڕایگەیاند کە: "لە سەردەمی پەتای کۆویدی ١٩دا تێکهەڵچوونی کەلامی و ڕەوانیی بنەماڵەکان کە تا بەر لەم پەتایە لە پلەی پێنجەم و شەشەم دا بوو، گەیشت بە پلەی یەکەمی کێشەکانی پەیوەندیدار بە فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی".

ئامارێک کە لە لایەن ناوەندی ئاماری ئێرانەوە لە مانگی خەرماناندا بڵاوکراوەتەوە نیشانی دەدات کە لە ساڵی ١٣٩٩دا، ٨٠ هەزار و ١٨٧ کەس بەهۆی ئازاری جەستەیی لە لایەن پزیشکی یاساییەوە پشکنینیان لەسەر ئەنجام دراوە کە ٧٧ هەزار و ٩٦ کەسیان ژن بوون و ڕایانگەیاندووە کە لە لایەن هاوسەرەکانیانەوە ئازار دراون. بە واتایەکیتر، سەهمی ژنان لە کۆی ئازارە جەستەییەکان ٩٦ لەسەد بووە.

ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوە جۆراوجۆرەکان نیشانی دەدەن کە توندوتیژی دژبە ژنان لە سەردەمی کۆرۆنادا لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و لە وڵاتانێکی وەک ئێران کە حکوومەتی ئیسلامی و یاساکانی شەرع دژبە ژنانن و هەڵاواردنێکی جێکەوتوو لە هەموو ئاستەکانی دەسەڵات، و بەتایبەت لە سیستمی قەزاییدا بوونی هەیە و هەروەها بێکاری و هەژاریی زیاتر بەرۆکی ژنانی گرتووە و سەربەخۆیی ماڵی و کارییان نییە، ئاستی ئەم توندوتیژیانە یەکجار لەسەرترە. 

لە توندوتیژی دژبە ژناندا، سەرەڕای یاسای کۆنەپەرستانەی حکوومەتی ئیسلامی و کارکردی دەزگای قەزایی پیاوسالار و گەندەڵ، بەسەرەنجدان بە ڕۆڵی کاریگەر و چارەنووس سازی هەژاری و گیروگرفتە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە ئێعتیاد بە ئەڵکۆڵ، ماددەی هۆشبەر و قومار، هەڵاواردنی شەرعی ئیسلامی دژبە ژنان و هۆکاری کلتووری، ڕۆڵی سەرەکی دەبینن.

لەو جێگەوە کە بەشێکی بەرچاو لە توندوتیژی دژبە ژنان لە چوارچێوەی بنەماڵە و لە لایەن کەسوکاریانەوە ئەنجام دەدرێت، پێویستە ڕۆڵی کلتوور و داب و نەریتی کۆنەپەرستانە، دین و شەریعەت و ئەخلاقیات و باوەڕی کۆن و دوور لەم سەردەمە، لەبەرچاو بگیرێت. بە بێ ڕەخنەگرتن لە کلتووری پیاومەزنی و داب و نەریت و ئەخلاقیاتی زاڵمانە و پڕ لە هەڵاواردن کە لەسەر بنەمای زۆر و ملهوڕی و سەرکوت و بێمافین، ناتوانین خەباتێکی جیددی و کاریگەر دژبە توندوتیژی داسەپاو بەسەر ژنان، ئەنجام بدەین.

توندوتیژی دژبە ژنان چ لەلایەن مەئموورانی حکوومەت لەسەر شەقامەکان و شوێنی کار و چ لەناو بنەماڵە و لە لایەن پیاوانی وەک شوو، باوک، برا و کەسانیترەوە کردەوەیەکی تاوانبارانە و نامرۆڤانەیە و ئەنجامدەرانی ئەم توندوتیژیانە پێویستە دادگایی و موحاکمە بکرێن.

توندوتیژی کەلامی یان فیزیکی، هەتکی حورمەتی ژنان و بەڕەسمی نەناسینی مافی بەرابەریی ژن و پیاو لە بنەماڵە و لە کۆمەڵدا، زامێکی قووڵە بەسەر ڕوخساری کۆمەڵێکەوە کە تێیدا ژنان ئەمنییەت و مافی یەکسانیان نییە. 

دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران بە یاسای کۆنەپەرستانە و پڕلە هەڵاواردن دژبە ژنان، دەخاڵەت دانی شەرع و ئایین لە یاساکانی کۆمەڵ، هەژاری و بێکاری، لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و بنەماڵەییدا، ژیانی لە نیوەی جەمعییەتی کۆمەڵ کە ژنانن، سەخت و دژوار کردووە.

ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و کورت کردنەوەی دەستی مەزهەب لە یاساکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵ، مەرجی پێویستی وەدیهاتنی بەرابەریی ژن و پیاو و کۆتایی هێنان بە بەربەریەت و توندوتیژی دژبە ژنانە.







Report Page