perantez_net

perantez_net



بۆ چی بە هەورامی دەنووسم؟


✍️ مودەڕێس سەعیدی


🔸لەم ڕۆژانە نووسینێکی دۆستی خۆشەویست کاک کەیهان عەزیزی لە ژێر سەردێڕی " بۆ چی بە هەورامی نانووسیت؟" بڵاو بویەەوە کە تێدا نووسەر هەوڵی دابوو وڵامی هەندێک ڕەخنەگر کە ئەو پرسیارەیان ئاراستەی ئەو کردبوو بداتەوە. پێش هەموو شتێک بڵێم کە بە باوەڕی من کاک کەیهان بە نووسینی وەها بابەتێک و بە تایبەت بەو سەردێڕەی بۆی هەڵبژاردوە واتە " بۆ چی بە هەورامی نانووسیت؟ " کەوتۆتە داوێکەوە کە زۆر جار بۆ چالاکوانانی کوردبوون لە هەورامان دەنرێتەوە؛ کەوتۆتە دۆخی بەرگریەوە و وەک بلێێ ئەو گریمانەی کە ئەو بە هەورامی نانووسێت قەبوڵ کردوە، دەیەوێت پاساو بۆ هەورامی نەنووسینەکەی بهێنێتەوە؛ لە حاڵێکدا کاک کەیهان بە هەورامیش دەنوسێت و بە تایبەت لەبارەی ئەو پرسانەوە کە تایبەتن بە هەورامان، بە زمانی کوردی هەورامی نوسیویەتی و بەڵکوو لەو کەسە پێشەنگانە بووە کە هەر وەها خۆی لە نووسینەکەیدا ئاماژەی پێدا لە سەردەمێکدا کە زۆر لە قەڵەمبەدەستانی ناوچەکە، بە تایبەت لەو شارەی کە کاک کەیهان لێێ دەژی واتە پاوە، بە زمانی فارسی دەیانووسی، زەروورەتی نووسین بە هەورامی گەڵالە کردوە و وە بیرهێناوەتەوە. ئێستا پرسیار ئەوەیە کەسێکی پێشەنگ لەو بزاڤە فەرهەنگیەی کە بۆ نووسین بە زمانی کوردی تایبەت بە ناوچەکە ( هەورامی) کەوتۆتە رێ، بۆ چی دەبێ ئێستا لەسەر ئەو گریمانە هەڵەیە کە " گوایە ئەو بڕوای بە هەورامی نووسین نیە" باس بکات و بکەوێتە دۆخی بەرگریەوە و کرێدیتی پێشەنگایەتی ڕەوتی هەورامی نوسینەکە بهێڵێتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە لە ساڵانێکدا کە کاک کەیهان پێویستی نووسین بە کوردی هەورامی وە بیر دەهێنایەوە، ئەمان بە فارسی دەیانووسی!؟

🔸من خۆم لەگەڵ ئەوەی باوەڕی تەواوم بە نووسینی بە هەورامی هەیە، پێم وانیە کە ڕۆشنبیرانی هەورامان دەبێ تەنیا بە هەورامی بنووسن. وەک کاک کەیهان باوەڕم ئەوەیە کە ڕۆشنبیری هەورامی نابێت لە هەورامان قەتیس بمێنێتەوە. زۆر ئاساییە کە ڕۆشنبیری هەورامانیش هەندێک جار دەغدەغە گشتیەکانی کۆمەڵگای کوردستان یان نەتەوەی کورد بە گشتی بخوێنێتەوە و خەڵکی کوردستان بە گشتی بە بەردەنگ بگرێت؛ لەم کاتەدا پێویستە لە زمانێکی کوردی نێوجی بۆ پێوەندیە نێوکوردیەکان کەڵک وەربگرێت. هەر چۆن من خۆم وام بە باش زانی کە ئەم یاداشتەی بەردەستتان بە کوردی سۆرانی بنووسم و بەم شێوە ڕۆشنبیرانی ناوچەکانیتری کوردستان لەبارەی پێویست بوونی فرە ڕەنگی و فرەزمانی لە کوردستان بە بەردەنگ بگرم. بۆیە ئەگەر سەردێڕی نووسیەنەکەی کاک کەیهان بۆ وێنە ئەوە بوایە کە " بۆ چی بە سۆرانی دەنووسم" یان باشتر بڵێم ئەوە بوایە کە " بۆ چی بە سۆرانیش دەنووسم؟"، بە لامەوە ئاسایی دەبوو و ڕەنگە ئەم ڕەخنەم ئاراستە نەکردبا. چون کاک کەیهان زۆرجار لە بارەی ئەو پرسە فیکری و فەلسەفیانەوە دەنووسێت کە مۆبتەلای هەموو کۆمەڵگا و نەتەوەی کوردستانن؛ بۆیەش بەلامەوە ئاساییە ئەگەر هەندێک جار و تەنانەت زۆرجاریش ، بە سۆرانی یان زاراوەیەکی تری کوردی بیجگە لە هەورامی بنووسێت؛ بەڵام خستەڕووی بابەتەکە بەو شێوازەی کە " بۆ چی هەورامی نانووسم؟" ، لە جیاتی ئەوەی " بۆ چی بە سۆرانیش دەنوسم؟"، ڕەنگە هەڵە تێگەیشتنێک دروست بکات و بەردەنگ وا تێبگات کە هەوڵێکە بۆ تێۆریزە کردنی نەنووسین بە زمانی کوردی هەورامی !

🔸کاک کەیهان خاوەنی ئەو ڕستە جوانەیە کە " دەبێ لە کوردبوونەوە بچین بۆ پرسی زمان لە کوردستان"؛ منیش ئەو کەسەم کە بە ساڵانە دەڵێم " ئێمە لە ڕێگەی هەورامی بوونی خۆمانەوە کوردین، تا هەورامیتر بین کوردترین و دەبێ بە زمانە کوردیەکەی خۆمان کە هەورامیە، بەشداری لە ژیانی کۆمەڵایەتی و کلتووری کوردستان بکەین"(بڕوانە : ئێرە ). ئەم بۆچوونانەی من و کاک کەیهان لەوانەیە لە ڕواڵەتی وشەکاندا لە بەرانبەریەکدا بن، چون بە ڕواڵەت یەکیان لە کوردبوونەوە دەڕوا بۆ زمانی کوردی هەورامی و ئەوی تریان لە زمانی کوردی هەورامیەوە دەگات بە کوردبوون، بەڵام من هەرگیز بە دوو ڕوانگەی جیاوازیان نازانم. چوونکە باوەڕم وایە هەردوو ڕێگەکە لە خاڵێکدا یەک دەگرنەوە کە ئەویش زەروورەتی بایەخدانی هاوکات هەم بە شوناسی کوردبوون و هەمیش بە زمانی کوردی هەورامیە. ئەو دوو ڕێگایە لە خاڵێکدا یەک دەگرنەوە بە مەرجێ لە هەردوویاندا ڕێگاکە تا دوایی ببڕین و لە نێوەێ ڕێگەکەدا نەوەستین. هەر چۆن کاک کەیهان سەردەمی خۆی لەو ساڵانەدا کە زۆربەی ڕۆشنبیران و قەڵەم بەدەستانی شاری پاوە بە فارسی دەیانووسی، لە ڕێگەی کوردبوونەوە گەیشت بە زمانی کوردی هەورامی و پێویستی نووسین بە هەورامی!

🔸من پێشتر زۆر جەختم لە زەروورەتی نووسین بە زمانی کوردی هەورامی کردوەتەوە و لێرە نامەوێت کە قسەکانم دووپات کەمەوە. بەڵام دەتوانم بڵێم هەم کاک کەیهان ئاسایی لە کوردبوونەوە گەیشتووم بە زمانی کوردی هەورامی؛ هەمیش لەڕێگەی زمانی هەورامیەوە گەیشتم بە کوردبوون. هەر ئەو لۆژیکەی کە ئێمە کوردین و پێویستە کە زمان و کلتوور و ناسنامەی خۆمان بپارێزین، منی گەیاندە ئەوێ کە زمانە کوردیەکەی من هەورامیە و پێویستە هەورامیم خۆش بوێت و بیپارێزم و گەشەی پێ بدەم و بەش بە حاڵی خۆم بۆ نەوەکانی داهاتووی بگوازمەوە. جاری دوهەمیش هەر دەغدەغەی کوردبوون بوو کە منی گەیاندە ئەو لێکدانەوەی کە کورد بە هۆکاری مێژوویی ناتوانێت زمانێکی یەکگرتوو و فەرمی هەبێت و ئیسرار کردن لەسەر گوتاری یەکزمانی لە کوردستان لێکەوتەی پێچەوانە و بە زیانی کورد بوونی دەبێت و تەنیا ڕێگای چارەی ئەوەی ئایدیای کوردبوون سەربگرێت ئەوەیە کە فرەزمانی و فرە ڕەنگی لە کوردستان قەبوڵ و تئۆریزەو و پراکتیزە بکرێت .جاری سێهەم بەو شێوە لە کوردبوونەوە گەیشتم بە زمانی هەورامی کە پێویستە ڕەوتی کوردی لە هەورامان خۆی بکاتە ئاڵا هەڵگری بیرۆکەی پاراستن و گەشەپێدانی زمانی هەورامی و ئەم ئاڵایە لە دەست ڕەوتە نەیارەکانی بیرۆکەی کورد بوون بهێنێتە دەرەوە و خۆی خاوەندارێتی لێ بکات. هەروەها کاتێکیش لە ڕێگای زمانی هەورامیەوە بەرەو کوردبوون چووم، دیسان گەیشتمە هەمان جێگا؛ بەوەی کە من لە ڕێگای هەورامی بوونەو کوردم، هەتا هەورامیتر بم کوردترم، و پێویستە بە زمانە کوردیەکەی خۆم کە هەورامیە، داکۆکی لە کوردبوون بکەم، بە زمانە کوردیەکی خۆم کە هەورامیە بەشداری ژیانی کۆمەڵایەتی و کلتووری کوردستان بم. زمانی کوردی گەورەترین فاکتەری کوردبوونە و دەبێ بپارێزرێت و گەشەی پێ بدرێت. هەرچۆن سەنگەری پاراستنی زمانی کوردی لە باکوور کورمانجی و زازایە و ئەگەر کورمانجی و زازا لە ناو بچن کورد لە باکوور نامێنێت یا چۆن سەنگەری پاراستنی زمانی کوردی لە سنە و مەهاباد سۆرانی و لە کرماشان لەكی و کەلهۆڕیە، هەر بەو شێوەش سەنگەری پاراستنی زمانی کوردی بۆ منی هەورامی، هەورامیە ،ئەو سەنگەرەش بەرنادەم!

✍️#مودەڕێس_سەعیدی

١٤٠٥/٦/١٧

https://t.me/horamanhistory


https://t.me/parantez_net




Report Page