@Enqelabrojava

@Enqelabrojava


🔳 داخۆیانی خەرمانان:


سەدەی بیست و یەک، سەدەی شۆڕشی ژنە


❑ لە دەسپێکی خەرمانان/شەهریوەر داین و کەمتر لە سێ حەوتووی ماوە بۆ یەک ساڵە بوونی شۆڕشی ڕێبەر ئاپۆ-ژن ژیان ئازادی و ساڵهاتی سەدان شەهیدی ئەو شۆڕشە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرانسەری ئێران.


❑ ئەوڕۆ زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ تێدەپەڕێ و ڕێژیمی فاشیستی تورکیا بە ڕێخۆشکەری ڕێکخراوە دێموکڕاتیک ئاساکانی ئەورووپا، مافی هەر چەشنە پەیوەندی و چاوپێکەوتن تەنانەت دەگەڵ پارێزەرانی لە ڕێبەر ئاپۆ و هەڤالانی گرتووخانەی ئیمڕاڵی زەوت کردووە.


❑ ئەوڕۆ گەریلاکانی ئازادی کوردستان بە پێشەنگایەتی ژنانی ئاپۆیی یەژاستار و هەپەگە لە زاپ و مەتینا و ئاڤاشینی وڵات دژ بە دووهەمین ئەڕتەشی ناتۆ و بێ ئەخلاقترین هێزی جیهان کە پشت ئەستوورن بە هێڵی خەیانەتی پەدەکە-بارزانی ، خەریکی بەرخۆدان و پێشخستنی ئەرکە شۆڕشگێڕییەکانیانن.


❑ ئەوڕۆ گەلی ئێمە لە هەر چوار بەشی کوردستاندا لە ڕەوشێکی دەگمەن و پڕ لە هەڕەشەدا ژیان دەکەن. بەڵام ڕێکخستنی ئاپۆیی بە سوور بوون لەسەر سۆز و بڕیاری خۆی بۆ پاراستنی وڵات و خاکمان لە هەمبەر دوژمنانی دڕندە و بێ ئەخلاقی گەلەکەمان بەرخۆدان دەکەن و پاشەکشەیان بۆ نیە.

هەر لێرەوە سڵاو و ڕێزی شۆڕشگێڕانەی خۆمان بۆ شەهیدان، هەڤالان و ڕێبەری بەرخۆدێرمان ئاراستە دەکەین و ئاکارە نامرۆڤانەکانی دوژمنان و هێڵی خیانەت بە تایبەت پەدەکە-بارزانی شەرمەزار دەکەین.


❑ دە دۆخێکی ئەوهادا لە ساڵۆگەری شۆڕشی ڕێبەر ئاپۆ-ژن ژیان ئازادی نیزیک دەبینەوە. داگیرکەری کۆماری سێدارە بێ هیچ چەشنە گۆڕانکاری و پێداچوونەوەیەک دە ناسیاسەتەکانیدا، تەنانەت زیاتر لە جاری جاران لەسەر حاشا و سەرکووتی پرسەکان بە جێگەی چارەسەری پێداگری دەکات.


❑ هەر پشتی سەرکووتی شۆڕش لە ئاستی شەقامدا، ڕێژیم بە شێوازێکی قێزەون و زەبوونانە دەستی کرد بە تۆڵە کردنەوە. لە گرتن و هەڕەشەکردن لە بنەماڵەی شەهیدان و هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەی کچان تا هەڵگیرساندی شەڕ لە هەرێمی هەڤالان - کۆساڵان و تێرۆری بیولۆژیکی دارستانەکانی سەردەشت، مەریوان، پاوە و… ئەوڕۆش ڕێژیم وەک ناتەدبیرێک بۆ ساڵۆگەری شۆڕش، خەریکی مێلیتاریزەکردنی وڵات و ئاوا کردنی سەنگەری شەڕفرۆشی و سەرکووت بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گرتن و ئەشکەنجەی جەوانانە بە ئامانجی چاوترسێن کردنی خەڵک و کۆنتڕۆڵ کردنی شەقامەکان.


❑ بە دڵنیاییوە بۆ شیکاری دۆخەکە و ناسینی ڕەوشی دوژمن ناتوانین تەنیا لە ڕێژیمی داگیرکەری سێدارە بڕوانین و دەبێ بە وردی لەسەر ئۆپۆزۆسیۆن و دەوڵەتان ڕاوەستان بکەین و دۆستان و دوژمنانی ئازادی و دێموکڕاسی بناسین و بیانناسێنین.


❑ شاهووڵاهییەکان، سێلێبریتی ئەکتیویستەکان، جووڵانەوە دەرفەرتخوازانەکانی (ئۆپۆرتۆنیستی) ئەورووپا-ئامریکا و لاوازی هزری یەکگرتوویی و کۆجێیی لە نێوان خەڵک و نوێنەرە سیاسیەکانی خەڵک لە پەنا سەرکوتی ناڕەوا و بێ ئەخلاقانەی ڕێژیم لە هۆکارەکانی کشانەوەی شۆڕش لەسەر شەقام بوون. باش وایە گەلان بۆ لایەنێک ببن بە بەردەنگ و مەوزوعیەتی پێ بدەن کە دیالۆگی شۆڕشگێڕانە و دێموکڕاتیک پێش دەخات و یەکگرتوویی وتار و کرداری هەیە؛ نەک شاهووڵاییەکان کە هیچ پەیوەندیەکان دەگەڵ ڕیشە و ڕەوشی شۆڕش و خەڵک نیە! نەک دەوڵەتانی ڕۆژئاوا کە شۆڕشیان وەک کارتێکی گووشار بۆ بەدی هێنانی ویست و خواستەکانی خۆیان بەکار هێنا و ژن ژیان ئازادیان کردە بڕەندێک و کاسبییان پێ کرد! نەک حیزب و لایەنێک کە لە جێگەی ئەوەی باوەڕی بە هێز و ئیرادەی خۆی و گەلەکەی هەبێ ڕوو و چاوی لە دەرەوەیە بۆ چارەسەری و بۆ پاسیڤ بوونەکەیان پاساو و بەهانەی جۆراوجۆر دەهێننەوە! نەک کەسایەتییەک کە بۆ قوت کردنەوەی خۆی هەر وەک ڕێژیم ناسیاسەتی ئاژاوەنان و ڕەش کردنەوە بەکار دێنێت!


❑ ئەوڕۆ ڕێژیم لە دەرەوە و لە ناوخۆش شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە ئاژاوەیەک بۆ فڕێدانی لێچک و حیجاب دادەبەزێنێت و تەنیا لەو کاناڵەدا بۆی دەچێت. شۆڕشی ڕێبەر ئاپۆ-ژن ژیان ئازادی بوو بە دەرفەتێک بۆ زیندوو بوونەوەی لایەن گەلێک کە دەمێک بوو دەستیان لە خۆ و لە گەل قوت کردبوو. ئەوڕۆ ڕێژیم بە ئامانجی چەوت کردن و شێواندنی دیسکۆڕسی شۆڕش و ڕێکخستن و شانتاژی مێدیایی، ئەوان بە ڕیشە و بکەری شۆڕش دەناسێنێت و تیشک دەهاوێتە سەریان (بۆردوومان، تێرۆر و قەتڵی زنجیرەیی ئەندامان، بە ڕۆژەف کردنی سیستماتیکی ئەوان لە سیاسەتی دەرەکی و …)


❑ لایەنگەلێک کە بە بۆنەی دوور بوونەوە لە ڕاستینەی کۆمەڵگاکانی کوردستان و ئێران توانای خۆدەربازکردن لە ژێر چەپۆک بوونی هێڵی خەیانەتی پەدەکە-بارزانی و دەست هەڵگرتن لە وەهمی گرتنی کارئاسانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی بۆ گەییشتن بە ئازادی و دێموکڕاسیان نیە. با ئێمە و گەلەکەمان لە ناپێشەنگان تێپەڕین.


❑ پەروەردە و ڕێکخستن نیوە گرینگەکەی شۆڕشە! ئەوڕۆ دە شۆڕشی ڕێبەر ئاپۆ-ژن ژیان ئازادیدا بە پێچەوانەی سەرهەڵدانەکانی پێشووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕێبەر و ئاڵتێرناتیڤ و نەقشەڕێگا بۆ هەمووان ئاشکرایە. هەر بۆیەش ڕێژیم و هێڵی دژەشۆڕش بە چڕی خەریکی سەرکوت، دزین و چەوت کردنی شۆڕش و ئەنجام و ئامانجەکانی شۆڕشن.


❑ هاوکات هەر پەروەردە و ڕێکخستنە کە پلان و شەڕی تایبەتی نەیارانی ئازادی و دێموکڕاسی پووچەڵ دەکاتەوە. یانی تاک و کۆمەڵگای بە ڕێکخستە ناکەوێتە ژێر کاریگەری یاری و شانۆکانی ڕێژیم و بە پشت بەستن بە ئیرادەی خۆجێیی خۆی ڕێگەکەی لە ڕێگەی دەوڵەت و دەسهەڵات جیا دەکاتەوە.


❑ ئێمە شۆڕشی ڕێبەر ئاپۆ-ژن ژیان ئازادی، بە ئامانجی ئاوا کردنی کۆمەڵگای دێموکڕاتیک-ئێکۆلۆژیک بە بنەمای ئازادی ژن وەکوو وڵامێک بۆ کێشە هەمەڕەهەندیەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری پێناس دەکەین.


❑ شۆڕشێک بۆ ئازاد کردنی دێرینترین داگیرکراوی مێژوو یانی ژن و ئازادی ژن لە کوردستان، ئازادی پیاو و کۆمەڵگای کوردستانە و ئازادی کوردستان زامنی ئازادی و دێموکڕاسیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهاندا.


❑ شۆڕشی ڕێبەر ئاپۆ-ژن ژیان ئازادی، هەر چەشنە بە مڵک کردن و ئۆبژەسازی جەستە و سایکۆلۆژی ژن ڕەد دەکاتەوە و هەر بەمجۆرەش ئیرادەی دەرەکی و دەوڵەتی بۆ ڕێوەبەری کۆمەڵگا پەسەند ناکات. ئەو فاکتەرە هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە تاکوو هێستا دە ڕێوبەری خۆپێشاندانەکان و ڕێکخستن بە شێوەی خۆجێیی، بە پێشەنگایەتی ژنان و جەوانان لەبەر چاو بووە و زەق بۆتەوە. ئەو دیاردەیە وەکوو چاندێک گەشەی کردووە و ئاکام و ئەنجامەکەشی درێنگ یا زوو وەک خۆبەڕێوەبەری دێموکڕاتیک بۆ کۆمەڵگا دەبێتە بەرهەم.


❑ دیارە کە ئاستی شۆڕش و لە بەرامبەر ئەودا ئاستی سەرکوتی ڕێژیم لە هەرێمێک بۆ هەرێمێکیتری جوگرافیای سیاسی ئێران جیاوازی زۆر بووە و ناهاوڕەنگە. بۆ نموونە شۆڕش لە کوردستان و بەلووچستان لەچاو ناوەند و ناوچەکانی تر ڕادیکاڵتر بووە و لە بەرامبەردا سەرکوتی ڕێژیم شێوازێکی چڕوپڕتری هەبووە.


❑ ڕوونە کە پرس و ژانەکانی گەلانی ئێران هەمووی دە یەک ئاستدا نیە. دە ئەو ناهاوئاست بوونەدا ڕێژیم بە شەڕی تایبەت و دژە شۆڕش بە شیکاری و تەحلیلی ساویلکانە هاوشێوەی ڕێژیم، گەلان لەیەک جودا دەکەنەوە و ئاژاوە دەنێنەوە. بۆ نموونە بە تێزی «با تاران و تەورێز شۆڕش بکەن نەک کوردستان!» حاشا لە ڕاستینەی پێشەنگایەتی کوردستان دەکەن و دژ بە ئەو ڕاستینە مێژووئیە ڕادەوەستن کە «پاراستنی ژیان و شۆڕش لە کوردستان پارستنی ژیان و شۆڕشە لە هەرێمەکانی‌تر»


❑ ئێمە و گەلەکەمان و هەمووی گەلان با لەسەر ئەو وتەی ڕاوەستان بکەین و سوور بین کە «کوردستانێک کە دەسپێک بوو بە بێشکەی شارستانیەت بۆ مرۆڤ، ئەوڕۆ دەبێتە کانگای ئاشتی و دێموکڕاسی بۆ ناوچەکە و هەموو جیهان»


🚩 سەرکەوتن بۆ ئێمەیە

🚩 بژی سەرۆک ئاپۆ

🚩 بژی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی


✍️ کۆمیتەی شەهید بەرفین ڕێباز

❑ مەهاباد، خەرمانانی 1402


ـــــــــــــــــــــــــــــــ

❑ انقلابــــ روژآوا

https://t.me/enqelabrojava

Report Page