@Enqelabrojava

@Enqelabrojava


🔳 مەزلوم کۆبانێ فیگەری هێز و سیاسەت، تویتێک دەکات!


❑ دوێنێ بە بۆنەی گیان لەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران و هاوڕێکانی، جەنەڕاڵ کۆبانێ تویتێکی کرد و سەرەخۆشی خۆی بۆ گەلی ئێران دەربڕیی.


❑ ئەگەر بۆ هەموو دەوڵەتان هەبێت سەرەخۆشی بۆ دەوڵەتی ئێران بنێرن، هەندێ کەس لێرەو لەوێ بەتایبەتی میدیاکارانی ڕۆژهەڵات دڵگرانن بەو سەرەخۆشیەی جەنەڕاڵ کۆبانێ بەهۆی ئەوەی پارچەیەکی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە داگیرکراوە!


❑ سەرەخۆشیەکەی مەزلوم کۆبانێ بۆ گەلی ئێرانە ئاراستەی دەوڵەت و ڕژێم نەکراوە، ڕاستە بۆنەکە مردنی کەسی دەوڵەتیە لێ هیچ تەسلیم بوونێکی تێدانییە و هیچ شانازییەکی تێدانییە بۆ بوونی پەیوەندی توندوتۆڵ لەگەڵ داگیرکەرێک، بەڵکو تەکتیکێکی شەڕە، بۆ کەمکردنەوەی ئاژاوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بەسەر بارۆس و درزخستنە نێوان داگیرکەرانە بۆ جێبەجێنەکردنی پیلانە هاوبەشەکانیان.


❑ لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ سەرەتای ٢٠٢٤، پیلانی هاوبەشی، میحوەری ئەستانە، بەتایبەتی تورکیا و ئێران و ڕژێمی سوریا لە دێرەزوور، کردەی تیرۆر و ئاژاوەی زۆریان بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراسی دورستکرد، بەرامبەر ئەو ئاژاوە و کاری تێکدەرانە، هێزەکانی سوریای دیموکراسی لێدانی کوشندەیان لە مێلیشیاتەکانی ئێران و سەرۆک هۆزە وابەستەکانی تورکیا و داعش دا، دیمان کە چۆن خودی جەنەڕاڵ کۆبانێ دوای ئەو گورز وەشاندنە، توانی ئارامی بگەڕێنێتەوە ناوچەکە و ئەو گرێ پیسەی کە خۆی مەڵاسدابوو لە ناو هەسەدە بۆ ئێران، لە ڕەگەوە هەڵیکێشا.


❑ سەیری نەخشەی هەژموونی ئێران و تورکیا بکە لە جوگرافیای سوریا، بارۆس لەناو جوگرافیایەکدایە، باشور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی فورات گەمارۆدراوە بە مێلیشیاتەکانی ئێران و حەشدی شەعبی و پاسداران. لە حەلەب زیاتر لە چارەکە ملیۆنێک کورد هەیە و خۆسەرییان ڕاگەیاندووە، هەمووش ئەو راستیە دەزانین کە خودی حەلەب لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران کۆنترۆڵکراوە، تەنانەت دیمەشق کە بە ملیۆنان کوردی لێیە، ئەویش لەژێر هەژموونی ئێراندایە.


❑ خاڵێکی دیکەی جەوهەری دەڤەری شەهبایە کە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار لە ئاوارەکانی عەفرین لێیە، دەورەدراوە بە مێلیشیاتەکانی ئێران و گروپەکانی سەر بە تورکیا، کە تێکڕایان وەک دوژمن پۆلین دەکرێن و دەیانجار ئیتفاق کراوە لە ئەستانە کە سوپای تورکیا و گروپە تیرۆریستەکان هێرش بکەنەسەر تەلرەفعەت و دەڤەری شەهبا، لێ ئێران پاشگەزدەبێتەوە ناچێتە ژێرباری ئەو پیلانە، بۆچی؟

چونکە هاوسەنگی هێز دەگۆڕێت نەک تەنها لە بارۆس و سوریا بەڵکو لەناوخودی رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆیە ئێران دەجار بیردەکاتەوە ئەگەر هەنگاوێک لە بەرژەوەندیئ تورکیا دژی بارۆس بهاوێت.


❑ ئەو میدیاکارە ڕۆژهەڵاتیانە ئەو ڕاستیانە نابینن، کورت مەودا لە تەکتیکی ئەو بزاڤە دەڕوانن و لۆکاڵیانە و پارچەیی بیر دەکەنەوە.


❑ کاتێ مەزلوم کۆبانێ تویتێک دەکات لە چوارچێوەی تەکتیکی بێلایەنکردنی ئێرانە و لە پێناو پاراستنی بارۆس و دەستکەوتەکانە، هیچ تەنازولێک و یا خۆرادەستکردنێکی تێدانییە. بەکورتی ئەو تویتە جۆرێکی دیکەیە لە شەڕ کە سیاسەت تێیدا جوان و زاڵە و، لەچوارچێوەی پارادیگمای ڕێبەر ئۆجەلانە.


❑ ئەو خۆچەماندنەوەی سەرچەتەکانی پارتی بۆ ئێران ئەوە روورەشییە، کاتێ دەڵێن: ئێمەی نەوەی کۆماری ئیسلامین و پیاوی ئیمامین!. یا بە پراکتیک بەشداردەبن لە چەککردنی گروپە کەمپنشینەکانی رۆژهەڵات لە باشور.

ئەم دوو هەڵوێستە بەراورد ناکرێن، لەبوون بە هێزی هاوسەنگکردن و بوون بە مورتزەقەی ئێران، جیاوازییان ئاسمان و رێسمانە. ئەو بەرێزە کەمینە رۆژهەڵاتیە ئەو راستیە نابینن و، دەیانەوێت بەناشیرنییەکانی هەرێمی کوردستان کەلایەن مورتزەقەکانی ئێران وتورکیا بەڕێوەدەچێت، جوانی هێز و سیاسەتی بارۆس لەکەدار بکەن. کاتێ دێن دژی تویتەکەی مەزلوم کۆبانی بە جاهیلانە و دوور لە تەکتیک وستراتیژی ئەو بزاڤە تاوتوێ دەکەن، خزمەتێکی زۆری سیستەمی مورتەزەقەیی دەکەن و بەجۆرێک لە جۆرەکان خزمەت بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن.


❑ ڕێبەر ئۆجەلان لە نوسینەکانی و لە ئاخافتنەکانی تەکەس دەکاتەوە لەسەر هێز و شەڕ کە چەمکێکن بێ ئەوان سیاسەت ناکرێت. پێویستە ئەو کەسانە کە رەخنەی بێواتا دەگرن، با چەندجارێک ئەو نوسین و ئاخافتنانەی ڕێبەری گەلان ئۆجەلان بخوێننەوە، یا لانی کەم گفتمانەکانی فەیلەسوف و شۆڕشگێرەکان لە مێژوودا بخوێننەوە، تا بێدەنگبن و راستیەکان ببینن. مرۆڤی دەمارگرژ تا قسەی زۆری بێواتا بکات، بەرچاوی خۆی نابینێت و راستیەکانی لێ ون دەبێت.


❑ با ئەوانەی دەنگ هەڵدەبڕن و تەڕو وشک بەیەکەوە دەسوتێنن، کەس رێگای نەگرتوون شەڕی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن، لە جیاتی ئەو هەموو هاوار و قیژە و ناتۆرەی ناشیرین، بچن بەردێک بگرنە کۆنسوڵخانەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات یا پێشرەوی راپەڕینێکی سەرتاسەری ڕۆژهەڵات بکەن، بۆچی ئەوە ناکەن؟ چونکە ئەرکیان نییە، ئەرکدارکراون بۆ لێدان لەو بزاڤە سەرتاسەرییە کە هەر چوارپارچەی لە ژێر چەتری کوردبوون کۆکردۆتەوە.


✍ نیاز حامید


ـــــــــــــــــــــــــــــــ

❑ انقلابــــ روژآوا

https://t.me/enqelabrojava

Report Page