@Enqelabrojava

@Enqelabrojava


🔳 با لەژێر کاولاشی بوومەلەرزەدا یەکریزی نەتەوەیی بەرز کەینەوە



❑ ئەگەرچی گەلی پارچەکراوی کورد هیچکات لە ڕووی "تێگەیشتن" و "کردار"ەوە نەیتوانیوە بە تەواوەتی بگاتە ئاستی یەکبوون، بەڵام نەتەویبوونی ئەم گەلە لانیکەم لە ئاستی "هەست" و "زار"دا هیچکات ئاراستەی خۆی ون نەکردووە. بە گوتنێکی دی کورد چەندە لە ڕووی سیاسییەوە بەرەو یەکگرتن هەنگاوی نەناوە و گەلێ جاریش تەنانەت بەرەو پارچەبوونی زیاتر ڕۆیشتووە، بە هەمان ڕادە لە باری جڤاکییەوە هەمیشە ڕووی لە یەکبوون و یەکگرتن بووە. ئێمە گەلێ جار وێناکانی ئەم هەستی یەکبوونەمان لە ڕووداوە گەورەکاندا بینیوە. هاوخەمی هەموو کوردانی جیهان لە کارەساتی هەڵەبجەدا، هاوسۆزی هەموو پارچەکان لە شەڕی ڕزگارکردنی کۆبانیدا، خۆشحاڵی خەڵکی کورد لە دروستبوونی کیانەکانی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان لە وێنا دیارەکانی ئەم یەکبوونەن کە لە ئاستی هەست و زاری جڤاکی کوردیدا گەلێ جاری دیکەش خۆیان نیشان داوە. ئەم "هاوهەستی"یە لەڕاستیدا زیاتر لەوەی خەسڵەتێکی جڤاکی بێ، ڕەگەزێکە لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی نەتەوەبوون و دەرکەوتنیشی لەنێو هەر کیانێکی جڤاکیدا دەرکەوتنێکی ئاسایییە و هەر لەبەر ئەمەیە کە سەرەڕای سەرکوتکردنی لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە هیچکات خامۆش نەکراوە. هاوهەستی نەتەوەیی بەتایبەتی لە کارەساتەکاندا زۆر زیاتر و زۆر جوانتریش خۆی نیشان دەدا. یەکێ لە نموونە هەرە جوانەکانی ئەم هاوهەستییە هەڵمەتی کۆکردنەوەی یارمەتی شاری سەرپێڵێ زەهاو بوو بۆ لێقەوماوانی ئەردهەژەکەی دەڤەری خۆی. دەسپێکردنی خێرای کەمپینەکانی یارمەتی خەڵکی باشوور بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەی باکوور و ڕۆژاوای کوردستان نموونەیەکی تری ئەم هەستەیە. ئەڵبەتە ئەم هەستە چقاس خوەزایی و ئاسایی بێ، بە هەمان ڕادە پێویستی بە هاوئاهەنگی و ڕێکخستنی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی لە نەتەویبوونێکی "هەستەوەرانەی ماوەیی"یەوە بگۆڕدرێن بۆ نەتەویبوونێکی "هۆشیارانەی هەردەمی". بە خۆشحاڵییەوە پێچەوانەی بوارەکانی دیکەی وەکوو ئابۆری، لەشکری و سیاسی، کۆمەڵگەی کوردی لەم بوارەدا دەرفەت و ئامرازێکی لەباریشی لە بەردەستدایە. ئەم دەرفەت و ئامرازە "هەیڤا سۆرا کوردستان"ـە. ئۆرگانی هەیڤا سۆر ڕەنگە تاقە دامەزراوەی کۆمەڵایەتی کوردی بێ کە لە هەموو بەشەکانی کوردستان کاری کردووە و لە زۆرێک لە کارەساتەکانی کوردستاندا بەگوێرەی دەرفەت و توانای خۆی بە هانای خەڵکی کوردەوە چووە. یەکێ لە دوایین هەنگاوەکانی ئەم دەزگایە یارمەتیدانی قوربانییانی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەمڕۆ کە سێ بەشی کوردستان و زیاتر لە هەموویان باکوور ڕاستەوخۆ لەژێر کاولاشی بوومەلەرزەدا دەناڵێنن و بێگومان باشوور و کوردانی دەرەوەی کوردستان و بەگشتی ناوچەکانی دەرەوەی باندۆری ئەم کارەساتەش لە ناخەوە بە قووڵی ئازارەکانی ئەم مەرگەساتە ژیان دەکەن، پێدەچێ هەڵمەتەکانی کۆمەک و یارمەتیدان لە ئاستێکی بەرزدا بێنە ئاراوە. ئەوەی لێرەدا زۆر زۆر گرنگە ئەمەیە کە تەواوی یارمەتییەکان لەڕێگای "مانگی سووری کوردستان"ـەوە پێشکەش بکرێ. بێگومان ئەم کارە لە کەسایەتی "مانگی سووری کوردستان"دا کە تاقە دەزگای جڤاکی هاوبەشی گەلی کوردە، وا دەکات ئەم کردەیە لە هاوسۆزییەکی مرۆیی پەتیییەوە بەرز بێتەوە بۆ کردەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی کە هاوتەریبی ساریژکردنی بەشێکی بچووک لە برینەکانی جەستەی ئەم نیشتمانە زامدارە دەتوانێ بە ڕێژەیەکی بەرچاو یەکێتی نەتەوەیی کورد لەژێر کاولاشی ئەم کارەساتە گەورەیەدا بێنێتە دەر و بیژێنێتەوە.


✍ژیــرۆ


ارسالی از همراهان کانال


ـــــــــــــــــــــــــــــــ

❑ انقلابــــ روژآوا

https://t.me/enqelabrojava

Report Page