ئەمەگی گوڵان

ئەمەگی گوڵان

@kurdpoems

هاتە دەر مانگی یەکەمی بەهار

مێلاقە سوورە لە لێوی جۆبار

هەروا کەمێک دوور وەنەوشێک بوو شین

وەنەوشێکی چۆن؟ ملکەچ و سەرشین

بە وەنەوشەی گوت مێلاقە جارێک

لە مێژە هەمە لە تۆ پرسیارێک

ئەتۆ کە پەلکت وا سوور و گەشە

دەروونت بۆ چی خەڵووزی ڕەشە؟

مێلاقە:

چت لەوەی داوە دەس هەڵگرە لێم

ڕازی دەروونم بۆ بە تۆ بڵێم

وەنەوشە:

سوێندت بۆ دەخۆم هەتا بمێنم

ئەو ڕازە لەکن کەس نەدرکێنم

مێلاقە:

دەس هەڵناگری گوێ ڕاگرە بۆم

تاکوو پێت بڵێم دەردی دڵی خۆم

ئەمن لە خاکی کوردی ڕواوم

بە ئاوی ساردی کانی دێراوم

بە شەوبای چیای بڵند و سەرکەش

ڕەنگی پەلکی من بووە سوور و گەش

چاکەی کوردانم لە چاوی دایە

لەناو گوڵاندا ئەوە ڕەوایە؟

کورد وا هەژارن من هەژار نەبم

ئەوان داخدارن من داخدار نەبم

دەروونم ڕەشە، جەرگم سووتاوە

وەتی کوردستان داگیر کراوە

لۆمەی من دەکەی وەنەوشە کەچی

بۆ خۆت سەرشین و دژ و ملکەچی

وەنەوشە:

منیش بەدەردی تۆ گرفتارم

پەروەردەی خاکی کوردی هەژارم

کە تۆ هەناوت بۆ کورد بووە ڕەش

منیش بۆ کوردی سەرم نا لە هەش

بە ملی کەچم وەک کوردی دەچم

کە کورد ملکەچن منیش ملکەچم

1943

-----------------------
11 بەهاری لادێ
https://telegra.ph/11-08-12-11


Report Page