..

..


لاپه‌ڕه‌یه‌كی مێژوویی له‌ خۆڕاگریی عادڵانه‌ و سه‌ربه‌رزانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به‌شی سێهه‌م و كۆتایی


كاتێك هاوسه‌نگیی هێز به‌ زه‌ره‌ری هێزی پێشمه‌رگه‌ گۆڕا، كۆماری ئیسلامی توانیی به‌ ته‌واوی ده‌ستبه‌سه‌ر كوردستان داگرێت.به‌ڵام ڕژیم هه‌رگیز نه‌یتوانی شكست به‌ ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك بێنێت و ده‌ستكه‌وته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان بسڕێته‌وه‌. ڕاستییه‌كه‌ی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌، خۆڕاگری و خه‌بات له‌ به‌رامبه‌ر ڕژیمی ئیسلامیدا به‌ربڵاو و سه‌رتاسه‌ری بوو، به‌ڵام له‌ بووار سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، هاوسه‌نگیی هێز له‌ كۆمه‌ڵگای كوردستان بۆ به‌ره‌وپێشچوونی ستراتێژیی كۆمه‌ڵه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی كوردستان، له‌ هه‌موو شوێنێك یه‌كسان نه‌بوو. سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌كان و كه‌م بوونی ده‌رفه‌ت، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له‌ به‌شێك له‌ كوردستان بۆ یه‌كه‌م جار ده‌سه‌ڵاتی شورایی یان ته‌جروبه‌ كرد و ئازادیی بێ شه‌رت و مه‌رجییان ته‌مرین كرد، پاشماوه‌كانی سیسته‌می فێئۆدالی یان سڕێوه‌ و زه‌وی بوو به‌ هی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌وا‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كات. له‌و ده‌وره‌یه‌دا ژنان له‌ئاستێكی به‌رین دا هاتنه‌ مه‌یدانی ئیداره‌ كردن و چالاكی كۆمه‌ڵایه‌تیی، پایه‌ی فێركردن و بارهێنانێكی پێشكه‌وتوو داڕێژرا. بۆ یه‌كه‌م جار بوو كه‌ سته‌م و هه‌ڵاواردنی نه‌ته‌وایه‌تیی، قورسایی له‌سه‌ر هه‌ست و بیری خه‌ڵك نه‌ده‌كرد. ئه‌وانه‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ به‌نرخانه‌‌بوون كه‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌ به‌رامبه‌ر په‌لاماری ڕژیمی ئیسلامیدا، دیفاعیان لێده‌كرد.

سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌، له‌و ده‌وره‌یه‌دا كه‌م و كوڕییه‌كانیش كه‌م نه‌بوون، گرینگترینیان كه‌مبوونی ئه‌زموون وده‌رفه‌ت بوو بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌. بۆ جه‌ماوه‌رێك كه‌ ده‌یان ساڵ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی سته‌م و سه‌ركوتی ڕژیمی پاشایه‌تی دابوون، بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی كه‌م وكوڕییه‌كان، پێویستییان به‌ كات بوو. هێرشی كۆماری ئیسلامی و فه‌زای جه‌نگیی زاڵ به‌سه‌ر‌ كوردستان، به‌ ناچار خه‌باتی چه‌كداریی بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان، كردبووه گرینگترین چالاكی.  ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان ناسه‌قامگیر بوون و ببوونه‌‌مه‌یدانی شه‌ڕ. له‌ وه‌ها بارودۆخێكدا ده‌رفه‌تی پێویست بۆ په‌ره‌پێدان و قووڵ كردنه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كان نه‌بوو.

مێژووی پر له‌ هه‌وراز و نشیو و پڕ له‌ قاره‌مانێتی و موقاومه‌تی خه‌ڵكی كوردستان،  ئه‌زموون و ده‌رسی به‌نرخی بۆ دهاتووی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ تێدایه‌. به‌ پێی ئه‌م ئه‌زموون و ده‌رسانه‌یه‌ به‌رده‌وام جه‌ختمان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ “تێكشكاندنی هێز و دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌تی ناوه‌ندی و پاشه‌كشه‌ پێكردنییان، كۆتایی كار نییه‌. سه‌ركه‌وتن له‌م ده‌وره‌یه‌دا، ته‌نیا به‌ پێكهێنانی ئۆرگانه‌كانی هێزی جه‌ماوه‌ر له‌ شار و دێهاته‌كان و دامه‌زراندنی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی شورایی  له‌ كوردستان، ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت“. كه‌وابوو، له‌ ئه‌وه‌ڵین ساته‌كانی گۆڕانی هاوسه‌نگیی هێز به‌ قازانجی خه‌ڵك، پێویسته‌ پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی شوڕایی له‌ كۆمه‌ڵگادا دامه‌زرێت. له‌م پێوه‌نده‌دا، ئه‌زموونی پێكهاتنی شوراكان له‌ شاره‌كانی كوردستان له‌ دوای ڕووخانی ڕژیمی پاشایه‌تی و ئه‌زموون گه‌لێكی وه‌ك پێكهاتنی “بنكه‌”كان له‌ شاری سنه‌، زۆر به‌نرخن و ده‌بێ ده‌رسییان لێوه‌ربگیرێت.  له‌گه‌ڵ پاشه‌كشه‌ پێكردن به‌ ڕژیم، پێویسته‌بۆشایی ده‌سه‌ڵات پڕ كرێته‌وه. پێویسته بۆ به‌گژاچوونه‌وه‌ی خێرای هه‌ژاری و فه‌لاكه‌تی ئابووری، پێشتر پلانی تۆكمه‌ داڕێژرابێ.پێویسته‌ بیر له‌ ڕێگری كردن له‌ دوو به‌ره‌كایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی كرابێته‌وه‌. پێویسته‌ به‌و په‌ڕی دڵسۆزی و په‌رپرسانه‌ سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی چاره‌سه‌ر بكرێت و هه‌وڵ بدرێت ئاسه‌واره‌كانی له سه‌ر‌ جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگا نه‌مێنێت. ده‌بێ به‌ پێی ستڕاتێژییه‌كی عه‌مه‌لی، خه‌ڵك دڵنیا بێته‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای كوردستان نابێته‌ مه‌یدانی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان. له‌ ڕاستیدا هێزی چه‌كدار كه‌ بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیو پێكدێن، ده‌بێ سه‌ر به‌ هیچ حیزبێك نه‌بن و له‌ ژێر فه‌رمان و كۆنتڕۆڵی شوڕاكان دابێت. ته‌نیا به‌ پێڕه‌و كردنی ئه‌م ستڕاتێژییه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگا ده‌توانێ له‌ ڕه‌هه‌نده‌ سه‌خته‌كان تێپه‌ڕێت و ڕادیكالیسم له‌و بووارانه‌دایه‌ كه‌ مانا په‌یدا ده‌كات.

به‌ڵام ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌م ستراتێژه‌‌ به‌ ئاسانی و به‌ بێ لابردنی به‌ربه‌سته‌كانی ناو ڕێگا، نایه‌ته‌ دی. به‌ره‌وپێشچوونی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان و وه‌دی هاتنی ده‌سه‌ڵاتی شوراییی، ته‌نیا به‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئامانجه‌كان و داڕشتنی به‌رنامه‌ی سۆسیالیستی بۆ ئاڵووگۆڕی‌ واقعیی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان و هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له‌ ژێر كاریگه‌ریی ستراتێژ و ئاسۆی ناسیۆنالیستی، ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت.

كۆماری ئیسلامی به‌ تانگ و تۆپ و هێزی سه‌ركوت توانیی شار و گونده‌كانی كۆردستان داگیر بكات، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یتوانی ئیراده‌ی جه‌ماوه‌رێك تێكبشكێنێ كه‌ هه‌تا به‌ ئه‌مڕۆش ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ڕژیمه‌یان به‌ ڕه‌سمییه‌ت نه‌ناسیوه‌. له‌خۆڕا نییه‌ كه‌ دوای تێپه‌ڕینی ٤٠ ساڵ به‌سه‌ر فه‌رمانی جه‌هادی خومه‌ینی له‌دژی خه‌ڵكی كوردستان، ڕژیمی ئیسلامی له‌ كوردستان باس له‌سه‌قامگیریی ئه‌منییه‌ت ده‌كات. ڕژیم خۆی باش ده‌زانێت كه‌ خه‌ڵكی كوردستان، كۆماری ئیسلامی به‌ هێزێكی بێگانه‌ و سه‌ركوتگه‌ر و داگیركه‌ر ده‌ناسن.

ڕۆژی ٢٨ی گه‌لاوێژ، ڕۆژی به‌رز ڕاگرتنی یادی ئه‌و ئازیزانه‌یه‌ گه‌ له‌ ڕێگای ئازادی و دیفاع له‌ كه‌رامه‌تی ئینسانیدا گیانیان به‌خت كرد. ڕۆژی وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی فیداركاری و دیفاعی بوێرانه‌ی خه‌باتكارانی شار و دێی كوردستانه‌ و ڕۆژی به‌رز ڕاگرتنی یادی ئه‌و كۆمۆنیستانه‌یه‌ كه‌ له‌ گۆشه‌ و كه‌ناره‌كانی ئێرانه‌وه‌ بۆ دیفاع له‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له‌ به‌رامبه‌ر ڕژیمی ئیسلامیدا، هاتنه‌ كوردستان و گیانیان به‌خت كرد. به‌رز و به‌ڕێز بێت یادی ئه‌و ڕۆژه‌ و هه‌موو ئه‌و خه‌باتكارانه‌ی كه‌ تا به‌ ئه‌مڕۆ له‌ سه‌نگه‌ری ئازادی و به‌رابه‌ریی ئینسان تێكۆشاون.