🔵کێ چاکە و کێ خراپ؟

🔵کێ چاکە و کێ خراپ؟




🔵کێ چاکە و کێ خراپ؟


✅یەکێک لە کێشەکانی کۆمەڵگەی کوردی دابەشکردنی کەسایەتیە مێژووییەکانیەتی بۆ دوو جۆر، باش و خراپ. هۆکارە سەرەکیەکەشی ڕوونە، کۆمەڵگەی هوشیار لە هەوڵی تێگەیشتنی بابەتە پەیوەندیدارەکانی کۆمەڵگەکەیەتی بە مەبەستی ئاشنابوون پێیان و زیاتر بەئاگایی هێنانەوە نەک حوکمدان بەسەریاندا. کۆمەڵگەی ناهوشیاریش پێچەوانەکەی چەند ساڵێک لەمەوبەر بابەتێکم لەسەر (برایم کوردی گۆرانی شارەزووری) نووسی. ئەم کەسایەتیە لە ئاستی جیهاندا ناسراوە و دەیان لێکۆڵینەوەی بە زمانی ئینگلیزی و چەندین زمانی تر لەسەرە و کاریگەریەکی گەورەی لە سەردەمی خۆیدا هەبووە. لەم لێکۆڵینەوانەدا هەوڵ دراوە کە بزانرێت برایم کێ بووە و بۆچوونی چی بووە و هەلومەرجی سەردەمەکەی و کاریگەری و ڕێچکەی فیکری چۆن بووە. هیچ کام لەو لێکۆڵینەوانە ناڵێت

برایم پیاوێکی باش یان خراپ بووە. ئەو بۆچوونانە بۆچوونی بازاڕین و ناکەونە خانەی لێکۆڵینەوەوە، ئەوانە دوو چەمکن کە هێندە سنووردارن ناکرێت لە هەڵسەنگاندنی کەسایەتیدا بەکاربهێنرێن. ئەوەی شایانی سەرنجە، کاتێک کە من ئەو وتارەم لەسەر فەیسبوکەکەم دانا، چەندین بەناو خوێندەواری کورد، بێ ئەوەی پێشتر ناوی ئەو کەسایەتیە مەزنەیان بیستبێت و هیچ سەبارەتی بزانن، گورج لە کۆمێنتدا کەوتنە تەقە لێی و نووسیبوویان "ئەو چی بۆ کورد کردووە؟"، "جا ئەوە چ سوودێکی بۆ کورد هەبووە؟"، "ئەو هەر خزمەتی عەرەب و ئیسلامی کردووە" و چەندین بۆچوونی تری هاوشێوە. مرۆڤ دەبێت پرسیار بکات ئاخۆ چ سوودێکی بۆ ئەوروپیەکان هەبێت کە دەیان لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەو زانایە کردووە لە کاتێکدا کە کورد یەک لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکردووە و خەریکە نەفرەتی لێ دەکات یان دەیکاتە پیاوی چاک؟ ؟

وەڵامەکەی ڕوونە، کۆمەڵگەی وشیار نەک لە فەرهەنگی خۆی بەڵکو دەیەوێت لە فەرهەنگی مرۆڤایەتی بگات. ئەوان بەشی زۆری تواناکانیان بۆ تێگەیشتن بەکاردەهێنن و سەرقاڵی حوکمدان نین لەسەر کەسایەتیەکان. لە کاتێکدا کۆمەڵگەی ناهوشیار، هیچ کات بۆ تێگەیشتن بەکارناهێنێت و پەلەیەتی بزانێت ئەو کەسایەتیە بەپێی ئایدۆلۆجیای ئەو دەبێتە کەسی چاک یان خراپ. واتە بۆمان گرنگ نیە کە تێبگەین باوباپیرانمان چۆن بیریان کردۆتەوە و پرۆسەی گۆڕانکاری لە فیکری کوردیدا لە قۆناغە جیاوازەکاندا چۆن بووە و چۆن گۆڕاوە. ئێمە دەمانەوێت بزانین کێ شەیتان بووە و کێ پیاو چاک.ئەم ڕێگایە نە ئەرکی دەوێت و نە ماندووبوون.هەرچی بابەت و کەسایەتی ناو کۆمەڵگەی ئێمەیە بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.بۆ نموونە دەتوانم بڵێم زیاتر لە سەدا نەوەد و نۆی ئەوانەی قسە لەسەر سەلاحەدین دەکەن، بە ئیسلامی و علمانیەوە، شتێکی ئەو تۆ لەسەر سەلاحەدین نازانن. ئەوان هەریەکەیان لە سەنگەری خۆیاندا ئامادەکاریان کردووە و یەکەمیان سەلاحەدینت لێ دەکات بە پیاوێکی باش کە هەموو تواناکانی بۆ ئیسلام تەرخان کردووە و بە ڕەچەڵەک کورد بووە. دووەمیان

دەیکاتە پیاوێکی خراپ و کوردێکی جاش کە هەموو تواناکانی بۆ خزمەتی عەرەب و ئیسلام تەرخان کردووە. ئەم دوو حوکم دانە هەردووکی زۆر هەژارن و هیچ بەڵگە و لێکۆڵینەوەیەکیان لە پشتەوە نیە. هەردووکیان پێشتر بڕیاری خۆیان داوە و لە ناو پەڕاوەکاندا دەگەڕێن بزانن کام شت خزمەتی ئایدۆلۆجیاکەی ئەوان دەکات لەسەر سەلاحەدین و ئەوە دەخەنە ڕوو. بۆیە زۆربەی ئەوانەی داکۆکی لێ دەکەن ئیسلامین و

.دوژمنەکەشی علمانین. ئەوان شەڕی خۆیان دەکەن نەک شەڕی تێگەیشتن تەنانەت کاوەی ئاسنگەر کە کەسایەتیەکی ئەفسانەییە لەبری ئەوەی کە وەک کەسایەتیەکی ئەفسانەیی و سیمبوڵی بەرخودانی کوردی مامەڵەی لەگەڵ بکەین، کە بە درێژایی مێژوو وابووە، لە سەدەی بیستەمەوە ئەویشمان خستۆتە چوارچێوەی باش و خراپ یان جاش و کوردی چاکەوە. ئەوەمان بەرامبەر بە ئەژدەهاکیش کردووە. بزانن لە چ داماویەکدا دەیگوزەرێنین!

جێی داخە کە هەموو فەرهەنگی کوردی ئا بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. علمانیەکان هەموو کەسایەتیەکی کوردی ئیسلامی مێژوویی ڕەتدەکەنەوە و جنێوی پێ دەدەن و ئیسلامیەکانیش پێچەوانەکەی. لەبەر ئەو هۆکارەیە کە تەنانەت هەتاوەکو ئەمڕۆ موسوڵمانانی کورد هەوڵێکی زانستی جدیان نەداوە کە بزانن بۆ کورد لە ناو مەزهەبەکاندا، مەزهەبی شافیعی هەڵبژاردووە کە لە ڕابردوودا هاوشێوەی شیعەگەری فارسەکان وابووە بۆی. ئەوان لە هەوڵی تێگەیشتندا نین. ەمانە هەمووی وایان کردووە کە لێکۆڵینەوە کوردیەکان زۆر هەژار بن و یان هەر نەبن.

مایەی شەرمەزاریە کە کەسێک بیەوێت لەسەر مێژووی کورد بنووسێت، سوود لە سەرچاوەی ئەرمەنی لەسەر کورد زیاتر وەردەگرێت وەک لە سەرچاوەی کورد خۆی لەسەر کورد. لە کاتێکدا ئەوان ژمارەیان نزیکەی سێ ملیۆنە، بەرهەمی زانستیان زیاترە لەسەر کورد وەک کورد لەسەر خۆی.

لە ڕاستیدا ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە پێویستمانە ئارامی و هەوڵی تێگەیشتن و لێکۆڵینەوەیە لەسەر بابەتەکان نەک حوکمدان بەسەریاندا. دەبێت واز لەو قەرەباڵغی و سادەیی پەلە حوکمدانە بهێنین و تۆزێک زیاتر کات بە تێگەیشتنەوە بەسەر بەرین. دەبێت ئەو شەڕ و سەنگەر لەیەکگرتنە فکریەی خۆمان نەکەین بە بەری فەرهەنگی کوردیدا. ئێمە دەقمان گرتووە لەسەر ئەوەی خێرا کێ بکەین بە شەیتان و کێ بکەینە کەسی چاک. ئەوە بووە بە چوارچێوەیەکی هەژاری لێکدانەوەمان بۆ هەموو شتەکان و نایەڵێت ئازادانە بڕوانینە شتەکان. ئێمە خۆمان کردۆتە دیلی ئەو چوارچێوە هەژارە. لەم ئاڕاستەیەشدا هەردوو

خوێنەواری موسوڵمان و علمانی تاوانباری سەرەکین چیتر ناکرێت لە ئەم سەردەمە لێکدانەوەمان بۆ کەسایەتی و بابەتە فەررهەنگیە کوردیەکانی تر، تەنها بە دوو چەمکی سادەی "باش" و "خراپ" بێت. بە دڵنیایی هاتنە دەرەوەمان لەو چوارچێوە تەسکە هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو ئازدبوونمان لەو کۆت و زنجیرە فکریە و زیاتر بە بەئاگاهاتنەوەمان.


✍️نووسینی سۆران حەمەڕەش



👇👇👇👇👇



T.me/Mizankurdi



🌍 Telegram Mizan (http://t.me/Amizan) 🌍 YouTube Mizan (https://youtube.com/channel/UCZBy7ppirb1ZlPO32jhC_OA) 🌍 Facebook Mizan (https://www.facebook.com/mizan1342) 🌍 Instagram Mizan (https://www.instagram.com/mizan.1342/) 🌍 Web Miza (http://www.mizan1342.wordpress.com/)🌍 Mizan Kurdi (http://t.me/MizanKurdi)🌍 Mizan Arabic (https://t.me/MizanArabic) 🌍 (http://t.me/MizanQuran) Mizan Quran (https://t.me/MizanQuran)


Report Page