🌕 کورد بۆ بە دۆی خۆی ئەڵێت ترشە؟!

🌕 کورد بۆ بە دۆی خۆی ئەڵێت ترشە؟!



✍: عیسا ئەحمەدی


 « محمد علی فروغی» سەرۆک وەزیرانی ڕەزاشا، لە بیرەوەرییەکانیدا ئەڵێ: لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاتاتورک، پێی وتم: ئێمە ئەم وڵاتەمان کردووە بە مڵکی تورک؛ کەچی تەنیا باسی سازکردنی دەوڵەت نییە. جا بۆیە ناچارم مێژوویشیان بۆ ساز بکەم.

زۆرێک لە گەلان هەر وەهان، یان مێژوویان نییە و لەسەر خاکی خەڵکانی تر ئەژین، یان وڵاتیان بە درێژایی کەمتەمەنە و بە پانایی باسی ئەکەن.

کورد لەم بارەوە پێچەوانەیە. مێژووی دێرینی هەیە؛ بەڵام بەداخەوە یان نایناسێت و بە پێچەوانەوە دەرخواردی دراوە یان حاشای لێ ئەکات. 

ئێمە هەموومان لە قوتابخانە بەسەرهاتی "ریز علی"مان خوێندوە کە لە تەمەنیدا تەنیا جارێک پیاوەتی نواند و بوو بە مێژوو. جا خۆ ئێمە مامە ڕەحەی کەلی خانمان هەیە کە هەموو ڕۆژێک پیاوەتی نواندووە، کەچی نایناسین.

"زۆرۆ" بە قەڵەم خولقاندیان و ئێستە منداڵمان جلی ئەو لە بەر دەکات. ئێمە خولە پیزەمان بووە، بەپێی بیرەوەرییەکانی مامۆستا هەژار، دووسەد و هەشتا پۆلیسی عێراقی کوشتبوو. ئێمەش بێئاگا لەو ئەرتەشی یەک نەفەرە! [کوردیک لە کاتی خەودا کوشتی].

حەمەتاڵی بانە بەو هەموو ئازایەتییە، شەڕی لە گەل ڕووس کردبوو، ژاندارمی ڕەزاشای تۆقاندبوو، پاڵپشتی لە شۆرشی شێخ مەحموودی حەفید دژ بە ئینگلیزیش کردبوو، کەچی لە کوردێک بپرسی خێرا شانی لێ شل ئەکات "هەناری گۆڵ هەناری هەناری دانە دانە/سەرە رێیەکەت لێ ئەگرم وەک حەمەتاڵی بانە"!

تەنیا ئەو بەیتەیان بردووە بە مێشکمانا. ڕەنگە بڵێن کورد نە سینەمای هەیە، نە میدیای جیهانی. بەڵێ، بەڵام تەواوی باسەکە ئەوە نییە. کوردناسین و ناساندنی مێژوو و ئەدەب و هونەری خۆی بە ئەرکی سەرشانی خۆی نازانێت. خەڵکی ئاسایی و بێخەبەرمان باسی ئازایەتیی سەدام و ڕەحم و بەزەییی ڕەزاشا ئەکەن! فارس هێشتا خۆی لە شوێنی گۆڕی کورش دڵنیا نییە، کەچی ئێمه ئەچین بۆ زیارەتی. ڕووناکبیرانی کورد ئەبێت بە ڕووناکیی بیر، تیشک بخەنە سەر تاریکییەکانی مێژوو و کولتوورمان. بەڵام مەخابن خۆیشیان لە ئاستێکی باشدا نین. 

بۆ وێنە سەیری ئەزموونی ڕووناکبیریی خۆمان بکەن: لە پرسە و هاوخەمیی کۆچی گەورە هونەرمەندی فارس "استاد شجریان" ؛ بۆیان نووسی: "خسرو آواز ایران"! ئیتر یەکێک نییە بپرسێت ئەمەتان لە کوێوە هێنا؟ ئەو پیاوە نە هۆرەی چڕی، نە سیاچەمانەی خوێند، نە لاوک و حەیرانی گوت، مەقاماتی ئەڵاوەیسی و قەتار و خاوکەر و ئای ئای و... با بمێنێت. باشتر نەبوو کە ئەوپەڕی بیانووسیبا "خسرو آواز موسیقی سنتی فارسی"؟ ڕووناکبیرمان بەداخەوە خۆیشی ئەمانە ناناسێت و لێکیان ناکاتەوە. 

سەیری شێوازی قسە کردنی ناودارانمان بکەن؛ بەڕێزێکیان لە باتی ئەوەی بڵێ: "کەسێت دەمی بە شیر سوتابێت، فوو لە دۆیش ئەکات" ئەڵێ: بە قەوڵی فارسەکان "مارگزیدە از ریسمان....."؛ دیارە خۆی تێکەڵ بە کۆمەڵانی خەڵک نەکردووە و بە شار و دێهاتی کوردەواریدا نەگەڕاوە. زۆریان لەبەر ئەوەی کە کارەکانیان جیهانی بێت، بە کوردی نانووسن؛ کەچی بە فارسی ئەنووسن.

ئەوانەی کە بەدڵ دڵسۆزی کوردن ئەبێت چەند لایەنە بیر بکەنەوە. برتراند ڕاسل، فەیلەسووفی گەورە، بیرکارە ( ریاضی دان)، چالاکی مەدەنییە، مێژووناسە، خەڵاتی نۆبیلی ئەدەبیشی وەرگرتووە. ئەوان زۆر پیاوی وایان هەیە کە بۆ هەر بابەتێک، هاوکات لە چەند ڕوانگەوە ئەڕوانن. بەڵام ئێمە وا نین، ئەگەر لە نووسەرێکی کورد بپرسی، زیرەک بۆ وتوویە "لانک لانک لانکۆڵێ، لانک لە دار هەنارێ..."؟ جگە لە پێکەنین و شوورەیی وڵامی نییە. چونکە ئەو تەنیا ئەدەبی کوردی ئەناسی، بەڵام نەریتی کوردی نازانێت. 

ماکسیم گورکی ئەڵێ: هەر نەتەوەیەک فۆلکلۆری خۆی نەناسێت، بێگومان میژووی خۆیشی ناناسێت. کتێب قسەی دڵی خاون قەڵەم بووە، گۆرانیش قسەی دڵی کۆمەڵانی هەژاری بێدەرەتان. چۆن قسەی دڵی ئەوانتان بە سووک دێتە بەرچاو؟ فۆلکلۆری ئێمە زامی دەوران لە دوای دەورانی پڕ لە داخی کوردەوارییە. هاواری دێنشینی کوردە لە شەقی چەکمە ڕەق. هاواری کچی بەزۆر بە شوو دراوە. هاواری کرێکاری ڕەنج بە خەسارمانە و ...هتد.

 موزیسیەنمان شێعر ناناسێت... ئەگەر بیناسیبا هەوای هەڵپەرکێیان لەسەر شێعری پڕ لە خەمی مامۆستا سەیدی هەورامی دانەئەنا بەو هەموو ژەنیار و دانەر و گۆرانیبێژ و...ەوە.

 کورد بۆ ناسینی خۆی ئەبێ مێژوو، نەریت، ئەدەب ،چیرۆکی فۆلکلۆر و زۆر شتی تر بناسێت.

ئاخۆ کاتی ئەوە نەهاتووە ئەدیب و شاعیر و گۆرانیبێژ و نووسەرمان بە لێژنەیەک بگرن و ببنە ڕێکخراوە لە دەوری بیری کوردی بەبێ ئەوەی مەبەستیان بۆ نان و ناو بێت؟ دەی با پرسیار لە یەکتر بکەین و لە ڕوانگە جیاوازەکان تووڕە نەبین.

ئەبێ کولتوور و زمان و مێژوو هەر بەقەدەر ژیانمان لامان گرینگ بێت تا بیکەین بە مەکتەبێکی کوردی.

Report Page