🌕 کورتەنووسینێک لەسەر مەهاباد

🌕 کورتەنووسینێک لەسەر مەهاباد



✍: بەیان زاهیددووست


مەهاباد یەکێک لە شارە گرنگەکانی کوردستانی گەورە و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بە ناوەندی موکریان ئەژمار دەکرێت و پێتەختی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان بووە. بە هۆکاری ئەوەی کە جێی سەرهەڵدانی شۆڕشگەلێکی نەتەوەیی و بەتایبەت دامەزراندنی کۆمەڵەی ژ ــ کاف و حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە، هەنووکەش ڕێژیمی داگیرکەری ئێران ترسێکی یەکجار زۆری لەو شارە هەیە و بەردەوام پیلانی جۆراوجۆری بۆ ئەو شارە و خەڵکەکەی داڕشتووە، بەڵام تاکوو ئێستە سەرکەوتوو نەبووە دەست بەسەر شاری مەهاباددا بگرێت.


مێژووی شاری مەهاباد

لێکۆڵینەوەکان نیشان دەدەن کە ناوچەی مەھاباد لە ھەزار ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیحەوە شوێنی ژیان بووە و قەومەکانی بابلی، ماننایی، ئاشووری و ماد تێیدا ژیاون. مێژوو نوێی شاری مەھاباد دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەوییەکان و نزیک ٤٠٠ ساڵ لەوەی پێش؛ سارەم بەگ یەکێک لە میرزادەکانی ساوجبڵاغی موکری، لە سەدەی ١١ی کۆچی لە نزیکی باکووری چەمی مەھاباددا (ئەو شوێنەی ئێستا بە «باغی سیسە» و «دەباغیان» دەناسرێت) ئاوەدانییەکی دامەزراند کە دواتر بوو بە شاری مەهاباد. پاشان بە ھۆی پێشھاتنی چەم و لافاوەکانی، شار بەرەو باشوور ھات و خانووەکان لە نزیکی مەیدانی چوارچرای ئێستادا کرانەوە.

لە ساڵ ١٠٦٠ی کۆچیدا بوداق سوڵتان، حاکمی مەھاباد، بە ئاشتیکردنی لەگەڵ شا سوڵتان حوسێن، توانی شاری مەھاباد کە بە ھۆی شەڕ و گێرەوکێشەوە کاول ببوو، ببووژینێتەوە و بە یارمەتیی میرنشینی ئەردەڵان پردی سوور و مزگەوتی سوور دروست بکات و بیکاتە ناوەندی ھزر و زانست و ئایین. شاری مەھاباد بۆ ماوەی ٤٠٠ ساڵان ناوەندی حکوومەتی موکری بوو.

لە سەردەمی قاجارەکاندا، مەھاباد بە ھۆی لەسەر ڕێگەبوونی بۆ شاری شام ھەندێک گەشایەوە. لە ساڵانی ١٩٦٠ تا ١٩٧٠ی زایینیدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی دەور و پشتەوە کۆچیان کرد بۆ شاری مەھاباد، بۆیە شار گەورە بوو و زۆربەی باغەکانی دەوربەری شار بوون بە ماڵ، ھەر بۆیە ئێستەش ناوی ھەندێک لە گەڕەکەکانی مەھاباد وشەی «باغـ»ـی پێوەیە. 

زۆربەی خەڵکی شاری مەھاباد موسڵمان و پێڕەوی ئایینزای سوننیی شافعیین. بەر لە شەڕی یەکەمی جیھانی ئەرمەنییەکان کە بە ھۆی گوشاری دەوڵەتی عوسمانی کۆچیان کردبوو بۆ ئێران، لە باشووری شاری مەھاباد و لە گەڕەکێکی گەورە بە ناوی «گەڕەکی ھەرمەنیان» نیشتەجێ بوون، جوولەکەکانیش لە ناوەندی شار و لە «گەڕەکی جوولەکان» نیشتەجێ بوون. ئێستە زۆربەیان کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی تر.

لە ڕابردوودا، شاری مەھاباد «ساوجبڵاغ» یان «ساوجبڵاغی موکری» ناو نرابوو کە وشەیەکی تورکییە بە واتای «کانیاوی سارد»ە. لە سەردمەی ڕەزاشادا ئەم ناوە گێڕدرایەوە بۆ ناوە مێژوویییەکەی خۆی واتە مەھاباد، کە ناوێکە پێوەندی بە مێژووی مادەکان لەم شوێنەدا ھەیە؛ ئەگەرچی ئێستەش ھەندێک کەس بە تایبەت سابڵاغییەکان (مەهابادیی ڕەسەن و ئەوانەی هەمیشه لەوێ ژیاون) «سابڵاغ» ناوی لێ دەبەن.

ساڵی ١٩٣٦ی زایینی، بەرانبەر ١٣١٥ی هەتاوی، (له کاتی حکوومەتی ڕەزاشا) به پیشنیاری ئاغای ڕەشید یاسەمی، نێوی ئەو شاره گۆڕدرا و بوو به «مەهاباد».

مەھاباد یەکێکە لە گرنگترین و بەناوبانگترین شارەکانی کورستانی گەورە و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم شارە یەکێکە لە شارە گەورەکانی پارێزگای ورمێیە کە لە باشووری گۆلی ورمێ ھەڵکەوتووە. ناوچەی مەھاباد شوێنی گێرەوکێشەی سیاسی لە سەردەمی هاوچەرخدا بووە. ئەم شارە پایتەختی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان (هەرچەند کۆمار تەمەنی تەنیا یازدە مانگ بوو) بووە و لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانیش بۆ ماوەیەک لەژێر دەسەڵاتی کوردەکاندا بووە.


هەڵکەوتەی جوغرافیاییی شاری مەهاباد

مه‌هاباد له باکووره‌وه له‌گه‌ڵ شاری میاندواو، له باشووره‌وه له‌گه‌ڵ شاری سه‌رده‌شت، له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه له‌گه‌ڵ شاری بۆکان و له ڕۆژاواوه له‌گه‌ڵ شاری پیرانشار هاوسنووره. شاری مەھاباد بە هۆی ھەڵکەوتن لەسەر ڕێگەکانی سێ پارێزگای ورمێ، سنە و ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات شوێن و پێگەیەکی جوگرافیاییی تایبەتی ھەیە.ئەم شارە ١١٩ کیلۆمتر لە ورمێ، ٢٩٨ کیلۆمەتر لە سنە و ٢١٤ کیلۆمەتر لە تەورێز دوورە.


حەشیمەتی شاری مەهاباد

دانیشتووانی شاری مەهاباد بەوانەی لەنێو خۆدی شار و هەم بەوانەشەوە لە لادێییەکانی ئەو شارە دەژین، نزیک بە 255 هەزار کەسن کە 200 هەزاریان دانیشتووی نێوشار و 55 هەزار دانیشتووی لادێیەکانی مەهابادن. جێی ئاماژەیه کە بڵێین شاری مەهاباد لە بواری حەشیمەتەوە چوارەمین شاری پارێزگای ورمێیه.


ڕێوڕەسم و بۆنە کۆمەڵایەتییەکانی شاری مەهاباد

بەدڵنایییەوە مەهابادیش وەکوو زۆربەی ناوچەکانی کوردستان هێندێک ڕێوڕەسمی تایبەت بە خۆی هەیە، جا ئەو ڕێوڕەسمانە، نەتەوەیی، ئایینی، کولتووری و فەرهەنگی لەخۆ دەگرێت.


بۆنەی نەتەوایەتی:

١ـ جێژنی نەورۆز

جێژنی نەورۆز کە هەموو ساڵێک خەڵک لە دواهەمین ڕۆژی زستان، ئێوارەکەی خەڵک دەچن ئاگر دەکەنەوە و بە گۆرانی و هەڵپەرکێ و شایییەوە و لاوان و منداڵان بەحەلاومەلاوە جێژنی نەورۆز بەرز بەڕێوە دەبە.


٢ــ چوارشەممەسووری

هەموو ساڵێک خەڵکی ڕۆژهەڵات و بەتایبەت خەڵکی مەهاباد و ناوچەکانی، ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری بەڕێوە دەبەن کە زیاتر ئاگرکردنەوەیە و گۆرانیوتنە (بە ئێوارەی دواهەمین سێشەممەی ساڵ دەڵێن چوارشەممهسووری).


٣ــ دووی ڕێبەندان

دووی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان کە لەو شارە و لەسەر دەستی حیزبی تازەدامەزراوی دێموکرات و بەتایبەت پێشەوا قازی محەممەد دامەزرا، خەڵک هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا بە سەردانی گۆڕی قازی و هەڤاڵانی، یادی ئەو ڕۆژە مێژوویییەی کورد و کوردستان بەرز ڕادەگرن. هەڵبەت بە هۆی ئەو کەشی بەستراو و تۆقێنەرەی کە حکوومەتی داگیرکەری ئێران بەسەر شاری مەهابادیدا سەپاندووە، خەڵک تا ڕادەیەک پارێز دەکەن، بەڵام خەڵکی مەهاباد هەموو ساڵ یادی کۆماری کوردستان دەکەنەوە.


بۆنە کۆمەڵایەتییەکان:

زیاتر بۆنە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەی مەهاباد، یاد و بەرزنرخاندنی کەسایەتییه دیارەکانی کورد، شایی، سەرەخۆشی و یارییە فلکلۆرە کوردییەکانه وەکوو؛ جۆرابێن، مێشێن، لۆده، دامه و چاوبەزێن کە زیاتر ئەو یارییانە لەنێو پیر و گەنجەکاندا باوە. یاری منداڵانە وەکوو؛ خۆشاریکێن، خەستکێن، سەربەردێن و حەوت بەردێن.

هەڵپەڕکێ؛ لە هەموو ناوچە کوردستانییەکان هەڵپەڕکێی تایبەت بەو ناوچەیە هەیه کە لە مەهاباد و دەورووبەری هەر بەو شێوەیه هەڵپەڕکێیەکانی ناوچەی مەهاباد وەکوو؛ داغە، سێپێی، گەڕانەوە، ڕۆینە و چەپی هەیە.


بۆنەی ئایینی:

١ــ جێژنی ڕەمەزان

بۆنە ئایینییەکان وەکوو جێژنی ڕەمەزان کە زۆربەی خەڵک ڕۆژی 27ی مانگی ڕەمەزان خێر دەکەن و ڕۆژی جەژنیش سەردانی ماڵی یەکتر دەکەن. ئەگەر دوو کەس بە هەر هۆیەک هاتوچووی یەکتریان نەبێت، پێکەوە ئاشتیان دەکەنەوە.


٢ــ جێژنی قوربان

جێژنی قوربان وەکوو هەموو وڵاتە موسڵمانەکان، لە ماهاباد و دەورووبەرشی زۆر بە جوانی بەڕێوە دەچێت و ئەو کەسانەی لە بواری داهاتەوە بارودۆخیان باشه، دەچن بۆ حەج. زۆربەی خەڵک لە ڕۆژی یەکەم تا سێهەمی جەژن خێروخێرات دەکەن و سەردانی ماڵی یەکتر دەکەن.


٣ــ جێژنی مەولوود

جێژنی مەولوود، خەڵک بە خوێندنەوەی مەولوودنامە و سەردانی ماڵی یەکتر وەکوو هەموو جەژنەکان، یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام جێژن دەگرن.


کەسایەتییە ناودارەکانی مەهاباد

١ــ کەسایەتییە سیاسییەکان:

قازی محەممەد؛ سەرۆکی کۆماری کوردستان. عەبدورڕەحمان زەبیحی؛ کەسایەتیی سیاسی و لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژ.ک. ئەحمەد تۆفیق؛ سکرتێری پێشووی حیزبی دیمۆکرات. سلێمان موعینی؛ کەسایەتیی سیاسیی کورد. جەلیل گادانی: کەسایەتیی سیاسیی کورد و یەکێک لە ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات. حەسەن شەرەفی، بەرپرسی ناوەندی سیاسی و ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات.

تێبینی: کەسایەتییەکان زۆرن و ئەو چەند کەسە تەنیا وەکوو نموونەن.


٢ــ ئەدەب و وێژە

وەفایی؛ شاعیر. حەریق؛ شاعیر. ناسر ئاغابرا(ژاکاو)؛ شاعیر. سەیفولقوزات؛ شاعێر. گیو موکریانی؛ نووسەر، وەرگێڕ، ڕۆژنامەوان، وێنەگر. مەلا مارف کۆکەیی شاعیر. مەلا غەفووری دەباغی(حافزی کوردان)؛ شاعیر. عەبدوڕەحمان شەرەفکەندی(هەژار): شاعیر، نووسەر و وەرگێڕ. محەمەد ئەمین شێخولئیسلامی موکری(هێمن)؛ شاعیر. ڕەسوڵ‌ ڕەش‌ئەحمەدی(هەڵوەدا)؛ شاعیر. محەمەد قازی؛ وەرگێڕ، نووسەر. عەلی حەسەنیانی؛ شاعیر، نووسه‌ر و چالاکی سیاسی. قاسم موئەیەدزادە؛ شاعیر. سەلاح پایانیانی؛ توێژەر و فەرهەنگنووس. سەید عوبەیدوڵڵا ئەیوبیانی مەرکەزی؛ نووسەر و ڕووناکبیر و ... هتد.

٣ــ موزیک و هونەر

محەممەد ماملێ؛ گۆرانیبێژ. جەعفەر ماملێ (برای محەممەد)؛ گۆرانیبێژ. سەعید ماملێ ( باوکی محەممەد و جەعفەر)؛ گۆرانیبێژ. عەزیز شاھرۆخ؛ گۆرانیبێژ. میکایل؛ گۆرانیبێژ. جەمال موفتی؛ گۆرانیبێژ. سەید ڕەحیم قوڕەیشی؛ گۆرانیبێژ. نازی عەزیزی؛ گۆرانیبێژ. سەلاح خزری؛ گۆرانیبێژ. ئیبراهیم قادری؛ گۆرانیبێژ. ڕەسووڵ نادری؛ نەقڵگێڕەرەوە و گۆرانیبێژ. جەعفەر مینایی؛ مامۆستای مۆسیقا. کاوە فەقێزادە؛ مامۆستای مۆسیقا و ...هتد.


٤ــ سینەما

خەسرەو سینا؛ سینەماکار. ئیبراھیم سەعیدی؛ سینەماکار.

Report Page