کاریگەریی موسیقا و شێعر و ڕەنگدانەوەی له ژیانی ڕابردووی کوردەواری بەتایبەت لە لادێ

کاریگەریی موسیقا و شێعر و ڕەنگدانەوەی له ژیانی ڕابردووی کوردەواری بەتایبەت لە لادێ

ئەیووب ئەحمەدی(تینوو)
ئەیووب ئەحمەدی(تینوو)


ژیانی کورد و زمانی کورد هەمیشە تێکەڵاوی موسیقا و ئاهەنگ و شێعر و و تار بووە، گەرچی هیچ کات بە هۆی نالەباری بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی فێرگە و زانستگا و میدیای نەبووە بەڵام زۆربەی ئەو بابەتە فۆلکلۆرانە لە ڕێی گۆرانی‌بێژەکان و بەیت‌بێژ و حەیران‌بێژەکان و یا بۆتە وێردی سەر زاری باب و باپیران و دایکانی ئێمە و زار به زار و سینه بە سینە ئەو گەنجینە بە نرخه بە دەستی ئێمە گەیشتووە و هەر جۆرێک بێت پارێزراوە 

هەر چەند لە زۆر جێدا شایەد تووشی هەڵە ببێ و خوار و خێچی تێ کەوتبێ و پێویستی بە پێداچوونە و ڕاستکردنەوه ببێ


لێرەدا پێم خۆشه ئاماژه بە چەند بابەت لەو بابەتانە بکەم


🌑 ئەوەی دەمهەوێ ئاماژەی پێ بکەم زۆرتر لە لادێ و گوندەکاندا بووە و زۆربەی ئێستا یا کەمڕەنگ بووە یا هەر خەریکە نەمێنێ؛ بەداخەوە


🌑 مانگا دۆشین

کاتێک کابانی ماڵ دەویست مانگا بدۆشێ بە بالوێرە و بەیت بەسەریدا هەڵدەگوت و بەو جۆرە هەم مانگای دەلاواندەوە و هەم شوکرانە بژێری ڕزقێکی دەکرد که خودا پێی داوە و هەم ڕازی دەروونی خۆی دەردەبڕێ کە جاری وایە ئەو ڕازی دەروونه دەتوانێ گلەیی و گازەندە بێت جاری وا بوو ڕاز و نیازێک بوو له گەڵ خودای خۆی


▪️بۆ نموونە

توێ توێ دایە، توێ توێ دایە

بە دووربی لە دەردێ، له بەڵایە

ڕەبی بەخێر بێیەوه له دانە مانگایە

مانگا بەڵەکێ

ڕەبی پێتە و نەدا ماری کەڵەکێ

مانگا ڕیحانی

ڕەبی بەخێر بێتەوە له تیلەکۆڵەی دەکوێستانی

ڕەببی نەدڕێی بە بۆڕێ بە بێژانێ


🌑 مەشکەژاندن

مەشکەژاندن بوو کە چەند ساڵ لەمەوبەر مەشکەی چرم بوو یا مەشکەی تەنەکە کە بە هێزی شان و پیلی کابان دەژا و وەک ئەلحان مەشکەی برقی نەبوو کابان به سەر مەشکەکەیدا هەڵدەگوت


▪️بۆ نموونە

مەشکێ مەشکێی مانگایە و

لۆلەپ لە دار خورمایە و 

لە بەر ڕۆن دەنگی نایە و 

دەیژێنم له بێڵایە و 

هەی ماڵە بابم مەشکێ


🌑 لایە لایە بۆ منداڵ

منداڵ خەواندن و لانکەڕاژاندن بوو

کە دایک بەوپەڕی دڵسۆزی و خۆشەویستێوە لایە لایە بۆ منداڵەکەی دەکرد و ڕایدەژاند تا کۆرپەکەی خەوی لێ بکەوێ


▪️بۆ نموونە

هەی لایه لایه 

ڕۆڵەم لای لایە

نیشتمان بۆ تۆ

 دەستەو دوعایە 

بنوو کۆرپەکەم بۆ خەوت نایە


🌑 خرمان پێوان

خرمان پێوان و خرمان هەڵگرتن که بەداخەوە ئەویان زۆر بە کەمی ماوە

کاتێک خرمان سوور دەبوو بۆوەی بزانن کە خەلە و خرمانی ئەو ساڵەیان چەند تەغار بووە خرمانیان بە کیله دەپێوا که هەر کیلە پووتێک بوو واتە شازدە کیلۆ و نیو و هەر چوار کیلە تەغارێک بوو

کە بۆ پێوانی خرمان بۆوەی حیسابیان لە دەست دابێ بەسەر خرمانیاندا هەڵدەگوت 


▪️نموونە


🌻یەک

یەک خودایە و دوو نییە

ئەو لە ڕەنگی کەس نییە

کەس لە ڕەنگی ئەو نییە


🌻دوو 

دەیکەین به توو

پاییزێ زوو


🌻سێ 

بەرەکەتی حەدیسێ

لەو جێخوونەی بڕخسێ


🌻چوار

چوار یاری نەبی 

ئەبووبەکر و عومەر و عوسمان و عەلی


🌻پێنج

بە عەشقی هەر پێنج فەڕزان

 گەنم و جۆ بکەی هەرزان


🌻شەش 

بە شەشەکانی حاجیان بە هیمەتی غازیان 


🌻حەوت

مەلەکەالموت

بەرەکەت لەو جێخوونەی کەوت


🌻هەشت

هەشت و مەشت قافی بەهەشت

نووری ئیلاهی هاتە گەشت


🌻نۆ

نۆ نوونە ماست و ڕوونە بەرەکەت بێ بۆو جێخوونە


🌻دە 

دە هەزار سڵاوات له دیداری پێغەمبەر


🌻یازدە

یازدە پسرانی یەعقووب پێغەمبەر

بە غەیری حەزرەتی یۆسف


🌻دوازدە

بەرەکەتی دوازدە ئیمامی له دەشتی بەغدایەت بۆ بێ


🌻سێزدە

زیادە زیاد بێ دینی موحەممەد


🌻چاردە

چاردە مەقسوودی پاکە 

لە لای خودای بێ باکە


🌻پازدە 

پازدە نیوەی سێوێ

خودا فەرمووی پێغەمبەر نووسی


بەم جۆرە خرمان دەپێورا که تا چل کیلە دەبوو بە 10تەغار و دیسان لە سەرەتاوه دەستیان پێ دەکردەوە


🔺بە سپاس لە کاک سەلاح پایانیانی بۆ ناردنی بابەتی مانگا دۆشین

✍ نووسین: ئەیووب ئەحمەدی_تینوو


@fzkbeyan

Report Page