ڕۆڵـی تێکدەرانەی تـەلـەڤیــزیون و تۆڕە کـۆمەڵایەتیەکان لە سەر خێــــزان و بنەماڵە

ڕۆڵـی تێکدەرانەی تـەلـەڤیــزیون و تۆڕە کـۆمەڵایەتیەکان لە سەر خێــــزان و بنەماڵە

توێژینەوە: عەبدوڵڵا عەلیپوور

خێـزان و بنەماڵـە لە جیهاندا بابەتگەلێی گەلێک گەورە و هەستیارن؛ واتە پرس و بابەتە خێزانییەکان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا لە گەرمترین و گرنگترین پرس و بابەتەکانن و لە ڕاستیدا سەنگی مەحەکن بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو کۆمەڵگایە و مرۆڤەکان لەو وڵاتەدا. ئاشکرایە بە درێژایی مێژوو هیچ دین و فەلسەفە و بیر و باوەڕێک نییە بایەخی بە پارسەنگی ڕەفتار و ڕەوشتی خێـزان نەدابێت. ڕەوشت لەناو هەموو کۆڕ و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، ئاستی کاریگەریی قەناعەت نیشان دەدات کە لە ناخی ئەو کەس و کۆمەڵگایانەدا ڕواوە و بۆتە سەرچاوەی قیەم.

ئەمڕۆ لە دونیای هاوچەرخدا، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، چەمکی خۆشەویستی وەکوو هەموو چەمکەکانی تر بێبەش نەبووە لە شێوان و گۆڕانی ڕاستییە جوان و پاکەکەی خۆی. واتە مانا جوان و پاکەکەی بە ناوی ئازادی شێوێندراوە و گۆڕاوە بە چەند مانای قێزەون. ئەوانەی مانای سۆز و خۆشەویستی خێزانیان شڵەژاندووە، مەبەستیان لە ئەنجامدانی ئەو کارە، گەیشتن بە ئامانجەکانیانه کە ئەویش بڵاوکردنەوەی بەدڕەوشتی و تێرکردنی ئارەزوو و بازرگانیکردنی ئەوانە بە وشەی خۆشەویستی. بەم شێوە پیلانەکەی خۆیان بە ناوی "ئازادی" لە ناو هەموو خێـزان و کۆمەڵگادا دەچێنن و تووشی داڕوخان و نەمانی ئەخلاقیان دەکەن.

مەخابن کەسانێکی بێ‌ئاگاش بە تەڵەوە دەبن و ئەوانیش بە ناوی بانگەشە بۆ ئازادی و خۆشەویستی و خزمەتکردن بە دڵداران، بازرگانییان پێوە دەکەن. بێ ئەوەی هەستیش بە خۆیان بکەن و سەرەڕای ئەوەی هێندێک کەسیش هەن دەزانن، کەچی خۆیان لە خەتی گێلی دەدەن، به‌ڵام ئەوەی دەبێتە نێچیر و پاشان دەبێت بە قوربانی، کچانی بێ ئاگان!!

بێگومان نووسینەوەی هەر بابەتێک، بەسەرهات و هاندەری خۆی هەیە. ئەوەی کە هانی منی دا بۆ نووسینەوەی ئەو بابەتە، دەرکەوتنی کێشە و گرفتی خێـزانەکان و زۆربوونی ڕێژەی تەڵاق و لێکترازانی بنەماڵـەکان بوو. لەم نووسراوەیەدا هەوڵم داوە ڕۆڵی تەلەڤیزیون و دڕامای فارسی و فیلمی دوبڵاژکراوی کوردی و ئینتێرنێت و مۆبایل باس بکەم، هەرچەندە بابەتەکە کەم و بچووکیش بێت...

ڕۆڵـی تێکدەرانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییه‌کان و دراما و مۆبایـلەکان لەسەر خێـــزان:

بێگومان خۆشەویستی شتێکە بوونی هەیە و لە ناخی مرۆڤدا سەر هەڵدەدات و ئیسلام ڕێگای پێداوین چێژ لە ژیانمان وەرگرین، بەڵام بە شێوەیەکی دروست نە زیادەڕۆی تێدا بکەین و نە کەمتەرخەمی. واتە خۆشەویستی پێغەمبەری خوا (دروود و سڵاوی خوای لە سەر بێت) نکۆلی ئەو عاتیفەی نەکردووە کە لە ناخی مرۆڤ سەر هەڵدەدا، بەڵام ئەوەی جێی باسە، گۆڕینی ئەو وشەیە و هەڵخەڵەتاندنی خەڵکیش بەوە شتێکی ترە. یەکێک لەو هۆکارانەی کە لاوان بە هەڵە لێی فێری خۆشەویستی دەبن، کاریگەری خراپی دەزگاکانی ڕاگەیاندنە، جا تەلەڤیـزیون بێ یان کاناڵی ئاسمانی واتە سەتەلایت یا ڤیدێو یان ئینتێرنێت کە بەڕاستی دەتوانن کۆمەڵگا و خێـزان بەرەو داڕمان بەرن!

لە جیهانی ئەمڕۆدا بەشێکی زۆر لە ناکۆکی نێوان ژن و مێرد دەگەڕێتەوە بۆ خیانەتی هاوسەری، کە لە دەرەنجامدا وەک بوومەلەرزەیەک بناغەی خێزان دەلەرزێنێ ماڵ و منداڵ لێکبڵاو و پەرتەوازە دەکات.

ئێمە چارمان نییە کە دەبێ ئەو ڕاستییە قبووڵ کەین کە ئینتێرنێت و مۆبایل و دڕامای فارسی و کوردی، بوونەتە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر خێـزان. هەڵبەت ئەم کێشانەش تەنیا لە چینی هـەژار یا مامناوەندییەکاندا ڕوو نادات، بەڵکوو لە نێو چینی دارا و دەوڵەمەندەکانیشدا ڕوو دەدات و ڕەنگە لە ناو هەندێ لە بنەماڵەکان لە ژێر ناونیشانی تەڵاقی عاتیفی ژیان بەرنە سەر و چاوپۆشی لەو دۆخە بکرێ.

ئەمڕۆ ئینتێرنێت و تۆرەکۆمەڵایەتییەکان بە گشتی، بوونەتە کێشەیەکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی گەورە بۆ ئارامی و هێوری هەر خێـزانێک کە هۆکارەکەشی هەر بۆ خۆمانین. بۆیە دەبێت بەر لە ڕوودانی هەر چەشنە ڕووداوێکی نەخوازراو بەدوای چارەسەرکردن و ڕێگاکانی بەختەوەری خێزاندا بگەڕێین تاکوو ژیانێکی پڕ لە ئاسوودەیی و دوور لە خاڵی لاواز بەرینە سەر و بەرەو ئەو دروشمە هەنگاو بنێین کە بریتییە لە؛ نەخێــر بۆ بە هـەڵە خراپبەکارهێنانی ئینتێرنێت و تەلەڤیـزیون، نەخێـر بۆ بە خراپبەکارهێنانی مۆبایل و بەڵێ بۆ جوانبەکارهێنانی ئینتێـرنێت و مۆبایل و تەلەڤیـزیون و پێکەوەژیـان.

ئەمڕۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەڵاق، بۆتە یەکێک لە ترسناکترین کێشەکانی نێو کۆمەڵگە و کیانی خێــزان لە بنەڕه‌تەوە هەڵدەوەشێنێتەوە و بە هۆی کاریگەری و ڕۆڵی تێکدەرانەی تەلەڤیزیون و سەتەلایت و مۆبایل و ئینتێرنێت کە بەسەر کۆمەڵگا و خەڵک و خێـزانی دێنێت، ئەبینین کە ئەو گۆڕانکاریانە زیاتر لە ڕابردوو هۆکاری

جیابوونەویە و یەکێک لە هۆکارکانی زۆربوونی ڕێژەی تەڵاق و لێکترازانی خێـزانە.

ئەگەر ئاوڕێک له ڕابردوو بدەینەوە، هەڵبەت نە ڕابردوویەکی زۆر دوور، کۆمەڵگەی ئێمە کاری زۆر سەخت و دژواریان بە هاسانی جێبەجێ دەکرد، بەڵام ئەوڕۆ دەبینین کە لەو ژیانە مۆدێڕنەدا، دادگاکان بە نیسبەت ساڵانی ڕابردوو گەلێک قەڕەباڵغن و تەنانەت دەبیندر‌ێ کە بە ڕێژەیەکی زۆر بەرچاو دیارەی کێشەکانی خێــزان و تەڵاقیان لێدەکەوێتەوە!!

بەڵام ناتوانین خۆمان لەو ڕاستییە گێل کەین کە ئینتێرنێت و تەلەڤیزیۆن و سەتەلایت ئەو ئامێرە گرنگەن کە کەسمان ناتوانین لێی بێ نیاز بین، بەڵام ئەگەر ژیر نەبین لەگەڵ ئەو هەموو خزمەتە نایابەی کە پێشکەشمانی دەکەن، ناوبەناو ژان بە هەناو و دڵدا دێنن و دەروونمان دەشڵەژێنن!!

من لەو باسەدا نامهەوێ بڵێم هەرچی ئینتێرنێت و سەتەڵایت و مۆبایل و فیلم و درامایە، خراپن و دەبێ وازیان لێ بهێندرێ، ئەوە مەحاڵە و ڕەنگە کەس نەتوانێ. چونکە ئێستا ئینتێرنێت و مۆبایل و... زەروورەتێکی کۆمەڵگان و بەردەوام بۆ ئاگاداری هەواڵ و بابەتە جیاجیاکان پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگرن. لە ڕاستیدا دەکرێ بڵێن کە یەک لەسەر سێی دراماکان دەکرێ سوود و کەڵکیان هەبێت، واتە نابێ ئێمە بگەینە ئەو عەقڵیەت و شعوور و ئەو جۆرە له بیرکردنەوە کە تەلەڤیـزیون و ئینتێرنێت و مۆبایل و ئامێرەکانی تری ڕاگەیاندن دەبێ لە ماڵ بکووژێنینەوە و پێمان وابێ هیچ کامیان قازانجیان نییە و بە ناڕەوای بزانین! بەڵکوو ئەوە من و تۆی بینەرین، ئەوە من و تۆی دایک و بابین کە دەبێ بزانین چ جۆرە دراما و فیلمێک لەگەڵ منداڵەکانماندا بۆ سەیرکردن هەڵبژێرین و بە چ شێوازێک ئینتێرنێت و... بەکار بێنین، واتە لە سەتا پەنجای قازانجی ئەو دراما و فیلم و ئینتێرنێت و... ئەکەوێتە سەر خودی مرۆڤ کە ئایا چۆن بیری لێدەکاتەوە.

ڕەنگە هەندێ جار ئەوە لە جێی خۆیدا شتێکی باش بێ کە سەیری هەواڵێکی کوشتن و زیندەبەچاڵکردنی مرۆڤ و سووتاندنی ڕووداوێکی مرۆڤ بکەین، بۆ ئەوەی ئەو جۆرە کێشە و هەڵەیە لە ناو ژیانی ئێمە ڕوو نەدات. بەڵام پێویست ناکات لەو کاتەدا منداڵ لە لامان بێت، بۆ ئەوەی بیر و فکری مناڵ هاڵۆز نەبێت و کارەسات نەخوڵقێ...

ڕۆڵی تەلەڤیـزیون و چەند سـەرنجێـک:

ئێمە تێگەیشتنێکی سەقەتمان لە ژیانی مۆدێڕن و شارەستانیانە و پێداویستییەکانی هەیە و تایبەتمەندییەکانی مڕۆڤی سەردەمی شارنشینی ناناسین. بۆ ئەوەی ببینە مرۆڤێکی ئەوڕۆیی، پێمان وایە دەبێ سەرجەم هێما و نمادەکانی ژیانی ڕابردوومان فڕێ بدەین!! تەنانەت ژیان و حاڵی ئێمە وای بەسەر هاتووە کە توانای خۆبەڕێوەبەریمان بۆ دوو ڕۆژ و شەو لە دەست داوە، واتە ژیانمان بێ ماشێن، بۆ ئیدارە ناکرێ!!؟

لەگەڵ ئەو شەپۆلی پێشکەوتنە که ئێستا تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگای ئێمەشی گرتۆتەوە و چەشنێک له ئالوگۆڕێکی بنەڕەتی جۆراوجۆری بەسەر تەواوی کایە و جموجۆڵەکاندا هاتووە.

ئێستاش لەسەر ئەو تەوەرە، ئاماژە بە چەند خاڵی گرینگ دەکەین کە ڕۆڵی لێکترازان و کاولکاری زۆریان هەیە، بۆ نموونە:

خاڵی یەکەم: فەوتانی کات بۆ خێزان و گەنجەکان و بۆ ئەو مناڵانهی کە لەبەر دەستمانن.

ڕەنگە لە سەر زەوی هیچ وڵاتێک نەبێ بەقەد "شرق الاوسط" سەیری تەلەڤیـزیون بکەن. ئەوانەی کە خزم و دۆست و برادەریان هەیە لە دەرەوەی وڵات، با پڕسیاریان لێ بکەن کە ئایا لە ئەوروپاش وایە که خەڵک بەیانی لەگەڵ هاتنەدەرێی تیشکی خـۆر کە لە خەو هەستان، تەلەڤیـزیون هەڵدەکەن و تا درەنگانی شەو رۆشن دەبێ و تا نێوەشەو ناکووژێتەوە. تەنانەت کە دایک و باب ڕۆیشتن بۆ نووستن، دەڵێن ڕۆڵە گیان تەلەڤیـزیون بکووژێنەوە با نەسووتێ!! ئەو کاتیش لە بیری سووتانی تەلەڤیزیون دایە نەک مناڵەکە!؟

ڕەنگە ئەوڕۆ کەمتر بنەماڵەیەک هەبێ کە ئەهلی موتالەعە و خوێندنەوە بن! مەخابن سەیرکردن و تێڕامان له سەتەلایت و ئینتێرنێت و مۆبایل بۆتە بەشێکی گەورە لە ژیانماندا و ئی وا هەیە لە ڕۆژێکدا سەیری دوو تا سێ "فیلم و دراما" دەکا! کە لە دەرەنجامدا یەک مانگ دەبێتە "۹۰ تا ۱۰۰" کاتژمێر!؟ ئایا هیچ کات بیرت لەوە کردۆتەوە چی بەسەر خۆت دێنی؟! ئەی باشە مەگەر ئێمە وەک موسوڵمان باوەڕمان بەوە نییە که یەکێک لەو شتانەی لە ڕۆژی پەسڵان پرسیارمان لێ دەکرێ، ئەو کات و ساتانەن کە چۆن بەسەرمان بردووە؟ 

خاڵی دووهەم: کەمکردنەوەی توانای فێربوون. هەموو توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن ئەو منداڵانەی کە زیاتر سەیری فیلم و مۆبایل دەکەن و کاتێکی زیاتر به دیاری تەلەڤیزیونەوە بەسەر دەبەن، توانای زیرەکی و فێربوونیان کەمترە. 

توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەگەر مناڵ تەمەنی دوو تا سێ ساڵە و کاتی خۆی لای تەلەڤیزیون دەکۆژی و یەک دوو ساعەت سەیری تەلەڤیزیون بکات، بە نیسبەتی مناڵی تر که که‌متر سەیری ته‌له‌ڤیزیۆن ده‌کات، ڕۆژانە بۆ پێنج تا هەشت وشە کەمتر فێر دەبێ.

زۆر جار خەڵک بۆ پاساوهێنانەوەی خۆیان ئەڵێن: ئێمە بۆیە سەیری فیلم و دراماکان دەکەین، چونکە ئەو باشترە لە باسی خەڵک و غەیبەت و بوختان و قسە هەڵبەستن. لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێن: بەڕاستی ئێمە لەو کاتە کە سەیری فیلم دەکەین، ئیتر کارمان بەکەس نییە و دڵیان بەوە خۆشە! کەچی بێ‌ئاگان لەو ڕاستییە کە خۆیان فریو دەدەن و بەو کارە هەم عەقڵ لاواز دەبێ و هەم بنەماڵەش کاول، بە جورێک که ئەمڕۆ مێشکی مرۆڤ وەستاوە!! تەنانەت دۆستایەتی و موحیببەت و خۆشەویستی و سیلەی ڕه‌حم، وەک مردوویەک بە خاک سپێردراوە!؟

بێگومان هێنانەدی بارودۆخێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ، کاریگەرییەکی زۆری کردۆتە سەر کۆمەڵگە و هه‌روه‌ها لایەنی خوو و ڕەوشت و ڕەفتاری ژن و پیاو و گەنج و منداڵ بە تەواوەتی تێک چووە. ئەگەر جوان ورد بینەوە، بۆمان دەردەکەوێ کە لە سەردەمی پێشکەوتنی ئامێرەکانی تەکنەلۆژی و سەنعەت هەیمەنەی بنەماڵە وەک جەسته‌یەکی بێ‌ڕوح وایە کە هەست و سۆز و ڕێز و خۆشەویستی تیادا ونە و هەر کەسە و بۆ خۆی دەژی. مەخابن ئامارە دڵتەزێنەکانی ئەم دواییەش پێمان دەڵێن کە ئەمڕۆ گەنج و لاو و منداڵ زۆربەی کاتەکانیان یا لە ناو فەیسبوک، واتساپ، تێلگرام، ئینتێرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان به‌سه‌ر ده‌به‌ن یاخود لە ماڵێ لەبەر دەم دراماکانی عەڕەبی، هیندی، فارسی و تورکی بەسەر دەبات کە ئەوەش هۆکارێکی بەهێزن بۆ تێکدانی ڕەفتار و ڕەوشتی گەنج و منداڵ و بە فیڕۆدانی کات و سەرقاڵکردنی بیر و هزر بە شتی ناڕەوا کە جورێکی ترسناکی لە منداڵ و گەنجی کۆمەڵگەی ئێمەی دروست کردووە.

ئەم پەتایە بۆتە هۆی شتێکی خەیاڵاوی و توندوتیژی و لاساییکردنەوە لای گەنج و منداڵی خێـزانی کوردەواری لە دینداری و خواپەرەستیدا، لە پەرەستنی بــوزا، هانابردن و سووتاندنی مردوو و کڕنۆشبردن و چەمانەوە و مۆم هەڵکردن لە تەنیشتی و هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی لاوان و گەنجان وەک شتێکی پیرۆز بە دەوری ئۆتۆمۆبێلی بووک و زاوا دەسووڕێنەوە کە ئەوەش ئێستا لە زەماوندی کوردەواری بۆتە نەریتێکی مەزن!! کە ئەمانە نە لە ئایین و نە لە داب و نەریتی کوردەواری جێگەیان هەیە.

لە ڕاستیدا ئەو درامایانە بوونەتە هۆکاری نەبوونی متمانە بە خێـزان و کۆمەڵگە و تەنانەت رێز و حورمەت و شکۆی بنەماڵەشیان شڵەژاندووە! دەبینین کە پڕن لە خیانەت، خیانەتی برا بە برا! خیانەتی هاوڕێ بە هاوڕێی خۆی! یاخود خەیانەتی ژن و مێرد بە یەکتر و بێدەسەڵاتی پیاو لە ئاست نامووس و کەرامەت و شکۆی خێزان! مەخابن بۆ باش بەڕێوەچوون و چەقاندنی ڕق و کینە و خەیانەت، لە دەسپێکی دراماکەدا هەمیشە قارەمانی فیلم و دراما وا نیشان دەدرێ که کەسێکی زۆر باش و خۆشەویست و قسەزان و لێهاتوویە! تا لە کاتی سەیرکردنی فیلم لە لایەن ئەندامانی خێـزان بە گشتی و گەنج و منداڵ بەتایبەتی ئاگایان لەوە نەبێ کە چۆن لە ڕێگای ئەو قارەمانەوە هەموو جۆرە بێ‌ئەخلاقی و بێ ‌ڕەوشتیەک به‌ بیر و هزری مرۆڤدا دەئاخندرێ. هەروەها مرۆڤ فێری فرت و فیڵ و شێوازی خەیانەتی خێزانی دەکات بە قێزەونترین حاڵەتەکان لە دژی یەکتر!

 بۆ نموونه لە فیلمێکدا بۆ خۆشەکردنی دڵە نەخۆشەکان بەسەرهاتی بنەماڵەیەک ئاوەها نمایش دەکرێ:  "خێزانێک کە پێک هاتوون لە ژنێک و پیاوێک و کوڕ و کچێک، یەکێک لە شەوەکان کە دایک و باوک بۆ ئاهەنگ و خۆشی دەچنە دەرێ، کوڕ و کچەکەیان لە ماڵی بە جێ دەهێڵن... کچەکە دوای ڕۆیشتنی دایک و باوکی دەچێت دەخەوێ، کوڕەکەش لە پێش سەتەلایت دادەنیشێت، کۆنتڕۆڵی لە دەستدایە و کاناڵەکان یەک لە دوای یەک دەگۆڕێت، لەناکاو چاوی دەکەوێتە سەر کاناڵێکی بەدڕەوشت! بە بێ‌دەنگی سەیری دەکات... بەر دەوام سەیری ئەو فیلمە دەکات تاکو خۆی پێ ڕاناگیرێت!!! دەبێ لەو کاتە هەستیار و دڵتەزینەدا چی بکات لە کاتێکدا ئەقڵی لای خۆی نەماوە!!! بەڵێ لەو کاتە سامناکە کە ناخی بە هۆی ئارەزووی هەوەس و داڕووخانی دەروونی و شڵەژانی مێشکی تێک چووە، دەستبەجێ خوشکەکەی بیر دێتەوە کە خەوتووە. بۆیە ده‌چێته‌ ژووره‌کەی و دەیەوێت دەسدرێژی بکاتە سەر خوشکەکەی. کە خوشکەکەی وەخەبەر دێ، دەبینێ براکەی بەسەرشێتی لەسەریەتی، لە هۆش خۆی دەچێت. بەڵام براکەی گوێی ناداتێ و چی پێخۆشە دەیکات... کاتێک کچەکە وەهۆش دێتەوە، دەبینێت ئابڕووی تکاوە، دەشبینێت براکەی بە دیاریەوە وەستاوە، ئەقڵی لە دەست دەدا و پڕ بە دەنگی خۆی هاوار دەکات و کاتێک خەڵک بە هاواریانەوە دەچن، دەبینن کچەکە لە زمان کەوتووە و بە ئاماژە بە ژووری خۆی خەڵکی تێدەگەیەنی کە چی ڕوویی داوە...!!! تا دایک و بابه‌ به‌ڕێزه‌که‌یان درەنگانی شەو دەگەڕێنەوە و چاویان بەو کارەساتە دەکەوێ...!؟!؟

ئایا ئەو پەتایە خەڵاتی ژیانی نوێ و مۆدێڕنە بۆ نێو کۆمەڵگا و خێزانی سوونەتی و کەونی ئێمە؟؟!! هەنووکە لە دنیایەکی بەراوەژوودا دەژین و پێشکەوتن و ژیانی مۆدێڕن زۆر هێڵی نەهێشتوونەوە!!؟؟

بەدیهاتنی ئەم چەشنە دیاردە ناحەز و قێزەونانە بۆ هۆکارگەلێکی زۆر دەگەڕێنەوە و شتانێکی زۆر لەسەر بەدیهاتنیان دەستەویەخەی مرۆڤ دەبێ، بە چەشنێک کە ئۆقرەی لە مرۆڤگەلێکی زۆر بڕیوە کە بریتییە لە بینینی لاشەی مردووێک لە سەر تابووتی نێو ساردخانەکاندا کە ژینێکی مەرگبار بۆ مرۆڤ دێنیتە ئاراوە!؟

لە ڕاستیدا ئازادی بەو واتایەی کە ئێستا لە ناو کۆمەڵگەی ئێمەدا ناسراوە، گەورەترین کاریگەری لە سەر ئیڕادە و گەشەکردنی تاک و خێزان و کۆمەڵگە هەیە. بۆیە مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردەواری لە دەروون و هزری خۆیدا ده‌مرێت. واتە دەبێ خێزان مافی ئەوەی هەبێ کە دژی هەموو ناعەقڵانی و پەستانێک بوەستێتەوە کە کار لەسه‌ر سروشت و کەسایەتی دەکات. ئەمڕۆ مرۆڤەکان لە هەموو کاتێک زیاتر هەست بە بێهودەیی و بێ‌بایەخی خۆیان دەکەن. مرۆڤ بۆتە ئامێرێک کە بەردەوام ئۆقرەی لێبڕاوە لە پێناو وەهمێکدا کە بریتیە لە "ئازادی تاکەکەسی" ئەمەش وای کردوە کە مرۆڤ قەناعەت لە دەست بدات و بە هیچ شتێک ڕازی نەبێ، بەڵکوو لە پێناو گەیشتن بە ئارەزووی لە مێژینەی خۆی هەموو شت لە دەست بدات!

بۆ بەرزکردنەوەی لایەنی ڕۆحی و جەستەیی و ئۆقرەی دەروونی خێـزان، پێویستە بە شێوەیەکی دروست بە بەدیهێنانی باروودۆخێکی هێمن و پڕ لە ئاسایشت و شادی و دوور لە ترس و خۆف و دڵەڕاوکێ، ئاوڕێکی جددیتر لەم پرسە گرنگە بدەینەوە و بە خوێندنەوەیەکی ورد و زانستیانە و خۆ ڕۆشنبیرکردن لەو بوارەدا و دواتریش بینینی ئەو ڕۆڵە مەزنە کە پێویستێکی هەنووکەیی کۆمەڵگەی کوردەواریە.

ئێستاش دەبینین کە ترسناکترین کەلێن لە ئایین و ڕەوشتی کۆمەڵگەکان هەڵوەشانی خێـزانە، کە هەڕەشەیەکی جددی و گەورەیە لەسەر ئێستا و داهاتووی خێـزانی کورد و بەبێ ‌ئاشناکردنەوە و گەڕانەوەی بۆ بەها ئیمانی و ڕەوشتی جوان، ئەستەمە بتوانرێ چاکسازی لەم بوارەدا ئەنجام بدرێت.

لە کۆتاییدا دەڵێین: تەلەڤیزیون دەتوانێ ڕۆڵی چاکسازی و کامەرانی و بەختەوەری ببینێ، بەڵام بەداخەوە بە پێچەوانەوه‌ هەوڵ دەدەن بۆ ڕووخاندنی کۆمەڵگە و لەباربردن و بەفیڕۆدانی ژیانی گەنجان، بە جورێک کە خراپە دەکەنە پێشەنگی لاوان...

...............................................................................

*تێبینی: بۆ نووسینی ئەم بابەتە لە چەندین گۆڤار و کتێب و سایت و کاناڵی تێڵگرامی و هەروەها وتاری بەرێز دوکتور "بەختیار کەماڵ تاڵەبانی" لە "کۆنفرانسی نێونەتەوەیی و کێشەی خێزانەکانی ئەمرۆیی"، کەڵکم وەرگرتووە.

.........................................................................................

پێداچوونەوە و بڵاوکردنەوە: بەشی کوردی ئیسلاح وێب

Report Page