🌕 ڕاگەیەندراوی دامەزراندنی بەرەی هاوکاریی ڕێکخراوە کوردستانییەکان

🌕 ڕاگەیەندراوی دامەزراندنی بەرەی هاوکاریی ڕێکخراوە کوردستانییەکان




کوردستانییانی هێژا!

هاووڵاتییانی بەئەمەگ!


بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین کە ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ی کوردی، بەرانبەر بە ٣١ی جولای ٢٠٢٢ی زایینی، کاتژمێر ٧ی سەرەلەئێوارە بە کاتی ئورووپای ناوەندی، کاتژمێر ٨ی شەو بە کاتی باشوور و کاتژمێر ٩ی شەو بە کاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە مەبەستی دامەزراندنی بەرەیەکی هاوکاریی ڕێکخراوە کوردستانییەکانی ناوخۆ و تاراوگە، ٨ ڕەوەند و ناوەند و ڕێکخراوی کوردستانی، بە شێوەی سەرهێڵ و لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی "زوومـ"ـەوە یەکەم کۆبوونەوەی خۆمان بەڕێوە برد.

بنەمای کاریی کۆبوونەوەکە لە قۆناغی یەکەمدا زیاتر نزیکبوونەوەی ڕێکخراوە کوردستانییەکان و دامەزراندنی بەرەیەکی هاوکاری لە نێوان ڕێکخراو، دامەزراوە، ناوەند، ئەنجومەن و دامەزراوە کوردستانییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان و پاشان کارکردنی هاوبەش لەسەر پرسی شوناسی نەتەوەیی و بەتایبەت زمانی کوردی وەک ڕیشە و خوێنی نێو دەمارەکانی شوناسی نەتەوەکەمان بوو.

قۆناغێکی تری بنەمای کاریی کۆبوونەکە تەرخان کرابوو بە هاوئاهەنگی و کۆدەنگیی زیاتر ڕێکخراوەکانی بەشداربوو لەسەر پرسی زمانی کوردی و کەیسی مامۆستا زارا محەممەدی، مامۆستای بەندکراوی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو سیمبۆلی بزاڤی فەرهەنگی و ڕووناکبیریی کوردستان و هەوڵدان بۆ گەیاندنی ئەو پرسە و هاوکات پرسی زمانی دایک لە کوردستان، بە ناوەندی پێوەندیدارە نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت بە ڕێکخراوی "لینگواپاکسـ"ـی ئیسپانیا وەکوو ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیی کە زیاتر گرنگیی بە زمانی دایک لەسەر ئاستی جیهاندا دەدات.

بەخۆشحاڵییەوە پاش زیاتر لە یەک کاتژمێر و نیو کۆبوونەوە و باسکردن لەسەر بنەمای هاوکاری و لێک‌نزیکبوونەوە و چۆنیەتیی کارکردنی هاوبەشی ئەو ڕێکخراوانە، لە کۆتاییدا بەو ئاکامە گەیشتین کە دامەزراندنی خۆمان وەکوو بەرەی هاوکاریی ڕێکخراوە کوردستانییەکان ڕابەگەیەنین، کە لە داهاتوودا زانیاری و وردەکاریی زیاتر لەم بارەیەوە بڵاو ئەکەینەوە.


ڕێکخراوە پێکهێنەرەکانی ئەم بەرەیە:

ــ ناوەندی چوارباخ

ــ ناوەندی نووسەرانی کوردستان

ــ ڕێکخراوی جیهانی کورد

ــ کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە تاراوگە

ــ ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە نۆروێژ

ــ ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە ئاڵمان

ــ فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی فەرانسە (F.A.K.F)

ــ ڕێکخراوی گلێنە لە فینلەند

Report Page