🌕 چەند سەرەقەڵەمێک لەسەر ئاڵای كوردستان

🌕 چەند سەرەقەڵەمێک لەسەر ئاڵای كوردستان



✍️: عەبدوڵڵا ڕەسووڵی


 ئەمڕۆ ئاڵا بووەتە هێمایەک بۆ ناساندنی نەتەوەكان و خەڵک و لایەنەكان لە ڕێگەی ئاڵاوە خۆیان لە یەكتر جیا دەكەنەوە، بەو واتایەی کە ئاڵا بووەتە هێمایەک بۆ نەتەوەكان كە بەشێک لە شوناسی نەتەوەیییان پێک دێنێت، بێگومان ئاڵای هەر نەتەوەیەكیش سەرچاوە لە باگراوندی هزری و كولتووریی ئەو نەتەوە وەردەگرێت، بەو واتایەی کە لە پشت ڕەنگ و هێماكانی هەر نەتەوەیەكەوە ئەفسانە و جۆرێک تێڕوانین بۆ دەوروبەر و یان خۆناساندن بوونی هەیە، بۆ نموونە لە ئاڵای ئەڵمانییەكاندا هەڵۆ هێمایەكە بۆ نەتەوەی ژرمەنی كە كراوەتە بەشێک لە ئاڵای نەتەوەیییان، ژمارەیەک نەتەوەی دیكەش لە جیهاندا هەن كە زۆرتر ئەو ڕەنگانەیان بۆ ئاڵایان هەڵبژاردووە كە بە شێوەیەک ڕەنگدانەوەی سروشتە، ئاڵای نەتەوەكانی نیشتەجێ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش بە شێوەیەک لە شێوەكان ڕەنگدانەوەی سروشتە، بەو واتایەی كە زۆربەی نەتەوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چوار ڕەنگی سوور و سەوز زەرد و سپییان بۆ ئاڵاكەیان هەڵبژاردووە، جیا لەوەش ئاڵای ئەم وڵاتانە سادە نین، بەو واتایەی کە بە جۆرێک ئاڵۆزن، واتە ڕەنگی زۆر و هێما و نووسین لە ئاڵاكەدا دەبیندرێت، ڕەنگە ئەمەش ڕەنگدانەوەی دەروونیی بەکۆمەڵی ئەو نەتەوانە بێت.

 ئاڵای كوردستانیش وەکوو ئاڵای نەتەوەی كورد، بێگومان خاوەنی مێژوویەكە و ئەم مێژووە ی کە لەلای ئێمە مەبەست ئەو بوارە نییە كە لە فڵان بزوتنەوە و فڵان شۆڕشدا ئاڵای كوردستان چ جۆرێک بووە و چی تێدا گۆڕاوە و دوایی چی بەسەر هاتووە و ئەمڕۆ چۆنە، بەڵكوو ئەوەی مەبەستی ئێمەیە، ڕەهەندێكی دیكەی مێژووییی ئاڵای كوردستانە و ئەویش ڕەهەندی نەستی بەکۆمەڵ یان نەستی نەتەوەییی گەلی كورد و ڕەنگدانەوەی ئەوە لە ئاڵای كوردستاندا، بەو واتایە کە شێوازی تێڕوانینی تاكی كورد بۆ ژیان و كاریگەریی سروشت لەسەر ئەو بە چ شێوەیەک ڕەنگی داوەتەوە لە ئاڵای كوردستاندا.

 كاتێک دەمەوبەیانییە و خۆر لە وەرزی بەهاردا لە كەل دێتەدەر، بێگومان ئەوەی دروست دەبێت كەلێكی سەوز و ئاسمانێكی سوور و خۆریش لە نێوانیاندایە، بە وردی ئەم وێنەیە كە لە كۆنەوە لە زەینی تاكی كورددا دروست بووە، لە هەڵبژاردنی ڕەنگەكانی ئاڵای كوردستاندا ڕەنگی داوەتەوە، ئەم وێنە لە دەروونی بەکۆمەڵ و نەتەوەییی گەلی كورددا گواستراوەتەوە و هەتا ئەو ساتەی كورد بڕیار لەسەر ئاڵای كوردستان دەدات و ئەم وێنەیە كە بە شێوەیەكی كۆنەست گواستراوەتەوە لە ئاڵای كوردستان خۆی بەدەرخات.

 لایەكی دیكە كە لەم وێنە و كۆنەستە كۆمەڵایەتییەدا دەخوێندرێتەوە، ئەوەیە كە پەیوەندیی توندوتۆڵ لەنێوان سروشت و دەروونی تاكی كورددا هەیە و ئەم پەیوەندییەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەم وێنە سروشتییە لە ئاڵای كوردستاندا بەدەر بكەوێت.

 ئەگەر لەم گۆشەنیگایەوە سەیری ئاڵای كوردستان و ئەو كەسانە بكەین كە دژی ئەم فۆرمەن لەو وێنەی كە ئێستای ئاڵای كوردستان هەیەتی، دەبێت بێژین ئەو كەسانە لەڕاستیدا تووشی جۆرێک دابڕان لە كۆنەستی كۆمەڵایەتی بوون و تواناییی ئەوەیان نییە پردێكی پەیوەندی لەنێوان ئێستە و ڕابردووی كۆمەڵگەی كوردیدا دروست بكەن، ئەمەش ئاکامی ئەو داڕمان و نامۆبوونەی كەسایەتییە كە پێش ئەوەی لە هەوڵی خۆ بنیاتناندا بێت، لە هەوڵی ڕوخاندنەوەی دووبارە و ناشیرینكردنی كەسایەتیی تاكەی كوردە.

 دروستە ئەكرێت زۆر شوێن ئاڵای خۆیان هەبێت، بۆ نموونە حیزب یا كۆمپانیا، بەڵام ئاڵای نەتەوەیی ڕەنگدانەوەی هەست و ئێحساسی بەکۆمەڵی نەتەوەیە، بۆیە هەموو کەسی ئەو نەتەوەیە خۆیان لەو ئاڵایەدا دەبیننەوە و ئەمەش ئاکامی هەستی هاوبەش و فەرمیی بوونیەتییە لە ئاستی جیهانیدا.

 بۆیە كاتێک نەتەوەیەک پارچە پارچە دەبێت، ئەوە هەستی پارچە دەبێت و ئەمەش ئاسایییە كە بەشێكی ئاڵای ئەویتری لا پەسەند نەبێت، بەڵام لە دۆخی ئێستەی كوردستاندا لەبەر ئەوەی کەهەتا ئێستە ئاڵایەک كە لە باشوور ڕەهەندی فەرمی پەیدا كردووە، ئەوە زۆڕینەی كورد خۆی لەو ئاڵایەدا وێنا دەكات، جا چ كوردی باشوور بێت یا پارچەیەكی دیكەی کوردستان، بەڵام ئەوەش ڕوونە کە ئەگەر كوردی پارچەیەكی دیكە ئازادییان بۆ دەستەبەر بوو، ئەوان ئەكرێت ئاڵای جیاواز بۆ خۆیان دەستنیشان بكەن بۆ ئەوەی کە بە فەرمی بناسرێن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ناكرێت ئاڵایەک لە دوو شوێنی جوگرافیی سیاسی بە فەرمی بناسریت و پێویستە هەندێک جیاوازییان هەبێت، بەڵام هەتا ئەو كاتەی ئەوە ڕووی نەداوە، ئەوە ئەو ئاڵای ئەمڕۆ لە باشووری كوردستان فەرمییە و بۆ هەموو پارچەكانی دیكەش ئەكرێت وەکوو ئاڵای كوردستان یا پارچەی خۆیانیش سەیر بكرێت.




Report Page