سەفەرێک بۆ تووتاخاج

سەفەرێک بۆ تووتاخاج



سەفەرێک بۆ تووتاخاج

بەشی: یەکەم

✍سەیید موحەممەد ئەمین واژی

مێشکەکان پڕن هەر لە هەڵبژاردنی کوردوستانی باشوور پارتی(۳۹)، یەکەتی(۲۳)، نەوەی نوێ(۱۵)، یەکگرتووی ئیسلامی(۷)، کۆمەڵ(۳)کەس دەنگی هێناوە. و هەرای غەزەی خوێناوی بە دەست ڕژیمی داگیرکەری ئیسڕائیل کە نزیک چل‌و سێ‌هەزار کەس شەهید کراوە، هەواڵی دڵتەزێنی ڕژیمی ڕەگەزپەرەستی تورکیا بۆ سەڕ ڕۆژ ئاوای کوردوستان تەواو خەفەتباری کردبووم گوتم با جێ گۆڕکێیەک بە بیرم بکەم. لە مزگەوتی عەباساغاڕا دوای نوێژی شێوان بە شەقامێدا کە دەچوومە خوارێ، دەدم دیت خەمۆکی خەڵکی داگرتووە، پزیشکە دەروون‌ناسەکان و دوکتۆری ددان و کەپۆ و لووت چاکردن بازاڕیان گەرمە، هێڕشی ڕژێمی جوولەکە بۆ ئاسمانی ئێران و بۆمباران‌کردنی چەند شوێن، خەڵکی خزاندبوو زێڕگەرەکان، زۆربەی زێڕگەرانی شەقام قەڕەباڵغ بوون. مسقاڵی زێڕی وەسەرەوەی بیست میلێۆن کەوتووە. برنج و خواردەمەنێ هەر وا بەرەو سەر هەڵدەکشێ، خاک و خانووبەرەش دادەبەزێ، لەم هەڵکشان و داکشانە هەوای گۆڕینی ئەم کەش‌وهەوایە هاندەرمان بوو گوێم لە بەردەنگانی ڕادیۆ مەهاباد بۆ یەکێ زەنگی لێدا بوو ئەرێ شارەداری پێش‌بینی کوونە تەیارەی کردووە.

بە لای بەری کتێب‌فڕۆشی سەیدیان کە سیس بۆتەوە هاتمە نزیک کتێب‌فڕۆشی موەففەقی کە هەر کوێر بۆتەوە، نزیک بوومەوە لە چوارچرایە، لەگەڵ کاک سەعید ئیسماعیل پوور خۆشنووسی خاوەن سەبک، تێکهەڵچەقین تا لێکترمان پرسی کاک قاسم تاباک و کاک ئەحمەد بەحری سڵاو و چاک‌خۆشیان کرد و هەندەک باسی قەڵەمی مەلا موستەفای زاواکێو(ڕەشیدی)یان کرد، پەریمەوە ئەوبەری چۆمی و گەیشتمە بەردەرکی بێهداشتێ مامۆستا مەلا خالید حەیدەرنیا لە لای چەپم ڕایگرت و سووار بویین قسەی هاکەزایین دەکرد، تەلەفوون زەنگی لێدا سامیەی نەوەم بوو بابە‌مەلا وەر سەر تەسویر پێکەوە قسان دەکەین، دڵم بڕێک کرایەوە. دوای تێپەڕ بوون لە پاش‌بەنداوی ئوسووکەند گەیشتینە سێ‌ڕێیانی دریاز، پێتەختی پێنسەد ساڵە و پادشایی ساڕم‌بەگ. چەند ڕۆژ لەمەو بەر ساڕم‌بەگ کە بەداخەوە ناحەزان لەحەوتووی ڕابردووی کێلەکەیان شکاندبوو، ڕەخنەی کۆمەڵایەتی لێ‌کەوتەوە کە شوکر دۆینێ نۆژەن کراوەتەوە. لەم بیرە دابووم مامۆستا خالید گوتی شەوە، ئەڕێ بۆ تابڵۆی ‌”تووتاخاج”دیار نییە، لابڕ لێمان داو کەوتینە سەر خەت بەرەو تووتاخاج، باش بوو تا نزیک سێ‌کیلۆمیترێک بۆ ناو دێ قیلەتاوو بوو. گەیشتینە مزگەووت و سەرەتای بانگ بوو دەستنۆێژم هەڵدەگرت سرنجی ئەم پێچە سپێی مامۆستایان زەینی منی بۆ لای خۆ ڕاکێشا. کاتی خۆی مەلا و فەقێی لاجان مەندیل و دەسماڵی ڕیشووداریان لەسەر بوو ئی محاڵی بێ ڕیشوو بوو. لای سەردەشت جیا لەمەش لفکەیان بەلای ڕاستدا بەردەداوە. دەبێ ڕەنگی سپی ئاماژە بە دڵی سپی بێ لەم بیروو و هۆشە دابووم؛ گوتیان بۆ پێشنوێژ وەپێشکەوە. منیش قەبووڵم نەکرد و مەلا عومەرمان ناردە پێشێ. ئەم‌مزگەوتە لەمێژ نییە ساز کراوە، ئەوەی کۆن لە ناو دێیەو کراوەتە مزگەوتی ژنان بۆ ڕێ‌وڕەسمی پرسەو و سەرەخۆشی ژنان. لە ئیسلامدا مزگەوتی ژنان و پێیاوانن نەبووە. ئەمە لەم دواییانەدا سەری هەڵداوە، بەڵکە پێاوەکان لە رێزی پێشێ و لە ڕیزی پشتەوە ئی ئافرەتان، وێنەشی هەمان ئەو ئافرەتەی لە کاتێ حەزرەتی عومەر(ڕ)وتاری دەدا و مارەیی ئافرەتانی دیاری دەکرد؛ ئەم ئافرەتە هەستاوەو ڕاشکاوانە بیروڕای خۆی دەربڕێ؛ ئەرێ عومەر ئەوەی تۆ دەیڵەی لە قوڕئان داهەیە یا لە فەرموودە(حەدیس)؟. ئیمامی عومەر کە ئیمپڕاتۆری ڕۆم و فارس لەبەری دەلەرزین لە وڵامی ئەم ئافرەتە دەڵێ ناوەڵا هەر بیر و ڕای خۆمە. ئافرەتە دەڵەی لێرە بە هەڵە چوویە. ئیمامی عومەر دەفەرموێ ئەم ئافرەتە ڕاستی وت و من بە هەڵە چووم.

دوای نوێژ چوومە میحڕابی مزگەوت و دیتم وتاری عەڕەبی هەینی بە خەتێکی خۆش لەسەر تریبوون نووسرابۆوە.

لەم کەش و هەوایە دابویین فەرموویان کردین بۆ ژورێ، بەدەرگای چووکە دا چوینە ماڵە مامۆستا مەلا خدر ڕادمێهر ناسراو بە “ئەشکانی” کە چاوەڕێی ئێمە بوون. هاوڕێیان بریتی بوون لە مامۆستا مەلا خالید حەیدەرنیا لە تۆرەمەی مەلای پیرەباب، مامۆستا مەلا ئیبڕاهیم لە مامۆستایانی خۆش‌ناوی بۆکان و مەهاباد و مامۆستا مەلا عومەر مەستوور زادە کوڕی شەهید مامۆستا مەلا مەحموودی قاڕنێ. هەندێ قسەی ئاسایی کرا و خۆمان کلادا لە باسی سیاسی. باس لە بیر کردنەوەی چاک؛ کە فڕەکانسی هیوا بە مڕۆڤ دەبەخشێ.

ناساندنی‌تووتاخاج

تووتاخاج لە ۱۵کیلۆمیتری باکووری ڕۆژئاوای شاری مەهاباد هەڵکەوتووە. ۳٨ماڵە، باشووری ڕۆژاوای دەبێتە، ئاوایی ئاڵبڵاغ. باکووری: ئاوایی کۆزەکەرێزە. ڕۆژهەڵات: ئاوایی دریاز. چیاکانی دەورووبەری: شێخ مراد، جیقناوێ، ئوزنداغ، شاخەسوور و ئەسحابان.

قسەی‌خۆش

کوڕە دنیا بەغەمان پێک‌نایە و هەندێ قسەی خۆشی سەردەمی فەقێیەتی و مامۆستا مەلا نەجمەدین شەریعەت پنا گێڕدانەوە. زۆرتر باسی خۆن کرد.

ـ مەلا برایم کە لەگەڵ مەلا خدر لە مەحمووداوای کەرێزەی بۆکان هاودەم بوون گوتی ئەرێ مەلا خدر بۆ “ڵددیخ”مان بۆ ناگێڕێەوە. مەلا خدر گێڕایەوە لە مەحمووداوای کەرێزە لای مامۆستا فەقێ بووم و دەمخوێند وشەیەکم لێ پرسێوە قوربان ئەرێ “ضِدَّیِخ” یانی چی؟ مامۆستا فەرمووی: فکرم بۆ ناچێ لە ماڵێ چاوو لە فەرهەنگ دەکەم. بۆ سبەی بەیانی تەشریفی هێناوە فەرمووی: هەموو فەرهەنگەکانم پشکنیووە ئەم وشەیەم نەدۆزیوەتەوە. ئەرێ فەقێ خدر ئەم وشەت لە کوێ(چ کتێبێک) دیوە؟ عەرزم کرد قوربان! لە پشتی جیبێکی نووسرابوو. گوتی: خودا ماڵتە ئەو زیددی، یەخە؛ واتە: دژی سەهۆڵە کە لە کابڕاتۆری ماشێنیێ دەکەن تا زستانان نەی بەستێ.

ـ گووتم: جارێک مامۆستا مەلا نەجمەدین شەریعەت‌پەنا تووشی شاعیر، مامۆستا مەلا عومەر کامۆسی، ناسراو بە “چەختی” دەبێ و یەکەم جارە دەیبینێ و شۆرەتەکەی لەبیر دەچێتەوە؛ دەڵێ: ئەرێ تەتۆی مەلا عومەر جاموسی؟ مامۆستا مەلا عومەر دەفەرموێ: جامووس یانی گامیش. مامۆستا نەجمەدین بە خۆ دا دەشکێتەوە دوایە دەڵێ: ئەرێ قوربان! بە کوردی بە “ضمیر” دەڵێن چی؟ مامۆستا مەلا عومەر دەفەرموێ‌: دەبێتە جێناو. ئیدی لەو دەمی ڕا دەبنە دۆستی زۆر نزیکی یەک، ئەو لە حاجیابادی چۆمی مەجیدخان و مامۆستا مەلا عومەریش لە ئاوایی ئەتابڵاغی دراوسێ درێژە بە مەلایەتی دەدەن.

ـ مەلا برایم گێڕایەوە: گوتی لە بۆکان لای مامۆستا مەلا سەیید عەبدوڕەحمان کەریمی فەقێ بویین. گەلێ جار بۆ نوێژی بەیانی ئەم سووڕەتانەی دەخوێندەوە کە سوژدەی تیلاوەتیان تێدا بوو. کاتێ لە نوێژدا دەگەیشتە ئەم ئایەتە دەچۆ خوارێ و سوژدەی دەبردوو و دەهاتەوە ڕاوەستان و دڕێژەی بە نوێژەکە دەدا. شەوێک مەلا عومەر مەستوورزادە، میوانن بوو. تازە سەرەتای فەقێیایەتی بوو. بۆ نوێژی بەیانی کە مامۆستا لە ڕاوەستاندابوو کە گەیشتە سوژدەی تیلاوەتوو سوژدەی برد. دوای تەواو بوونی نوێژەکە یەکڕاست مەلا عومەر بە خۆی نەوەستا و ڕووی دە مامۆستا کردوو و گوتی: قوبان! لە کەنگێوە نوێژی بەیانی بۆتە سێ‌ڕەکاعەت؟ مامۆستا گوتی چ دەخوێنی گوتی فتح‌القریب، گوتی لە کوێ دای، گوتی: ئەووەڵی باب‌الصلاة. مامۆستا فەرمووی هێستا نەیگەیشتویەتی.

قاڕنێ

باس “قاڕنێ”ی نەغەدەی هاتە گۆڕێ، مەلا عومەر؛ گوتی: باپیرم عەجەب زەینەکی هەبوو زۆری شێعری سیفولوقوزاتی لەبەر بوو. گەڵێ جار شێعری سەیفی لە وەسفی زستان بۆ دەخوێندینەوە کە بۆ نموونە من عەرزتانی دەکەم:

[قەد و باڵایان وێنە نەمامان]

[کێ دی نەمامان بگرن شەمامان؟]

[کوێربم نابینم خێل بەرەو خواران]

[تەقڵە و ڕمبازی و هەو هەوی سواران]

[کوا «پیرووت ئاغا» سەرخێڵی کوردان؟]

[لە «قوڵەسەنی»ڕا بچێتە کوێستان]

[لە کوێیە «تاغی» ئەو چادری جوانی؟]

[تیپ تیپ میوانی سەر سفرە و خوانی]

[کوانێ سەید سەمەد ئەو مەردی ڕەشید]

[بۆ «ماین بڵاغی» بچێ بە تەمهید]

[دێهات لێکی دەی چادر و هۆبانی]

[گیر ناکەوێ ڕۆن بۆ چەورەسانی]

[وەگیر ناکەوێ، ماست بۆ هەوێنی]

[دۆی هەڵگێڕیەوە یا بیکوڵێنی]

[پەنیر بووە ئیکسیر شیر ئاوی حەیات]

[هەر وەک ئەسکەندەر کەوتینە زوڵمات]

[شەماڵ و زریان دایم شەڕیانە]

[ئاغاوەت شڕن کرمانج قڕیانە]

[زستانی ئەمساڵ دیارە پێنج مانگە]

[کا و گیا و مەڕ، بڕا لە دانگە]

[تەویلە و هۆڵ و هەیوان هەڵوەشان]

[پووش و قامیش و ئاڵاش دەرکشان]

[دران بە گاڕان وەک وێنجەی نوخشان]

[خرانە بەر مەڕ لە دانگە و حەوشان]

[کرمانج دەوڵەتی پڕ و پاتاڵ بوو]

[کۆچی دێ بە دێی بە مانگ و ساڵ بوو]

[ئەویش لە دەس چوو هێندە کۆچ مەکەن]

[کای سەر و نوێ کەن جووتی زۆر بکەن]

[حاسڵی عومر و لە زۆر و کەمی]

[داتان بە کا و گیا لەنێو عەجەمی]

[ڕێی کاکێشانی وەک کەهکەشانە]

[قەتاری وشتر وەک ئەستێرانە]

[کای زەرد و ڕزیو وەک لیرەی سوورە]

[وێنجەی ڕەش و شین پێستی سەموورە]

[قیمەتی کایە وەک کارەبایە]

[بۆتە قووتی ڕووح وێنجەی سەحرایە]

[باخان دابنێن داران بنێژن]

[نەجیب و ئەسڵ و کۆن و لەمێژن]

[حەیفە میللەتێ شەش هەزار ساڵ بێ]

[نۆکەری ماڵان ڕووت و ڕەجاڵ بێ]

[نۆکەری ماڵان عەیبە لە بۆ مە]

[کۆڵان هەڵگرین بە کۆمە کۆمە]

[چیدی دوژمنان بە خۆ خۆش مەکەن]

[بۆ بووزوو و کەپەنک باڵاپۆش مەکەن]

[تاکەی لە دەرکان کز و داماو بین]

[بێ مەزن و گەورە و سەر بێ کڵاو بین]

[هەر کەس ئارەزووی ماڵانی هەبێ]

[وەجاغی کوێر بێ منداڵی نەبێ]

[ئەو بەدبەختییەی لە کورد ڕووی دابوو]

[لەبەر نەخوێندن کۆزیان ساوا بوو]

[واجبە خوێندن بۆ دنیا و دینی]

[پێغەمبەر فەرمووی بۆچوونە چینی]

[بە کوتە و شانامان میللەت دەمێنن]

[بە میر و مەزنان شان دەشەکێنن]

[دەردی دڵ دەکەم کورت و کرمانجی]

[حەسەن کرمانجی چت لە دیلمانجی؟]

[خوسرەو جوانەگا بۆری مردار بوو]

[خواردنی فریزوو و گەڵای بندار بوو]

[دەگەڵ خونچە گیان شینیان دەگێڕا]

[ساڵح و قادریان دەسەر دەگێڕا]

[کەرە بۆزیشیان لەسەر وەستایە]

[کوڵی گریانیان لە ئەوکی دایە]

[تازە ماڵانی تۆ داخوا چۆنن]

[ئەوانیش خەریک فریزوو و کا کۆنن]

[دڵت تەنگ نەبێ تفاقت هەبێ]

[ئەوی تۆی نەبێ یاخوا هەر نەبێ]

[عومەر و عوسمان بووبەکری نازدار]

[بە ناز گەورە بن ها نامە چوار یار]

[جێژنی قوربانە خۆم قوربان دەکەم]

[خۆم بەقوربانی عەزیز گیان دەکەم]

[تاریخ هەزار و سێسەد و دوازدە]

[بیستی فەروەردین داد و بێدادە.].

ناساندنی‌مامۆستا مەلاخدر ڕادمێهر(ئەشکانی)

مامۆستا مەلا خدر ڕادمێهر کە نازناوی شێعری “ئەشکانی”، ساڵی ۱۳۴۹ی هەتاوی لە ئاوایی “ئەشکان”ی سەرێ سەر بە شاری “سەردەشت” چاوی بە دنیا هەڵێناوە. سەرەتای فەقێیەتی لە خزمەت “مەلا موستەفا تەوحیدی” دەست پێدەکا و و بۆ درێژەدان گەلێ شوێن دەچی و لە ئاکام‌دا لە مەهاباد و خزمەت “مامۆستا مەلا نەجمەدین حیکمەتی” بڕوانامەی مەلایەتی وەردەگرێ. دەبێتە مەلا لە تووتاخاج کە درووست سێزدەبەدەری ساڵی حەفتاوودو ھەتاوی ھاتۆتە ئەم ئاواییە، دبێتە سی‌ویەک‌ساڵ و شەش مانگ و حەووت ڕۆژ. مامۆستا خدر گوتی: بەر لە مامۆستا مەلا خدر مامۆستا مەلا ساڵح ڕەسولی(قۆیتەڵ)لێرە مەلا بووە. تووتاخاج ناوەندی سەیید و شێخان بووە. مامۆستای لە باری خۆیاندا گوتی: دوای خوێندنی سەرەتایی لەگوندی ئەشکان ساڵی ١٣٦٣ی ھەتاوی چومەتە خدمەت خوالێخۆش بو حاجی مامۆستا مەلا مستەفا تەوحیدی، کتێبی قوڕئانم لەخدمەت ئەو بەڕێزەدا خەتم کردووە. ھێندێ کتێبی سەرف و نەحوم لەخدمەت داخوێندووە، دواتر وەک دابی فەقێیەتی گەڕاوم لە سەردەشت و ڕەبەت و مەھاباد و ماوەیێکی لە ئاوایی مەحمودئاوای بۆکان لەخدمەت مامۆستا مەلا نەجمەددین شەریعەت پەنا دەرسم خوێند و وە سەرئەرئەنجام لەخدمەت مامۆستا مەلا نەجمەددین حیکمەتی بڕوانامەی مەلایەتیم وەرگرتووە. دەڵی: دو بەرهەمی چاپیم هەنە، قەسییدەی....

لێم پرسی ئێستا بە ڕۆژ چ دەکەی؟ گوتی: دووشەممە و چوارشەممان دێمە شاری(مەهاباد) و مزگەوتی حاجی ئەحمەد؛ بۆ بەشداری لە وانەی مامۆستاکان کە نزیک بە بیست‌کەس دەبین. کاتژمێر نۆ دەست‌پێدەکا تا کاتژمێر دەو نیو دەخاێنێ. مامۆستا مەلا ڕەحمان حاجی‌زادە پەڕتووکی (سیوطی) و مامۆستا مەلا موحەممەد موهاجیری پەڕتووکی (صفوةالتفاسیر) لە ڕاڤەی قوڕئان و مامۆستا مەلا ئەبووبەکر فەلاحی پەڕتووکی (صحیح‌بخاری) لە فەرموودە ناسی دەڵێنەوە.

ڕۆژانی سێ‌شەممەش دەچمە مزگەوتی حاجی‌ساڵحی شاتری ژومارە دوو، خزمەت حاجی مامۆستا مەلا ئەبووبەکر موحەممەد کەریمی کە بەشدار بووانی مامۆستایان دەگاتە سێزدە کەس، دوو وانان لای بەڕێزیان دەخوێنن کە کاتژمێر هەشت‌ونیوو دەستپێدەکا تا نۆو نیوو. ئەم دوو پەرتووکە دەخوێنین یەک لە ڕاڤەی قوڕئان بە ناوی(تفسیر بیضاوی) ئەوەی تر لە دابەش کردنی میرات و کەلەپوو بە ناوی (فرائض) نووسراوەی عەللامە قزڵجی.

کاتێ لێم پرسی کامە شێعرت بەلاوە لە هەمووان خۆشترە؛ گوتی: هەمووم پێ خۆشە وەک چۆن قامکی دەستان هەر یەکەی تایبەتمەندی خۆی هەیە.بە نەسر نانووسم شێعری نوێ دوو سێ بەستە شێعرم هەیە. کێش و سەروای شێعر بە قامکەکان دەبینمەوە، لەسەر کێش و هەوا و شێوازی مەسنەوی دەنووسمەوە.


Report Page