🔵 فـرەڕەنگی کۆمـەڵگای کـوردی، دەرفـەت یان هەڕەشـە؟ 

🔵 فـرەڕەنگی کۆمـەڵگای کـوردی، دەرفـەت یان هەڕەشـە؟ 




        ✍ کەیهان عەزیزی

   ـــــــــــــــــــــــــــ


  🔻 ئەگەر تۆزێ بەرز ببینەوە و لەسەرەوەڕا لە کوردستان بڕوانین، بەبێ هیچ زەحمەت و ماندووبوونێک فرەچەشنی و ڕەنگاڵەیی لەم وڵاتە، بەڕاشکاوی دیمەنی خۆی دەنوێنێ. ئەم ڕەنگاڵەیییە، زیاتر لە ڕووی جوغرافی و ئایینی و هونەری و زارەکانەوە دەردەکەوێ. بڕێک لەوانەیە لەم ڕەنگاوڕەنگییە وەکو شمشێرێکی دوو دەم بڕوانن؛ واتە، هەم بە دەرفەتی بزانن، هەمیش بە هەڕەشە. لەم بابەتە بە هەر بارێکدا بڕوانین باسێکی گرنگە و شایانی لێکۆلینەوە و هەڵوەستەی جدی و زانستییە. فیزی ناوێ، ژیان لەگەڵ جیاوازیەکان دژوارە. پێویستە ڕووناکبیری کورد، بەبێ خۆلادان ئاور لەم باسانەش بداتەوە. ئەگەر تووشی پەتای گشتاندن نەبم، دەکرێ بێژم مەزنەژێدەری گرفت و گرە کوێرەکانی ئێمە وەکو کورد، لێرەوە سەرچاوە دەگرن و لێرەشەوە سەرچاوەیان وەرگرتووە. بۆیە بەرلە هەر گرفتێک پێویستە باس لە "گرفتی فەرهەنگی" بکەینەوە، چون ئەوەی ناوەندە، هزرە؛ دیارە یەکیەتیش، وێڕای پاراستنی زۆرینە، لە بەرامبەر ئەویتر لە دەرەوەی هزر کارێکی نەکردەیە. دەبێ تێفکرین، کە ئێمە چۆنچۆنی لە خۆمان دەڕوانین؟ چۆن خۆمان پێناسە دەکەین؟ ئاسۆمان چییە؟ تا چ ڕادە خۆمان دەناسین؟ بۆچی هەر پێکهاتەیەک تەنیا و تەنیا خۆی دەبینێ؟ دەمانەوێ چۆن شناس و ڕۆحی نەتەوەیی بکەینە ئایدیای هەر ڕەنگێک لە ڕەنگەکانی کۆمەڵگەکەمان؟ ئەمانەوێ چۆن ژیانی ئێنسانی و ئاشتی و تەبایی و پێکەوەژیان لەناو ئەم گەلەدا پەرە بستێنێ؟ گوتارێک بتوانێ سەرپاکی ئەم ویستانە مسۆگەر بکات چییە؟ تا ئێستا دیتریمان چۆن ناسیوە و چۆن لەیەکمان داوەتەوە و ئەویش چۆن لە ئێمە ڕوانیوە و چۆنێش لەگەڵ ئێمە جوڵاوەتەوە؟ لە فرەڕەنگی تا چ ڕادە سوودمان وەرگرتوە و ئەویتریش چۆن سوودی لێ بینیوە؟ ئایا چەمکی "کورد" لە هەموو شوێنێکی ئەم کوردستانە و لەناو هەموو پێکهاتەکاندا یەک واتا و یەک فەلسەفە ڕەنگڕێژ دەکات؟ ئەگەر وایە بۆچی جاران یەک ڕیتۆریک وێنا ناکەین؟ دیارە ئەو باسانە گەلێک چڕوپڕن، من لەم کورتە نووسینە بەبێ درێژەدادڕی زیادە، دەڵێم فرەچەشنی و پلۆرالبوونی کۆمەڵگای کوردی، نەتەنیا گرفت و هەڕەشە نییە، بەڕەچاوکردنی هەندێ پێش مەرج، بگرە دەتوانێ بوار و دەرفەتێکی زێڕێن لە بەردەم نەتەوەی کورددا بکاتەوە و ئێمە بەرەو قۆناغێکی تر بگوازێتەوە.


  ♦️ پێویستە بزانین فرەڕەنگی و تێکەڵاوی و هەمەچەشنبوونی کۆمەڵگای کوردی، بابەتێکی ئەمڕۆیی نییە؛ بەڵکوو، جۆرێکە لە ژیانکردن، ئەمە ژیانێکە لە ڕەوتێکی مێژوویی فرە دێرینی ئەم گەلەدا ڕەنگی داوەتەوە و کورد لە دیرۆکی خۆیدا بەم لەونە ژیاوە. نەتەنیا ژیاوە، بەڵکوو شناس و پێناسی ئەم گەلە هەر لە ئەوەڵەوە لە ڕێی پلۆرالیسم و فرەڕەنگی و فرەچەشنی بیچمی وەرگرتووە و پێی ناوەتە گۆڕەپانی مێژووەوە و هەر بەم پێودانگەش گژیاوە. بەبێ دڵەڕاوکێ دەڵێم فرەڕەنگی میراتە. میراتیش دەبێ پارێزگاری لێبکرێ و پاشان بخوێندرێتەوە. بۆیە مادەم دیاردەیەک تەمەنی هەزاران ساڵە بێت و لە دەم دەمەکانی دیرۆکی گەلێکەوە هەڵقوڵا بێت، شایانی مەترسی نییە و ئەگەریش خۆمان بیناسین و بیناسێنین و خۆمان تەعبیری لێ‌بکەین و هەر خۆیشمان ئاوری لێ‌بدەینەوە، ئیتر نەتەنیا هەڕەشە نییە بگرە دەبێتە ناوەندی قورسایی و خاڵی بە‌هێز، کە دواجار زەنگینیی سامانی نەتەوەیی دەردەخات. کورد، بە درێژایی تەمەنی هەزاران ساڵەی خاوەنی دەسەڵاتێکی ناوەندی نەبووە. کورد، هەروەها لە بەڕێوەبردن و ئیدارەی خۆی خاوەنی پیرۆزییەکی مێتافیزیکیش نەبووە. هەمیشە لە پەراوێزی مێژوودا ژیاوە، بەڵام هەرگیز ملی کەج نەکردووە و چۆکی نەداوە. بەردەوام لە بەرخۆدانێکی تراژیکدا بووە و لە کردەوەش نەوەستاوە. ئەگەر زۆر بۆ دواوە بگەڕینەوە و چاو لە ئایینی میترا و بەڕێوەبردنی حکوومەتی مادەکان بکەین بە ئاشکرا هەر لەوێوە، فرەڕەنگی و جۆراوجۆریی دەبینین. دەڵێن مادەکان چەندین عەشیرەت بوون کە لەسەر پەیمان و بڕیار لەگەڵ یەک، لە ئاست دەرەوە ڕێکەوتن و حکوومەتی مادیان بنیات نا و توانیان ئێمپراتۆری ئاشوور، کە یەکێ لە بەهێزترین و دڕندەترین دەسەڵاتەکانی کەونارا بوو، شکست بدەن. بە گوێرەی مێژوو دیائۆکۆ هەڵگری ڕەوایی مێتافیزیکی نەبووە؛ بەڵکوو وەک دادوەرێکی عادڵ بەربژێری خەڵک بووە و ڕەواییەکەشی لێرەوە سەرچاوەی وەرگرتبوو. "بۆیە مادەکان لەسەر بناغەی نیازی داوەری و لەسەر قبوڵکردن و پەسەندی جەماوەر و، دواجار بۆ دوورخستەوەی نەیاری دەرەکی (نە ناوەکی) پێکهاتن." ئایینی میتراش، ئایینێکی دنیایی و زەمینییە، لەسەر پەیمان و بەڵێن و ڕێککەوتن و پێکەوەژیان و ڕەزامەندی جەخت دەکاتەوە


ئەم فەلسەفە، ژیانی زنجیرەپلەیی و هێرارکیانە، کە لەسەرەوە بۆ خوار قەوارەی وەرگرتبێت، ڕەد دەکاتەوە. چون ئەم ڕوانینە، ژیانی شوان/ مێگەلی لێ‌دەکەوێتەوە. کەچی ڕوانینێک کاردانەوە و هەڵقوڵاوی بەڵێن و بڕیاری کۆمەڵایەتی بێت، هەڵگری ڕەزامەندیە، ئەم دەزگایە تەکووزمەندی ئاسۆیی پەرە پێ‌دەدات. پێویستە، پەیوەندی نێوانی ڕەنگە ئامادە بووەکانی فەرهەنگی کوردی، لەسەر لۆژیکی ئاسۆیی دابمەزرێت نە لۆژیکی ئەستونی؛ چون ئوستوورە و مێژوو و هونەری کوردی، دەربڕ و هەڵگری نەزم و سیستمی ئاسۆیییە. هەمووی ئەمانە ئاکامی ڕێککەوتن و بڕیارن، لە پێناوی جێبەجێکردنی دادپەروەری و ڕەواندنەوەی قەڵاچۆ و تاڵان و توانەوە و ئەنفال و ژینۆساید و کۆیلەکردن. یانی ئامانج، خۆپاراستن بووە نە داگیرکردنی ئەویتر. بۆیە کورد لە مێژووی خۆیدا پەلاماری هیچ نەتەوەیەکی نەداوە و بەردەوام بە هۆی پەیمان و بەڵێنەوە، پێکەوەبوون و ئاشتی پەرەپێداوە. "چون لە میترادا بەڵێن و ڕێکەوتن خۆی قانونە، بەرلە ڕێکەوتن، هیچ قانونێک بوونی نییە." ئاکار، ڕێکەوتنە. ئەم دنیابینییە لە سەرلەبەری ژیانی کورد تەشەنەی کردووە و بە ڕوونی کاردانەوەی دەبینین و ئەم تەرزە ژیانە هەتا ئەمڕۆش بەخۆشییەوە هاتووە. لە ڕاستیدا ئەم جۆرە ژیانە لە هەموو کایەکانی ژیاندا، لە هەموو کولتوور و کەلەپووری کورددا ڕەنگی داوەتەوە. ئەم گەلە هەردەم فرەلایەنی خۆی پاراستووە. کورد، لە لایان ئەویترەوە لە هەر شوێنێ هەبێ بە دەیان ناتۆرە تۆمەتبارە، کەچی لە بەرامبەردا، ئاشتی گەلان و دمۆکراسی تەوافوقی/ شەراکەت، هەنووکە دوو گوتاری زاڵی کۆمەڵگای کوردین، هەرچەند لاواز و ناتەواون، بەڵام چالاک و تەیارن. هەروەها چاو لە هەڵپەڕکیی کوردی بکەن کە چۆنچۆنی خۆی بە تاقوتەنیا گوزارشت لە پلۆرالیسمی کۆمەڵگای کوردی دەکات و فەلسەفەی ژیانی دیونیزوسی دەخاتە ڕوو. بۆیە ڕووناکبیری کورد پێویستە لەسەر درووشمی(وحدت در عین کثرت، کثرت در عین وحدت) جەخت بکاتەوە. چون ئەم درووشمە هەم لەگەڵ مێژووی کورد یەکدەگرێتەوە، هەمیش لەگەڵ واقعی کۆمەڵگای کوردی سازگارە. بۆیە دەبێ لە هەناوی ڕێتۆریکێکی نەتەوەیی توکمە لە دەرەوەی باڵباڵێنەکاندا کاری جدی بۆ بکرێت.(لەم بەشەدا لە ئایدیای کتێبی: "عقل سیاسی ایرانی و هویت‌خواهی کردها" لە نووسینی د. قادری سوود وەرگیراوە.)


  ♦️ بەبێ وتن دیارە و هەموو لایەکیش ئاگادارە، فرەڕەنگی ناوازەیەکی هەرە گرنگی کۆمەڵگای کوردستانە. لە ئوستوورەوە بۆ ئایین، لە ئایینەوە بۆ مێژوو، لە مێژووشەوە بۆ ئەمڕۆ، دەکرێ لە هەموو هەوراز و نشیوەکانی ژیانی نەتەوەییدا شوێنی ئەم ڕەنگاورەنگییە بگرین و بیبینینەوە. دەکرێ لە ڕەهەندی هەمەجۆرەوە لەسەری بکۆڵینەوە و دەیان باس و بابەتی بەسوودی لێ هەڵێنجێنین. لەم سووچەوە دەتوانین مێژوو بە چڕوپڕی هەڵسەنگێنین و ئەمڕۆمان خەسارناسی بکەین و بە پلانەوە بەرەو پیری داهاتووش بڕۆین. هەمەڕەنگی لە دنیای ئەمڕۆدا نەتەنیا سەرکۆنە ناکرێت، بەڵکوو وەک خاڵێکی پۆزەتێڤ لێی دەڕوانن و دنیای ئەمڕۆ و بێژمانی سەردەم، لە هەوڵی پارێزگاریکردنی جیاوازیەکانە. بۆیە ئێمە بە هۆی جیاوازیەکانمانەوە، لەبەر فرە ڕەنگییەکانمان لە دنیای ئەمڕۆدا نەتەوەیەکی سەربەرزین. بەمبۆنەوە کۆمەلگای کوردی دەتوانێ مێرگێکی لەبار بێت بۆ ئازادی و بۆ دمۆکراسی. ڕەنگە هەر ئەمە بێت، کۆمەڵگای کوردستان وێڕای دۆخی پێچیاگ و ئاڵۆزی، بە گوڕ و تینەوە لە دمۆکراسی و لە ئازادی پێشوازی دەکات. لەبەر ئەوەی کۆمەڵگایەک و گەلێک دەتوانێ باس لە ئازادی و دمۆکراسی و ئاشتی و تەبایی بکات، خۆی هەڵگر و خاوەنی هەمەڕەنگی بێت و ئازادی ئایینیی، مسۆگەر کردبێت. فرەڕەنگی، ئازادی و دمۆکراسی، بزۆزی و بوونابوون، لەناو ژیانی کۆمەڵدا دەستەبەر دەکات. ئەمەش دەستکەوتێکی کەم نییە، ئەگەر نەڵێم هەموو، بە دڵنیاییەوە بەشیکی هەرە زۆری مێژووی فەلسەفەی سیاسی لەپێناو ئەم داخوازییە و لەپێناو ئەم ئامانجەدا نووسراوە. ئەوەی دنیای ئەمڕۆ بەڕێوە دەبات "وتووێژ"ە، لە کۆمەڵگای کوردیشدا کولتوور و بەستێنی وتووێژ، بە هۆی چەن لایەنەبوونیەوە ئامادەیە. فرەیی، لەوانەیە پرۆسەی بڕیاردان دژوار بکات، بەڵام لە لایەکی‌ترەوە هەم ئەگەری هەڵە کەمتر دەکاتەوە، هەمیش سەرچاوەکانی زانیاری و زانین، زەنگینتر و فرەلایەنەتر دەکات. بەخۆشییەوە کورد خاوەنی فرەڕەنگییە؛ بۆیە دەتوانێ بە داهاتووی دمۆکراسیش گەشبین بێت. هەر بەو چەشنەی کە مرۆڤ لە ڕێگەی دڵەوە دەژیت، ئاواش دمۆکراسی لە ڕیگەی ئازادییەوە هەناسە دەدات. کۆمەڵگای کوردی

بە هۆی فرەڕەنگی و فرەدەنگی ئایینییەوە، بەڕێژە بوارێکی کراوەتری هەبووە بۆ ئازادی دەربڕین. کۆمەڵگایەک نەتوانێ پارێزگاری لە فرەڕەنگییەکانی هەناوی خۆی بکات، ناتوانێ بەرگری لە ئازادی و دمۆکراسی بکات. پێویستە کورد لە دمۆکراسی عەشیرەیی و نەریتییەوە بەرەو دمۆکراسی مۆدێرن بپەڕێتەوە. کۆمەڵگایەک ئازادی بتارێنێ، دەبێ لەوەبەدوا دەمامک بلاوێنێ و لە هەر جۆر هەڵبژاردنێک ماڵاوایی بکات. ئەو کۆمەڵگایە ئیدی بەرەو تۆتالیتاریزم و بەرەو هەڵدێر و ئارێشە هەنگاو دەنێت، دواجاریش تووشی سەرەڕۆیی و دیکتاتۆری دەبێت و لە ئەنجامدا لە زاوزێ و بزۆزی دەکەوێت و دەپووکێتەوە.

💥تێبینی: ئەم بابەتە یەکەمجار لە ژمارە 81ی حەوتوونامەی "دەنگی کوردستـان" تایبەت بە ڕۆژی زمانی دایکی بڵاو بۆتـەوە.



👇👇👇👇👇👇



T.me/Mizankurdi



🌍 Telegram Mizan (http://t.me/Amizan) 🌍 YouTube Mizan (https://youtube.com/channel/UCZBy7ppirb1ZlPO32jhC_OA) 🌍 Facebook Mizan (https://www.facebook.com/mizan1342) 🌍 Instagram Mizan (https://www.instagram.com/mizan.1342/) 🌍 Web Miza (http://www.mizan1342.wordpress.com/)🌍 Mizan Kurdi (http://t.me/MizanKurdi)🌍 Mizan Arabic (https://t.me/MizanArabic) 🌍 (http://t.me/MizanQuran) Mizan Quran (https://t.me/MizanQuran)

Report Page