شیرینسوار و ڕازاوەری کامێران ژینگە و کتێب و منداڵیان بە کوردی لە ئامێز گرت
🔰لە کامێران «پەردە لەسەر 10 کتێبی سروشتخوازانەی منداڵان» لادرا و «سمیناری مرۆڤ و سروشت لە سەردەمی مۆدێڕن»دا بەڕێوە چوو.
🔹کۆڕەکە، بە پاڵپشتیی فەرمانداری، شارەوانی، فەرهەنگوئیرشاد، ڕێکخراوەی گشتیی گەشەپێدانی بیر و هزری منداڵان و مێرمنداڵان، ئیدارەی گشتیی ژینگە پارێزی، کتێبخانە گشتییەکانی کامێران و بەڕێوەبەرایەتیی سامانە سروشتییەکانی پارێزگا، ڕۆژی 2ی گوڵانی 1403 لە پێشوازییەکی کەموێنەدا لە هۆڵی فەرهەنگ و ئیرشادی کامێران بە پێشوازیی بەرچاوی خەڵک و لایەنگرانی منداڵ و کتێب و ژینگەی کوردستان بەڕێوە چوو؛
🔹 لە سەرەتای کۆڕەکەدا، دوکتۆر موحەڕەم ئاقازادە، ڕاوێژکاری باڵای یوونسکۆ و یوونیسێف، مامۆستای زانکۆی ئەلبێرتای کەنەدا، وەک بەڕێوەبەری وەرگێڕانی کتێبی فرەزمانی بۆ منداڵان، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا باسی ئامانجەکانی ئەم پڕۆژەیەی کرد و وەرگێڕانی ئەم کتێبانەی بۆ کوردی و هەوڵەکانی جەبار شافعیزادەی بەرز نرخاند و جەختی لەسەر ئەوە کرد کە منداڵان و کتێب شاکلیلی گەشەسەندنی کۆمەڵگاکانن و وتیشی: سروشت دایکی مرۆڤە و ئاواتی خواست نووسەرانی جیهان ئاوڕێکی جیددی و شێلگیرانە لە کتێبی سروشتخوازانە تایبەتتر بۆ منداڵان بدەنەوە.
🔹د.سەیفوڵا ڕەحمانی مامۆستای زانکۆی، مێژووی پەروەردەی سروشتیی ئاراستەکراوی بۆ بەشداربووان ڕوون کردەوە و لە وتەکانیدا بە کەڵکوەرگرتن لە ئەندێشەی دەروونناسانی وەک پستالۆزی، ئشتاینر، پیاژە و ڤیگۆتسکی، ڕۆڵی دەروونناسیی لە خولقاندنی منداڵ و کۆمەڵگەی سروشتخوازدا خستە بەرباس و جەختی کرد کە پێویستە بە ئاوڕدانەوە لە تیۆری سەردەم واتا فەلسەفە بۆ منداڵان و هەروەها ئەدەب و هونەری پێشکەوتووی منداڵان، بەرەیەکی نوێی منداڵانی سروشتخواز و ژینگەپارێز پەروەردە بکرێن.
🔹وەرگێڕی کتێبەکان میترا ئەسەدی و جەبار شافعیزادە، گرنگیی وەرگێڕانی کتێبی ژینگەپارێزانە و سروشتخوازانەیان خستە بەرباس. ئەسەدی بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت لەسەر کۆمەڵە چیرۆکەکانی پێپا بەراز ڕۆڵی سروشتی لە پەروەردەکردنی هەست و سۆز و لۆژیکی منداڵاندا خستە بەرچاو و بەپێی بەڵگە و تیۆری دەروونناسیی سەلماندی کە پەروەردەی بێبەریی لە سروشت، منداڵێکی دژەسروشت دەخولقێنێ کە خەسار بە ژینگەی خۆی و ئەوانی تر دەگەینێت.
شافعیزادە وێڕای پێشکەشکردنی کارەکەیان بە ڕۆحی بەرزی گیانیانبەختکراوانی ژینگەی نیشتمان، ئاوڕێکی خێرای لە پێوەندی نێوان مرۆڤ و سروشت لە سەردەمی ئوستوورەوە تا سەردەمی مۆدێڕن دایەوە و ڕۆڵی گەورەفەیلەسووفانێ وەک تالس، ڕۆسۆ، لاک، بیکن و... لە پێکهێنانی جیهانبینیی مرۆڤ لەمەڕ سروشت لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە باس کرد. لە کۆتاییدا بە ئاماژە بە توێژێنەوەی زانستی جنکیز قەیرانە سروشتییەکانی جیهانی بە بەشداربوان ڕاگەیاند.
🔹گرووپی مۆسیقای شوناس؛ حکمەت باتمانی و ئیسماعیل شافعیزادە چەند پارچە مۆسیقایان بە بەرامەی نیشتمان و ژینگەی کوردستانەوە پێشکەش کرد و پێشوازیی باشی لێکرا.
🔹ماجۆ مێهری شاعیر و ڕەخنەگر، وێڕای بەرزنرخاندنی وەرگێڕانی کتێبەکانی لە ئاستێکی بەرزدا، بەرەڕووی ڕەخنەشی کردووە.
مێهری، سەرکەوتنی وەرگێڕانەکانی لەوەدا زانی کە سەرەڕای پاراستنی تۆم و ماکەکانی دەقە ئینگلیزییەکان،ڕۆڵی بەرچاویان داوەتە بەردەنگی کورد و تایبەتمەندییە کەلتووریی و زمانییەکانی کوردی و منداڵانی کورد و داواشی کرد پرۆژەکە دیالێکتە کوردییەکانی تر و لەوانە کەڵهوڕیش بگرێتەوە.
🔹ئومید ئیبراهیمی نوێنەری شارەوانیی کامێران، وێڕای باسی دۆخی ژینگە و سروشتی شار و نالەباریی دۆخەکە، داوای لە خەڵک کرد وەک شارۆمەندی بەرپرس بۆ پاراستنی ژینگە، هەموو هەوڵ و توانای زیار بخەنە گەڕ و یاریدەری شارەوانیی شار بن.
🔹یادی مامۆستای ژینگەپارێز و نیشتمانپەروەر کاوە ڕۆستەمی بەرز ڕاگیرا، بنەماڵەی و ژمارەیەک کەسایەتی ئەدەبی و بەرپرسانی شار پەردەیان لەسەر کتێبەکان لادا.
🔹عەتا وەلەدی بە نوێنەرایەتی لە دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی_ئەدەبیی مەریوان و جەلال جیهانی وەک نوێنەری چیای سەوز لە کۆڕەکەدا ئامادە بوون.
ئەندامانی چیای سەوزی مەریوان؛ کاوە کوردستانی و ئازاد ڕووزبە، پێشکەشکاری و وێنەگرتنی کۆڕەکەیان لەئەستۆ گرتبوو. سپاسنامەی بەڕێوەبەرانی کۆڕەکە پێشکەشی کاوە کوردستانی کرا.
🔹200 بەرگ لە کتێبەکان، لەلایەن شارەوانی کامێران و بەشی گشتیی ژینگەی کوردستانەوە پێشکەشی بزەی منداڵانی بەشداربوو کرا و پەکێکیشی پێشکەشی کتێبخانەی ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان کرا.
لە بناری خەونەکانی مناڵەکوردێکەوە
تا بەرزیی شیرینسوار و ڕازەکانی ڕازاوەر
باوەشی کامێران سەوز سەوزێ ئاوەڵایە بۆ کتێب و داهاتوویەک سەوزتر....