🌕 دەوری ژنان لە مێژووی سنەدا

🌕 دەوری ژنان لە مێژووی سنەدا



 

✍️: باباشێخ ناسری


وەکوو ئەزانین شاری سنە، سالی ١٠٤٦ی کۆچی و لە سەردەمی میر سلیمان خانی ئەردەڵان ئاوەدان یان نۆژەن کرایەوە، کوردستانی ژیر دەسەڵاتی میرەکانی ئەردەڵان کە زۆرینەی پانتاییی خاکی کۆردستانی ئەگرتەوە، چوار قەڵای لە گیران‌نەهاتووی هەبوو کە ڕەمزی سەربەخۆیی و دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی نۆ دەیە دەسەڵاتی  میرەکانی ئەردەڵان بۆ قەڵای زەڵم، قەڵای پاڵەنگان، قەڵای حەسەناوا یان بە شێوەزاری ئەردەڵانی "هەسەناوا و قەڵای مەریوان، ئەمانە و کۆمەڵێک قەڵای بچووکتر وەکوو قەڵای زەردەکەمەر، قەڵای قەلادزە و ...هتد، کە وەکوو ئاماژەم پێ کرد بە دریژاییی نۆ سەدە، واتە لە ١٣٢ی کۆچییەوە هێرشی عەربە موسڵمانەکان و دەستپێکی دەسەڵاتی سیاسیی لە ٢٣٦ی کۆچی، میرانی ئەردەڵان کە بارام  بەگی کوڕی خۆسروی ئاسیاوان بناغەدانەری بوو تاکوو ١٠٤٦ی کۆچی، بە دریژاییی ئەو ماوەیە دەسەڵاتی دوو ئیمپراتۆر عوسمانیی سۆنی و سەفەویی شیعە و دوژمنی کورد بە هەموو هێز و تواناییانەوە بەو قەڵاگەلە نەوێران و بۆیان لە گیران‌نەهاتوو مایەوە تاکوو لە ساڵی ١٠٤٦ی کۆچی، بە پیلانی شا سەفیی سەفەوی و لە دژایەتیی دەسەڵاتی سەربەخۆی خان ئەحمەوخاندا سلێمان خانی کوڕی تەیمور خان کە دەسەڵاتی بە مافی خۆی دەزانی کە بە حاکمی ناسی و هانی دا لە قەڵای هەسەناوا دابەزی و گوندی سنە لە داوێنی ئاویەر و لە پەنای قەڵای کۆن و وێرانی "سنەدژ"دا هەڵکەوتوو بوو، ئاوەدان کردەوە و شاری سنەی ئیمڕۆی بیناد نا و قەڵا لە گیران‌نەهاتووەکانی وێران کرد.

شاری سنە کرا بە پێتەختی کوردستان و میرانی ئەردەڵان، دانیشتوانی پێشووی سنە ،بنەماڵەی زەڕینکەوش بوون کە لە کۆنەوە لەوێ ژیاون، شاری سنە بەم شێوە بوو کە بە ناوەندی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و زانست و شارستانییەت و دەسەڵاتی کوردیش لە قەڵانشینییەوە بوو بە شارنشین، کە خۆی بوو بە سەرەتای گۆڕانکاری لە دوو بابەتەوە.

یەکەم: بازەرگانی و هاوەردەکردن و هەناردەکردن چووەتە قۆناغیکی تازەوە و بازەرگانەکانی تر لە دەرەوەی کۆردستان وەکوو ئاشووری و موسایی و تەنانەت ئیسفەهانی ڕوویان تێ کرد و بوو بە ناوەندێکی بازەرگانی بەهێز، چونکە فونداسیۆن و شێوەی بیناسازی و تەلارسازیی شارەکە بە شێوەیەکی داڕێژدرابوو کە بازاڕێکی گەورە لە لایەکەوە لە ڕێگەی دەروازەیەکەوە لە باری ئەمنییەتییەوە بەسترابووەتەوە بە قەڵای حکومەتییەوە بەسەر شاردا زاڵە و لە دەرگایەکی ترەوە شۆڕ بووەتەوە بۆ ناوشار و دەوروبەری بازاڕەکەوە، تاکوو ئەم دوایییانە هەر بەردەوام بوو و ئاسەواری ماگەسەو، زۆرینەی بازرگانەکانی ئەرمەنی و ئاشووری و موسایییەکان تێدا نیشتەجێ بوون و ماڵیان کردەوە و گەڕەکی ئاغەزەمان یادگاریی ئەو سەردەمەیە و خودی وشەی "زەمان" ناو یەکێک لەو بازرگانگەلە بوو کە لە باری ئایینییەوە موسایی بوو.

دووهەم: مزگەوت و حۆجرەی فەقییەکان بنیات نرا  و زانایانی سەردەم ڕوویان تێ کرد و بوو بە ناوەندێکی زانستیی سەردەم، ڕەوتی گەشە و ئاەدانیی سنە لە سەردەمی ئامانۆڵڵا خانی گەورە کامڵ و تەواو بوو، چونکە مزگەوتی دارولئیحسان کە حۆجرەیەکی بشی هەبوو و جێگای فەقییەکان بوو، ئاوەدان کرایەوە و ناوەندێکی گەورە بوو بۆ خوێندنی سەردەم و ئەو جۆرە لە سەرچاوە مێژوویییەکاندا هاتووە؛ لەو سەردەمدا میزانەی تەرخانکراو بۆ پەروەردە و فێرکردن لەلایەن ئامانۆڵڵا خانەوە، چل هەزار تمەن بوو کە بە بەراورد لەگەڵ ئیستا، بووجەیەکی خەیاڵییە، هەر بۆیە سنە نازناوی "دارولعلمـ"ـی لە مەمالکی مەحرووسەوە لە ناوچەکەدا بۆ خۆی دەستەبەر کرد و ناوبانگی گەیشتە هیند و قاهێرە، هۆکارێک بوو کە زانایانی سەردەم بەگشتی ڕوویان لە سنە دەکرد، کەسانی وەکوو مەولانا خالی و مەولەویی تاوگۆزی بۆ فێربوون هاتنە سنە.

(بەڵام لە باری سیاسییەوە بەداخەوە دەستێوەردانی ئیمپراتۆرییەکانی سەفەوی ڕاستەخۆ و عوسمانییەکان لە ڕێگەی بابانەکانەوە بەرە بەرە لە زیادبووندا بوو بە شێوەیەک کە ئیتر ئەمیرەکانی ئەردەڵان کە ئیتر تاکوو پلەی والی دابەزیبوون و لە تارانەوە و لەلایەن قاجارەکانەوە دیاری دەکران، کە لە مێژووی ئەردەڵاندا باسی دەکەم).

سنە لە ماوەی کورتی پێتەختیدا تاکوو ئەو سەردەمە کە کارەساتی زۆری بینیبوو، جارێک لەلایەن کەریم خانی زەندەوە کە خۆی کورد بوو و بۆ وڵاتانی مەمالکی مەحرووسە و کیلاڕعایا بوو بەڵام بۆ کورد بە هۆکاری ئایینییە و خوێنڕێژی، شاری سنەی سوتاند و بۆ شکاندنی هەست و غرووری خەڵکی سۆنیی شارەکە بە ئەسپەوە چووە ناو مزگەوتەکان و مزگەوتەکانی لە ماوەی مانەوەیدا کرد بە ئەستەپل و مەغاری ئەسپەکانی سپاکەی.

لە سەردەمی نادر شای ئەفشاریشدا لە سالی ١١٥٥ی کۆچی، سنە تووشی قاتوقڕی بوو بە شێوەیەک کە گیان و نان بەرانبەر دەبن، میری حاکم کە خان ئەحمەو خانی دووهەم بوو و لە سنە نادر شا هۆمارێکی (ئەنبار) گەورەی دانەوێڵە و گەنم و جۆی دانابوو بۆ خان ئەحمەو خان، دەرگای هۆمارەکانی بە ڕووی خەڵکدا کردەوە و گەنم و دانەوێڵەکەی لەنێوان خەڵکدا دابەش کرد و لەم ڕێگەوە خەڵکەکەی لە قڕنجاتدا، هاوکات نادریش کاروانی دەرهەنێری ئازووقە کە بگوێزنەوە بۆ ئازەربایجان، بەڵام هیچی دەست ناکەوێت، بۆیە فەرمانی کوشتنی خان ئەحمەو خان دەرئەکات، خان ئەحمەو خان بۆ پێشگیری لە شەڕ و وێرانی بە دوو هەزار سوارەوە ڕێگەی عوسمانیی گرتە بەر، لە شارەزووردا زاهێر بەگ ئیلبەگی جاف بۆ خۆشخزمەتی بە نادر شا ڕێگەی پێ گرتبوو، خانیش لە شەڕێکدا بەسەریدا زاڵ بوو و ڕەحمی پێ ناکات، لە سلێمانی خالد پاشای بابان کە ئەوەی بینی، پێشوازی گەرمی لێ کرد بۆیە لەلایەن خانەوە لەسەر حکومدا ئەمنییتەوە، پاشان خان ئەحمەو خان باسی ڕۆڵ و دەوری ژنان لە مێژووی سنەدا لە مووسڵ کرد کە لە شەڕێکی کورتدا مووسڵیشی گرت و دوایی چووەتە شام و حەلەب.

نادر کە لە چوونی خان ئاگادار بوو، کابرایەکی بە ناوی حاجی مەولاویردی خان لە  قاجارەکانی کردە والیی کوردستان، بەڵام ئەو کابرایە لە لایەکەوە کەسێکی ئەلکۆلی و هەمیشە خومار بوو و لەبارێکیشەوە شیعە بوو کە خەڵک ژێر باری دەسەڵاتی ناچن و قەبووڵی ناکەن، بەڵام بە ناچاری نادر حەسەنعەلی خانی ئەردەڵانی کردە والی.

لە ساڵی ١١٦٣ی کۆچی، سلێمان پاشای بابان پەنای برد بۆ حەسەن عەلی خان و لەولایشەوە سەلیم پاشای بابان داوای ڕادەستکردنەوەی سلێمان پاشا کردبوو، بەڵام خان ئەردەڵان ئەو کردارەی بە دوور لە ڕەوشتی خۆی زانی، بۆیە سەلیم پاشا بە یارمەتیی لەشکەرێکی بیست هەزار کەسی یەنگی چڕی عوسمانی بە مەبەستی شەڕ بەڕێ ئەکەون  و حەسەن عەلی خانیش بە لەشکەرێکی دە هەزار کەسییەوە لە مەریوان بەرەوڕووی بوونەوە، سەرتا بە ڕیش‌سپیگەریی شێخ وەسیم مەردوخی و مەلا موستەفا شێخولئیسلام و ئیبرایم بەگ وکێڵ و جافر سوڵتان و...هتد، نێوابژیوانی و ئاشتییان کرد، بەڵام دوایی بە ئەنتریک چەند کەسی ئاشتییان بە عار زانی و تووشی شەڕ بوون کە لەشکەری ئەردەڵان ئەشکی سپای عوسمانی و بابان سنەیان داگیر کرد و کارساتیان خولقاند و هەرچی دەوڵەمەند بوو، بە زۆرەملێ کۆچێندران بۆ شارەزوور و سلێمانی و دواتر هێزە داگیرکەرەکان کەوتنە  تاڵان و بڕ و دەستدرێژیی نامووسی  بۆ سەر بنەماڵەی مووسایییەکان و مەسیحییەکان و دەستیان نەپاراست، شاریشیان تاڵان کرد.

سەچاوە: مێژووی مەردوخ، بەرگی دووهەم، لاپەڕەی ١٢٥.

 

باسی سەردەمی گەشەی شاری سنەمان کرد کە لە سەردەمی ئامانۆڵڵاخانی گەورە و هەروها باسی ئەوەمان کرد کە بە هۆی پێشکەوتنیەوە لەباری زانستیی سەردەم و نازناوی دارەلعەلمی پێ بەخشرا و بەناوبانگ بوو، ئەو بوارە وەکوو تا ئەو سەردەمە باو بوو، تایبەت بە پیاوان بوو و لە سنە بەپێچەوانەوە کچان و ژنانیش ڕوویان لە فێربوون کرد کە دەکرێت مەستوورە ئەردەڵان بە ڕچەشکێن و سەرقافڵەی ئەو ڕەوتە دابنردرێت.

ڕۆبێرت کێڕپۆرتێر دیپلۆماتیکی بریتانیایی بووە کە ساڵەکانی ١٨١٧ تا ١٨٢٠ی زایینی، گەشتێکی لە کوردستاندا کردووە و بەرێز نەزار سابیر بە کوردی وەری گێڕاوەتەوە و لەژمارەی ٦٠ــ٥٩ی گۆڤاری تیشکدا بڵاو بووگەسەوە، هەروەها لە زاری دوکتۆر کرۆمیک کە وەکوو دوکتۆر سەردانی ئامانۆڵڵا خانی گەورەی کردووە، باسی ئاوەدانی و پێشکەوتنی سنە لە بواری زانستی و شارستانییەتەوە کردووە و بەراوردی کردووە لەگەڵ وڵاتانی تر و بەتایبەت ئێرانی ئەو سەردەم و فارسەکاندا، وتوویەتی؛ ژنانی کوردستان بەپێچەوانەی ژنانی فارس سەرپۆشیان نەبوو و دەموچاو و ڕواڵەتیان ئاشکرایە بەڵام لەشیان داپۆشراوە، ژنانی فارسی ڕوومەتیان داپۆشراوە بەڵام جلوبەرگی تەنگیان لەبەردایە، گشت بەرزاییی لەشیان بە شێوەیەک لە گەردنیانەوە بەرەوخوار دەردەکەفێت.

هەروەها باسی خۆیندن لەناو ژناندا دەکات و ئازادی و جەسارەتیی ژنانی کورد لەگەڵ ژنانی ئورووپا بەراورد دەکات، دەڵێ بە شێوەیەک ئەو ئازادییە بەرچاو بوو کە دیلمانجەکەم (مترجم) بە سەرسووڕمانەوە ئەیوت وا دیارە ژنانی ئەم وڵاتە نە لە خوا ئەترسن و نە لە مێردەکانیان، وا دیارە ئەو دیلمانجە ئازادی و بەرانبەریی سەرەتایی لەگەڵ ترس یان نەترسان تێک چووە.

دیارە با ئەوەی پێ زیاد بکەم لە ئورووپای سەدەی نوزدە هیچ ژنێک بۆی نەبوو و نەیدەوێرا ڕۆمان یان بابەتێکی ئەدەبیش بە ناو خۆیەوە بنووسی و ڕێگەپێدراو نەبووە و ئەگەریش بینووسیبایە، هیچ ڕۆژنامەیەک لە چاپی نەدەدا، لە کاتێکدا مەستوورە ئەردەڵان مێژووی نووسیوەتەوە و کتێبی لەسەر شەریعەت نووسیوە و لەگەڵ شاعێرانی کورد و فارس کە پیاگ بوون شێعری نووسیوە.

 

مەستورەی ئەردەلان کێ بوو؟

لە سنە بنەماڵەیەک دەژیان کە بە ناو بنەماڵەی قادری بەناوبانگ بوون و بنەماڵەیەکی خوێندەوار و جێگای ڕێزی میرەکانی ئەردەڵان بوون، ناسر ئازادپوور بەو شێوەیە باسی مەستوورە خانمی کردووە، ناوی ماشەرەف خانم و نازناوی مەستوورە بوو، ساڵی ١٢٢٠ی کۆچی بەرانبەر بە ١٨٠٤ی زایینی، لە بنەماڵەی قادرییەکان کە جیگای ڕێز و قەدری ئەردەڵانییەکان بوون و لە شاری سنە لەدایک بووە، ئەولەسەن بەگی باوکی لە پیاگە ناودارەکانی سنە بوو و ڕێگەی بۆ خویندنی مەستوورە خانم خۆش کرد و پالپشتیی کرد  تاکوو ڕادەیەک کە ناوبانگی دەرکرد.

حاکم و دەسەڵاتداری ئەردەڵان لەو کاتەدا خۆسرەوخان کوڕی ئامانوڵڵا خان بوو کە بە خانی ناکام بەناوبانگە، دەگێڕنەوە کە خان و قادرییەکان لێک ڕەنجابوون کە ئاشت بوونەوە و مەستوورە خانم بووەتە هاوژینی خۆسرەو خان و لەو ڕێگەیەوە دەبنە خزم، هەروەها خۆسرەو خان تەبعی شێعری بوو و یەکێک لە خۆشخەتەکانی سەردەم بووە و مەستورە خانمیش شاعێرێکی بەتوانا بوو و فرەوەخت پێکەوە موشاعێرەیان کردووە.

 

گرفتارم بە نازی چاوەکانی مەست و فەتانت

بریندارم بە نیشی سینەسووزی تیری موژگانت

 

مەستوورە خانم هەم بە زوانی کوردی و هەم بە زوانی فارسی شێعری هۆنیگەسەو و ڕادەی شێعرەکانی لە حەدیقەی ناسری بە بیست هەزار و لە توحفەی ناسری، کە یەکێک لە سەرچاوە مێژوویییەکانە بە دە هەزار شێعر بەراورد کراوە، بەداخەوە زۆربەی شێعرەکانی نەماون، ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی، بە هەوڵ و هیمەتی ئاغای مەعرفەتی و میرزا ئەسەدۆڵڵا خانی کوردستانییەوە دیوانەکەی بە کۆی دوو هەزار شێعر  لە چاپ دراوە، خۆسرەو خان بە هۆی تاعوونەوە جوانەمەرگ بوو، بە هۆی ناکۆکیی بنەماڵە و ململانێی دەسەڵاتەوە مەستوورە خانم ڕێگەی کۆچی گرتەبەر و لە ڕێگەی شارەزوورەوە چووەتە سلێمانی و لە تەمەنی چل و چوار ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان بەخاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردراوە.

 

سپێرێ کەجگەرد سپێرێ کەج گەرد    داخ جە دەست تۆ سپێر کەجگەرد

مەسنەدارێ عەیش کێت وە تاراج نەبەرد  مەجلێس شاییی کێت بەتاڵ نەکەرد

دڵی کێت بە خەم تۆ نەکەرد ناشاد       خەزانەی سروور کێ نەدای وە باد

نەونهاڵ عومر کێ نەکەردی پەی      وەی وەیانەی کێ تونە خستی وەی

 

مەستوورە خانم مێژوونوسێکی بەتوانا  بوو و مێژووی ئەردەڵانی لە سەردەمی کڵۆڵ بەگ واتە لە ساڵی ٦٠٦ی کۆچییەوە تاکوو سەردەمی خۆی ١٢٤٠ی کۆچی، بە باشی نووسیوەتەوە، جگە لەوە هەروها کتێبێکیشی لەسەر شەریعەتی  ئیسلامەوە نووسیگە کە بەداخەوە نەماگە.

مەستوورە خانم لەگەڵ شاعێر گەورەکانی کورد وەکوو مەلەوی و نالی و هاوسەردەم بووە و لەگەڵ مەولەوی فرەوەخت شێعر شێعرانەیان کردووە، تەنانەت لە قەسیدەدا لەگەڵ نالیدا ململانەی کردووە و بەناوبانگە، جگە لەوە لەگەڵ یەغمای جەندەقی شاعێری فارس کە هاوسەردەم بوون و شێعریان بە فارسی بۆ یەکتر ناردووە.

 

مەولەوی لە دووبەتییەکدا ئاوا باسی لە مەستوورە خانم کردووە:

خۆرشیدەکەی ناز، ئەوجی بۆرجی سەور

                                       سەرتۆغرای دەفتەر مەحبووبان جە دەور

ها لە خانەکەی بۆرجی شەرەفدا

                                    نور ئەفشانیشەن وە هەر تەرەفدا

 

ئەحمەد بەگی کۆماسی ئاوا وەسفی لە مەستورە خانم کردووە:

مەستورە و فەردش وێنەی گەوهەرەن    

نەموڵک عەفاف ئەو چۆن جەوهەرەن

 

ئەیگێڕنەوە کە مەولەوی لە سنە فەقی بووە و لەناو فەقییەکاندا ڕاتیبە باو بووە، ڕۆژێکیان کە مەستوورە خانم لە تەلارەکەی عمارەتی خۆسرەواوا کە ئەڕوانێتە سەر چوارباخ و حەوزەکەوە، وستاوە و مەولەویش کە مەستوورە خانمی بینی و شێعر یان باشترە بێژین مەتەڵەکێکی بەیان کرد کە بەم شیوەی خوارەوەیە:

کردگتە بە بان بەرزی عمارەت      بە پا مەشق ئەکەی، بە چاو ئیشارەت

 

مەستوورە خانمیش ئەیناسێت و بە ئەنقەست پێی ئەیژێت فەقی  بۆچی  ئەونە ڕووداری، ئەیەم بتخەنە حەوزەکەوە، (ئەیەم یان ئەدەم وشەیەکی باوە لە سنە کە وەکوو هەڕەشە بەکار ێت) مەولەویش کە کەسێکی حازرجواو بووە وتوویەتی؛ بییە خۆم، خۆم ئەیخەمە ناو حەوزەکەوە کە مەستوورە خانمی خێزانی حاکم و خاون دەسەڵات بە جێگەی تووڕەبوون سفارشی کردووە بە بەردەستەکانی و ئەیژێت ئەم فەقییە کەسێکی زیرەکە و هەر کاتێک هات بۆ ڕاتبە ڕێزی لێ بگرن.

 

مەستوورە خانم مێژووی ئەردەڵانی ئاوا دەست پێ کردووە، دیارە وەکوو لەو سەردەمەدا باو بووە کە سەرەتا سپاسی خوای خۆی کردووە و وەسفی پێغەمەری خوای کردووە و ئەیژێت، منی هەژار، مەستوورە کەنیشک ئەولەسەن بەگ و نەوەی خوالێخوشبوو حەمە ئاغای کوردستانیم، چونکە باوکم فرە حەزی لە خوێندن بووە و منیش کەنیشک  نەوبەری بووم، فرەیش خۆشمی گەرەک بووە و فێری خوێندنمی کرد و منیش فرە خێم دابووە سەر کتێب‌خوێندن لەناو کتێبەکاندا فرەتر خۆشم لە مێژوو بوو تا ڕۆژێک لەناو کتێبەکاندا چاوم بە نووسراوەیەک کەوت کە باسی کوردستانی کردبوو،هەرچەند کتێبەکە پرتۆرکیاگ بوو و فرە تێدا چووبوو، بەڵام کەم تا کورتێ بۆ خوێندن ئەبوو سەرم ناوەتە سەری، ئەوە بوو کە منیش دای لە سەرم مێژووی ئەردەڵان بنووسم.

بەبێ هۆکار نییە کە باسی کارەساتی تری قاتوقڕی کە لە سەردەمی خۆسرەو خان و مەستوورە خانمدا داوێنی ناوچەکەی گرت و مەستوورە خانم خۆی نازری بووە، بە شێوەی قاتوقڕی لە سنە داکەفت کە لاشە لە کۆڵان و حەوشدد داکەفتبوو و خۆسرەو خان دەرگای هۆماری لە خەڵک کردەوە و سەرەتادا لە بەرانبەر پسوولە و ڕەسیدەوە پەنجا هەزار خەروار گەنم بە خەڵک دا و تەنانەت بنەتووی وەرزیشیان بۆیان تەرخان کردبوو، بەم شێوە خەڵک لە تێداچوون ڕزگاریان بوو، لەناو خەرماندا میرزا فەرجوڵڵا، وەزیری پسوولەکان تێرێت و ڕادەستی خۆسرەو خانی کرد کە قەرزەکانی لە خەڵک بسێنێتەوە، خان پسوولەکان لەبەر چاو میرزا فەرجوڵڵاوە خستە ناو ئاگرەوە و لە قەرزەکانی خۆش بوو.

مەستوورەی ئەردەڵان، ڕچەشکێن بوو و ڕێچکەیەکی لە سنە داڕشت کە ئێستەیش کچان و ژنانی سنە پێشەنگی خەبات و خۆیندنن، هەبوونی مەستوورە خانم و هاتنی دوو شازادەی قاجار بە بووکی بۆ نێو بنەماڵەی ئەردەڵان کە بە شێوەی ئاسایی شازادە با بووکیش بێ، بەڵام دەسەڵات و ئیختیاراتی تایبەتیان لەگەڵ بوو، ئەمەش هۆکارێک بووە بۆ حەسادەت و ململانێ لەنێوان ژنانی تر لە بنەماڵەی ئەردەڵان و بنەماڵەکانی تری خاوەن دەسەڵات لە شاردا کە بۆ ئەوە جێ نەمێنن ڕوویان کردووەتە  خوێندن، بەڕێز حەمەعەلی سوڵتانی، نووسەر و لێکۆڵەری بەتوانا لە کتێبەکەیدا (تاریخ تسنن در کرماشان) کە باسی بەسەرهاتی خوالێخۆشبوو مامۆستا سەید حوسێن مەسعوودی (باوکی هاوژینی نووسەری ئەم باباتە، مریەم مەسعوودی) موفتی شافێعییەکان لە کرماشاندا دەکات، ئاماژەی بەوە کردووە کە مامۆستا سەی حوسێن خوێندنی سەرەتایی لەلای دایکی بە ناوی خاتوو ڕابێعە لە ساڵەکانی ١٢٨٥ی هەتاوی (١٣٢٠ی کۆچی)  خاتوو ڕابێعە کچی خوالێخۆشبوو سەید عەنایەتوڵڵا مودەڕس و نایب شیخولئیسلامی کوردستان بووە، دیارە خاتوو ڕابێعە ڕادەی زانستی بەرز بووگە، بە چەشنێک کە هەر کاتێک خوالێخۆشبوو سەی عبدالڕەحمان قازی لە خانەگا مێردی خاتوون لە سەفەردا بوایە، وانە و دەرسی فەقییەکان کەفتگەسە ئەستۆی خاتوون گڵکۆی خاتوو ڕابێعە، لە قەورسانی تەپ‌شێخ حەمەباقر و لە تەنیشت مەرقەو شێخ حەمەباقرە لە سنەدایە، دیارە ئەو خانمگەلە کە تواناییی ماڵییان هەبووە لە توانا و لە دەسەڵاتەکەیان کەڵکی باشیان وەرگرتووە و ئاسەوارێکی زۆری بینا و شوێنی گشتی وەکوو مزگەوت و حەمام و قەناوی ئاو و کاریز بە ناوی خۆیانەوە بەجێ هێشتگە، شاری سنە و لە کۆنەوە ئاوی خواردنی و هەرها کانی و مزگەوتەکانی لە ڕێگەی قەناو و گونجەوە دابین بووە، یەکێک لەو گونجە بەناوبانگگەلە، گونجی فاتمە خانمە لە نزیک گەڕەکی ئەولەسەنەوە.

یەکێک لەو بیناگەلە مزگەوت تووبا خانمە لە گەڕەکی قەتارچیان، ئەو مزگەوتە دوو نهۆمی یان دوو تەبەقە دروست کراوە و حوجرەی فەقییەکان و شوێنی مانەوەی خوازیارانی عیلم و زانست بووە و یەکێک لە زانایانی بەناوبانگی سنە، بە ناوی ڕەحمەتی مەلا ئەولەزیم موجتەهدیی مۆدەڕس و بەرنوێژی ئەو مزگەوتە بووە، دیارە تێیچووی ئاوەدانکردنەوە و تێچووی ژیانی فەقی و بەرنوێژ هەر لە ئەستۆی تووبا خانم بووە.

تووبا خانم کەنیشک شەرەفەلمولک و دایکی ئەسەدوڵڵا خان ئەعزازلمولک و نەسروڵڵاخانی ئەعزازەلمولک و حاجی ئیسمایل خانی ئەعزازەلسوڵتان بووە و لە تەنیشت ئەو مزگەوتەوە حەمامێکی گشتی کە بە حەمامی تووبا خانم بەناوبانگە دروست کردووە.

مزگەوت پەرینسا خانم ئەردەڵان کەنیشک حەمە سوڵتان ئەردەڵان، حاکمی سەقز لە گەڕەکی سەرتەپۆڵە لە سالی ١٢٩٠ی کۆچی، دروست بووە.

مزگەوت خۆرشی لەقا خانم کە بە مزگەوت مشیردیوانیش بەناوبانگە، ئەو مزگەوتە دووکان و قاوەخانەیەک کە بە قاوەخانەی مەجی سمێڵی بەناوبانگ بوو، لە پاڵی بووە کە داهاتەکەی وەقفی مزگەوتەکە بوو.

مزگەوت فەرەنگیس خانم.

حەمام تەلعەت خانم، لە خیابان فەرەح.

 

لێرەدا بە پێویستی ئەزانم ئاماژەیەک بە مانگرتنی پێنسەد کەس لە ژنانی سنە لە سالی ١٣٠٤ی کۆچی، لە تلگرافخانەی شاری سنە بکەم کە لە چەشنی خۆیدا بێوینە بووە.

سەرچاوە: تاریخ مەردۆخ، بەرگی دەهەم، لاپەڕەی ٢١٥

 

سالی ١٣٠٣ی کۆچی، ئیقباڵەلمولک لەلایەن شای قاجارەوە بۆ حکومەت کوردستان دیاری کراوە و ناوبراو عەلی‌ئەکبەر خان شەرەفەلمولک بە وزیر و پیشکاری خۆی دیاری کرد، هاوکات فەوجی سیسەد کەسی لە سەرباز و سەد سوار و سێ تۆپ و پەنجا توپچی ناردووەتە سنوور و تێچووی خەرج و ئازووقەی ئەمانە خستووەتە ئەستۆی خەڵک، کۆمەڵێک لە ناودارانی زانایانی سنە، لەوانە شێخ محەمەد جەسیم سەدرەلئیسلام و شێخ عەبدوڵڵا موئمێن مەردوخی پێشنوێژ و مەلا عەبدولڕەزاق ئەمین ئیسلام و شێخ محەمەد ڕەزای ئەمینەلشرەع و شێخ عبدالڕەحمان مەردۆخ و کۆمەڵێک لە خەڵک بۆ دەربڕین ناڕەزایەتیی ڕێگەی تارانیان گرتەبەر و چونکە شا سەفەری بۆ ئیسفەهانی کردووە، بە ناچار چوونەتە ئیسفەهان، دیارە پێشوازی باشیان لێ کراوە و شا تێچووی سەفەر و مانەوەیانی لەوێ خستووەتە ئەستۆی خەزانە، بەڵام پێیان ئەیژێت کە ئەم زسانە مێوان بن بەهار بیرێکی لێ ئەکەینەوە، لەڕاستیدا دەستبەسەرکردن و ڕاگرتن دەبێت، لە سنەیش مەلا باقر ناویک کە لە پێوەندیی لەگەڵ ئیسفەهان و موسافرەکاندا دەبێت، لەلایەن ئقبالەلمولکەوە دەستبەسەر کرا و کەسوکاری مەلا باقر پەنایان بردووەتە بەر مشیردیوان و لەوێ مانەوە و ڕاگرتنی پیاگە ماقوڵەکان لە ئسفەهاندا هاندەر بوو کە شەوچلەی ساڵی ١٣٠٤ی کۆچی، کۆمەڵێک لە ژنانی سنە کە کۆیان بە پینسەد ژن بەراورد کراوە، چوونەتە شوێنی تێلێگرافخانەی سنە و لەوێ مانیان گرتووە و پەیتا پەیتا سکاڵای خۆیان بە تێلێگراف بۆ شا ناردووە و ئەمەش بووەتە هۆی گۆڕانی حاکم و گەڕانەوەی خەڵکە.

وەکوو باسم کرد، ژنانی کورد لە ڕابردودا و ئێستەیش لە بەراورد لەگەڵ ژنانی دەوروبەردا لە ئازادی و بەرانبەریی زیاتر بەشدارن و لە بنەڕەتدا بۆ بەراوردکردن نابن، هەر ئەو تایبەتمەندییەیە کە لە باری هونەرییەوە پێشەنگگەلێکی وەکوو فەتانەی وەلیدی و شەهین تاڵەبانی، پێش لە شۆڕش و و لەسەردەمی شۆڕشدا هانیە موجتەهدی و دەیان کەسی تری سەرکەوتووی لێ هەڵکەفتگە و لەسەردەمی شۆڕشیشدا ڕێژەی بەرچاوی بەشداریی کچان و ژنانی سنە لە شوۆڕشدا پێشەنگ و ئاڵاهەلگری خەبات و ڕینیشاندەر بوون و بوونەتە ڕێچکەشکێن بۆ پارچە کانی تری کوردستان.


پەیکەری مەستوورە خانم لە بلواری خۆسرەواوای شاری سنە:

دوو وێنەی پێوەندیدار بە بابەتەکەوە:


Report Page