بە بۆنەی هەشتەمین ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵ ئیقباڵ مورادی

 بە بۆنەی هەشتەمین ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵ ئیقباڵ مورادی


لە هەشتەمین ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵ ئیقباڵ مورادی، یادی ئەو و سەرجەم شەهیدانی مانگی پوشپەڕ بەرز ڕادەگرین.

هەڤاڵ ئیقباڵ مورادی ساڵی ١٩٦١ لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز لە شاری مەریوان لە دایک بوو. لە تەمەنی لاوێتیدا، دۆخی نالەبار و قەیراناویی کۆمەڵگا و کوردستانی ژێر دەسەڵات و داگیرکاریی دوژمنانی دەرک پێ کرد. وەک لاوێکی وشیار و ئازا، سەری هەڵدا و بۆ کۆتاییهێنان بەو زوڵم و ستەمەی هەبوو، ڕێگای خۆڕاگری و تێکۆشانی هەڵبژارد. ئەو تێکۆشەر و وڵاتپارێزێکی ڕاستەقینە بوو کە هەرگیز لە ئاست ئازار و مەینەتەکانی گەلەکەیدا بێدەنگ نەبوو. شەهید ئیقباڵ خوێندنەوەیەکی دروستی بۆ سەرچاوەی کێشە و گرفتەکان هەبوو، تەنها ڕێگەی دەربازبوون  لە ستەم و هەڵاواردن و  بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراتیکی لە تێکۆشان و شۆڕشدا دەبینی و بەوپەڕی دڵسۆزی و بوێرییەوە لەو ڕێگەیەدا هەنگاوی دەنا. چەندین جار لەلایەن ڕژێمی فاشیست و تۆتالیتاری حاکمەوە هەڕەشەی لێ کرا و کەوتە بەر هەموو جۆرە گوشارێکەوە. زیندانی کرا و تووشی دەربەدەری هات. چەند ساڵ پێش شەهیدبوونی، پیلانی ترۆریان بۆ داڕشت و بە سەختی بریندار بوو. ئەم هەوڵانەی رژیم هیچ کاریگەرییەکیان لە سەر تێکۆشانی هەڤاڵ ئیقباڵ نەبوو و هەموو جارێک بە ورە و جۆش و خرۆشی زیاتر و بە ئیرادەیەکی بەهێزترەوە بەردەوامی بە تێکۆشان دەدا.

دوای ئاشنابوونی بە بیر و هزری ڕێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەی ئاپۆیی، تێکۆشانی هەڤاڵ ئیقباڵ ئاراستەیەکی دیکەی بە خۆیەوە گرت و چالاکتر بوو؛ خۆیشی زۆر جار دەیوت کە دوای ئاشنابوونی بە بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ، باشترین و کاریگەرترین ڕێگای تێکۆشانی دۆزیوەتەوە. شەهید ئیقباڵ مرۆڤێکی وشیار و متمانەپێکراوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بوو. جگە لە چالاکی سیاسی و نزامی، لە هەندێک لە دامەزراوە مەدەنی و مافی مرۆڤی دا چالاک بوو؛ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بوو و بە شێوازێکی جدی و بەردەوام بەدواداچوونی بۆ دۆخی زیندانیانی سیاسی دەکرد و بەرگری لە مافەکانیان دەکرد. هەڤاڵ ئیقباڵ بە هەوڵ و تێکۆشانی بێوچانەیەوە بۆ سەرجەم ئازادیخوازان بوو بە سەرچاوەی ئیلهام و نموونە و هێمای بەرخۆدانی شۆڕشگێڕانە بوو. هەر بەهۆی ئەو ڕۆحییە بەرز  و شۆڕشگێرانەیەی بوو کە بەکرێگیراوان و ئەندامانی دەزگای هەواڵگریی ڕژێم تەنانەت لە باشووری کوردستانیش بەردەوام لە هەوڵ و پیلانگێڕیدا بوون بۆ ترۆرکردنی. ئەم تێکۆشەر و وڵاتپارێزە ڕاستەقینەیە لە ١٧/٧/٢٠١٨ لە کردەوەیەکی قێزەون و ترسنۆکانەدا لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕژێمەوە لە ناوچەی پێنجوێنی باشووری کوردستان ترۆر کرا و شەهید بوو.

وەک «کۆمیتەی شەهیدانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)»، لە هەشتەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شەهید ئیقباڵ مورادی، یاد و بیرەوەریی ئەو و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی بەرز ڕادەگرین. بڕوامان وایە ڕێگای تێکۆشانی شەهیدان بەردەوام دەبێت و بە ئازادکردنی گەلی کورد، هەموو ئاواتەکانی شەهید ئیقباڵ دێنینە دی. ئەو ڕێگەیەی بۆ ئێمەیان بە میرات بەجێ هێشتووە، یەکێتی و تێکۆشانە بۆ ڕزگاری گەلەکەمان لە ستەمی ڕژێمی جینۆسایدکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران. لەم ڕێگەیەدا گەلەکەمان بە ڕێکخستنبوون دەتوانێت بگاتە دەستکەوتی بەرچاو و شایستە. ڕێگای شەهیدان پرڕێبوار بێت.

کۆمیتەی شەهیدانی پژاک

ناو و پاشناو: ئیقباڵ مورادی

 ڕۆژ و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٦١، مەریوان

 ڕۆژ و شوێنی شەهیدبوون: ١٧/٧/٢٠١٨، پێنجوێن

 



Report Page