به‌یان‌نامه‌ی ژنانی ژیڤانۆ بۆ ڕۆژی هەشتی مارس

به‌یان‌نامه‌ی ژنانی ژیڤانۆ بۆ ڕۆژی هەشتی مارس


سه‌ره‌ڕای پێداگریی‎ نەریت و بەها کۆنەکان له سەر بەردەوامیی زاڵیه‌تیی به‌ بونیاد رۆنراو، ڕوانینی زایه‌ندته‌وه‌رانه‌ و دابەشبكردنی نایەکسانی جیهان به‌ سەر باڵادەست و بندەست، جوان و ناجوان، زانا و نەزان، پێشکەوتوو و دواکەوتوو و ...دا، له سەر ئاستی جیهان و له‌ هه‌موو لایه‌ك سووژەیەک به كۆی هاوکێشەکان زیاد بووه، سووژیه‌ك كه‌ به‌ درێژایی مێژوو بە ناتوان و لاواز دانراوە. کەچی هەر ئەو سووژەی بە" ناتوان" وێنەکیشراوە، له هەر کات و ساتەوەختێکدا توانای ڕوو له هەڵکشانی ئاشکراتر دەبێ و هاوکاتیش ئاست و شێوەکانی سەرکوتکردنەکەشی توندوتیژانەتر دەبێتەوە. چەندە ئەم توانای خۆی زیاتر دەرخەتات و چەندە زیاتر پەچە لەسەر بێبونیادی نایەکسانییەکان لادەداتم ئەوەندەش زیاتر سەرکوت دەکرێت. ئەم سووژه هەر ئەو رەگەزە جیاوازەیە کە 8 ماڕس به ناوی ئەوەوە تۆمارکراوه و ناوی ژنه. ژنێک که هێشتا له هەموو جوگرافیا و ئاستەکاندا سەرکوت دەکرێ و کەچی له هەموو ساتەوەختێکدا دەبێته بکەری خۆڕاگری و کردەوه و له هەر دەرفەتێکدا توانا داهێنەرانە و ژیانسازەکەی خۆی دەخاته ڕوو. 

گوشاری گشتی و زێدەگاڤی دەروونی و جەستەیی پەتا و پاندێمی، له ساڵی ڕابردوودا له زۆربەی شارەکانی جیهاندا بوو به بیانوویەک بۆ ئەوەی توندوتیژیی لە شێوەی جۆراوجۆردا زیاتر تەشەنە بکات و پاساوەکەیشی پەتاکە بێت، توندوتیژییەک تا ئاستی پیشێلکردنی مافی ژیان و کوشتن به بیانووی چەمکی نامووس، توندوتیژیی خێزانی و هەڵاواردن، بێکاریی زۆرەملێ و له کۆتاییدا داماڵینی هەرچی زیاتری ژنان لە مافە بچینەییە مرۆییەکان.  

ئەم هەڵکشانەی بڕی توندوتیژی و کوشتنه لەناکاوانە، بوو بە هۆکاری پێکهێنانی کۆمەڵەی ژیڤانۆ. ژیڤانۆ گرووپێک له ژنانی خۆبەخشی نیگەرانی کوردستانه که دژی هەر چەشنه توندوتژییەکن و بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی وشیار و بێبەری له توندوتیژی تێدەکۆشن. 

زەوتکردنی مافی ژیان له مرۆڤێک، هەڵسوکەتی بەذلەخۆ و توندوتیژ، به کاڵابینین و خۆ بە خاوەن زانینی مرۆڤێک لە ژێر ناوی نامووسدا یان هیچ چەمکێکی دیکەدا هیچ پاساوێکی نییه؛ هەر چەمک و بەهایەکیش که ببێته هۆی هاندان و بەرهەمهێنانی وەها توندوتیژیەک له سەر ئاستی کۆمەڵگادا، نەک هەر ناڕەوایە بەڵکوو پێویستیشی به پێناسەکردنەوه و ڕوانینی جیدیی خەسارناسانه دەبێت. 

ژیڤانۆ خوازیاری کۆمەڵگایەکی ئاسوودەیە، به ماف و دەرفەتی یەکسانەوە بۆ هەمووان و لەو باوەڕەدایه که بەکارهێنانی ستەم، هەڵاواردن و توندوتیژی دژ به کەسێک تەنیا به هۆی به " مێیینە" لەدایکبوون و پەیوەستبوون به کەمینەیەکی سێکسی و ڕەگەزێتی هیچ بنەما و پاساوێکی نییە و نابێت و دەبێ لە کۆی ئەو گوتارانە بدرێت کە وەها شتێک پاساو دەدەن.  

وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا سەبارەت به جۆرەکانی توندوتیژی و شێوازەکانی بەرەنگاربوونەوەی، دامەزراندن و پشتیوانی له چالاکیی ماڵه پارێزڤانیی، پەسندکردنی یاساکانی ڕێگری له سەپاندنی توندوتیژی و هەروەها یاساکانی پشتیوانی له ژنان، پێناسەکردنەوەی چەمکەکان ژنێتی، پیاوەتی و نامووس، بەرەنگاربوونەوەی منداڵهاوسەری، داخوازیی بۆ حەقدەستی یەکسان له هەمبەر کاری یەکسان و دابینکردنی دەرفەتی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ ژنان و سڕینەوەی ئەو هەڵاواردنه ڕەگەزێتییانەی که باڵیان به سەر ئەم بەستێنانەدا کێشاوه له ئاشکراترین خواستەکانی ئێمەیه که بۆ وەدیهێنانیان هیچکات کۆڵ نادەین.

Report Page