🌕 ئازادیی ڕادەربڕین، دێموکراسی و تۆتالیتاریزم

🌕 ئازادیی ڕادەربڕین، دێموکراسی و تۆتالیتاریزم



✍: جەمیل ئەحمەدی


مرۆڤ بە ئازادی دێتە بوون و هەر بە ئازادیش چاو بە جیهان هەڵدێنێت، بۆیە دەبێت ماف و ئازادییەکانی پارێزراو بێت، بەتایبەتی مافی ڕادەربڕین،ۆچون مافی ڕادەربڕین هەوێنی هەبوونی ماف و ئازادییەکانە کە نوێبوونەوە و خولقاندنی وتاری نوێ و دەرکەوتنی هزر و ئەندێشەی نوێ دەخولقێنێت. 

ئازادیی قسەکردن یان ڕادەربڕین، یەکێک لە بنەما و کۆڵەکە یاسای و دێموکراتیکە سەرەکییەکانی هەر ڕێکخراو و دەوڵەت و سیستەمێکی دێموکراتیک و مرۆڤدۆستە کە پشتیوانیی ڕادەربڕینی ئازادانەی تاکەکان دەکات لەناو کۆمەڵگەدا، بۆ ئەوەی هەموو تاکێک بتوانێت بەبێ سزا و چاودێری و چاوسوورکردنەوە و هەڕەشە و تۆقاندن و ئازادانە بۆچوونی خۆی دەرببڕێت، مافی ئازادیی ڕادەربڕین لە ماددەی ٩ی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتیدا زامن کراوە و بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و بەرچاو بە بەشێک لە ماف و ئازادیی مرۆڤ پێناسە کراوە، هەروەها لە ماددەی ١٠ی پەیماننامەی ئورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ هاتووە، بەڵام هەتا ئێستاش کەموکورتی لە بواری جیبەجێکردنیدا هەیە یان لە زۆر وڵاتدا هەر بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.

مافی ئازادیی ڕادەربڕین تا ئەو جێگەیە کە تۆ سنووری ماف و ئازادیی کەسانی تر نەبەزێنیت، بە واتایەکی تر مافی ئازادیی ڕادەربڕێن بە واتای بەرەڵایی نییە، بەڵکوو مافێکە بۆ دەربڕینی بیروبۆچوونی خۆت لەسەر هەموو ئەو ڕوانگە و بابەت و ڕووداوانەی کە ڕوویان داوە و ڕوو دەدن، ئازادیی دەربڕین مافی هەر مرۆڤێکە و دەبێت پارێزراو بێت بۆ ئەوەی کە بەوپەڕی ئازادییەوە بدوێت و بەرگری لە ماف و ئازادی و بیروڕای خۆی بکات و لەسەر هەموو پرسە جۆراوجۆرەکان وتاری خۆی پێشکەش بکات، نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەو کەسەی کە قسە دەکات یان ڕای خۆی دەردەبڕێت ڕووبەڕووی هیچ جۆرە سزا، ئازار، ناوزڕاندن، هەڕەشە، سووکایەتی و چاوسوورکردنەوەیەک ببێت. 

بەگشتی ئازادیی ڕادەربڕین مافێکە کە دەبێت لە یاسا و ڕێسای بنچینەییدا دانی پێدا بنرێت و بۆ هەموو تاکێک بەبێ هیچ جیاوازییەکی ڕەگەزی و نەتەوەی و ئایینی و ئیتنیکی و هتد پارێزراو بێت، مافی ئازادیی دەربڕێن هەتا ئێستاکەش بە تەواوەتی و پوختی لە هیچ کوێیەکی جیهان نەپارێزراوە، هەرچەندە لە وڵاتانی دێموکراتیک تاکوو ئاستێکی باش پارێزگاری لەم مافە کراوە و دەبێت باشتریش پارێزگاری لێ بکرێت، بەڵام دەبینین لە وڵاتانی دواکەوتوو و دیکتاتۆر و خاوەن سیستەمی تۆتالیتاری، بە هیچ شێوەیەک مافی ئازادیی ڕادەربڕێن نەپارێزراوە تەنانەت ئەگەر لە هندێک یاسا و ڕێسای ئەو وڵاتانەشدا هاتبێت، مخابن تەنیا لە دووتوێی پەرتووک و بەڵگەکاندایە و ڕۆژانە خەڵکانێک بە هۆکاری ڕادەربڕیینەوە ڕووبەڕووی سزای جۆراوجۆر دەبنەوە، چۆن تەنیا ماف و ئازادیی سەرەتایی و مرۆیی خۆیان بەکار هێناوە کە دەربڕینە.


ئازادیی ڕادەربڕێن جەوهەری دێموکراسییە

دێموکراسی ئەو وشەیە کە ئەمڕۆ سیستەمە سیاسییەکان و زۆرینەی دەسەڵاتداران بانگەشەی بۆ دەکەن و خۆیانی پێوە هەڵدەواسن، تەنانەت سیستەمە تۆتالیتار و دیکتاتۆرەکانیش دەڵێن ئێمە دێموکراتین و باوەڕمان بە دێموکراسی هەیە، بۆیە دەبێت بە وردی و جوانی دێموکراسی و سیستەمە دێموکراتییەکان و مرۆڤە دێموکراتەکان بناسین، تاکوو بتوانین مرۆڤی دیکتاتۆر و مرۆڤی دێموکرات لە یەکتر جیا بکەینەوە و بزانین کامەیان پاک و دروست و دێموکراتە و کامەیان قیزەون و مەترسیدار و گەندەڵ و دیکتاتۆرە، هەروەها کام سیستەم دێموکراتیک و کامەیان تۆتالیتارە و جیاوازیی نێوانیان بزانین، هەر بۆیە لێرەدا باس لە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دێموکراسی دەکەین کە ئەویش ئازادیی ڕادەربڕیینە.

دێموکراسی وەکوو کولتوور و سیستەم و ئابووری هتد ....، لەسەر بنەمایەکی فەلسەفی پێکهاتووە کە ئەویش خۆی لە خۆیدا کۆمەڵێک کۆڵەکەی سەرەکی و جەوهەری لەخۆ دەگرێت، بێگومان بەشێکی گرنگی بنەما فەلسەفییەکە و جەوهەری کۆڵەکەیەکی سەرەکیی دێموکراسی، ئازادیی ڕادەربڕیینە، ئەگینا بەبێ ئازادیی ڕادەربڕین شتێک بە ناوی دێموکراسی و سیستەم و مەنتاڵیتەی دێموکراتیک بوونی نییە و نابێت.

ئەگەر ئازادیی ڕادەبڕین بوونی نەبێت، فەلسەفە و هزری نوێ لەدایک نابێت تاکوو کۆمەڵگە لە ڕووی کولتووری و سیاسی و ئابووری و زانستییەوە گەشە بکات، بەبێ فەلسەفە و هزری نوێ یان بەرزیی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە، کولتوورێکی دێموکراتیک بوونی نییە و بنیاتنانی سیستەمی دێموکراتیک و دەوڵەتی دامەزراوەییی دێموکراتیکیش ئەستەمە.

جۆن ستیوارت میل، فیلسووف و ئابووریناسی بریتانیایی، وتوویەتی: "گرنگترین مافی سیاسی، مافی دەنگدان نییە، بەڵکوو ئازادیی بەیان و وتارە"، میل پێی وایە کە ئازادیی بەیان هەل دەڕەخسێنێت کە ئەندێشەی نوێ خۆی دەر بخات و ئەندێشە نوێیەکانیش پێشمەرجی گەشەکردن و پێشوەچوونی کۆمەڵگەیە، هەروەها دەبێت ئازادیی دەربڕێن بەبێ مەرج و ئەگەر و بەڵێن بێت. 


تۆتالیتاریزم و ئازادیی ڕادەبڕینن

لە وڵاتانی تۆتالیتاریدا، نان و ئەمنییەتی تاک و کۆمەڵگە لەلایەن دەسەڵاتداران و سیستەم و ڕێژیمەکانەوە پەیوەند کراوە بە ئازادیی ڕادەربڕینەوە، هەر کاتێک تاک یان کۆمەڵگە بێهەوێت سەبارەت بە هەر بابەتێک کە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدا نەبێت ڕای خۆی دەرببڕێت یان هاوار بکات لە دەست بێماف و ئازادی و نەبوونی دادپەروەری و یەکسانی و بێخزمەتگوزاری و هتد، ئەو کات تاک و کۆمەڵگە دەکەوێتە بە ڕق و کینە و غەزەبی دەسەڵاتەوە و نان و ئەمنییەتی نامێنێت، چۆن دەسەڵاتی تۆتالیتار و دیکتاتۆری، نان و ئاسایش وەکوو چەکێک بۆ بێدەنگکردنی تاک و کۆمەڵگە بەکار دەهێنێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە نان و ئەمنییەت دوو خاڵ لە مافە هەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤە، کەچی دەبینین ئەو دوو مافە سەرەتاییەی مرۆڤ لەلایەن دیکتاتۆر و سیستەمە تۆتالیتارییەکانەوە پێشێل کراوە و بەردەوامیش پێشێل دەکرێت، هەر بۆیە زۆربەی کات دەبینین لە وڵاتانی تۆتالیتاریدا چینی پێگەیشتووی کۆمەڵگە بەگشتی و بەتایبەتی ڕووناکبیران، چالاکانی سیاسی، ڕۆژنامەوان و چالاکانی مافی مرۆڤ بێدەنگی هەڵدەبژێرن.


سیستەم تۆتالیتاریزم کە ترسناکترین دوژمنی ئازادیی ڕادەربڕینە، چۆن بناسین؟

ئاسان نییە لە بابەتێکدا کە فۆکۆسی سەرەکی لەسەر ئازادیی ڕادەربڕینە، بە وردی و دوورودرێژی پێناسەی تۆتالیتاریزم بکەین و ڕوونی بکەینەوە کە سیستەمی تۆتالیتاریزم چۆنە، بەڵام بەپێی هەندێک پێوەر و نیشانە دەتوانین بە دەوڵەت یان پارت و ڕێکخراوێک بڵێن تۆتالیتارە یان سیستەمێکی تۆتالیتاری هەیە، بۆیە لێرەدا ئەو ١٠ خاڵە وەکوو نیشانەکانی تۆتالیتاریزم و سیستەمێکی تۆتالیتاری دەخەمە ڕوو.

نیشانەکان:

١ـ هەبوونی ئایدئۆلۆژییەک کە هەموو شتێک لەو دیدەوە ببینرێت و هەڵسەگێندرێت.

٢ـ هەبوونی ڕێبەری کاریزماتیک کە کولتووری تاکپەرەستی ڕەنگی دابێتەوە.

٣ـ پێشێلکردنی ئازادی تاکە کەس و ئازادی بەیان.

٤ـ دژکردەوەی تووند بەرانبەر بە ڕخنەگران و ناڕازیان لە دەوڵەت یان حیزب و ڕێکخراو.

۵ـ پیرۆزکردنی ئامانجەکانی دەوڵەت یا حیزب و ڕێکخراو.

۶ـ هەبوونی بەندکراوی سیاسی، پەنابەری سیاسی لە وڵاتانی تر و دەرکرکردن و بێدەنگکردنی ئەندامانی ڕخنەگر و ناڕازی لە دەوڵەت یا حیزب و ڕێکخراو.

٧ـ داخستنی ڕۆژنامەکان و سانسۆر و کۆنترۆڵکردنی زانیارییەکان و نەبوونی میدیای ئازاد و سەربەخۆ ....هتد.

‌٨ـ بە دەوڵەتی یا حیزبیبوونی هێڵەکانی پەیوەندیکردن، وەکوو تەلەفۆن و ئنترنت و پۆست.

٩ـ سەرکوتکردنی کەمینە سیاسی و نەتەوەی و ئتنیکی و ئایینییەکان.

١٠ـ کۆنترۆڵکردنی هێزی سەربازی، ئابووری، بازاڕ و سامانی گشتی لەلایەن کەسێک یا سیاسەتمەدارەکانەوە.


ڕەنگە کەم دەوڵەت یان ڕێکخراوێک هەبێت کە هەموو ئەو خاڵانەی تێدا بەدی بکرێت، بەڵام بێگومان دەتوانین بە دەوڵەت یان ڕێکخراوێکیش بڵێین تۆتالیتار کە هندێک لەو خاڵانەشی تێدا بەدی بکرێت و ئێمە وەکوو مرۆڤی ئازادیخواز دژ بەو کولتوور و سیستەمە دیکتاتۆری و تۆتالیتارییانە بین کە دژی ماف و ئازادییەکان بەگشتی و بەتایبەتی ئازادیی ڕادەربڕینن. 

ئەرەستو تالیس، فیلسووف و بلیمەتی یۆنانی لەبارەی دیکتاتۆریەتی ئەسکەندەرەوە وتوویەتی: "دیکتاتۆریەت خراپترین حکومەتی سەرانسەرییە"، هەر بۆیە بەدڵنیاییەوە دەتوانم بێژم کە لە سەدەی بیست و یەکدا تۆتالیتاریزم قیزەوەترین سیستەم و شێوەی دەسەڵات و کولتووری سیاسییە، چۆن هیچ تروسکایییەکی ئازادی لەژێر دەسەڵاتیدا نابیندرێت و هەموو کون و قوژبنێکی وڵات قۆرخ و داگیر دەکات.

Report Page