NEWS

NEWS

کەجەکە ئامادەیە بۆ هاوکاریی ئەوانەی کە لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکەن
کەجەکە ئامادەیە بۆ هاوکاریی ئەوانەی کە لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکەن

کۆمیتەی تەندروستیی کەجەکە دەربارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، زانیاریی گرنگی بڵاوکردەوە و بانگەوازیی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، بچنە ناوچەکە و لێکۆڵینەوە بکەن لەو بارەیەوە، ئامادەیی خۆشیان بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک، نیشان دەدات.

کۆمیتەی تەندروستیی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوایەک ئاڕاستەی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی OPCW، ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور MSF، نەتەوە یەکگرتووەکان un، کۆمیتەی ڕێگرییکردن لە ئەشکەنجە (CPT، ڕێکخراو و پارێزەرانی مافی مرۆڤ دەکات.

کۆمیتەکە داوا لەو ڕێکخراوانە دەکات، لێکۆڵینەوە بکەن لە بەکارهێنانی گازی ژەهریی و چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، دەشڵێت؛ ئێمە بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک لەو ڕووەوە ئامادەین.

کەجەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بە بێدەنگیی جیهان کردووە لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی دژی کورد ئەنجام دەدرێن و تیایدا هاتووە:”هەرچەندە کردەوە قڕکەرەکان بە ڕوونی ئەنجام دەدرێن، بەڵام جیهان بە بێدەنگیی سەیری دەکات، ئەشکەنجەدانی زیندانیانی نەخۆش و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو بەسەر گەلی کورددا، تەنیا چەند نموونەیەکن”.

ڕاشیگەیاندووە”دەوڵەتی قڕکەری تورک، چەندین ساڵە چەکی کیمیایی و ژەهراویی لە دژی گەلی کورد و گەریلاکانی ئازادیی بەکاردێنێت، تا ئێستا بە نهێنی ئەم کارەی دەکرد. لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا شەڕی قورس لە چیاکانی کوردستان بەردەوامە و هێزە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورک گورزی قورسیان لەلایەن گەریلاکانەوە بەرکەوتووە. هێزە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورک، کە لە بەرامبەر هێزەکانی گەریلای ئێمەدا بێچارە بوون، سەرەڕای دەرفەتە تەکنیکیەکانیان، دەستیان بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و گازی ژەهراوی کردووەتەوە کە پێشتر چەندین جار بە دۆکیومێنتەکان سەلمێنراوە کە چەکی کیمیایی لە ڕۆژئاوا بەکارهێنراوە. هەروەها هێزەکانی دەوڵەتی تورک لە هەفتانین، مەتینا، زاپ و ئاڤاشین چەندین جار چەکی کیمیایی و گازی ژەهراوییان بەکارهێناوە”.

کەجەکە دەشڵێت:”ئەوەش سەلمێندراوە دەوڵەتی قڕکەری تورک چیتر ناتوانێت ئەو چەکە کیمیاییانەی بەکاری دەهێنێت بشارێتەوە و هێزەکانی ناتۆ و پەدەکەش ناتوانن ئەوە بشارنەوە، کە گەورەترین لایەنگری دەوڵەتی تورکن، بۆیە ئیدی بە پێویستی نابینن کە بیشارنەوە و بە شێوەیەکی ئاشکرا بەکاری دەهێنن”.

کەجەکە ڕوونیکردووەتەوە”چەکی کیمیایی و گازی ژەهراویی، کە دەوڵەتی تورک دژی هێزەکانی گەریلامان بەکاریان هێناوە، ئەو چەکانەن کە خنکێنەرن، سووتێنەرن، کاریگەرییان لەسەر دەمارەکان هەیە، زیان بە ئەندامانی ناوەوەی لەش دەگەیەنن و کاریگەریی ڕزاندنیان هەیە. لەو شوێنانەی کە بەکاردەهێنرێت ژینگە و زیندەوەران لەناو دەبەن، لەگەڵ ئەوەشدا تێکەڵ بە هەوا و خاک و ئاو و ڕووەکی ناوچەکە دەبێت و تا چەند ساڵێکیش کاریگەریەکەی دەمێنێتەوە و هەڕەشە لە ژیان و تەندروستی خەڵکی ناوچەکە دەکات”.

“دژی هاوڵاتیانی مەدەنیش بەکاردێت”

کۆما جڤاکێن کوردستان ڕایگەیاندووە”ئەو چەکە کیمیاییانە نەک تەنها لە دژی گەریلا بەکاردەهێنرێت، بەڵکو دژی هاوڵاتییە مەدەنییەکانیشمان لە هەرێمەکە بەکاردەهێنرێت، بۆیە کێشەی تەندروستیی جدی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنیمان دروست بووە و ژمارەی ئەو کەسانەی کێشەی تەندروستیان بۆ دروست بووە کەم نییە، ئەو کەسانەی کە بە هۆی کاریگەری ئەو چەکە کیمیایی و گازە ژەهراویانەوە دەیانەوێت بچنە نەخۆشخانەکان لەلایەن پەدەکە و دەوڵەتی تورکەوە ڕێگرییان لێکراوە و بە نهێنی لە نەخۆشخانە سەربازییەکاندا چارەسەر دەکرێن. سەرەڕای ئەو ڕاستییە کە ڕوون و ئاشکرایە، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی هێزە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورک نابینرێت و بە بێدەنگی یان بە پشتیوانییەکی ئاشکرا پاساوی بۆ دەهێنرێت”.

لە بەردەوامیی راگەیەندراوەکەدا هاتووە”ئەو چەکە کیمیایی و گازە ژەهراوییانەی هێزەکانی داگیرکەری دەوڵەتی تورک دژی هێزەکانی گەریلا بەکاریان هێناوە، نەک تەنها زیان بە گەریلاکان دەگەیەنێت، بەڵکو زیان بە هەموو جیهان و مرۆڤایەتی دەگەیەنێت. دەوڵەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کە لەم کاتەدا بۆ کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا کۆبوونەتەوە، بە ئاگادارکردنەوەی “ئزەنگی سوور بۆ مرۆڤایەتی” و “دوا دەرفەت بۆ مرۆڤایەتی” دەیانەوێت مرۆڤایەتی و جیهان ڕزگار بکەن. ئەگەر ئەو زیانانەی کە بەهۆی چەکی کیمیایی و گازی ژەهراوی دەوڵەتی تورکەوە بە مرۆڤ و ژینگە گەیشتووە نەبینن، دەبێت بزانن کە ناتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن و ئەو هەوڵانە هیچ سوودێک بە مرۆڤایەتی ناگەیەنێت و کاریگەری ئەرێنی نابێت”.

“بێدەنگیی واتە هاوبەشی تاوانەکە”

کۆمیتەی تەندروستی کەجەکە، پرسیار دەکات، بەتایبەتیی لەو ڕێکخراوانەی کە خۆیان وەک گەرەنتی دوارۆژی مرۆڤایەتی دەبینن، پارێزەرانی مافی مرۆڤ و ئەوانەی سروشت و ئاژەڵان دەپارێزن، بۆچی بەم ئەندازەیە بێدەنگن؟

دەشڵێت:”ئێمە بانگەوازیی خۆمان ئاڕاستەی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (OPCW)، پزیشکانی بێسنوور (MSF)، نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیتەی ڕێگرییکردن لە ئەشکەنجە (CPT)، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پارێزەرانی مافی مرۆڤ دەکەین، کە بۆچی لەبەرانبەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێدەنگن؟ بێدەنگی لە بەرانبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بە واتای هاوکایری و پشتگیریی لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دێت”.

لە کۆتاییشدا هاتووە:”بانگی ئێمە بۆ ڕێکخراوەکانی OPCW و MSF ئەمەیە: بە زوترین کات ئەرکی خۆتان جێبەجێ بکەن و لێکۆلینەوە لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و گازی ژەهراوی بکەن کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەکاریهێناوە و ڕێگریی لێبکەن، ئێمە ئامادەین کە لەم ڕووەوە بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی و هاوکاریی بکەین”.



Report Page