NEWS

NEWS


لەبەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیاییدا داوادەکرێت لێپرسینەوە لە تورکیا بکرێت

  

لەبەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیاییدا داوادەکرێت لێپرسینەوە لە تورکیا بکرێت


هۆگر عەدنان

لەتیف فاتیح فەرەج، ڕایدەگەیەنێت، دەوڵەتی داگیرکەرى تورک یاسا نێودەوڵەتییەکانی شکاندووە و ەب سەدان جار جەکی کیمیایی دژی گەریلا بەکارهێناوە، بۆیە دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

لەتیف فاتیح فەرەج، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، کە یەکێکە لەو کەسانەى، کە دژی بەکارهێنانى چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەرى تورکەوە لە باشووری کوردستان، یاداشتیان داوەتە نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی جیهانى، بەمشێوەیەیە بۆ ڕۆژنیوز دوا.

لەتیف فاتیح فەرەج

لەتیف فاتیح فەرەج، لە سەرەتادا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، نەتەوەی کورد لەبەردەم هەڕەشەی گەورەی ئەو دەوڵەتانەدان، کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، کوردیش شەڕی ئازادیی و سەلماندنی بوونی خۆی دەکات.

ئەو نووسەرە تیشکی خستە سەر ئەو تاوانانانەی کە دووژمنان دژ بە گەلی کورد ئەنجامی دەدەن، یەکێک لەوانە بەکارهێنانی چەکی کیمیاییە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە و وتی: تەنها لەم شەڕانەی دواییدا بەسەدان جار ئەو چەکە قەدەغەکراوەى بەکارهێناوە.

بە بۆچوونی لەتیف فاتیح، بۆ ڕێگریى لەو تاوانەی دەوڵەتى داگیرکەرى تورک، زۆر گرنگە لیژنەیەکى لێکۆڵێنەوەى تایبەت بە بەکارهێنانى چەکی کیمیایی پێکبهێندرێت، تاوەکو لەسەر ئاستیی جیهان ببێتە بابەتێکى گرنگى گفتوگۆکردن، چونکە جیهان و میدیاکان دەزانن تورکیا چەکی کیمایی بەکاردەهێنێت.

لە بەردەوامیی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، کە چەکی کیمیایی لە ئاستی نێودەوڵەتییدا قەدەغەکراوە، نە بۆ هاوڵاتیی مەدەنیی و نە بۆ هێزی چەکدار نابێت بەکاربێت، دەوڵەتی داگیرکەرى تورکیش یاسا نێودەوڵەتییەکانی شکاندووە، بۆیە دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

لەبارەى ئەو یاداشتەى، کە داویانەتە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی جیهانى ڕایگەیاند، ڕاستە ئێمە یاداشتێکمان داوەتە نەتەوە یەکگرتوەکان، بەڵام کاری نەتەوە یەکگرتوەکان زۆر لەسەرخۆیە و پێشتریش لەسەروبەندى کارەساتی کیمیابارانکردنى هەڵەبجە زۆر درەنگ بەشێک لە دەسەڵاتدارانى جیهان دانیان پێدانا، چونکە ئەو حکومەتانە بەرژەوەندیی پێکەوەیان دەبەستێت، تەنانەت نەتەوە یەکگرتوەکانیش لەچوارچێوەی بەرژەوەندیی دەوڵەتاندا کاردەکات.

لە کۆتایشدا لەتیف فاتیح ئاماژەى بەوەدا، پێشتر یاداشتی دیکە لەبارەى هەوڵە داگیرکارییەکانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکەوە نووسراوە و لەداهاتووشدا یاداشتی دیکە دەنوسرێت، بەڵام کاردانەوەکان کاتی دەوێت هەروەک دانپێدانانی دەوڵەتانى جیهان بە تاوانى کیمیابارانکردنى هەڵەبجە لە ساڵى ١٩٨٨ دا.


Report Page