NEWS

NEWS

dengi emrali

لە ٢٠٢١دا پەکەکە گرەوی هەڵنەگیرسانی شەڕی کورد بەکوردی لە پەدەکە بردەوە


لە ٢٠٢١دا پەکەکە گرەوی هەڵنەگیرسانی شەڕی کورد بەکوردی لە پەدەکە بردەوە





پەكەكە ساڵی ٢٠٢١ی كردە ساڵی سەركەوتن بەسەر سوپای توركدا و توانی گەورەترین هێرشی داگیركاریی دەوڵەتی تورك لە دوو دەیەی ڕابردوودا تێكبشكێنێت، لەلایەكی ترەوە، سەرەڕای هێرشەكانی پەدەكە و شەهیدكردنی چەندین گەریلا، بەڵام گرەوی هەڵنەگیرسانی شەڕی كورد بە كوردی زیرەكانە لە پەدەکە بردەوە و بەری بە هەڵگیرسانی شەڕی خوێناویی كورد بە كورد گرت.

پێش دەستپێكردنی هێرشە داگیركارییەكەی ٢٣ی نیسانی ساڵی ڕابردوو، ڕەجەن تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا وتی:”لەوانەیە لە شەوێكدا لە پڕدا هێرش بكەین”، دوای ئەو قسەیەی ئەردۆغان، سوپای توركیا لە ٢٣ی نیسانی ساڵی ٢٠٢١دا گەورەترین هێرشی داگیركاریی لە دوو دەیەی ڕابردوودا بۆسەر باشوری كوردستان دەستپێكرد.

دەوڵەتی تورك دووەم گەورەترین سوپای ئەندامی ناتۆی بەرەو باشووری كوردستان و بەپاڵپشتی فڕۆكەی جەنگی و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە جوڵە پێكرد، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەكانی خستەگەڕ بۆ هەڵگیرسانی شەڕی كورد بە كورد لە نێوان پەدەكە و پەكەكەدا، ئەویش لەڕێگەی بەكارهێنانی چەتەی ڕۆژ و چەکداری پەدەكەوە.

لەگەڵ دەستپێكی هێرشە داگیركارییەكەی دەوڵەتی توركدا بۆ سەر هەرێمەكانی زاپ و مەتینا و ئاڤاشین، گەریلاكانی كوردستان كەوتنە جەنگێكی قورسە و دوای مانگێك لە هێرشەكەی دەوڵەتی تورك تیمی كوردستان عێراقی سی پی تی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا لە سلێمانی ڕایگەیاند، كە جەنگێكی قورس لە هەرێمەكانی زاپ و مەتینا و ئاڤاشین و بەڕێوەدەچێت.

لەكاتێكدا گەریلاكانی كوردستان بەرپەرچی گەورەترین هێرشی دگیركارییان دەدایەوە و جەنگێكی قورسیان بەڕێوەدەبرد، پەدەكە بە فیتی دەوڵەتی تورك بەبێ هیچ بیانوویەك چەتەكانی ڕۆژ و بەشێك لە هێزەكانی خۆی بەرەو هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا جۆڵەپێكرد.

ڕۆژی پێنجی حوزەیرانی ٢٠٢١، پەدەکە هێزێکی سەربازیی بە چەکی قورسەوە گواستەوە بۆ ناوچەی مەتینا و ناوچەکانی گەریلا، دواتر بەهۆی بۆردوومانی سوپای تورکەوە پێنج پێشمەرگەی پەدەکە گیانیان لەدەستدا.

ناردنی هێز

هەرچەندە هەپەگە بە فەرمیی بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی خستە ئەستۆی دەوڵەتی تورك و ڕەتیكردەوە ئەوان لەپشت هێرشەكەوەبووبن، بەڵام پەدەكە پەكەكەی ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتباركرد، بۆئەوەی ڕەوایەتی بە هەڵگیرساندنی شەڕی كورد بە كورد بدات.

ڕۆژی ١١ی حوزەیران، موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە، بانگەوازییەکی ئاڕاستەی لایەنەکانی چوار پارچەی کوردستان كرد، كە لەبەرامبەر ئەو دۆخەدا بێدەنگ نەبن، کە پەدەکە لە مەتینا دروستی کردووە و ڕێگا نەدەن شەڕ لەنێوان پەکەکە و پەدەکە دروست ببێت، داواشیكرد، بچنە مەتینا و خۆیان دۆخەکە هەڵسەنگێنن، تا بۆیان دەربکەوێت کێ مافدارە.

موراد قەرەیلان

هەپەگە بۆ دەركەوتنی ڕاستییەكان داوای لیژنەی لێكۆڵینەوەی كرد، دوای چەند ڕۆژێك لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی هاوبەشی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و عێراق چوونە شوێنی ڕووداوەكە، دواتر ئەندامانی لیژنەكە ڕایان گەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلەی كرابویە ئامانج لەلایەن فەرماندەكانی پەدەكەوە شاردراوەتەوە و ڕێگەیاننەداوە بیبینن.

سەڕەڕای هۆشدارییەكان و دروستكردنی كەمپەین و خۆپیشاندان بۆ هەڵنەگیرسانی شەڕی كورد بە كورد، بەڵام پەدەكە بە بێ گوێدانە ڕایگشتی و داوای خەڵكی كوردستان بەردەوامبوو لە گواستنەوەی هێز و دروستكردنی سەنگەر بەرامبەر بە گەریلاكانی كوردستان و هەوڵدان بۆ كردنەوەی بەرەیەكی تری شەڕ بۆ پەكەكە.

٢٤ی حوزەیران، پەدەکە هێزێکی گەورەی ڕەوانەی هەرێمی برادۆستی سەر بە شارەدێی حاجی ئۆمەران لە سنووری شاڕۆچکەی سۆران کرد، هەروەها، كۆتایی مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ هێزی بەرەو ناوچەی ڕەنجبەر ئاغا لە شارەدێی شیلادزێی سەربە دهۆک نارد، ئەو ناوچەیە ٣٩ ساڵە گەریلاكانی كوردستانی تێدایە.


هێزەکانی پەدەکە ٢٤ی تەمموزی ٢٠٢١، لەنێوان گردی چارچڵ و گردی مەتینا بەرەو هەرێمەکانی گەریلا چوون و بووبوونە هۆی ئاڵۆزیی، هەر لەو کاتەدا فڕۆکە سیخوڕییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیش بەسەر هەرێمەکەدا سووڕانەوە.

كۆتایی مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٢١، لە گوندی بێخمەی شارەدێی خەلیفان، ئەوەی نەدەبوو ڕووبدات لەسەر دەستی پەدەكە ڕوویدا و سێ گەریلای پەكەكە دوای گەمارۆدانیان لەلایەن هێزەكانی پەدەكەوە هێرشیانكرایە سەر و شەهیدكران.

ئەو ڕووداوە كاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناو پەدەكە بە تۆمەتباكرا بەوەی ئەو كردەوەیەی دەستپێشخەری بۆ شەڕی كورد بە كورد كردووە، بەڵام دانبەخۆداگرتنی گەریلاكانی كوردستان هەوڵەكەی پەدەكە و دەوڵەتی توركی بۆ هەڵگیرسانی ئەو شەڕە شكست پێهێنا.


ئەو هێرشەی پەدەكە لە كاتێكدابوو، لەمانگی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا ٧٩ هەوڵ هەبوو بۆ بەرگرتن بە شەڕی كورد بە كورد، لەوانە شاندێكی ئاشتی نێونەتەوەیی هاتنە هەرێمی كوردستان و زنجیرەك كۆبونەوە و چالاكییان ئەنجامدا، جگەلەوەش ٣٠ خۆپیشاندان و گردبونەوە و ناڕەزایەتی و کۆنگرەی رۆژنامەوانی لە شارەکانی سلێمانی، گەرمیان، هەولێر،زاخۆ، ڕانیە، پشدەر، مەخمور، شەنگال، قامشلۆ، عەفرین، بناری قەندیل، کۆبانی و هەروەها، هەروەها حەوت گردبونەوە و ناڕەزایەتی لە وڵاتانی، ئەڵمانیا، ڕوسیا، بەریتانیا ولەندەن، ئەنجامدرا.

دوای ئەوەی پەدەكە دڵنیابوو لەوەی پەكەكە لەسەر ڕووداوەكەی گوندی بێخمەی شارەدێی خەلیفان كاردانەوەی نابێت و شەڕی كورد بە كورد ڕەتدەكاتەوە، لە بەرەبەیانی ٢٩ی ئاب، لە ناوچەی خەلیفان، حەوت گەریلا لەلایەن پەدەکەوە هێرشیان کرایە سەر و پێنج گەریلا شەهیدبوون، گەریلایەک بێسەروشوێنبوو، گەریلایەکیش خۆی ڕزگارکرد.


ئەنجامدانی دووەم هێرشی پەدەكە بۆسەر گەریلاكان لەكاتێكدابوو، گەریلا لە سێ هەرێمدا لە جەنگێكی قۆرسدابوو بەرامبەر دەوڵەتی تورك، پەدەكە بەبێ گوێدانە بەرژەوەندی گەلی كورد و خواستی گەلی كورد بۆ بەرگرتن بە شەڕی كورد بە كورد، بە خواستی دەوڵەتی تورك دەیویست شەڕی كورد بە كورد هەڵبگیرسێنێت و بەرەیەكی تری شەڕ بۆ گەریلاكانی كوردستان بكاتەوە.

لەسەر هێرشەكانی پەدەكە لەمانگی ئابی ئەو ساڵەدا، مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، ئیتر ئەو ئارامگرتنەش کۆتایی هاتووە چەقۆ گەیشتووەتە سەر ئێسقان.

مستەفا قەرەسوو

ئەو ئەندامەی کۆنسەی بەڕێوبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان وتیشی: ئێمە لە پەدەکە دەپرسین بۆچی هێرشت کردە سەر گەریلاکان؟، ئایا ئەمە هۆکارێک نییە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ؟

پەدەكە بە شەهیدكردنی هەشت گەریلا لە ماوەی مانگێكدا خواستی خۆی بۆ هەڵگیرسانی شەڕی كورد بە كورد ئاشكراكرد و بە ئەنجامدانی ئەو تاوانانە دەریخست كە بەجێهێنانی خواستەكانی دەوڵەتی تورك لە پێشدا و خواستی گەلی كوردەوەیە، بەڵام پەكەكە زیرەكانە سیحری هێرشەكانی پەدەكەی بەتاڵكردەوە و نەیهێشت جارێكی تر شەڕی كورد بە كورد هەڵبگیرسێت.

لە ساڵی ٢٠٢١دا لەگەڵ ئەوەی پەكەكە مژدەی سەركەوتنی بەسەر سوپای داگیركەری توركدا بە گەلی كورددا، لە هەمانكاتدا گرەوی هەڵنەگیرسانی شەڕی كورد بە كوردی لە پەدەكە بردەوە و سەرەتای ساڵی نوێی كرد بە جەژنی سەركەوتن بەسەر سوپای تورك و هەورەها سەركەوتنی ئیرادەی گەلی كورد بەسەر خواستنی خوێنڕێژیی پەدەكەدا.


Report Page