پێکەنینی گوڵ

پێکەنینی گوڵ

@kurdpoems

کاتی کازیوە پێش گزنگ بولبول

لە شەقەی باڵی دا هەتا کن گوڵ

گوتی ئەی نازەنینی عیشوەفرۆش

کەم کەمە دیارە بێ وەفایی تۆش

بۆ شنەبا هەیەتی لێرە ڕێ؟

بۆ پەپوولە بەدەورەتا دەگەڕێ؟

چەپکی تۆ باغەوان دەکەن دەسگێڕ

لە خەیابان و کووچە و باژێڕ

دەتفرۆشن بەقیمەتی هەرزان

دەتدەنە دەستی ناکەس و هەرزان

بۆیە سووک و چرووکی ناو چەمەنی

لەوەتی بووی هەمیشە پێ دەکەنی

هەڵگەڕاوە بەناز و گوڵ پێی گوت

شێت و شووری کە شرت و شۆمت شوت

وەکوو تۆ ئاشقە پەپوولەی زار

بۆ بەخۆڕایی ئەو بدەم ئازار

شنەبا ڕێ نەدەم کە بۆ لای خۆم

کێ دەبا بۆ هەموو وڵاتێ بۆم؟

گوڵ لەکن کەس نییە عەزیزم سووک

سەری زاوایە جێی و باوەشی بووک

من کە ناگاتە هەفتەیەک تەمەنم

بۆ چی بگریم و بۆ چی پێ نەکەنم

1946

مەهاباد

--------------------------------
25 بلوێری شوان
https://telegra.ph/25-08-12-10


Report Page