..

..


کاتێک ٥ی دێسامبر، ١٤ی مانگی سەرماوەز لە ڕۆژی یەکەمی مانگرتنی سەرتاسەری لە فەڕانسە، ئەو پلاکاردانەمان بینی کە لە سەریان نووسرابوو “یان مەرگ یان مانگرتن”، باوەڕی ئەوەیکە ئەم مانگرتنە دوای ٢٥ ڕۆژ هەروا درێژەی بێت ئاسان نەبوو. ئایا ئەم مانگرتنە دەتوانێ درێژماوە بێت؟ ئایا بەشێکی زۆرتری کۆمەڵ لەو مانگرتنەدا بەشداری دەکەن؟ ئایا بۆشایی نێوان بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکان پڕ دەبێتەوە؟ ئایا سەندیکا کرێکاریەکان و بزووتنەوەی جلیقە زەردەکان هەر کامیان بە ڕێی خۆیان دا دەڕۆن؟ ئایا ئەمجارەشیان هەروەک ساڵی ١٩٩٥، مانگرتنی سەرتاسەری دەتوانێ شکست بە گەڵاڵەی چاکسازی یاسای خانەنشینی بێنێت؟ ئەم پرسیارانە و ڕەنگبێ بۆ بەشی ڕادیکاڵی کۆمەڵیش، پرسیاری بەدیلی نەزمی زاڵ، بیری و زەینی زۆر کەسی داگرتبێ. بەڵام ڕۆژیی یەکەمی مانگرتنی سەرتاسەری، خۆی بوو بە وڵامی هێندێک لەو پرسیارانە.

سەندیکای “س ژ ت” ڕایگەیاند کە دوو ملیۆن و نیو لە سەرتاسەری فەڕانسە و تەنیا لە پاریس ٢٥٠ هەزار کەس لە مانگرتنەکەدا بەشداریان کردووە. بەشێکی  گەورە لە هێڵی ئاسنی سەرتاسەری لە کار کەوتن. شۆفیر کامیۆنەکان زۆربەی ئۆتووبانەکانیان بەست. ڕۆژی دواتری مەدرەسەکان داخران. ٧٠ لەسەدی موعەلیمان بەشداری مانگرتنەکە بوون. مانگرتن لە زۆربەی نەخۆشخانە و ناوەندەکانی سەنعەتی شیمیایی و پێترۆشیمی بەڕێوە چوو. لە کۆی ٨ پاڵاوگە، ٧یان لە کار کەوتن.

موعلیمان، پزیشکانی فریاکەوتن، پەرستاران، پارێزەران، کرێکارانی ڕێگەی ئاسن، شۆفیری ئۆتوبووسەکان، شۆفیری کامیۆنەکان، کرێکارانی ئاگرکووژێنەوە، خوێندکاران، لاوانی بزووتنەوەی پاراستنی ژینگە، کرێکاران، بێکاران، ژنانی ناوماڵ، کارمەندانی فڕۆکەخانە، سەندیکا کرێکاریەکان، جلیقە زەردەکان، هەموویان تێکڕا هاتنە سەر شەقامەکان. ئەوەش بێ گومان نیشانی دا کە ئەو مەسەلەیە زۆر سەرترە لە ناڕەزایەتی بە گەڵاڵەی گۆڕینی یاسای خانەنشینی. زۆر زوو پرسیاری “کام کۆمەڵ” کەوتە بەر باس و گفتوگۆ. لەو نێوەدا هەمووان لەسەر ئەوەیکە نەزمی زاڵ نابێ درێژەی بێت، هاودەنگ بوون. مانگرتنەکە وەها بەهێز بوو کە “ئێدوارد فیلیپ”ی سەرۆک وەزیران، ڕاگەیاندنی وردەکاری گەڵاڵەکەی بۆ چەند ڕۆژی دیکە وەدوا خست و دەوڵەت هاوکات دە هەزار هێزی سەرکوتگەری لەسەر شەقامەکان جێگیر کرد. مەکرۆن و سەرۆک وەزیران دەیانویست لەو ڕێگەوە دەرفەت پەیدا بکەن تا بەلەبەرچاوگرتنی بەرینایی و بەهێزبوونی ئەو مانگرتنە، گۆڕانکاریەکی چکۆلەی تاکتیکی بەسەر گەڵاڵەکە ببێنن، تا بەناو ئارامش بگەڕێننەوە ناو کۆمەڵ. لەبەر ئەوەیکە ئەو مانگرتنە هەموو ڕۆژێک ٤٠٠ ملیۆنی زیان بە سەرمایە دەگەیاند.

گەڵاڵەی گۆڕینی یاسای خانەنشینی، ناوی ڕەمزی پەلامارێکە کە لە زۆربەی وڵاتانی ئۆرووپایی بەکردەوە دەرهاتووە و ئاکامەکەشی خراپتر بوونی باروودۆخی ژیانی خانەنشینان و چوونەسەرەوەی تەمەنی خانەنشینیە. فەڕانسە نەیدەتوانی جیاواز بێت. بەتایبەت کە مەکرۆن، بەرچاوترین کەسایەتی نێئۆلیبراڵی ئۆرووپا و یەکگرتووی سەرمایەی ماڵی فەڕانسەیە. مەکرۆن زۆر فریوکارانە، وێڕای ئاماژە بە ٤٢ جۆر یاسای خانەنشینی وتوویەتی کە خوازیاری لابردنی نابەرابەریە لە سیستمی خانەنشینی فەڕانسەدا. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو بەنیازە سیستمی خانەنشینی فەڕانسە بێنێتە خوارترین ئاستی خۆی واتە ئەو ٤٢ یاسا خانەنشینیەی کە زۆربەیان پەیوەندیان بە کەرتی تایبەتەوە هەیە. مەکرۆن کە ئێستا لەگەڵ موقاومەتێکی بەرین بەرەوڕوو بووەتەوە، بە گرتنەبەری تاکتیکی نوێ باس لەوە دەکات کە ئەم “ڕێفۆرم”انە بەرە بەرە و وێڕای کەمترین گوشار بۆسەر خانەنشینان بەکردەوە دەردێت. بەڵام ناڕازیان ڕایانگەیاندووە کە کێشەیەکیان لەگەڵ یەکسانسازی سیستمی خانەنشینی نییە و ئەگەر قەرار بێت گۆڕانکاریەک لەو سیستمەدا ڕوو بدات، ئەو گۆڕانکاریە نابێ لە هێنانەخوارەوەی حقووقی خانەنشینان بۆ کەمترین ئاستی خۆیدا بێت بەڵکوو ئەگەر ناوی چاکسازیە دەبێ حقووقی خانەنشینان بگەیەنێتە بەرزترین ئاستی خۆی.

مەکرۆن هاوشێوەی هەموو خزمەتکارانی سەرمایە بە ئیفادە و بەرزە دەماخیەوە وتوویەتی کە گەڵاڵەکەی خۆی بەکردەوە دەردێنێت. بەڵام لە ڕاستیدا کۆمەڵی فەڕانسە، کۆمەڵی دەورانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ساڵی ٢٠١٧دا نییە کە مەکرۆن توانیی لە ناو دڵی لێکەوتوویی حیزبە موحافزەکار و سۆسیال دیمۆکراتەکان و لەناو دڵی بەهێزبوونی ڕەوتی نیوە فاشیستی “بەرەی نەتەوەیی” و لەناو خۆشباوەڕی بەشێکی زۆر لە کۆمەڵ کە خوازیاری گۆڕانکاری بوون، بێتە سەرکار. لە ئێستادا کۆمەڵی فەڕانسە، لە نوامبری ساڵی ڕابردۆوە هەموو حەفتەیەک شایەدی ناڕەزایەتی بزووتنەوەی جلیقە زەردەکانە. لە ئێستادا زۆربەی ئەو خەڵکەی کە هەتا دۆینێ سیاسەتیان بە ئەمری خۆیان نەدەزانی، لە جەریانی بزووتنەوەی جلیقە زەردەکاندا، یەکەمین ئەزموونەکانی چالاکیی سیاسیان بەدەست هێنا و ڕێک لەو کاتەی کە وێدەچوو لە بەرینایی بزووتنەوەی جلیقە زەردەکان کەم بووەتەوە، مانگرتنێکی سەرتاسەری کۆمەڵی فەڕانسەی تەنێوە. ئێستا ئیتر بزووتنەوەیەکی بەرین و یەکگرتوو باڵی بەسەر کۆمەڵدا کێشاوە. هەموو توێژە زیان دیتووەکانی کۆمەڵ، چ ئەوانەی کە کاریان هەیە و چ ئەوانەی بێکارن، چ ئەو کەسانەی کە لە سەندیکا کرێکاریەکان دان و چ ئەوانەی وا ڕێکخراو نین، هەموویان خۆیان بە هاوچارەنووس دەزانن و دژبە دەوڵەت هاتوونەتە مەیدان. کەوابوو پرسیار ئەوەیە ئایا مەکرۆن دەتوانێ بۆشایی بخاتە ناو ڕێزی ناڕازیان یان کۆمەڵ یەکگرتووتر دەبێت و وەک چۆن یەکێک لە ڕێکخەرانی جلیقە زەردەکان لە ڕێپێوانی ڕۆژی شەممەی پاریس وێڕای ئاماژە بە یەکگرتوویی جلیقە زەردەکان و سەندیکا کرێکاریەکان وتی : ” ئەگەر یەکساڵ لەمەوبەر پێکەوە و بەشێوەی هاوبەش دژبە مەکرۆن دەستمان دابوایە ناڕەزایەتی، ئێستا دەمێک بوو مەکرۆن لە دەسەڵاتدا نەمابوو”.

لە ئێستادا، لە فەڕانسە هیچ شوێنێکی گشتی نییە کە تێیدا باس و لێکدانەوە سەبارەت بەو مانگرتنە سەرتاسەریە و چۆنیەتی درێژەدانی لە ئارادا نەبێت. لە ڕاستیدا ئەو مانگرتنە گشتیە دینامیزمێکی نوێی لەناو کۆمەڵدا خوڵقاندووە کە خۆی لە چوونەسەرەوەی وشیاری سیاسی سەرچاوەگرتوو لە ئەزموونی خەباتدا نیشان دەدا. خەباتی هاوبەش ئەو هەستەی داوە بە بەشداربووان کە پێکەوە نیگەرانی و تووڕەیی خۆیان دەربڕن و چیتر تەنیا نەبن. ئەوان لە جەریانی خەباتەدا فێر دەبن کە چۆن بیر و ڕایان تاو و توێ کەن و چۆن ڕێگای نوێی ڕێکخستن ببیننەوە تا خەباتەکەیان بەسەرکەوتن بگەیەنن.

لە ئێستادا وتەکانی ڕێکخەرێکی بزووتنەوەی جلیقەزەردەکان لە یەکەمین ڕۆژی مانگرتنی سەرتاسەریدا بووەتە ئەمرێکی واقعی، کاتێک کە وتی: “ئەوە تەنیا دەستپێکە، ئەو ناڕەزایەتیە، ئیتحادیە و حیزبی لەگەڵ بێ  یا نەبێ، زۆر لە گەڵاڵەی خانەنشینی دەچێتە سەرتر. لە خەبات دژبە بێکاری و هاتنە خواری توانای کڕینمان دەست هەڵناگرین”. بێ گومان ئەوەش ڕێک  ئەو ڕستانەن کە ترسی خستووەتە ناو دڵی دەوڵەتی فەڕانسەوە.


Report Page