..

..


هه‌موو ساڵێك به‌ بۆنه‌ی هاتنی ڕۆژی ١٣ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، ڕێپێوانێكی فه‌رمایشی له‌ سه‌رتاسه‌ری ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت. ئه‌وساڵیش هه‌روه‌ك ساڵانی پێشوو پاسدار و ئه‌رته‌شی و به‌سیجیه‌كان به‌ لیباسی شه‌خسیه‌وه‌ تێكه‌ڵ خوێندكاران و كارمه‌ندانی ئیداره‌ ده‌وڵه‌تیه‌كان وه‌ك ئه‌ركی ئیداری هێنایانه‌ سه‌ر شه‌قام، تا ئه‌م گاڵته‌جاڕیه‌ به‌ڕێوه‌به‌رن. بێ گومان ئه‌مجۆره‌ شانۆیانه‌‌ له لایه‌ن‌ هه‌موو ڕژیمه‌ دیكتاتۆره‌كانی دونیا زۆر جار ئه‌نجام دراوه‌ و هیچ كاتیش نه‌یانتوانیوه‌ به‌م هه‌وڵانه‌ چكۆله‌ترین ڕه‌وایه‌ك بۆخۆیان دابین بكه‌ن‌. كه‌م نه‌بوون ئه‌و ڕژیمانه‌ی كه‌ چه‌ند حه‌فته‌ و ته‌نانه‌ت چه‌ند ڕۆژ پێش ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵك و ڕووخانیان، ئه‌مجۆره‌ شانۆیانه‌یان ڕێكخستووه‌. ڕێپێوانی ڕۆژی ڕابردوو له‌ ئێران، له‌ زومره‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ بوو.

به‌م بۆنه‌وه‌ هه‌روه‌ك ساڵانی پێشوو، خامنه‌یی له‌ ناو ژماره‌یه‌ك خوێندكاری به‌سیجی ئه‌م ڕۆژه‌ی كرد به‌ ده‌رفه‌تێك تا به‌ خه‌یاڵی خۆی قووڵایی قه‌یرانی سیاسی و باروودۆخی ناله‌باری ئابووری كۆماری ئیسلامی داپۆشێت. بێ گومان خامنه‌یی خۆشی ئه‌م هه‌وڵه‌ی پێ بێ فایده‌ بۆوه‌. گێڕانه‌وه‌ی ته‌نیا چه‌ند ڕسته‌یه‌ك له‌ قسه‌كانی خامنه‌یی به‌ بێ هیچ لێكدانه‌وه‌یه‌ك به‌ ڕوونی نیشانی ده‌دات كه‌ ڕژیم بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ قه‌یرانێك كه‌ تووشی هاتووه‌ هیچ سیاسه‌ت و ستراتێژیه‌كی ڕوونی نییه‌. له‌ حاڵێكدا كه‌ زۆربه‌ی خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگای ئێران چه‌ندین قات له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین، خامنه‌یی له‌ ده‌ستكه‌وته‌كان ده‌دوێ و ده‌ڵێ: “ئه‌مرۆ مووشه‌كی دوورهاوێژی وامان هه‌یه‌ كه‌ تا دوو هه‌زار كیلومیتر ده‌ڕوا و هه‌موو نیشانه‌یه‌كیش به‌ هه‌ڵه‌ی ته‌نیا یه‌ك میتره‌وه‌ ده‌پێكێ. ئه‌گه‌ر وتووێژمان كردبایه‌، ئه‌مریكاییه‌كان باسی مووشه‌كه‌كانی ئێمه‌یان دێنایه‌ گۆڕێ و بۆ نموونه‌ ده‌یانگوت پێویسته‌ مووشه‌كی ئێران ته‌نیا ١٥٠ كیلومیتر بڕوا. واته‌ ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی ئێمه‌ ئه‌وه‌یان قه‌بووڵ كردبایه‌ وڵاته‌كه‌مان به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌چوو”. هه‌روه‌ها خامنه‌یی له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: “ئه‌وان ده‌ڵێن جارێ له‌ چه‌ند وڵات خزوورتان نه‌بێت و توانای دیفاعی و مووشه‌كی خۆتان مه‌به‌نه‌ سه‌ر، بێ گومان دوای جێبه‌جێ كردنی ئه‌م خواستانه‌شیان پێمان ده‌ڵێن كه‌ له‌ یاسا و ڕێسای ئایینی ده‌ست هه‌ڵگرن و له‌سه‌ر حیجابی ئیسلامی پێداگری مه‌كه‌ن”. به‌مجۆره‌ خامنه‌یی به‌و قسانه‌ی به‌ ئاشكرا ده‌مه‌ لاسكه‌ به‌ ئه‌منیه‌ت و به‌ چاره‌نووس و ژیانی خه‌ڵكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ ده‌كات. له‌ڕاستیدا “ستراتێژی” خامنه‌یی ته‌نیا توندتر كردنه‌وه‌ی قه‌یران و په‌ره‌پێدان به‌ باروودۆخی ناله‌باری ئێستایه‌.

به‌ڵام خامنه‌یی له‌ درێژه‌ی قسه‌ هه‌ڵیت و پڵیته‌كانی خۆیدا گۆیا فه‌لاكه‌تی ئابووری زاڵ به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئێرانی پێ كه‌مه‌ و به‌ڵێنی توندتر كردنه‌وه ئه‌م فه‌لاكه‌ته‌ به خه‌ڵك ده‌دات. ئه‌و له‌ سیاسه‌تی كونترۆڵ كردنی حه‌شیمه‌تی ئێران ڕه‌خنه‌ ده‌گرێت و ده‌ڵێ: “ئاسه‌واری ئه‌م هه‌وڵه‌ مه‌ترسیدارانه‌ دوو ده‌یه‌ی داهاتوو ئاشكرا ده‌بێت، ئه‌وكات كه‌ ئیتر ئێران نه‌سلی به‌رینی لاوانی خۆی له‌ده‌ست داوه‌”. هه‌ر له‌و پێوه‌نده‌دا خامنه‌یی هوشدار به‌ به‌رپرسان ده‌دات كه‌ سه‌باره‌ت به‌م ته‌وه‌ره‌ لێبڕاوانه‌ هه‌وڵ بده‌ن. پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ئایا ئه‌مجۆره‌ قسه‌ و باسانه‌ له‌ باروودۆخی ئێستای ئێراندا، به‌ڕاستی وڕینه‌ی ڕێبه‌ریه‌كی نه‌خۆش نییه‌؟

به‌ڵام ١٣ی خه‌زه‌ڵوه‌ر كه‌ خامنه‌یی ده‌یكاته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ دووپات كردنه‌وه‌ی قسه‌ بێ بنه‌ماكانی، ساڵڕۆژی چه‌ند ڕووداوی گرینگه‌. ساڵڕۆژی كوشتنی خوێندكارانه‌ له‌ ساڵی ١٣٥٧ی هه‌تاوی به‌ده‌ست خوێنڕێژانی حكوومه‌تی په‌هله‌وی و ساڵڕۆژی داگیركردنی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكایه‌ له‌ لایه‌ن حیزبوڵڵاییه‌كانی په‌یڕه‌وی خومه‌ینی و ساڵڕۆژی هاتنه‌ مه‌یدانی سه‌دان هه‌زار خوێندكاره‌ دژبه‌ كودتای هه‌ڵبژاردنی ١٠مین ده‌وره‌ی سه‌رۆك كۆماری و نیشان دانی حزووری سه‌ربه‌خۆ و به‌هێزی بزووتنه‌وه‌ی لاوانه‌ له‌ خه‌بات دژبه‌ ڕژیمی كۆماری ئیسلامی.

له‌ ١٣ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ٥٧ و له‌ سه‌روبه‌ندی سه‌ركه‌وتنی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك، ژماره‌یه‌ك له‌ قوتابیان له‌ حه‌ساری زانكۆی تاران كۆبوونه‌وه‌ و وێڕای خوێندكارانی زانكۆ ده‌ستیان دایه‌ خۆپیشاندان. هێزه‌ نیزامیه‌كانی ده‌وڵه‌تی “شه‌ریف ئیمامی” به‌ره‌وڕووی خۆپیشانده‌ران ته‌قه‌یان كرد و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خوێندكاران گیانیان له‌ده‌ست دا. ده‌وڵه‌تی شه‌ریف ئیمامی كه‌ هه‌مان ساڵ له‌ ڕێكه‌وتی ١٧ی خه‌رمانان له‌ مه‌یدانی ژاڵه‌ كوشتارێكی خوێنینی وه‌ڕێخستبوو ، ڕۆژێك دوای كوشتنی خوێندكاران له‌ زانكۆی تاران، له‌سه‌ر كار لاچوو.

پاش ڕووداوی خوێنینی ١٣ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ٥٧، ئه‌و ڕۆژه‌ به‌ ڕۆژی خوێندكار پێناسه‌ كرا. یه‌ك ساڵ دواتر دوای كاره‌ساتی زانكۆی تاران، ڕێك له‌ وه‌ها ڕۆژێكدا له‌ هه‌وڵێكی ڕێكخراو له‌ لایه‌ن حیزبوڵڵایه‌كانی په‌یڕه‌وی خومه‌ینی، باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ تاران داگیر كرا. داگیركردنی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا كه‌ به‌ فه‌رمانی خومه‌ینی به‌ڕێوه‌چوو، به‌هۆی ئه‌وه‌یكه‌ ئه‌و ڕووداوه‌ ده‌ور و نه‌خشێكی گرینگی له‌ پاشه‌كشه‌ پێكردن به‌ ڕه‌وته‌ چه‌پ و ڕادیكاڵه‌كان و سه‌ركوتی شۆڕش هه‌بوو، خۆمه‌ینی ناوی “ئینقلابی دووهه‌می” له‌سه‌ر دانا. به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئینقلابی دووهه‌م جگه‌ له‌ درێژه‌ی سه‌ركوتی شۆڕشی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵكی ئێران له‌ لایه‌ن كۆنه‌په‌رستانی ئیسلامیه‌وه‌، شتێكیتر نه‌بوو. درووشمی “مه‌رگ بۆ ئه‌مریكا” كه‌ له‌م ڕۆژه‌وه‌ زیاتر كه‌وته‌ سه‌ر زاری حیزبوڵڵایه‌كان، بوو به‌ بیانوویه‌ك بۆ كپ كردنی ده‌نگی هه‌موو نه‌یاران. له‌م ڕۆژه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌ملا، دار و ده‌سته‌ی هاندراوی حیزبوڵڵا كه‌وتنه‌ گیانی كۆمۆنیسته‌كان و هه‌موو ئینسانه‌ ئازادیخواز و سكۆلاره‌كان.

ئه‌گه‌رچی كۆماری ئیسلامی هه‌وڵی دا تا به‌ داگیركردنی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا، ساڵڕۆژی ڕێزگرتن له‌ خوێندكاران له‌ بیر به‌رێته‌وه‌، به‌ڵام به‌رده‌وام به‌ هیمه‌تی خوێندكارانی شۆڕشگێڕ ئه‌م ڕۆژه‌ هه‌روا به‌رز ڕاگیراوه‌ و له‌ بیر و زه‌ینی كۆمه‌ڵگادا ماوه‌ته‌وه‌. له‌ ١٣ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ١٣٨٨ی هه‌تاوی كه‌ نزیك ٥ مانگ له‌ 10مین ده‌وره‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری تێپه‌ڕ ببوو، بۆ ڕێزگرتن له‌و ڕۆژه‌ و له‌ درێژه‌ی ئاخێزی جه‌ماوه‌ریدا، خۆپیشاندانێكی به‌رین وه‌ڕێكه‌وت كه‌ له‌ ڕاستیدا، دژایه‌تی بوو له‌گه‌ڵ سه‌رتاپێی نیزامی كۆماری ئیسلامی.



Report Page