..
له ئێستادا چه‌ند مانگ پاش ڕووداوه‌كانی ونێزۆیلا له باروودۆخێكی تایبه‌ت و له دڵی پیلانگێڕی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا بۆ به‌لاڕێدابردنی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك و نیشاندانی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه وه‌ك شه‌ڕێ نێوان مادۆرۆ و ئۆپۆزیسیۆنی لایه‌نگری ڕۆژئاوا، دیسان بۆ جارێكی دیكه ئه‌مریكای باشوور به یارمه‌تی ناڕه‌زایه‌تی به‌رینی جه‌ماوه‌ری به تایبه‌ت له ئێكوادۆر و شیلی، بووه‌ته‌وه سه‌ردێڕی میدیاكانی جیهان. ئه‌م جاره‌یان ئیتر ڕێگایه‌ك بۆ ڕۆژئاوای ئیمپریالیست نه‌ماوه‌ته‌وه تا بێته‌وه مه‌یدان، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه، ئه‌مجاره‌یان ڕژیمه‌كانی لایه‌نگری ڕۆژئاوا و نێئۆڵیبڕاڵ له لایه‌ن خه‌ڵكی ناڕازیه‌وه كراونه‌ته ئامانج. ئیتر زۆر سه‌خته ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه بۆ ده‌خاڵه‌تی كوبا و چاویسته‌كانی ونێزۆیلا بگه‌ڕێنێوه. مه‌به‌ستی هاتنه سه‌ر شه‌قامی خه‌ڵك ڕوونه.
له ئێكوادۆر له ڕۆژی ئه‌وه‌ڵی ئۆكتۆبره‌وه “مۆرنۆ”ی سه‌رۆك كۆمار گه‌ڵاڵه‌كه‌ی خۆی ڕاگه‌یاند كه بریتی بوو له كه‌م كردنه‌وه‌ی ماڵیاتی سه‌رمایه‌داران و هێنانه خواره‌وه‌ی مه‌ره‌خه‌سی كارمه‌ندانی ده‌وڵه‌ت له 30 ڕۆژه‌وه بۆ ١٥ ڕۆژ و كه‌م كردنه‌وه‌ی حقووقه‌كانیان، كه‌سر كردنی ٢٠ له‌سه‌دی حقووقی كارمه‌ندانی كاتی و لابردنی یارانه‌ی دیزێل و بێنزین. نه‌مانی یارانه‌كان ده‌ستبه‌جێ بوو به‌هۆی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی نرخی بێنزین و پاشان به‌هۆیه‌وه قیمه‌تی پێداویستیه سه‌ره‌كیه‌كانی خه‌ڵك به‌رز بۆوه. ئه‌م گه‌ڵاڵه دژه مرۆییه، مه‌رج و فه‌رمانی سندوقی نێونه‌ته‌وه‌یی پووڵ بوو تا وامێكی ٤ ملیارد و ٢ ملیۆن دۆلاری بداته ده‌وڵه‌تی ئێكوادۆر. خه‌ڵكێك كه ساڵانێكی زۆر بوو له ده‌ست سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تانی نێئۆلیبڕاڵ وه‌گیان هاتبوون، ئه‌م جاره‌یان ده‌ستبه‌جێ ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕی. حیزب و ڕێكخراوی چه‌پ و یه‌كیه‌تیه كرێكاریه‌كان، خه‌ڵكیان بانگهێشتی ڕێپێوان و مانگرتنی گشتی كرد. زۆرێك له شه‌قام و مه‌یدانه‌كان له لایه‌ن ناڕازیانه‌وه داگیر كران. هێرشی هێزی سه‌ركوتگه‌ر بۆسه‌ر ڕێزه‌كانی خه‌ڵك بوو به هۆی په‌ره‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان و پاشان به‌هۆی مانگرتنی كرێكارانی به‌شی گواستنه‌وه و فڕۆكه‌خانه‌كان، هاتووچۆ و فرۆكه‌خانه له پێته‌ختی ئه‌م وڵاته داخرا. بانگهێشتی “كۆنفێدراسیۆنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی” بۆ مارش به‌ره‌و پێته‌خت، بوو به هۆی ئه‌وه‌یكه “مۆرنۆ” هه‌ست به مه‌ترسی بكات و له ٥ی ئۆكتۆبردا باری نائاسایی ڕاگه‌یاند و ٢٩ هه‌زار هێزی نیزامی و ٥ هه‌زار پۆلیسی له سه‌ر شه‌قامی شاره جۆراوجۆره‌كان جێگیر كرد. كاتێك كه هه‌موو ئه‌م هه‌وڵانه نه‌یتوانی له به‌رینایی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان كه‌م كاته‌وه، سه‌رۆك كۆمار ئه‌م جاره‌یان ڕایگه‌یاند كه ئاماده‌یه وتووێژ له‌گه‌ڵ “كۆنفێدراسیۆنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی” و یه‌كیه‌تیه كرێكاریه‌كان بكات. به‌ڵام هه‌ر دووی ئه‌م ڕێكخراوانه ڕایانگه‌یاند كه “له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سه‌ركوتگه‌ر و جه‌نایه‌تكار وتووێژ ناكه‌ن” و جه‌ختیشیان كرده‌وه كه بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی تا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گه‌ڵاڵه‌كه‌ی ده‌وڵه‌ت درێژه‌ی ده‌بێت.
له شیلی ئه‌گه‌رچی ڕێپێوانه‌كان له ناڕه‌زایه‌تی به چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی قیمه‌تی بلیتی مێترۆكان له لایه‌ن خوێندكارانه‌وه ده‌ستی پێكرد به‌ڵام به‌شداری كردنی به‌رینی خه‌ڵك له‌م خۆپیشاندانانه‌دا و كرده‌وه‌ی وه‌حشیانه‌ی ده‌وڵه‌ت، له لایه‌كه‌وه وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی دیمه‌نه‌كانی كودتای پینۆشه دژبه ده‌وڵه‌تی سۆسیالیستی سالوادۆر ئالنده بوو و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه بیره‌وه‌ری خه‌بات له پێناو ڕووخاندنی دیكتاتۆری و فاشیزمی ٢٠ ساڵه‌ی پینۆشه‌ی زیندوو كرده‌وه. هه‌ر له ڕۆژه‌كانی یه‌كه‌م و دووهه‌می ناڕه‌زایه‌تیه‌كان واته له ڕۆژه‌كانی ١٩ و ٢٠ی ئۆكتۆبر لانیكه‌م ٣ كه‌س له ناڕازیان گیانیان له‌ده‌ست دا. سه‌رۆك كۆماری شیلی “پینیرا” ده‌ستبه‌جێ له سانتیه‌گۆی پێته‌خت و سێ پارێزگای دیكه باری نائاسایی ڕاگه‌یاند تا به قسه‌ی خۆی “ئارامی بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ناو كۆمه‌ڵگا”. له زۆربه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا چه‌ندین وێنه و فیلمی ویدیۆیی بڵاوكرایه‌وه كه باروودۆخی ئێستایان له‌گه‌ڵ ڕۆژه‌كانی كودتای پینۆشه هه‌ڵده‌سه‌نگاند و ئه‌وه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه بیری مێژوویی كۆمه‌ڵگا ئه‌و وێنانه له ناوخۆیدا ڕاده‌گرێت. له‌خۆڕانییه كه هه‌ر له ده‌ستپێكی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانه‌وه خه‌ڵك به سه‌دان هه‌زار كه‌سی هاتنه مه‌یدان و هه‌موو ڕۆژێكیش ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه درێژه پێده‌ده‌ن. له ٣مین ڕۆژی ناڕه‌زایه‌تیه‌كاندا، سه‌رۆك كۆمار بڕیاری بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی قیمه‌تی بلیته‌كانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و خوازیاری وتووێژ له‌گه‌ڵ ناڕازیان بوو. به‌ڵام هاوكات باری نائاسایی له ١٢ پارێزگای دیكه ڕاگه‌یاند و هێزه نیزامی و ئینتزامیه‌كانیش په‌لاماری سه‌ركوتگه‌رانه‌ی خۆیان درێژه پێدا. سه‌رۆكی یه‌كیه‌تیه كرێكاریه‌كان له به‌رامبه‌ر پێشنه‌یاری وتووێژی سه‌رۆك كۆماردا ڕایگه‌یاند كه “هه‌تا كاتێك ئه‌رته‌ش و هێزی سه‌ركوتگه‌ر له سه‌ر شه‌قامه‌كان بن، هیچ چه‌شنه وتووێژێك ئه‌نجام ناده‌ین”. هه‌روه‌ها له درێژه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه ” ڕاگه‌یاندنی باری نائاسایی هه‌ر ئه‌و كرده‌یه كه ئێمه له سه‌رده‌می دیكتاتۆری پینۆشه‌دا شایه‌تی بووین و به‌كار هێنانی ئه‌م هه‌وڵه نیشانه‌ی داماوی ده‌وڵه‌ته”.
له ڕاستیدا چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی قیمه‌تی بلیتی مێترۆكان بوو به ده‌رفه‌تێك تا بڵێسه‌ی خه‌فه كراوی ڕق و بێزاری ئه‌م كۆمه‌ڵگایه له قووڵ بوونه‌وه‌ی بۆشایی نێوان هه‌ژاری و سه‌روه‌ت، له هاتنه خواره‌وه‌ی حقوقی خانه‌نشینان و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی قیمه‌تی سووته‌مه‌نیه‌كان، له به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی بیمه‌ی نه‌خۆشیه‌كان و گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل خۆری له نێوان هێزه نیزامیه‌كاندا، له هه‌ر لایه‌كه‌وه سه‌رهه‌ڵداته‌وه و بگه‌شێته‌وه. له ئێستادا بڵێسه‌ی ئه‌م ئاگره بووه‌ته هۆی وه‌ڕێكه‌وتنی بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تی به‌رین كه له سه‌رده‌می ڕووخانی پینۆشه‌وه واته له سێ ده‌یه‌ی ڕابردووه هه‌تا ئێستا بێ وێنه بووه. كاتێك هه‌موو هه‌وڵ و فریو و پاشه‌كشه‌ی “پینیرا” كارساز نه‌بوو، باری نائاسایی له پارێزگاكانی دیكه‌ش وه‌ڕێ خست و بۆ پاساو كردنی ئه‌م كرده‌وه‌یه‌شی ڕایگه‌یاند كه ” ئێمه له‌گه‌ڵ دوژمنێكی به‌هێز و ئاشتی نه‌ناس به‌ره‌وڕووین”. به پێی ڕاپۆرتی وه‌زاره‌تی دیفاعی ئه‌م وڵاته ته‌نیا له شاری سانتیه‌گۆ ٩ هه‌زار و ٤٠٠ هێزی نیزامی جێگیر كرا. خه‌ڵكی ناڕازی بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و ژماره‌یه له هێزی نیزامی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان، هاوشێوه‌ی مانگه‌كانی كۆتایی دیكتاتۆری پینۆشه له باڵكۆن و سه‌ربانی ماڵه‌كانه‌وه و به لێكدانی قاپ و كه‌وچك و كه‌ره‌سته‌ی ماڵ، ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕی.
پینیرا له ٢٢ی ئۆكتۆبردا به‌خاتری بایه‌خ نه‌دان به كێشه‌كانی خه‌ڵك داوای لێبۆردنی له خه‌ڵك كرد و چه‌ند به‌ڵێنیه‌كی نوێی پێدان. به‌ڵام وڵامی خه‌ڵك بۆ ئه‌و، ڕێپێوانی شكۆداری یه‌ك ملیۆن كه‌سی بوو له ڕۆژی هه‌ینی له سانتیه‌گۆ. له‌م ڕێپێوانه‌دا ده‌یان هه‌زار كه‌س له خه‌ڵك هاوكات پێكه‌وه ئاوازی خۆشی “مافی ژین له ئاشتیدا”ی ویكتۆر خارا گۆرانی بێژ و ئاهه‌نگسازی خه‌ڵكی شیلی كه له لایه‌ن ڕژیمی پینۆشه‌وه كوژرا، ده‌خوێنده‌وه. له‌بیرمان نه‌چێ كه هه‌ر ئه‌م ئاوازه بوو به ده‌ستپێكی خه‌باتی به‌رین له دژی پینۆشه. شه‌وی هه‌ینی “پینیرا” به مه‌به‌ستی پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی نوێ هه‌موو ئه‌ندامانی كابینه‌كه‌ی له‌سه‌ر كار لابرد و وتیشی كه “ئیتر شیلی ئه‌و وڵاته‌ی حه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر نییه”. بێ گۆمان قسه‌كه‌ی پینیرا ڕاسته به‌ڵام ئێستا ئه‌و شیلیه نییه كه ئه‌و ده‌یهه‌ویست به‌ڵكوو ئێستا شیلی وڵاتێكه كه ناڕازیان ده‌یانویست. له ڕۆژانی ڕابردوودا ده‌رده‌كه‌وێ كه خه‌ڵك تا كوێ ده‌توانن بڕۆنه پێش. بێ گومان پرسی نه‌زمی ئابووری هاتووه‌ته ناوه‌ڕاستی كۆمه‌ڵگاوه. ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه هاوكات له دوو قاره‌ی جیهان به دووریی چه‌ند هه‌زار كیلۆمیتر له عێراق و لۆبنان، له ئێكوادۆر و شیلی خه‌ڵكی ناڕازی هاتوونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان و سه‌ره‌ڕای تایبه‌تمه‌ندیه‌كانیان، خواستی هاوبه‌ش هاوار ده‌كه‌ن. ئه‌وان خوازیاری كۆتایی هێنان به بۆشایی نێوان هه‌ژاری و سه‌روه‌ت، گه‌نده‌ڵی و دزی به‌ربڵاوی سه‌ران ده‌وڵه‌ت و خوازیاری وه‌دی هاتنی ژیانێكی شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌ی ئینسانین. له ڕاستیدا، نه‌زمی نێئۆلیبڕاڵی ملیۆنان مرۆڤی كردووه‌ته كۆیله‌ی مۆدێرن و ئێستاش هه‌ر ئه‌م كۆیلانه هاواری ناڕه‌زایه‌تیان به‌رز كردووه‌ته‌وه.