..
گرووپێك له پارێزه‌ران به ناوی “ئۆرووپا” ئیدعانامه‌یه‌كیان له دژی سه‌رانی ده‌وڵه‌تانی ئۆرووپایی سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی په‌یوه‌ندیدار به كۆچبه‌ران، ئاراسته‌ی دادگای باڵای نێونه‌ته‌وه‌یی لاهه كرد. ئه‌وان له‌و ئیدعانامه‌یه‌دا، سه‌رانی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپایان به‌هۆی نوقم بوونی هه‌زاران كۆچبه‌ر له ئاوه‌كانی مه‌دیته‌رانه‌دا، به جه‌نایه‌ت له دژی مرۆڤایه‌تی تۆمه‌تبار كرد. هاوكات سه‌رانی ده‌وڵه‌تانی ئۆرووپایی و سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا ئه‌م تۆمه‌تانه‌یان ڕه‌ت كرده‌وه و ئیداعان كرد كه ئه‌وان هه‌موو هه‌وڵی خۆیان بۆ باشتر كردنی باروودۆخی كۆچبه‌ران له كه‌مپه‌كانی په‌نابه‌ری خستووه‌ته گه‌ڕ. وته‌بێژی ده‌وڵه‌تی ئاڵمان ڕایگه‌یاند كه له وه‌رزی هاوینی ئه‌مساڵدا، ٣٠٠ كه‌س له په‌ناخوازان له كه‌مپه‌كانی لیبیه‌وه هاتوونه‌ته ئاڵمان و ئه‌م سیاسه‌ته‌ش هه‌روا درێژه‌ی ده‌بێت. یه‌كێك له پارێزه‌رانی ناڕازی كه له زانكۆكانی پاریس و بۆردۆ ماموه‌ستا و شاره‌زای یاسای نێونه‌ته‌وه‌ییه، به تووڕه‌ییه‌وه باسی له ڕاپۆرتی دیپلۆماته ئاڵمانیه‌كان سه‌باره‌ت به كه‌مپه‌كانی لیبی كرد كه له‌گه‌ڵ كه‌مپی مه‌رگی نازیه‌كان هه‌ڵسه‌نگێندراوه. ئه‌م پارێزه‌ره حه‌فته‌ی ڕابردوو له دانیشتێكدا له ئاڵمان، به ڕوویه‌كی پڕ له قینه‌وه وێڕای ئاماژه به قسه‌كانی وته‌بێژی ده‌وڵه‌تی ئاڵمان ڕایگه‌یاند كه ” هیچ مرۆڤێك بیر له باشتر كردنی كه‌مپی مه‌رگ ناكاته‌وه به‌ڵكوو ئه‌و كه‌مپه له‌ناو ده‌بات”. هه‌روه‌ها له درێژه‌دا ڕووبه وته‌بێژی ده‌وڵه‌تی ئاڵمان وتی: “ڕۆژانه كۆمه‌ڵێك له كۆچبه‌ران له ڕێگای ئۆرووپادا ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێن و ده‌بردرێنه‌وه كه‌مپه‌كانی لیبی”. ئه‌م پارێزه‌ره ناڕازیه به به‌شداری له كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی پارله‌مانی ئاڵمان، حه‌فته‌ی ڕابردوو، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی به‌وه تۆمه‌تبار كرد كه پشتیوانی ماڵی و لۆژستیكی له كه‌مپه‌كانی مه‌رگ ده‌كات. له ٢٦ی سێپتا‌مبر به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ٤ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ئه‌مساڵ، یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵی مه‌دیته‌رانه‌ی له ژێر ناوی گه‌ڵاڵه‌ی “سۆفیا” و هه‌روه‌ها پشتیوانی له هێزه‌كانی كه‌نارئاوی لیبی بۆ ماوه‌ی ٦ مانگی دیكه دووباره كرده‌وه. ئه‌مه‌ش له حاڵێكدایه كه یه‌كیه‌تی ئۆرووپا له ساڵی ڕابردۆوه به ڕێگری له حه‌ره‌كه‌تی ئه‌و كه‌شتیانه‌ی كه له ده‌ریای مه‌دیته‌رانه‌دا ئه‌ركی ڕزگار كردنی كۆچبه‌رانیان وه‌ئه‌ستۆ بوو و ده‌بوایه به پێی یاسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان كۆچبه‌رانیان گه‌یاندبا به‌نده‌رێكی ئه‌من له ئیتالیا و ماڵتا، ئاگاهانه سیاسه‌تی مه‌رگی كۆچبه‌رانی له كه‌مپه‌كانی لیبی گرتووه‌ته به‌ر. له ئێستادا ئه‌وه‌یكه یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا له ده‌ریای مه‌دیته‌رانه‌دا ئه‌نجامی ده‌دات، كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریه سه‌باره‌ت به حه‌ره‌كه‌تی كۆچبه‌ران و گه‌ڕاندنه‌وه‌یانه بۆ ئه‌و كه‌مپانه‌ی كه لێی هه‌ڵاتبوون. هه‌روه‌ها ئه‌م پارێزه‌ره له وڵام به پرسیاری ئه‌وه‌یكه ئایا سه‌رۆكی قازیه‌كانی دادگای لاهه به‌و په‌روه‌نده‌یه ڕاده‌گات یا نا؟ وتی كه “ئه‌و موختاره كه ئه‌م په‌روه‌نده‌یه قه‌بووڵ كات یان نه‌یكات و ته‌نانه‌ت ئه‌و ئیختیاره‌شی هه‌یه كه قه‌بووڵ كردن یان نه‌كردنی په‌روه‌نده‌كه ڕانه‌گه‌یه‌نێت. به‌ڵام له‌و جێگه‌وه كه په‌روه‌نده‌یه‌ك سه‌باره‌ت به كاربه‌ده‌ستانی لیبی له په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ كه‌مپه‌كانی لیبی له جه‌ریان دایه كه‌وابوو ئه‌و پرسیاره دێته گۆڕێ كه ئایا قازی دادگای لاهه ته‌نیا قه‌زاوه‌ت له‌سه‌ر كاربه‌ده‌ستانی لیبی ده‌كات یان هه‌موو سه‌رانی ده‌وڵه‌تانی ئۆرووپایی ده‌كێشێته پێی مێزی موحاكمه”. به باوه‌ڕی ئه‌و پارێزه‌ره ئه‌وه‌یكه له ده‌ریای مه‌دیته‌رانه و كه‌مپه‌كانی لیبی ڕوویداوه، زیاتر له هه‌مووان به‌دواداچوونی بۆ كردووه. له ڕاستیدا باسه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه له ساڵی ٢٠١٤ه‌وه ١٨ هه‌زار كه‌س له ده‌ریای مه‌دیته‌رانه‌دا نوقم بوون و ٥٠ هه‌زار كه‌سیش به زۆر گه‌ڕاندراونه‌وه كه‌مپه‌كانی لیبی كه لێی هه‌ڵاتبوون. به باوه‌ڕی ئه‌و پارێزه‌ره ته‌نیا ده‌زگایه‌كی به‌رینی ئیداری وه‌ك یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا توانای خوڵقاندنی وه‌ها كاره‌ساتێكی هه‌یه و پرسیاریش ئه‌وه‌یه كه بۆچی ده‌بێ دادگای لاهه په‌یگیری ئه‌وه نه‌بێت؟ مه‌گه‌ر جگه له‌وه‌یه كه بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌م دادگایه بۆ په‌یگیری جه‌نایه‌ت له‌دژی مرۆڤایه‌تی پێكهات و ئه‌مه‌ش له حاڵێكدایه كه هه‌تا ئێستا ته‌نیا دوو یان سێ جار حوكمی له‌دژی چه‌ند كاربه‌ده‌ستێكی نیزامی ده‌ركردووه. ئاشكرایه كه دادگای لاهه بۆ پێڕاگه‌یشتن به جه‌نایه‌تی دژبه مرۆڤایه‌تی پێكهاتووه نه‌ك بۆ ئامانجێكی به‌رته‌سك و سنووردار. له ڕاستیدا پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه دادگایه‌ك كه بوودجه‌كه‌ی به ده‌ستی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه دابین ده‌كرێ، شه‌هامه‌ت و بوێری ئه‌وه‌ی ده‌بێ كه بۆ نموونه كه‌سانێك وه‌ك سه‌دری ئه‌عزه‌می ئاڵمان، سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕانسه و سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی ئۆرووپا هاوكات له په‌نا یه‌كتر له سه‌ر كورسیی تۆمه‌تباران دا‌نێت؟
به‌ڵام به‌ده‌ر له ئیدعانامه‌ی ئه‌م پارێزه‌رانه، ئه‌وه‌یكه به كرده‌وه ده‌بیندرێ ئه‌و كاره‌ساته‌یه كه سه‌رانی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا ساڵانێكه چاوپۆشی لێده‌كه‌ن. بۆ ئه‌وان قه‌ڵای ئۆرووپا زۆر له ژیان و مه‌رگی ده‌یان هه‌زار ئینسان به‌نرختره. ئه‌و ئینسانانه‌ی كه سیاسه‌تی كلۆنیالیستی و به‌تاڵان بردن و وێڕانكاریی ژینگه، ئه‌وانی ناچار كردووه كه وڵاته‌كه‌یان جێ بهێڵن. كاتێك كه فڕۆكه جه‌نگیه‌كانی ناتۆ لیبیان خه‌ڵتانی خوێن كرد، ئه‌و كاته‌ی كه شه‌ڕی نیابه‌تی ملیۆنان ئینسانی له سووریه ئاواره كرد، كاتێك كه به بیانووی هێنانی دیمۆكراسی و ڕزگاری ژن، خاكی ئه‌فغانستانیان كرد به گۆڕه‌پانی شه‌ڕ و وێڕانی، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كرا كه ده‌یان و سه‌دان هه‌زار كه‌س، دوایین كه‌ل و په‌له‌كانیان بخه‌نه سه‌ر شانیان و به‌ره‌و ئۆرووپا به‌ڕێ كه‌ون. به‌ڵام قه‌ڵای ئۆرووپا قه‌ڵای دیفاع له سه‌روه‌تمه‌ندانه، له‌وێ جێگایه‌ك بۆ كۆچبه‌ری ئه‌فریقایی و بۆ شه‌ڕ لێدراوانی لیبیایی و سووری و ئه‌فغانستانی نییه. ئه‌وان له كه‌مپه‌كانی لیبی ده‌بێ ببنه كۆیله، ده‌بێ ببنه تۆپی كایه‌ی مامه‌ڵه قیزه‌ونه‌كانی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا له‌گه‌ڵ جه‌نایه‌تكارانێك وه‌ك ئه‌ردۆغان. له ئێستادا داگیر كاریه‌كانی ئه‌ردۆغان لای ده‌وڵه‌تانی ئۆرووپایی ئاسایی بووه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت گه‌ڵاڵه‌ی پێكهێنانی ناوچه‌ی ئارام له قووڵایی ٣٠ كیلۆمێتریی سووریه و توركییه بۆ جێگیر كردنی په‌نابه‌ره سووریه‌كان له ڕێگه‌ی ده‌ركردنی یه‌كه‌كانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژئاوا، دژایه‌تیه‌كی وای لێناكه‌وێته‌وه. ئه‌ردۆغان به ئاشكرا ڕایگه‌یاندووه كه دوای ده‌ركردنی هێزی بوێری ڕۆژاوا، ده‌توانێ به‌شێكی دیكه له كۆچبه‌رانی سووری له‌و ناوچه‌یه جێگیر كات و له‌و ڕێگه‌یه‌وه مه‌ترسیی گه‌یشتنی كۆچبه‌ران بۆ قه‌ڵای ئۆرووپا له ناو ببات و خه‌یاڵی سه‌رانی ده‌وڵه‌تانی ئۆرووپایی ئاسووده كات. هه‌ڵبه‌ت هه‌موو ئه‌مانه ئه‌و “ئه‌رزشه ئۆرووپا”یانه‌ن كه شه‌و و ڕۆژ بۆ خه‌ڵكی جیهانی باس ده‌كه‌ن. شایه‌د سه‌رانی ئۆرووپا بتوانن بۆ ماوه‌یه‌ك قه‌ڵاكه‌یان بپارێزن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه هیچ ترووسكه و داهاتوویه‌ك له گۆشه و كه‌ناری جیهان به‌دی ناكه‌ن، هه‌روا بۆ گه‌یشتن به ئۆرووپا، خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه قه‌تڵگای مه‌دیته‌رانه. به‌ڵام نابێ هیچ كات له‌بیرمان چێت كه قاتڵانی واقعیی ئه‌وان له ئۆرووپا دانیشتوون.