..
هێرشبۆسه‌ر كرێكارانی هێپكۆ، نیشانه‌ی ترسانی ڕژیمی ئیسلامی
ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٥ی مانگی خه‌رمانان، كرێكارانی هێپكۆ كه به‌دوای شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تیی ئه‌م دوایانه‌یان و كۆتایی كاتی دیاری كراویان، بۆ جارێكی دیكه به مه‌به‌ستی به‌دواداچوونی خواسته‌كانیان هاتبوونه‌وه سه‌ر شه‌قامه‌كان، كه‌وتنه به‌ر هێرشی دڕندانه‌ی هێزی سه‌ركوتی ڕژیم. كرێكاران دوای ڕێپێوانیان له ئاستی شار، له ژێر پردی به‌ختیاری و له ده‌وروبه‌ری ڕێگه‌ی ئاسن كۆبوونه‌وه و مه‌سیری قه‌تاری شوماڵ بۆ جنووبیان به‌ست و له دژی بایه‌خ نه‌دانی كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم به خواسته‌كانیان و به‌ڵێنیه درۆكانیان، ده‌نگیان هه‌ڵبڕی و درووشمیان وته‌وه. به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكارانی هێپكۆ بۆ وه‌رگرتنی حه‌قده‌سته دواخراوه‌كانیان و داواكاری ئیجرای گرێبه‌ستی ساڵی ڕابردوو بۆ به‌رهه‌مهێنانی ماشین ئالات، به هێرشی وه‌حشیانه‌ه‌ی هێزه ئه‌منیه‌كان و گاردی ویژه به توندوتیژی و ئاڵۆزی كێشرا. به‌كرێگیراوانی ڕژیم كه نیگه‌رانی كاریگه‌ر بوونی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه له‌سه‌ر كه‌ش و هه‌وای گشتی شار بوون، بۆ ترساندنی كرێكاران هێرشیان كرده سه‌ر ئه‌وان و زۆر وه‌حشیانه به باتۆم لێیان دان. له‌م هێرشه‌دا پتر له ١٥ كرێكار بریندار بوون و زیاتر له ٢٠ كرێكاریش ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و ژماره‌یه‌ك له برینداره‌كان به‌هۆی سه‌خت بوونی برینه‌كانیان ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كران. ئه‌م په‌لاماره‌ی هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم بۆسه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی كرێكاران و وێنه‌ی كرێكاره برینداره‌كان له ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی به‌رینی بوو. کرێكارانی مافخوازی هێپكۆ نه ته‌نیا له‌م هێرشه نه‌ترسان به‌ڵكوو ڕۆژی سێشه‌ممه بۆ جارێكی دیكه به به‌ڕێوه‌بردنی كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی له به‌رامبه‌ر شیركه‌تی هێپكۆ، هێرشی هێزی سه‌كوتگه‌ر و گاردی ویژه‌یان بۆ سه‌ر ڕێزی كرێكاران مه‌حكووم كرد و له‌سه‌ر درێژه‌ی خه‌بات و په‌یگیری موتالباتیان جه‌ختیان كرده‌وه و خوازیاری ئازادی ده‌ستبه‌جێی ده‌ستبه‌سه‌ركراوان بوون.
كرێكارانی هێپكۆ له كاتێكدا ده‌كه‌ونه به‌ر هێرشی دڕندانه‌ی سه‌ركوتگه‌رانی ڕژیم كه له سه‌روبه‌ندی كرانه‌وه‌ی مه‌دره‌سه‌كاندا، ٥ مانگه حه‌قده‌ستیان پێنه‌دراوه و وێڕای بنه‌ماڵه‌كانیان له خراپترین دۆخی بژیوی دا به‌سه‌ر ده‌بن و له‌گه‌ڵ هه‌ژاری و برسێتی به‌ره‌وڕوون. سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌ت حه‌قده‌ستی كرێكارانێك كه به سه‌عات و ڕۆژ و مانگ له كارخانه‌دا كاریان كردووه و عاره‌قیان ڕشتووه نادات، به‌ڵام بۆ پشتیوانی له سه‌رمایه‌داران و دزه‌كانی به‌شی خسووسی، هێرش ده‌كاته سه‌ر كرێكاران و سووكایه‌تیان پێده‌كات.
كێشه و گرفت و دۆخی دژواری كرێكارانی هێپكۆ ده‌رخه‌ری باروودۆخی ڕاسته‌قینه‌ی كرێكارانی زۆربه‌ی كارخانه و ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاریه گه‌وره‌كانه له ئێران. هه‌ر به‌م هۆیه‌وه له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاری بوونه‌ته مه‌كۆی سه‌ره‌كیی خه‌باتی كرێكارانی ئێران. گوشار و ده‌رئه‌نجامی خه‌بات و مانگرتنی كرێكاری و سه‌ركوتگه‌ری ڕژیم زیاتر له‌سه‌ر شانی ئه‌م به‌شه له كرێكاران قورسایی ده‌كات. شیركه‌تی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت تپه، فوولادی ئه‌هواز، پێترۆشیمیه‌كان، سه‌نعه‌تی شیمیایی، سه‌نعه‌تی ماشێن سازی و گواستنه‌وه، سه‌نعه‌تی به‌رهه‌مهێنانی خۆراك و مه‌دره‌سه‌كان، له‌ناوه‌نده گرینگه‌كانی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ن. سه‌رانی كۆماری ئیسلامی كه ده‌زانن ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران له‌م ناوه‌ندانه، كاریگه‌ری ده‌خاته سه‌ر به‌شه‌كانی دیكه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و كه‌ش و هه‌وای سیاسی كۆمه‌ڵگای ئێران، به‌رئه‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تی كرێكاری كردووه‌ته ئامانجی سه‌ره‌كی ده‌زگای ئیدێئۆلۆژیك و سه‌رگوتگه‌ری خۆی. به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م ڕاستیه كه‌هه‌وڵه‌كانی ڕژیم بۆ هیدایه‌ت كردنی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاری له كاناڵی ڕێكخراوه‌ی دژه كرێكاری و زه‌ردی سه‌ر به ده‌وڵه‌ت كه له‌خزمه‌ت چه‌نه لێدان له‌سه‌ر خواستی سینفی كرێكاران له چوارچێوه‌ی به‌رته‌سكی یاساكانی ئیسلامی دان، به بنبه‌ست گه‌یشتووه و ڕژیمیش كه بۆ وه‌دی هێنانی خواستی كرێكاران داماو و بێ ده‌سه‌ڵاته، كه‌وابوو ڕوو ده‌كاته بژارده‌ی سه‌ركوتی كرێكاران. به‌ڵام سه‌ركوتیش كارایی ڕابردووی خۆی له‌ده‌ست داوه. ده‌ركردنی حوكمی دژه ئینسانی بۆ كرێكارانی به‌ندكراوی هه‌فت ته‌په و پشتیوانانیان و بانگهێشتی ٤١ كه‌س له كرێكارانی ناڕازیی فوولادی ئه‌هواز نه ته‌نیا كرێكارانی نه‌ترساندووه، به‌ڵكوو ڕژیم خۆی له‌ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م حوكمه دژه مرۆییانه ترساوه. بێ گومان هێرش بۆسه‌ر كرێكارانی هێپكۆ چینی كرێكار ناترسێنێ، به‌ڵكوو بڵێسه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و تووڕه‌یی و نه‌فره‌تی كرێكاران له‌دژی كۆماری ئیسلامی زیاتر ده‌گه‌شێته‌وه.
له باروودۆخێكدا كه كۆماری ئیسلامی نیگه‌رانی په‌ره‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكارانی هێپكۆ و ئازه‌ئابی ئه‌راكه بۆ ناوه‌نده‌كرێكارییه‌كانی دیكه، باشترین ڕێگای ناچاركردنی ڕژیم و خاوه‌ن كاران به پاشه‌كشه كردن له به‌رامبه‌ر خواستی كرێكاران، درێژه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و پشتیوانی به‌شه‌كانی دیكه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریه. هاوكاتی و هاوئاهه‌نگیی خه‌باتی كرێكاران له ناونده‌سه‌نعه‌تی و خزمه‌تگوزاریه‌كانی دیكه، ده‌توانێ سه‌ركه‌وتنی كرێكارانی هێپكۆ له ئه‌راك و پێشڕه‌وی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ده‌سته‌به‌ركات. كه‌وابوو پێویسته هه‌وڵ بدرێت تا خه‌باتی كرێكاران له كارخانه‌یه‌ك بۆ كارخانه‌یه‌كی دیكه، له ڕشته‌یه‌ك بۆ ڕشته‌یه‌كی دیكه و له شارێكه‌وه بۆ شارێكی دیكه، سه‌رتاسه‌ری ئێران بگرێته‌وه. له‌بیرمان نه‌چێ په‌یوه‌ند و هاوئاهه‌نگیی هه‌ڵسووڕاوان و پێشڕه‌وانی كرێكاری له شیركه‌تی هه‌فت ته‌په و فوولادی ئه‌هواز، مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تی هاوكات و شكۆداری ئه‌م دوو ناوه‌نده‌سه‌نعه‌تیه‌ی له پاییزی ساڵی رابردوودا لێكه‌وته‌وه. له ڕاستیدا په‌یوه‌ندی نزیكی نێوان ڕێبه‌ران و هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاریی پێشڕه و خه‌باتكارێك كه سه‌رچاوه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان له بنكه جۆراجۆره‌كاندا له‌ده‌ست دایه، ده‌توانێ نموونه‌ی شكۆداری دیكه له‌هاوئاهه‌نگی خه‌باتی كرێكاران له ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاری بخۆڵقێنێت. بێ گومان، له نه‌بوونی ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ری و چینایه‌تیی كرێكاران كه بتوانێ خه‌باتی لێكبڵاوی كرێكاران یه‌كخاته‌وه و له ئاست سه‌رتاسه‌ریدا ڕێبه‌ری كات، ڕێبه‌ر و هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری له ناوه‌نده جۆراوجۆره‌كانی سه‌نعه‌ت و خزمه‌تگوزاریدا، ده‌توانن به په‌یوه‌ندی و هاوكاریی یه‌كتر تا ڕاده‌یه‌ك بۆشایی نه‌بوونی ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ری و سه‌رتاسه‌ری كرێكاران پڕ كه‌نه‌وه.