...

...

موسلیم ئەحمەدی


‌دارێکی ڕووت‌وقووت، پاش هاتن و ڕۆیشتنی پاییزی بەنێو پیادەڕێکانا ڕێ ئەکەی. ئاخری هاوینە و پاییز جاربۆجار سەرێ دەکێشێ و گەڵا دەستەدەستە وەک نەهەنگەکانی دنیای مۆدێرن لەکەناری بێ‌ژیانی دەریایەک لەسەر پیادەڕێیەکان بێجووڵە داکەوتوون. لە ژوورەکەتا دانیشتبووی. منداڵی دوێنێ بوو ئەو کچە و ئێستا کە سەر دەکێشێتە نێو ژوورەکەت دوو منداڵی پێیە و دەپرسێ ئەو هەموو کتێبە چییە خۆت کردووە بە ژێریانەوە؟. سەیر ئەکەی ئەوەتە کتێبە و وەک تاوانبار هەوڵ ئەدەن خۆیان و ناوەکەی سەر ڕوویان ببەن و لە سووچێکی نادیاری ئەم ژوورە بەرتەسکە بچووکە ونی کەن و دەڵێی پیاو و ژنە ژیر و عاقڵەکانی کۆمەڵگای ئەمڕۆن و لە سینەمایەکی ئاگرتێبەربووا شێت بوونە و ئەیانەوێ دەرکەون و پا بەسەر یەکا ئەنێن و مردن، مردن لەوێیه کە هەوای لێیە و بێ‌ئاگا هەناسە دەکێشی و پێت وایە نەمردووی. نەمردووی؟ 



ئێت دازنت فیڵ ڵایک جومعە. کە لە ماڵ دێمە دەر نەبووە بە هەشتی ئێوارە و تاریکە. کتێوێکم پێیە و ئەو دەستەی کتێوەکەی ڕاگرتووە لەو دەستەکە چەن هەزار وشەیەک قورسترە و ئەگەر بگا بە زەوین و ئاسفاڵتی مردووی سەخت و وشک و بێ‌ژیان نەبوایە لەوانەبوو ڕیشە داکوتێ و بۆ خۆی باڵا بکا و ژیانێ پێک بێنێ سەربەخۆ لەوەی من. هێشتا نازانم جومعەیە. ئەم شەقامانە شەقامی کاتی کرۆنان. پێیاندا دەڕۆی و کە کەسێ نابینی کەمێ کەمتر مردووتری. بەڵام کە گەیشتی بە سێڕای نمەکی سنەی ئەوکات خوێناوی و ئێستا ئێتر بێکاری، ئێستا ئیتر سنەی بێهۆشیی مادەی هۆشبەر و دەس بەس بۆ دەسفرۆشی و دەبینی دەسفرۆشی لێی نییە و دووکانیش داخراوە تێدەگەی جومعەیە و ئای جومعه.



جومعە پیرەمەردێکە گۆنی‌لەشان، هەرچی پارە کا کۆی ئەکاتەوە و ڕەشتییەکەی سەری داوەتە بەر دەمی و پژۆ پارسێ سپی کە دێتە بەر دەمی دوو کچ، و کە پیاوێ حەتمەن سەری کێشاوە و قسەی کردووە، بەتووڕەییەوە پیرەمەرد دەڵێ کوسکەشی بێدایکوباوک. ڕەشتییەکەی لا بردوو کە جوێنی دا جومعە. من بینیم. سمێڵی، سمێڵی زەردی تەماکۆکێشێ بوو. ددانی، ددانی هەژاری. لەوێوە زانیم جومعەیه کە بە هەموو سنەدا گەڕابوو و هێشتا بایی ئەوەندەی نەدۆزیبووەوە سکی خۆی تێر بکا چ بگا بەوەی کە بتوانێ بچێتەوە ئەو شوێنەی لێوە هاتبوو. ماڵە ئەو شوێنەی کە بەشەر لێیەوە دێ؟ کە زمان فێر ئەبووم ئەیانوت "وێر دوو یوو کام فرام؟" دەیانوت ئەوە واتە خەڵکی کوێی؟ من لە کوێوە هاتبووم؟ لە ماڵێکی یەک نهۆمی. دیوارەکانی تا نیمە گەچکاری کرابوو، لەوێوە کە دەستم پێی نەدەگەیشت هێشتا هەر گەچ و خاک مابوو. چەن جوانتر بوو گەچ و خاک. دیواری گەچکاری چەن مردوو و ناشرین بوو. سپییەکی بێ‌تازەیی، بێ‌پرسیار، بێ‌ورتە، بێ‌شەپۆل. من لەو ماڵەوە هاتبووم. ئێستاش زۆرینەمان لە بینایەکی بێتامی مردووەوە دێین. گەچ، ماسه و سیمان و ئاسن ماڵ ئەکوژن. مردوو درووس ئەکەن مەردم و وەک کرم دەخزێنە ناوسکی. کە دێنە دەرەوە لە زامبی دەچن. هەمیشەش دەگەڕێنەوە. جومعە بوو ئەو منەش کە ئێستەکانێ بە شەقامی سیرووسی سنەدا تێدەپەڕی. دووکانەکان داخرابوون. بۆنم دەکرد. ئەمەیان ئاڵەت و زەردەچۆ دەفرۆشێ. ئەوەیان مریشکە. ئەمە سابوون و شامپۆیە. ئەوەیان بۆی نایە. سەیر ئەکەی نووسیویە تعمیر موبایل. مردووش بی هەر دەبێ بۆنت بێ. لە مردن خراپترە بێ‌بۆنیی. جومعە بوو ئەو منەش دوور لە تۆ. ماندوو لە گڵۆپی ژوورەکان کاتێ کە تاریکی جوان‌جوان دەخزایە پێشەوە و ماندوو لە چرای سەر شەقام و ئەو زەردییە نەخۆشانە وەک بێحەوسەڵەیی پڵنگ بێ و لەملاولەولا میزی کردبێ کە قەڵەمڕۆی خۆی دیاری بکا و ئێرە موڵکی ئەوە. موڵکی ئاننوی. ennui. 



موبایلەکەم دەنگی دێ و یەکێ زەنگ لێ دەدا و من بیر دەکەمەوە دانیشتنی نێو ئۆتۆمۆبیل چ دانیشتنێکی قۆڕە. بیهێننە بەرچاوتان. ئۆتۆمۆبیلەکە بسڕنەوە و مسافیرەکان بە دانیشتوویی بهێڵنەوە. دانیشتنێکی ساختەیە، دانیشتنێکی قەلب. دانیشتنێکە پەلەیە هەمیشە دابەزێ و ببێ بە شتێکی ڕەسەن. دانیشتنێکە هەمیشە لە شیشەی پاڵیەوە دەڕوانێ و دەڵێی زیندانیی ژوورێکی تاریکە لە ڕووناکی ئازادی دەڕوانێ. موبایلەکە بێدەنگ بووە. وێنەی تۆ لەسەریە. شانێکت و گوێیەکت و چەن خاڵێک. زوڵفت و خەیاڵم، وەکوو یەک پەرێشان. ئەگەر من بیەوێ لە شوێنێکەوە بێ و کە لێی بپرسن خەڵکی کوێی، بیر لە هاتن کە دەکاتەوە بیر لە گەڕانەوەش کاتەوە، من خەڵکی تۆم. لە تۆوە دێم و بۆ تۆ دەگەڕێمەوە کەچی نازانم تۆ لە منا هێلانەت کردووە یان من لە تۆدا.


گۆرانیم گوێ نادا. لەپاڵدەست دەنگەدەنگ ئەم شارە و وشە کۆیلە نزیک لە فارسی و هەنێ جار هەر فارسی ئەو خەڵکە، پەنام بردبووە بەر وشەی بێکەسی شێرکۆ بێکەس. پێم خۆش بوو ئاوا دراماااااااتیک شیعری خۆی دەخوێندەوە. جاری ئەوەڵ و دووەم و سێهەمیش گوێم نەدا بە مانای دێڕەکان. هەر وشە.


تەک بە تەک هەر وشە دەهات و وەک لەپڕ لە حەشیمەتی شەقامێکی قەرەباڵغا ڕوخساری دۆستێکی قەدیمیت لە دەموچاوی تا چرکەیەک لەمەوبەر غەریبەی ڕێبوارێک دەرکێشابێ، بزە دایدەگرتم، باوەشم دەکردەوە و سڵاو و مەرحەبا و باوەشی توندم دەبەخشی.


ئەمشەو من هەر تا ئەوێ ڕۆیشتم، تا هەنووکە. هەمیشە هەنووکە. "هەنووکە شەو و ڕۆژ گوێ ئەگرم لە لاڵی


لە لاڵیی ئەستێرە و گوڵەباخ.


لە لاڵیی دەربەند و دارستان.


لە کپی و بێدەنگیی کاولاش و خۆڵەمێش.


هەنووکە من لەگەڵ مێژووی کەڕ ئەدوێم و


زمانم غەریبی فەرهەنگی خۆیەتی و


دەنگیشم مەلێکی گرمۆڵەی بێ ئاسمان."



Report Page