..
كرێكارانی شیركه‌تی هێپكۆی ئه‌راك له ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٣ی مانگی خه‌رمانانه‌وه، له ناڕه‌زایه‌تی به جێبه‌جێ نه‌بوونی خواسته‌كانیان ده‌ستییان داوه‌ته كۆبوونه‌وه. كرێكاران له باروودۆخی قه‌یراناوی، نه‌بوونی ئیمه‌نی شوێنی كار، نه‌درانی حه‌قده‌سته‌كانیان و سپاردنی ئه‌و شیركه‌ته به به‌شی خسووسی ناڕازین. شیركه‌تی هێپكۆی ئه‌راك، یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنانی ماشێی ئاڵاتی سه‌نگین، به‌جۆرێك كه بۆ ماوه‌یه‌ك توانای به‌رهه‌مهێنانی ساڵانه ٢ هه‌زار و ٥٠٠ ده‌زگای هه‌بووه و یه‌كێك بووه له پرسوودترین گرووپه سه‌نعه‌تیه‌كان. له ساڵی ١٣٥٨ی هه‌تاوی دا به پێی سیاسه‌ته‌كانی خسووسی سازی، ئه‌م شیركه‌ته سپاردرایه به‌شی خسووسی. ڕاگوێزرانی قه‌یرانی جیهانیی سه‌رمایه‌داری له ساڵی ٢٠٠٨ بۆ وڵاتانی ده‌ورووبه‌ر له لایه‌كه‌وه و گه‌مارۆ ئابووریه‌كان له لایه‌كی دیكه‌وه، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر شیركه‌تی هێپكۆ دانا و وه‌ك زۆرێك له دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تیه‌كانی دیكه تووشی كێشه و گرفتی زۆر هات و له ده‌ستپێكی ده‌یه‌ی ٩٠ی هه‌تاوی، ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م شیركه‌ته به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌م بووه‌وه و دواتر زۆربه‌ی چالاكیه‌كانی وێستاند. یه‌كێك له ده‌رئه‌نجامه خراپی ڕاوه‌ستانی به‌رهه‌مهێنانی شیركه‌تی هێپكۆ ئه‌وه بوو كه كرێكاران له گرینگ‌ترین ئامرازی دیفاعی و خه‌باتكارانه‌ی خۆیان واته مانگرتن و ڕاگرتنی سیكلی به‌رهه‌مهێنان، بێبه‌ری بوون و هه‌ر بۆیه كرێكارانی ئه‌م شیركه‌ته ته‌نیا ڕێگای چاره‌یان، ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له ناو شاره‌كاندا بینی. له مانگی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٩٦، كرێكارانی هێێپكۆ و ئازه‌رئاب ده‌ستیان دایه ناڕه‌زایه‌تی و ڕێپێوان، تا خه‌ڵكی ناو شار و هاوچینه‌كانیان له دامه‌زراوه ته‌ولیدی و سه‌نعه‌تیه‌كانی دیكه پشتیوانیان لێبكه‌ن. هه‌ڵبه‌ت بۆ بۆرژوازی وڵاتانی ده‌ورووبه‌ر چ له به‌شی خسووسی و چ ده‌وڵه‌تی ئه‌و حه‌ره‌كه‌ته وه‌ك مه‌ترسیه‌كی گه‌وره به ئه‌ژمار دێت. هه‌ر بۆیه پۆلیسی دژه شۆڕش زۆر زوو به‌رئه‌نگاری كرێكارانی ناڕازی بووه‌وه و به گازی فرمێسك ڕێژ هێرشی كرده سه‌ر ڕێزی كرێكاران و بڵاوه‌یان پێكردن. هاوكات ده‌زگای قه‌زایی ڕژیم وه‌ك یه‌كێك له ئۆرگانه سه‌ركوتگه‌ره‌كان، ٢٠ كه‌س له‌م كرێكارانه‌ی به “تێكدانی ئاسایش” تۆمه‌تبار كرد و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ركردنی له كار لێ‌كردن. دوای چه‌ندین مانگ و له دڵی باروودۆخی تازه پاش ئاخێزی جه‌ماوه‌ریی مانگی به‌فرانبار، كرێكارانی هێپكۆ ده‌ورێكی دیكه‌یان له ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خۆیان له مانگی گوڵانی ساڵی ٩٧ه‌وه ده‌ستپێكرد. كرێكارانی ناڕازی له ڕۆژی ئه‌وه‌ڵدا له به‌رامبه‌ر كارخانه‌كه كۆبوونه‌وه و له ڕۆژی دووهه‌میشدا ڕێگه‌ی ئاسنی شۆماڵ بۆ جنووبان به‌ست و یه‌ك حه‌فته‌یان مۆڵه‌ت به خاوه‌نكار دا تا موتالباته‌كانیان واته حه‌قده‌ستی دواخراو و حه‌قی بیمه‌یان پێبدات. به‌ڵام دوای تێپه‌ڕبوونی مۆڵه‌تی دیاریكراو و وڵام نه‌دانه‌وه‌ی خاوه‌نكار، كرێكاران به به‌ستنی خه‌تی ئاسن، ڕێگه‌ی هاتووچۆی قه‌تاریان به ته‌واوی گرت. ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی ٥ كه‌س له كرێكاران تووڕه‌یی زیاتری ئه‌وانی لێكهوتهوه. به‌ڵام دواتر به ئازادكرانی هاوكارانیان و وه‌رگرتنی ٣ مانگ له حه‌قده‌سته‌كانیان و سپاردنی كارخانه‌كه به به‌شی ده‌وڵه‌تی، ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران كۆتایی پێهات. سپاردنی ئه‌و شیركه‌ته به به‌شی ده‌وڵه‌تی نه ته‌نیا هیچ گۆڕانێكی له دۆخه‌كه‌دا به‌دی نه‌هێنا، به‌ڵكوو كرێكارانیشی خسته ناو گێژاوی بورۆكراسیی ده‌وڵه‌تیه‌وه. له ئێستادا دوای تێپه‌ڕبوونی ٩ مانگ له سه‌ركوتی مانگرتنی شكۆداری هه‌فت ته‌په و ئه‌هواز، كرێكارانی هێپكۆ به ڕه‌چاوكردنی هه‌مان سوننه‌ته‌وه، هاتوونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان و ده‌ستیان داوه‌ته مانگرتن. ئه‌مجاره‌یان كرێكاران بێجگه‌له داخوازییه‌كانی خۆیان، له ئاست هه‌وڵ نه‌دانی ده‌وڵه‌ت بۆ وهكار خستنه‌وه‌ی كارخانهش ناڕازین. هه‌ر له ئه‌وه‌ڵین ڕۆژی ده‌ستپێكی مانگرتنهكهوه، كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم هه‌ڕه‌شه‌كانیان ده‌ستپێكرد. ئیبراهیم ڕهئێیسی جه‌نایه‌تكار، سه‌رۆكی ده‌زگای قه‌زایی ڕژیم، مه‌حموود واعزی سه‌رۆكی نووسینگه‌ی ڕووحانی و یه‌كێك له فه‌رمانده‌كانی سپا، وه‌قسه هاتن و سه‌باره‌ت به كێشه و گرفتی كرێكاران ده‌ستیان كرد به قسه‌ی بێ مانا و هه‌ڵیت و پڵیت. له ناویاندا سه‌رۆكی ده‌زگای قه‌زایی له هه‌موان بێشه‌رمتر، له چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆنی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆمیسیۆنی هاوبه‌شی خه‌ده‌ماتی كیشوه‌ری وێڕای ئاماژه به ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران، وتی: “كارخانه‌ی وامان هه‌یه كه خاوه‌نكاره‌كه‌ی به‌هۆی باروودۆخی ناله‌باره‌وه تووشی قه‌رزداری دێت، نابێ ڕێگه بده‌ین ئه‌م كارخانانه داخرێن و سهروهتهكهشیان ده‌ستی به‌سه‌ر دابگێرێ. ده‌زگای قه‌زایی پێویسته وه‌ك داهێنه‌رانی كار بڕوانێته ئه‌م كه‌سانه و پشتیوانیان لێبكات”. بێ گومان ئه‌م قسانه بێشه‌رمانه‌ترین دیفاعه له سه‌رمایه‌دارانێك كه چه‌ندین ساڵه حه‌قده‌ستی كرێكارانیان داگیر كردووه، ساڵه‌هایه كرێكارانی ناڕازی ده‌رده‌كه‌ن و له ژێرناوی نۆژه‌ن كردنه‌وه‌ی كارخانه به ملیاڕد تمه‌ن وامیان پێبهدهدرێت تا بتوانن ئیختلاس و دزییه ملیاردیهكانیان بكه‌ن.
له ڕاستیدا له پشت ڕواڵه‌تی شه‌ڕه‌قسه‌ی كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم كه گۆیا له فكری چاره‌دان بۆ كرێكارانی هێپكۆ، به‌رژه‌وندیی دیكه له ئارادایه. سپای پاسدارن خه‌ونی داگیركردنی هێپكۆی بینیوه. نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه دووباره هێپكۆ وهكار خاته‌وه به‌ڵكوو به نیازه ببێته خاوه‌نی زه‌ویه‌كانی هێپكۆ. هه‌مان سیاسه‌تێك كه له‌باره‌ی كارخانه‌ی “ئاوهنگان”ی ئه‌راك به‌كاری هێنا. زیاتر له ١٧٠ هه‌زار میتری چوار گۆشه له زه‌ویه‌كانی ئه‌م كارخانه‌یه له لایه‌ن سپاوه به قیمه‌تێكی زۆر كه‌مه‌وه كڕدرا و درایه قه‌رارگای خاته‌م تا ئه‌م دامه‌زراوه‌یه بتووانێ پڕۆژه‌ی ساخت و سازی خۆی به‌ره‌وپێشه‌وه به‌رێت. هیچ به دوور نییه كه سپا به داگیركردنی هێپكۆ، ده‌ست بكاته‌وه به به‌رهه‌م هێنانی ماشێن ئاڵات و ئه‌گه‌ر كاتێكیش به‌رهه‌مه‌كانی هێپكۆ تووانای كێبه‌ركێی له‌گه‌ڵ ماشین ئاڵاتی هاورده نه‌ما، ئه‌مجار چه‌رخی به‌رهه‌مهێنان ڕاگرێت و له ڕێگه‌ی ساخت و ساز له زه‌ویه‌كانی هێپكۆدا سوودێكی كهڵانی وه‌گیر كه‌وێت. كرێكارانی هێپكۆ و ته‌نانه‌ت دامه‌زراوه ته‌ولیدی و سه‌نعه‌تیه‌كانی دیكه له ئێستادا هه‌م ئه‌زموونی خاوه‌ندارێتی ده‌وڵه‌تیان هه‌یه و هه‌م خسووسی. كرێكارانی هێپكۆ به كرده‌وه ده‌یبینن كه نه به‌شی خسووسی و نه ده‌وڵه‌تی، كێشه‌ی به‌رهه‌مهێنان و گرفتی ژیان و بژیوی ئه‌وانی چاره‌سه‌ر نه‌كردووه و ئه‌گه‌ر ئه‌م باروودۆخه هه‌روا درێژه‌ی بێت ڕۆژ له دوای ڕۆژ له ده‌ریای هه‌ژاری و بێ به‌شیدا نوقمتر ده‌بن.
بێ گومان مانگرتنی ئێستای كرێكارانی هێپكۆ دوایین مانگرتنیان نابێت، چونكه نه خاوه‌نكاری به‌شی خسووسی و نه خاوه‌نكاری به‌شی ده‌وڵه‌تی و نه قه‌رارگای خاته‌م وڵامده‌ره‌وه‌ی موتالباتی كرێكاران نین. پێویسته كرێكاران به‌رده‌وام له‌سه‌ر گه‌یشتن به خواسته‌كانیان پێداگربن و له خۆشباوه‌ڕی به به‌شی خسووسی یان ده‌وڵه‌تی بێنه ده‌ر. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌یكه كرێكارانی هێپكۆ ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان هێناوه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان تا خه‌ڵك و باقی هاوچینه‌كانیان پشتیوانیان لێبكه‌ن زۆر مۆسبهته، به‌ڵام بێ گومان بۆ چینێك كه ده‌بێ وه‌ك ڕێبه‌ری كۆمه‌ڵگا ده‌ركه‌وێت زۆر ناته‌واوه و هه‌ر لێره‌شدایه كه گرینگیی پێكهێنانی شورای سه‌ربه‌خۆ له شوێنی كار و ژیانی كرێكاران مه‌علووم ده‌بێ. ئه‌م شورایانهن كه ده‌توانن ببنه به‌ستێنێكی باش بۆ پێكهاتنی ڕێكخراوی سه‌رتاسه‌ریی كرێكاران. ئاشكرایه كه، بۆ پێشڕه‌وی و فه‌تحی قوناخی نوێ، نه‌بوونی ئه‌م مكانیزمه یه‌كێكه له كه‌م و كوڕیه سه‌ره‌كیه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری له ئێران