..

..


له‌سه‌ر كار لابردنی شاره‌دارانی هه‌ڵبژێراوی خه‌ڵك، ڕسواییه‌كی دیكه‌ بۆ دیمۆكراسی پارله‌مانیی توركییه


حه‌فته‌یه‌ك دوای ئه‌وه‌یكه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركییه‌، شاره‌دارانی هه‌ڵبژێراوی له‌ سێ شاری گه‌وره‌ی كوردنشین له‌سه‌ر كار لابرد و جێنشینی ده‌وڵه‌تیی بۆ دیاری كردن، ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵك له‌ دژی ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ی ده‌وڵه‌تیی توركییه‌ هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه‌ و شاره‌كانی ئانكارا و ئێستانبولیشی گرتووه‌ته‌وه‌. هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی توركییه‌ له‌ دژی خۆپیشانده‌ران ده‌ستییان داوه‌ته‌ توندوتیژی و به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان هه‌تا ئێستا ده‌یان كه‌س له‌وانه‌ دوو نوێنه‌ری ناوچه‌ كوردنشینه‌كان له‌ په‌رله‌مانی توركییه‌، له‌ لایه‌ن ئه‌م هێزانه‌وه‌هێرشییان كراوه‌ته‌ سه‌ر و به‌هۆیه‌وه‌ برینداربوون و زیاتر له‌ ٦٠٠ كه‌سیش ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.

شاره‌دارانی سێ شاری “ئامێد، ماردین و وان“، كه‌ ٥ مانگ له‌مه‌وبه‌ر و به‌دوای سه‌ركه‌وتنیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌داری و ئه‌نجۆمه‌نی شار، ده‌ستییان به‌كار كردبوو، هه‌ر سێكیان له‌سه‌ر كار لابراون. ناڕه‌زایه‌تی به‌م كرده‌وه‌یه‌ی ده‌وڵه‌تی توركییه‌‌ ته‌نانه‌ت بازنه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیشی گرتووه‌ته‌وه‌ و “عه‌بدوڵڵا گۆل” سه‌رۆك كۆماری پێشوو و “داوود ئۆغڵۆ” سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی توركییه‌، ئه‌م حه‌ره‌كه‌ته‌یان نادێمۆكراتیك وه‌سف كردووه‌. هه‌روه‌ها سه‌رۆكی “جه‌هه‌په‌” وێڕای ئه‌وه‌یكه‌ ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ی ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغانی به‌ كودتا له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌، ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ “ئه‌م سێ شاره‌داره پێش به‌ربژێر بوونیان له‌ لایه‌ن دادگاوه‌ سه‌لاحییه‌تیان پێدرابوو ، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌بینین كه‌ ڕۆژنامه‌كانی لایه‌نگری ده‌وڵه‌ت، ئه‌م كه‌سانه‌ به‌ تاوانبار ناولێده‌به‌ن. ئه‌مه‌ له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن هیچ دادگایه‌كه‌وه‌‌ حوكمی له‌سه‌ر كارلابردنییان ده‌رنه‌كراوه‌. شاره‌دار به‌ خواستی خۆتان لاده‌به‌ن و كه‌سی دیكه‌ له‌ جیاتی دیاری ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌روابوو بۆ هه‌ڵبژاردنتان به‌ڕێوه‌برد“.

له‌ سه‌ر كار لابردنی شاره‌دار و ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی نوێنه‌رانی خه‌ڵك له‌ ناوچه‌ كوردنشینه‌كان له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تیی توركییه‌وه‌ڕووداوێكی تازه‌ نییه‌. له‌ ئێستادا چه‌ندین پارله‌مانتاری “پارتی دیمۆكراتیكی گه‌لان، هه‌ده‌په‌”، له‌وانه‌ ڕێبه‌ری ئه‌م حیزبه‌، زیندانی كراون. له‌ ده‌وره‌ی پێشووی هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌داری له‌ ساڵی ٢٠١٤، “هه‌ده‌په‌” توانیبووی له‌ ١٠٢ شاری ناوچه‌ كوردنشینه‌كان سه‌ركه‌وتوویی به‌ده‌ست بێنێت به‌ڵام ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغان به‌ بیانووی بێ بنه‌ما شاره‌داری ٩٥ شاری ئه‌م ناوچانه‌ی له‌سه‌ر كار لابرد و به‌ڕێوبه‌رانی ده‌ست نیشانده‌ی خۆی له‌ جیاتی دانان. هه‌ڵبه‌ت ئه‌ردۆغان پێشتریش هه‌ڕه‌شه‌ی كردبوو كه‌ شاره‌دارانی شاره‌كانی ئانكارا و ئه‌ستانبول له‌سه‌ر كار لاده‌بات و كه‌سی دیكه‌یان له‌ جیات دیاری ده‌كات.

به‌ڵام تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی كه‌ به‌ كوردستانی توركییه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، په‌یامی ئه‌ردۆغان بۆ خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ “د‌ڵتان به‌دێمۆكراسی و هه‌ڵبژاردن خۆش مه‌كه‌ن، ده‌سه‌ڵات له‌م ناوچه‌یه‌ له‌ سندووقی ده‌نگدان‌ نایه‌ته‌ ده‌ر. لێره‌ دیكتاتۆری و سه‌ركوت قسه‌ی هه‌وه‌ڵ و ئاخر ده‌كات“. له‌ ڕاستیدا، شاره‌داران و نوێنه‌رانێك كه‌ ئێستا زیندانی كراون، سه‌ره‌ڕای ته‌بلیغاتی به‌ربڵاو و پیلانی ڕه‌شی ده‌وڵه‌تی توركییه‌، به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگه‌وه‌، هه‌ڵبژێردرابوون و له‌ كێبه‌ركێیه‌كی نابه‌رابه‌ردا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ئاك پارتی، سه‌ركه‌وتوو ببوون.

به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆچی ده‌وڵه‌تی توركییه‌ ده‌ستی داوه‌ته‌ لابردن و سڕینه‌وه‌ی نه‌یارانی سیاسیی خۆی؟ له‌ ڕاستیدا گه‌شه‌ی ئابوورییه‌ك كه‌ ئه‌ردۆغان و حیزبه‌كه‌ی كه‌ له‌ ده‌سپێكی گه‌یشتنییان به‌ ده‌سه‌ڵات شانازییان پێوه‌ده‌كرد، نه‌ ته‌نیا ڕاوه‌ستاوه‌ به‌ڵكوو به‌ره‌و‌ ڕه‌وتی داكشان ڕۆیشتووه‌ و ئاسه‌واری قه‌یرانه‌كه‌ی هه‌موو بوواره‌كانی ژیانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی گرتووه‌ته‌وه‌. “حیزبی عه‌داڵه‌ت و گه‌شه‌” له‌ به‌رچاوی بیڕوڕای گشتی زیاتر له‌ جاران لاواز بووه‌ و شكست هێنانی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌داری له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی توركییه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه‌ ئه‌م حیزبه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا شانسی سه‌ركه‌وتنی له‌ده‌ست داوه‌. له‌ چوارچێوه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش دا، مانۆری دیپلۆماتیكی ئه‌ردۆغان، بووه‌ته‌ هۆی په‌راوێز بوونه‌وه‌ی زیاتری و سیاسه‌ته‌كانی له‌وڵاتی سووریه‌ بێ ده‌رئه‌نجام بوون. ئه‌ردۆغان هه‌وڵی ده‌دا كه‌ سیسته‌می سیاسیی توركییه‌ وه‌ك مۆدێلی “اخوان المسلمین” بۆ ده‌سه‌ڵاتداری به‌ جیهان بناسێنێت، به‌ڵام زۆری نه‌خایاند كه ئه‌م مۆدێله‌‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقا شكستی هێنا.ئه‌ردۆغان ته‌نانه‌ت نه‌یتوانیوه‌ یه‌كڕیزیی حیزبه‌كه‌شی بپارێزی و زۆربه‌ی كادر و كه‌سه‌ ناسراوه‌كانی ئه‌م حیزبه‌ یان له‌سه‌ر كار لابراون و یان له‌م حیزبه‌ دووركه‌وتوونه‌وه‌. له‌ وه‌ها باروودۆخێكدایه‌ كه‌، ئه‌ردۆغان به‌ یاساكانی یاریی دیمۆكراسیش پێبه‌ند نامێنێ و ده‌ست ده‌داته‌ سه‌ركوتی به‌ربڵاوی نه‌یارانی سیاسیی خۆی. ئه‌ردۆغان و حیزبه‌كه‌ی هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ هێرش بردنه‌سه‌ر “هه‌ده‌په‌” و ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆن له‌ دژی پێگه‌كانی “په‌كه‌كه‌” له‌ كوردستانی عێراق و هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ڕۆژئاوا و ده‌ست تێوه‌ردانه‌كان له‌قێبرس، لایه‌نگرانییان له‌ ناوخۆی ئه‌م وڵاته‌ له‌ سه‌ر میحوه‌ری هه‌ستی شوێنیستی، یه‌كگرتوو ڕاگرن.

ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغان له‌ كودتای گوماناویی هاوینی ساڵی ٢٠١٦ هه‌تا ئێستا ده‌یان هه‌زار كه‌سی ده‌ستبه‌سه‌ر و له‌سه‌ر كار لابردووه‌و نه‌یارانی سیاسیی خۆی سه‌ركوت كردووه‌. ده‌وڵه‌تی توركییه‌ كه‌ هه‌وڵی ده‌دا، ڕۆخسارێكی هاوشێوه‌ی دیمۆكراسیی پارله‌مانیی ئۆرووپا له‌ خۆی نیشان دات، له‌ ئێستادا جێگه‌ی خۆی له‌ ناو دیكتاتۆرانی دواكه‌وتووی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست  كردووه‌ته‌وه‌‌. له‌ڕاستیدا، دیمۆكراسیی ده‌وڵه‌تیی توركییه‌ كه‌ بووه‌ته‌‌ زیندانی كردنی نوێنه‌رانی پارله‌مان و له‌سه‌ركار لابردنی شاره‌داره‌كان، له‌به‌رچاوی بیروڕای گشتی زیاتر له‌ جاران ڕسواتر  و بێ ناوه‌رۆكتر بووه‌.


Report Page