..

..


 

هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یكه‌ دادگایی كردنی “ئیسماعیل به‌خشی، عه‌لی نه‌جاتی، سپیده‌ قولیان و كۆمه‌ڵێك له‌ خه‌باتكاران و دڵسۆزانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری له‌ لقی ٨ی دادگای ڕژیم له‌ تاران به‌رده‌وامه‌، ١٧ كه‌سی دیكه‌ش له‌ كرێكاران و هاوسه‌نگه‌رانی ئیسماعیل به‌خشی به‌ دوای یه‌كدا له‌ لایه‌ن لقی ١٠٢ی دادگای ڕژیم له‌ شارستانی شووش موحاكمه‌ ده‌كرێن. له‌م ١٧ كرێكاره‌ هه‌تا ئێستا ٧ كرێكاری هه‌فت ته‌په‌ حوكمی ٨ مانگ زیندانی ته‌علیقی و ٣٠ زه‌ربه‌ شه‌للاقییان به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌ و ١٠ كرێكاره‌كه‌ی دیكه‌ش له‌ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ٢٣ی مانگی گه‌لاوێژ حوكمیان پێدراوه‌.

“سه‌ندیكای كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په‌” له‌ به‌یانیه‌یه‌كدا به‌ بۆنه‌ی موحاكمه‌ی ئیسماعیل به‌خشی و كرێكارانی دیكه‌ له‌لایه‌ن دادگاكانی ڕژیمه‌وه‌، ڕایگه‌یاندووه‌‌: “ئه‌وه‌یكه‌ دادگایی كرا، بزووتنه‌وه‌ی‌ نان،كار، ئازادی بوو، بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌ هیچ دادگایه‌ك شكست ناهێنێت“. له‌ به‌شێك له‌م به‌یانییه‌یه‌دا هاتووه‌ كه‌ “قازیی په‌روه‌نده‌كه‌ وتوویه‌تی درووشمی نان، كار، ئازادیی، درووشمێكی لێكهه‌ڵوه‌شاو و بێمانایه‌! له‌ وڵامدا ئیسماعیل به‌خشی ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ درووشمی نان، كار، ئازادی جه‌وهه‌ری خواست و موتالباتی سه‌رجه‌م كرێكارانه‌. به‌ بڕوای سه‌ندیكای كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌، درووشمی نان، كار، ئازادی له‌م دادگایه‌دا سه‌ركه‌وتوو بووه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كرێكارانی ده‌ستبه‌سه‌ركراو له‌م داداگایه‌دا سزا و ئه‌شكه‌نجه‌ی نامرۆڤانه‌یان به‌سه‌ردا سه‌پابێت.ئه‌م سه‌ندیكایه‌ ڕاشكاوانه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌، “كرێكاران سه‌ركه‌وتوو بوون چونكه‌ توانیویمانه‌ كه‌یفه‌ر خاست و ناڕه‌زایه‌تیی ملیۆنان كرێكار و زه‌حمه‌تكێش بخه‌ینه‌ سه‌ر مێزی ده‌زگای قه‌زایی ڕژیم له‌ ئێران. نوێنه‌رانی كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌ له‌ خواستی ملیۆنان كرێكار و چه‌وساوه‌ له‌ ئێران دیفاعیان كرد. موتالباتی ئێمه‌ كرێكاران ڕه‌نگ، نژاد، زمان، ئایین و نه‌ته‌وه‌ ناناسێت، ئێمه‌ خوازیاری ژیانێكی شیاوی ئینسان و دوور له‌ سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ین. بزووتنه‌وه‌ی نان، كار، ئازادی له‌ هیچ دادگایه‌ك شكست ناهێنێت.”

هه‌ر به‌م جۆره‌ی كه‌ سه‌ندیكای كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په‌ ئاماژه‌ی پێكردووه‌، موحاكمه‌ كردنی ئه‌م كرێكارانه‌ له‌ دادگاكانی ڕژیم، بووه‌ته‌ سه‌مبۆلی خه‌باتی چینی كرێكار له‌ ئێران له‌گه‌ڵ سیستمی قه‌زایی ڕژیمی ئیسلامیی سه‌رمایه‌داران. له‌م دادگایانه‌دا، كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌، ناڕه‌زایه‌تی، خواست و موتالباتی به‌ ملیۆن كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی ئێران هاوار ده‌كه‌ن و دفاعییان لێده‌كه‌ن. كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په‌ وه‌ك چون ده‌نگی عه‌داڵه‌ت خوازانه‌ی ئیسماعیل به‌خشییان له‌ دژی ئه‌شكه‌نجه‌ده‌رانی كۆماری ئیسلامی، كرد به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌ك بۆ نه‌مانی ئه‌شكه‌نجه‌ و كردییان به‌ كه‌مپه‌ینێكی سیاسی بۆ زیاتر ڕسواكردنی ڕژیمی ئیسلامی، له‌م ڕۆژانه‌شدا، دادگایی كردنی كرێكارانیشیان له‌ دادگاكانی ڕژیم كردووه‌ به‌ مه‌یدانی ڕسوایی سیستمی گه‌نده‌ڵی قه‌زایی ڕژیم. ده‌زگای قه‌زایی ڕژیمی ئیسلامی، كرێكارانی هه‌فت تپه‌ی به‌ تاوانی هاوار بۆ “نان، كار، ئازادی“، زیندانی و ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌كات تا به‌ڵكوو بتوانێ ترس و وه‌هم بخاته‌ ناو دڵی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌، به‌ڵام بێ خه‌به‌ره‌ له‌وه‌یكه‌ ئه‌م  هه‌وڵه‌ ڕه‌زیلانه‌یه‌ناتووانێت ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ بترسێنێت به‌ڵكوو ده‌بێته‌ هۆی په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری درووشمی نان، كار، ئازادی له‌ناو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی چه‌وساوه‌ و هه‌ژار له‌ كۆمه‌ڵگادا.

ده‌زگای قه‌زایی ڕژیم بۆ داپۆشینی بێ ئابرووییه‌كانی خۆی، جار جار له‌ ناو كۆمه‌ڵی گه‌وره‌ی دزه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵات، چه‌ند كه‌سێك ده‌كاته‌ ئامانج و به‌ هات و هاوارێكی زۆره‌وه‌ موحاكمه‌یان ده‌كات، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ر دادگایی كردنی كرێكاران، داماوانه‌دێته‌ مه‌یدان و به‌ شاراوه‌یی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. ده‌زگای قه‌زایی ڕژیم، كرێكارانی ناڕازیی هه‌فت ته‌په‌ی جگه‌ له‌ زیندان به‌  شه‌للاقیش مه‌حكووم ده‌كات تا به‌ڵكوو داماویی خۆی له‌ به‌رامبه‌ر خۆڕاگری و بوێریی كرێكاران بۆ‌ دیفاع له‌ خواسته‌كانیان، قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌.ده‌ركردنی حوكمی شه‌للاق، سزایه‌كی دژه‌ مرۆییه‌ كه‌ زیاتر مۆر و نیشانی ده‌ورانی به‌ربه‌ریه‌ت و دوور له‌ شارستانێتیی پێوه‌ دیاره‌.ده‌ركردنی ئه‌م حوكمه،‌ لۆژیكی سیسته‌می قه‌زایی ڕژیمێكه‌ كه‌ كرێكار وه‌ك به‌شێك له‌ ئامرازی به‌رهه‌مهێنان و به‌ كۆیله‌ی سه‌رمایه‌داران به‌ ئه‌ژماری دێنێت. هه‌ر وه‌ك چۆن كۆیله‌داره‌كان بۆ دیفاع له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان، كۆیله‌ ناڕازییه‌كانیان ده‌دایه‌ به‌ر قه‌مچی و شه‌للاق، ئێستاكه‌ش ڕژیمی ئیسلامی بۆ دیفاع له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌رمایه‌داران و چه‌وسێنه‌ران و بۆ ترساندنی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی داماویی خۆی، كرێكاران ده‌داته‌ به‌ر قه‌مچی و شه‌للاق. پێویسته‌ به‌ پشتیوانیی كرێكاران و هه‌موو ئینسانه‌ ئازادی خوازه‌كان، له‌ ئازادی بێ شه‌رت و مه‌رجی كرێكار دیفاع بكرێت و حوكمی شه‌للاق ببێته‌به‌ڵگه‌یه‌كی مێژوویی دیكه‌ له‌ نه‌نگ و ڕسوایی ڕژیم.

ده‌ركردنی حوكمی شه‌للاق بۆ كرێكاران له‌ لایه‌ن ده‌زگای قه‌زاییه‌وه‌ نیشانه‌ی پشتیوانی ته‌واوی ڕژیمی ئیسلامی له‌ سه‌رمایه‌دارانه‌و ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕژیم هیچ چه‌شنه‌ مافێك بۆ كرێكاران له‌به‌رچاو ناگرێت و موتالباتی كرێكاران و خه‌بات بۆ باشتر كردنی بارودۆخی ژیانیان به‌ شه‌للاق وڵام ده‌داته‌وه‌. ده‌ركردنی وه‌ها حوكم گه‌لێكی دژه‌ مرۆیی ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ئێستادا ڕژیمی ئیسلامی  نه‌ ته‌نیا له‌گه‌ڵ چینی كرێكار هیچ چه‌شنه‌ سازشتێك ناكات، به‌ڵكوو سه‌ره‌تایی ترین مافه‌كانی كرێكارانیش پێشێل ده‌كات. به‌ڵام ڕاوه‌ستان و بوێریی كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌ و‌ دیفاع له‌ خواستی “نان،كار، ئازادی” له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌رمایه‌داری، هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه‌یه‌ كه‌ چینی كرێكار له‌ ئێران به‌سه‌ر هه‌ستی لاوازبوون و لێكبڵاوبووندا زاڵ بووه‌ و ته‌سلیم نابێت و خه‌باتێكه‌ كه‌ هه‌تا وه‌دی هاتنی به‌رفراوانی نان،كار و ئازادی درێژه‌ی ده‌بێت. ئه‌گه‌ر وابوو با ڕیزه‌كانمان پته‌وتر و مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانمان یه‌كپارچه‌تر و سه‌رتاسه‌ری بكه‌ین، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئاڵ و گوڕ و ئینقلاب چاوه‌ڕوانمانه‌.


Report Page