..

..


شەپۆلێکی نوێ لە دەستبەسەر کردن، محاکەمی فەرمایشی، پەروەندە سازی لەژێر ئەشکەنجەدا، دەرکردنی حوکمی زیندانی درێژماوە بۆ هەڵسوراوانی کرێکاری و تێکۆشەرانی بەندکراو، کەوتۆتە ڕێ. هاوکات لەگەڵ ئەم شەپۆلە به‌ڕێوه‌چوونی حوكمی ئێعدامی مەحکومانی دادگا ئاساییەکان، بە بەرچاوی خەڵکەوە لە زیاد بووندایە. ئەگەرچی ئەم جۆرە کردارانە بەردەوام ئاوەڵدوانەی مەوجودیەتی کۆماری ئیسلامی بوون، بەڵام توند بوونەوەیان لە کاتی ئێستادا پێوەندیەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دژواتر بوونی بارودۆخی ژیان و بەڕێچوونی خەڵکدا هەیە.

رۆژنامەی هاودڵی چاپی تاران رۆژی یەکشەممە ٢٠ ی مانگی گەلاوێژی ٩٨ بە جەخت کردنەوە لەسەر چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی تەوەڕومی مادە خۆراکیەکان لە یەکەم مانگی هاویندا، نووسیویەتی ئه‌گه‌ر وابروات تا کۆتایی ئەمساڵ تەوەڕوم دەگاتە ٧٠ لەسەد. بە وتەی ئەم رۆژنامەیە،” بەرئاوردەکان نیشانی ئەدەن کە لەئەگەری گەیشتنی تەوەرومی مادەی خۆراکی بۆ ٧٠ لەسەد لە بارودۆخێکدا کە بە لانی زۆرەوە ٣٠ لەسەد بە ڕێژەی داهاتی بنەماڵەکانەوە زیاد بێت، دەبێ چاوەڕوانی قەیرانی تەغزیە و بەڕێچوون لە توێژی مامناوەند و كه‌م داهات دا بین. ئەمە یانی ژیانی ئەم به‌شه‌ی كۆمه‌ڵگا تەنانەت لە سنووری هێڵی هەژاریش تێپەڕیوە و گەیشتۆتە خوارتر لە هێڵی هەژاریەوە.” لەگەڵ گشت ئەمانەدا كه‌ هەڵسەنگاندنی رۆژنامەی هاودڵی دا هاتووه‌، لە کەس شاراوە نییە کە بارودۆخی ژیانی زۆربەی خەڵکی ئێران چەندین بەرابەر دژوارتره‌ لەوەی کە لەم جۆرە ئامارانەدا بڵاو دەبێتەوە.

سەرجەم دیاردەکان باسی ئەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی بەتوندی لە حەرەکەتی ناڕەزایەتی بەرین و سەرتاسەری خەڵکی وەگیان هاتو دەترسێت و لە هەوڵی ئەوەدایە بە هەر شێوازێک بووە بەر بە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی بەرینی جەماوەری، وەک ئەوەی لە مانگی بەفرانباری ٩٦ دا بەرەو رووی بۆوە، بگرێت. لە ڕاستیدا ڕژیمێک کە هیچ پێگەیەکی لەنێو خەڵکدا نییە و مان و نەمانی لە گرەوی درێژەی سەرکوت و جەنایەت دایە، چارەیەکی بێجگە لە پەنابردنە بەر تەنیا ئامرازی به‌رده‌ست، واتە ئیختناق و سەرکوت و جەنایەت نییە.

بەڵام ئایا کۆماری ئیسلامی دەتوانێ توڕەیی و نەفرەتی خەڵکێک کە ژیان و بەڕێچونی مەمرە و مەژیان بە بارمته‌ گیراوە، بە توند کردنەوەی فەزای پۆلیسی و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام دابمرکێنێتەوە؟ ئایا خەڵکێک کە بەو بڕە پارە کەمەی بەناوی” یارانەی نەغدی” دکرێتە حیسابیانەوە و تەنانەت ناتوانن پارەی ئاو و کارەبایانی پێ بدەن، دەکرێ لە دەربڕینی ناڕەزایەتی پەشیمان بکەیتەوە؟ ئایا دەکرێ توڕەیی کرێکارێک کە کارەکەی لەدەستداوە و یان کرێکارێک کە تەنانەت حەقدەستی کارێکی کە دەیکات نایدرێتێ، کۆنترۆل بکرێت؟ ئایا دەکرێ لاوانی خوێندەوار کە هەموو ئاوات و ئارەزوەکانیان بە با چووە و بۆ دۆزینەوەی کار سەر بەهەموو دەرگایەکدا دەکه‌ن، ڕازی بکرێن، لە ناڕەزایەتی لەدژی بارودۆخی مەوجود پەشیمان ببنه‌وه‌؟ ئایا دەکرێ بەربە هەڵچوونی بە ملیۆن پەڕاوێز نشین کە لە هەموو جۆرە خزمەت گوزاریەکی شاری بێ بەهرەن و بەو حاڵەشەوە بەردەوام لە بەر مەترسی هێرشی هێزەکانی ڕژیمدان، تا ئەم ماڵە هەژارانەشیان بەسەردا بروخێنن، بگیرێت، هەموو مێژووی ١٠٠ ساڵەی ئەم دواییەی ئێران، تەنانەت لە دەورانی حاکمیەتی خودی کۆماری ئیسلامیشدا وڵامی ئەم پرسیارە مەنفیە. خەبات و ناڕەزایەتی لەدژی بارودۆخی مەوجود بۆ ئەم خەڵکەی وه‌گیان هاتووه‌، بەر لە وەی کە بژارده‌یه‌كی به‌دڵخواز بێت، پێویستی مانەوەیە.

کۆماری ئیسلامی چاوەڕێی سه‌رهه‌ڵدانه‌ خۆ ڕسکە شارییەکانە و ئەمنیەتی کردنی فەزای شارەکان و گرتن و زیندانی کردن و ئێعدامە بەردەوامەکانی کۆمەڵێک کرداری پێشگیرانەن بۆ بەرگەرتن لەم ئاخێزانە و بۆ بەرگری کردن لە ڕێکخراو نەبوون و هیدایەت کرانی وشیارانەیان بەرەو شۆڕشێکی چارەنووس سازی داهاتو لە ئێران. کۆماری ئیسلامی ده‌زانێ کە ناوه‌نده‌كانی هەڵچوونی توڕەیی و نەفرەتی جەماوەری خەڵک لە کوێدان؛ دەزانێ کە دەبێ زیاتر لە هەر جێگایەکی تر کوردستان میلیتاریزە بکرێت. دەزانێ کە دەبێ به‌رامبه‌ر به‌ هەر جۆرە جوڵەیەکی کرێکاران و خوێندکاران هەستیار بێت و ئەوان بگرێتە ژێر چاوەدێری. دەزانێ کە دەبێ لەپێش هەموو کەسێکدا بچێت بەشوێن هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاریدا. دەزانێ کە دەبێ بەهەر بیانویەک بووە بچێت بەدوای سیما خۆش نێو و ناسراوەکانی بزوتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتیەکاندا.

ڕژیم ئەمەش ئەزانێ کە کرداری سەرکوتگەرانەی نیشانەی توانایی نییە. لەگەڵ هەر دوو هەنگاو بەرەو پێش چوونیدا، ناچارە هەنگاوێک بکشێتەوە. لەگەڵ هەر هەنگاو پاشەکشەش جەماوەری خەڵک زیاتر بەهێزتر دەبن، دێنە پێشێ و شێوازی کاراتر لە خەبات ئەزمون دەکەن. ڕژیم ئەگەرچی لەم ئاستەدا لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی خەڵکیش نیگەرانە، بەڵام لە عەینی حاڵدا بە باشیی دەزانێ کە ئەم حەرەکەتانە تەنیا گۆشەیەکی چکۆلەن لە هەڵچوونی توڕەییەکی بناغە هەڵتەکێن کە لە ڕێدایه‌.

نابێ ڕێگه‌ بدرێت کە ڕژیم بە دەست درێژی بە ئاشکرا بۆسەر ژیان و بەڕێچوونی خەڵکی هەژار، قەیران و گرفتە ئابوریەکانیان و تاوانی ماجەراجوییە نیزامیەکان و بەرەپێش چوونی سیاستە ناوچەییەکانی بە قیمەتی توند كردنه‌وه‌ی چەوساندنەوەی کرێکاران و دزینی نانی سفرەی زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتە چارەسەر بکات، تێکشکاندنی ئەم سیاسەتە لە گرەوی خەباتێکی یەکپارچە، یەکگرتوانە و سەتاسەری دایە. کارا ترین و کاریگەر ترین تاکتیکێک کە دەکرێ زەرفیەت و توانایی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم پووچه‌ڵ بكاته‌وه‌ و ڕژیم لە درێژەی هێرش بۆسەر ژیان و بەڕێچوونی خەڵک ڕابگرێت و دابین بوونی داخوازی و متالباتی کرێکاران و خەڵکی هەژار زەمانەت بکات، زنجیرەیەک لە مانگرتنی گشتی لەم ناوچەیە و لە ئاستی سەرتاسەری دایە؛ بابەتێک کە دەبێ خەریکی ئامادەکاری بین بۆی.




Report Page