..

..


ڕۆژی شەممە ١٢ی مانگی گەلاوێژ هەشتەمین دەووری وتووێژەکانی ئەمریکا لەگەڵ تاڵبان لە” دەوحە” پێتەختی قەتەر بەڕێوەچوو. لە ماوەی ئەم ٨ دەورەی وتووێژەکاندا وادیارە ئەمریکا کە خۆی لەگەڵ گرووپی تاڵبان دەستی بە وتووێژ کردبوو، بەبی ئامادە بوونی نوێنەرانی دەوڵەتی ئەفغانستان گەیشتونەتە کۆمەڵێک ڕێككه‌وتن. حه‌فته‌ی ڕابردوو سوهەیل شاهین وتەبێژی دەفتەری سیاسی تاڵبان باسی لە نزیک بوونەوەی کاتی مۆر کردنی ڕێككه‌وتن لەسەر هەموو خاڵەکانی وتووێژی نێوان تاڵبان و ئەمریکا کرد. ئەو وتی بێ گومان چاوەڕێین چین و ڕوسییە وەک چاودێر و زامنی ڕێككه‌وتنی داهاتوو لە نێوان ئێمە ئەمریکادا ئامادە بن. هەڵبەت نوێنەری تاڵبان لەدرێژەدا وتی کە ڕێككه‌وتنی ئاشتی دوای هەموو پێكهاتنه‌كان لەسەر گشت بەندەکان، لە مەڕاسمێکدا بە ئامادەبوونی چاودێرانی نێونەتەوەیی و نوێنەرانی دەوڵەتانی دراوسێ مۆر دەکرێت. سەرەڕای ئەوەیکە پێشتر تاڵبان وتبووی ئامادە نییە لەگەڵ دەوڵەتی دەست نیشاندەی ئەشڕەف غەنی وتووێژ بکات، بەڵام زەبیحوڵڵا موجاهد وتەبێژی تاڵبان ڕایگەیاند کە دوای تەوافوق لەگەڵ ئەمریکا، وتووێژی” نێوان ئەفغانییەکان” دەست پێدەکەین. حکومەتی ئەفغانستانیش بەم دواییانە بە پێکهێنانی هەیئەتێکی ١٥ کەسی، خۆی بۆ وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی تاڵبان ئامادە کردووە.

گەرچی هەواڵی جۆراوجۆر و دژبەیەک سەبارەت بە وتووێژەکان بڵاو بۆتەوە، بەڵام رویکردی سەرەکی ئەم پێکهاتنە بە ڕەسمییەت ناسینی تاڵبانە لە لایەن ئەمریکاوە وەک ڕەوتێکی سیاسی لە ئەفغانستان. لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوە ئاگادارەکان باسیان لە ڕێككه‌وتن لەسەر ٤ بابەت کردووە. لەوانە دەرچوونی هێزە ئەمریکاییەکان لە ئەفغانستان بەپێی خشته‌یه‌كی زەمان بەندی کراو، ئاگر بەسێکی هەمە لایەنە، کەڵک وەرنەگرتن لە خاکی ئەفغانستان لەدژی وڵاتانی تر و دەست پێکردنی وتووێژی “نێوان ئەفغانییەکان”. واژەیەکی فریوکارانە و حیلەیەکی شەرعی کە تاڵبان بۆ ئەنجامی وتووێژه‌کان لەگەڵ دەوڵەتی ئەفغانستان بەکاری دەبات. لەبەر ئەوەی پێشتر وتبویان بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان وتووێژ ناکه‌ن. وتەبێژی تاڵبان جەختی کردەوە کە هێشتا هێندێک بابەتی ورد ماوەن کە قسەیان لەسەر نەکراوە و هەیئەتێکی هاوبەش خەریکی نووسینی ڕێككه‌وتننامه‌ن.

وتووێژی نێوان ئەمریکا لەگەڵ تاڵبان لە مانگی ئۆکتۆبری پاره‌كه‌وه‌ لە دیدار لەگەڵ زاڵمای خەلیل زاد نوێنەری تایبەتی وەزاڕەتی دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ مەلا عەبدولغەنی برادەر، جێگری ڕێبه‌ری تاڵبان لە” دۆحە” دەستی پێکرد. ئەمریکا لە هەمان سەرەتاوە پێداگر بوو کە هەرچی زووتر ڕێككه‌وتنی ئاشتی لەگەڵ تاڵبان مۆر بکرێت. په‌له‌ی ئەمریکا لە مۆرکردنی ڕێككه‌وتننامه‌ لەگەڵ تاڵبان و کێشانەوەی بەشێک لە هێزە نیزامییەکانی لە ئەفغانستان زیاتر لەو لایەنەوەیە کە دەوڵەتی ئەمریکا دەیەوێ وەک بەرگێکی براوە لە تەبلیغاتی هەڵبژاردنی داهاتوودا بۆ هەڵبژێردرانەوەی ترامپ کەڵکی لێ وەربگرێت.

ئەمریکا ١٧ ساڵ ساڵ لەمه‌وبەر دوای تەقاندنەوەی دوو تاوەر لە نیویورک بە لەشکه‌ركه‌شی بۆ ئەفغانستان ئەم وڵاتەی داگیر کرد و حكومەتی تاڵبان کە لە ڕوانگەی ئەمریکاوە وەک ڕژیمێکی تیرۆریستی کە لە تەقینەوەکانی ١١ی سیپتامبردا دەستی هەبوو ڕووخاند. بەڵام کێ هەیە نەزانێت ئەوە خودی ئەمریکا بوو کە بە یارمەتی کردن بە پێکهێنان و بەهێز کردنی جەریاناتی کۆنەپەره‌ست و جەنایەتکاری ئیسلامیی لە ئەفغانستان لە دەیەی ٨٠ ی میلادی بە ئامانجی بەرەنگار بوونەوە و ڕقابەت لەگەڵ یەکێتیی سۆڤییەت لە ڕووخاندنی دەوڵەتی نەجیبوڵڵادا لە ساڵی ١٣٧١ دەورێکی ئەساسی هەبووە. لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕێکی نێوخۆیی لە نێوان گرووپه‌ ئیسلامییەکاندا سەرئەنجام لە ساڵی ١٣٧٥ کابول کەوتە دەست تاڵبان. حکومەتی ئیسلامیی تاڵبان لە ماوەی ٥ ساڵ ده‌سه‌ڵاتیی دژی ئینسانی خۆیدا گەلیک جەنایەتی خولقاند و کۆمەڵگای ئەفغانستانی بە زاڵ کردنی یاسای شەریعەت لە شەڕ و خوێن ڕشتن و وێرانیدا نوقم کرد. هەژاری و برسیەتییەکی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری بەسەر زۆربەی خەڵکدا سه‌پاند. ژنانی بە یاسای دژی ژنی ئیسلامیی لە هەموو مافە ئینسانییەکانیان بێبەش کرد. خەڵکی ئەفغانستان قەت ئەم جەنایەتەیان لەبیر ناچێتەوە. ئێستا ئەمریکا بە وتووێژ کردن و سازش لەگەڵ گرووپی تاڵبان لە بانسەری خەڵکی ئەفغانستانەوە و لە جیاتی ئەوان، کۆمەڵگای ئەفغانستان جاریکی تر بەرەوڕووی کێشەی گەورە دەکاتەوە و خەڵکی ئه‌و وڵاته‌ دەخاتەوە نێو دۆزەخێکی تره‌وه‌.

گەڕانەوە و دەست ڕاگەیشتنی سەرلەنوێی تاڵبان بە حکومەت ئەو مەترسییەیە کە بە تایبەت ژنانی ئەفغانستانی گەلێک نیگەران کردووە کە دەستەکەوتەکانی خەباتی دوو دەیەیان لەدژی یاسای دژی ژنی ئیسلامی و پیاوسالاری لە لایەن ئەمریکاوە ساتوسەودای لەسەر بکرێت و لە ژێر هەڕەشە دایە. ژنان دەزانن کە هەڵوێستی تاڵبان سەبارەت بە ڕەچاو کردنی مافەکانی ژنان بەپێی یاسا ئیسلامییەکان واتایەکی بێجگە لە خانە نشین کردنیان بۆ خزمەت کردنی پیاوان، داسەپاندنی حیجاب و ڕوبەند و زەوت کردنی ئازادی و مافە ئینسانییەکان و هەژاری و بێکاری بۆیان بەشوێنەوە نییە. ” کۆمیسیۆنی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ئەفغانستان” بەپێی ئاخرین توێژینەوەکان لەژێر ناوی” ژنان، ئاشتی و ئەمنیەت” دا ئەنجامدراوە رایگەیاند:” ژنانی ئەفغانستان دژی گەڕانەوەی تاڵبانن بە ئەفکاری وشک و بونیادگەرایانەیانەوە و دامەزراندنی ده‌سه‌ڵاتی ئەوان لەسەر بنەمای شەریعەتن. لەبەر ئەوە وڵات لە بەرەو پێشەوە چوون ڕادەگرێت و خەڵک بە زەبری شه‌لاق بێدەنگ ده‌كات. خەڵکی ئەفغانستان و هەڵسوڕاوانی مەدەنی لە بەشداری تاڵبان لە نیزامی سیاسی داهاتوی وڵاتدا بەهەمان شێوەی ئەفکاری دژی ژن و توندڕەوانەیان نیگەرانن.” لە دەورەی ده‌سه‌ڵاتی تاڵباندا ژنانی ئەفغانی زۆرترین زیان و بێ مافیان بە نسیب بوو. لە دوو دەیەی رابردوودا ڕێكخراوه‌کانی ژنانی ئەفغانستان بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان توانیویانە بەشێک لە مافە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیان وەربگرنەوە. گەلێک کۆنفڕانس و کۆبوونەوە لە پێوەند لەگەڵ باشتر کردنی بارودۆخی ژیان و پێگەی کۆمەڵایەتی ژنان بەڕێوەچووە.

ڕێكخراوه‌كان و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی ژنانی ئەفغانستان ڕایانگەیاندووە کە نایەڵن جارێکی تر ببنەوە بە قوربانی ساتوسەودای پیلانەکانی پشتی پەردەی زل هێزە جیهانی و ناوچەییەکان و ئەحزابی سیاسی و هیچ گرووپێکی نێوخۆیی دەرەکی مافی ئەوەی نییە بە نوێنەرایەتی لە لایەن ئەوانەوە بڕیار بدات. ڕه‌هه‌ندی ژنانی ئەفغانستان لەم پێوەندەدا کەمپەینێکی لەژێر ناوی” ژنانی ئەفغانستان ناگەڕێنەوە بۆ دواوە” خستۆتە ڕێ. ئەوان ئەڵین ئێمە ئاشتیمان بەو قیمەتە ناوێ. هەزینەی هەڵبژاردنی ترامپ ئێمە نایدەین. ئەوان وتیانە کە لە دەستکەوتەکان و بەرژەوەندی خۆیان بە هەموو تواناوه‌ پارێزگاری دەکەن.


Report Page