..

..



 

ڕاگەیەندرا بوو کە ڕۆژی شەممە ١٢ی مانگی گەلاوێژ جەلەسەی دادگایی کردنی تاوانبارانی پەروەندەی ناڕەزایەتییەکانی حەوت تەپە بەڕێوەدەچێت. لە ڕۆژانی پێشتردا ئه‌م هه‌واڵه‌ شەپۆلێک لە پشتیوانی لە کرێکارانی زیندانی و داکۆکیکارانیان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتی بەدیهێنابوو. گەلێک لە یەکێتییە کرێکاراییەکان و ڕێكخراوه‌کانی لایەنگری مافی مرۆڤی جیهانی خوازیاری ئازاد کردنی ئەوان بوون. لە زۆربەی شارەکانی ئۆرووپا، ئەمریکا و کانادا، داکۆکیکارانی بزوتنەوەی کرێکاری ئێران لە ناوەندی شار و یان لەبەردەم هێلانه‌ی سیخوڕیی ڕژیمی ئیسلامی، دەستیاندایە بەڕێوەبردنی میتینگی ناڕەزایەتیی. وەکیلی بوێری کرێکارانی حەوت تەپە خوازیاری بە ئاشکرا بەڕێوەچوونی دادگا بوو. ئەو بە دروستی ڕایگەیاندبوو کە ئەوانەی وا لە بڵینگۆ تەبلیغاتیەکانیانەوە سیناریۆی” تەڕاحی سوختەیان” بەکردەوە دەرهێنابوو، ئەوانەی مودەعی بوون کە ئەم کرێکارانە و پشتیوانەکانیان بە ناو پێوەندیان لەگەڵ بێگانەکان هەیە و لەدژی” ئەمنیەتی نەتەوەیی” کاریان کردوە ئەگەر ڕاست دەکەن بۆچی ئەترسن لەوەی کە دادگایی کردنەکەیان بەشێوەی ئاشکرا بەڕێوەبچێت تا خەڵک لە جەوهەری ڕاستەقینەی بەناو عەدلی ئیسلامی حاڵی بن.

  ئەم بێدادگایە دەرفەتێک بوو تا ئەمجار سەرکوتگەرانی کرێکاران، ئەوانەی داکۆکیکارانی ئەم کرێکارانە و هەڵسوڕاوانی مەدەنیان محاکەمە کردوە کە چەندین مانگە لە زیندانە تاکە کەسیەکاندان و جەللادانی ڕژیم لە بەکار بردنی هیچ کردارێکی دژی ئینسانی بۆ بە چۆکدا هێنانیان دریغیان نەکردوە. ئیسماعیل بەخشی، عەلی نەجاتی، سپیدە قولیان، ئەمیر ئەمیرقولی، ساناز ئەڵاهیاری، ئەمیر حسێن محەممەدی و  عەسەل محەممەدی تاوانبارێکی ئاسایی نه‌بوون. ئه‌وان نوێنه‌رانی بە هەزاران کرێکاری حەوت تەپە و نەسڵی جەوان بوون کە لە دیفاع لە خەباتی کرێکاراندا، لە دیفاع لە ڕێبەرانی بوێری بزوتنەوەی کرێکاریدا هاتبوونە مەیدان. ئەوان تا ئێرەش هەزینەیەکی قورسیان دابوو، ئەوان تا ئێرە جەلادەکانی ڕژیمیان بەچۆکدا هێنابوو وە ئێستا کاتی ئەوە بوو کە ئەوان لە سحنەی کۆمەڵگادا دەست بدەنە گێڕانەوەی ئەشکەنجەکان و ئەوەی وا لە زیندان بەسەریاندا هاتبوو.

له‌ڕاستیدا وێڕای ئەوەی کە ڕژیم ئەوانی زیندانی کردوە بەڵام لەم نەبەردە نایەکسانەدا ئەو لایەنەی کە شکستی هێناوە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە. لە پرۆسەی سەرجەم خەبات و سیناریۆکانی کە ڕژیم بۆ بەشکست کێشانی وەرەی تێکۆشەرانەی ئەم کرێکارانە و ڕێبه‌رانی بوێریان و پشتیوانەکانیان هێنایە مەیدان، بەرەو رووی شکست بویەوە. ئه‌و کات کە بە خەیاڵی ڕژیم گیراوەکانی حەوت تەپە و سپیدە قولیان دەبێ لەژێر ئەشکەنجەدا تێبشکێندرێن و کرێکاران بۆ کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەیان بانگەواز بکرێن و ڕازیبن به‌ قەبوڵ کردنی تەشەکولی دەستکردی دەوڵەتی، ئەوان ئەم سیناریۆیەیان بە پێداگری لەسەر مانگرتنیان و پاراستنی شوڕاکەیان بەرەو رووی شکست کردوە و شەپۆلێکی بەرین لە هاوپشتی لەگەڵ کرێکارانی دەست بەسەر کراو و مانگرتوانی کرێکاری لە دەرەوە و ناوەوەی وڵاتی بەدیهێنا. و ئەم شکستە بوو کە ڕژیمی ناچار بە ئازاد کردنی ئەوان کرد بەو هیوایەی کە وێڕای هەڕەشەکان لە زیندان و ئەو ئەشکەنجانەی کە بەسەر ئیسماعیل بەخشی و سپیدە قولیان و عەسەل محەممەدی و وەکیلەکەیاندا هێناوە، ئیتر دەنگێک لەوانەوە نابیستریت. بەڵام ئیدیعانامەی بەخشی لەدژی کاربەدەستانی ڕژیم و دواتر یاد داشت و وتەکانی سپیدە قولیان و عەسەل محەممەدی و وەکیلەکەیان ڕاگەیاندنی شەڕێکی بە ئاشکرا لەدژی ڕژیم بوو. لەم شەڕەدا ئەوان ئیتر بە تەنیا نەبوون و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئیدیعانامەیەکی دیکەی ئەشکەنجە کراوانیان وێنا کرد. لە قۆناغی دواتردا کە”موستەنەدی تەڕاحی سوختە“ش هاتە سەر سەحنە بە بەرەکەتی لەقاودانە هەمە لایەنەکان بەرەو رووی شکست بۆوە و دەرکەوت بەردێکی کە ڕژیم هەڵی گرتبوو بەسەر لاقی خۆیدا کەوتوە.

  ئیسماعیل بەخشی کە بە هیممەتی پێداگری کرێکارانی حەوت تەپە و بە هیممەتی شەپۆلی پشتیوانی نێوخۆیی و جیهانی گەڕابۆوە نێو ئامێزی هاوکارەکانی، ئەم جارەش لە قامەتی ڕێبەرێکی کرێکاری و لە قامەتی هاوارێکی بەرزی ئەوانەدا کە بە تاوانی دیفاع لە سەرەتایی ترین مافە ئینسانییه‌كانیان واته‌ ژیانێکی شەڕافەت مەندانە، بە تاوانی دیفاع لەو کرێکارانه‌ی بەند کرابون، قسەی کرد. ئەو دەیزانی کە سپیدە قولیان بە تاوانی بڵاو کردنەوەی هەواڵی خەباتی کرێکارانی حەت تەپە وەک ئەو زیندانی کراوە و لەژێر ئەشکەنجەدایە. ئەو دەیزانی کە کرێکارانی زیندانی کراوی فولادی ئەهواز کەهەمان ئه‌شكه‌نجه‌گادا ئەسیرن کە ئەو تا ئاستی مردن تێیدا  ئەشکەنجە کرابوو. ئەو دەیزانی کە هاوکارەکانی عەلی نەجاتی کە بەدەست هەموو جۆرە نەخۆشینێکەوە ئازار دەکێشێ هەروا لە زیندانی ئینسان کوژانی ڕژیمی ئیسلامیدایە و ئەو دەبێ دەنگدانەوەی هاوارەکانیان بێت.هەموو ئەو ئیدیعا نامە و ئەو نووسراوانە هیچ چارەیەکیان بۆ ڕژیم نەهێشتەوە بێجگە لەوەی کە نەتەنیا ئیسماعیل بەخشی بەڵکو سپیدە قولیان، عەسەل محەممەدی و بەڕێوەبەرانی گۆڤاری گام کە دیفاعیان لە کرێکارانی حەوت تەپە کردبوو زیندانی بکات. ئێستا دوای تێپەڕ بوونی زیاتر لە ٦ مانگ دەست بەسەر کران و ئەشکەنجە، هەر حەوت توانباری پەروەندەی حه‌وت تەپە دەکێشرێنە دادگا.ئەوان لەم ماوەیەدا لەم زیندانەوە بۆ ئەو زیندان، لەم ئەشکەنجەگاوە بۆ ئەو ئەشکەنجەگا بەڕێکران. ئەوان گەلێک جار لەژێر گوشاری زۆر لە ڕێگای ئەشکەنجەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون. ئەوان گەلیک جار دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن تا هەموان لە بارودۆخی نا مرۆڤانەی زاڵ بەسەر زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا ئاگادار بکەنەوە. و ئیستا لە ڕۆژێکدا کە ڕاگەیەندرا بوو بێدادگای ئەوان بەرپا دەکرێت، مه‌ئموورانی ڕژیم هێرشیان بردۆتە سەر کۆمەڵێک لە بنەماڵەی تاوانباران و هەڵسوراوانی کرێکاری و مەدەنی کە لەبەردەم بێدادگاکەدا کۆببوونەوە و ٤ کەسیان لێ دەست بەسەر کردون. وەداوا خستنی محاکەمەکەکان بۆ ڕۆژانی داهاتوو هیچ شتێک نییە بێجگە لە وەحشەتی ڕژیم لە ئیفشاگەریەکانی ئەم زیندانیانە و پەرەسەندنی هاواری دادخواهی لە نێوخۆ و لە دەرەوەدا.

  ئێستا دەبێ لە دەرفەتی وەدوا کەوتنی محاکەمەکە کەڵک وەربگیرێت و شەپۆلێکی بەرین لە پشتیوانی لەم زیندانیە بوێرانە بەدی بێنین. بەتایبەت ئەوە گرنگە کە هەڵسوراوانی کرێکاری و مەدەنی له‌ نێوخۆدا بچنە پای ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکاری و مەدەنی.هه‌موومان دەزانین کە لە ڕۆژانی دواییدا ژمارەیەک لە ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان لە ئارادا بوون بۆچی ناکرێت هەوڵ بدرێت تا داخوازی ئازادی ئەم زیندانیانە ببێتە یەکێک لە متالباتە گشتیەکانی هەموو ئەم ناڕەزایەتیانە و خەباتی کرێکاری. سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە مافی خۆیەتی کاتێک دەڵێ” هاوکارانی خۆشەویست ئەم دادگایە لە راستیدا ئیسماعیل بەخشی بە نوێنەرایەتی لە سەرجەم کرێکارانی حەوت تەپە دادگایی دەکات” و ئێمە دەڵێن کە ئەم ٧ کەسە بە نوێنەرایەتی لە لایەن هەموو کرێکارانی ئێرانەوە، بە نوێنەرایەتی لە لایەن هەموو بزوتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتیەکان بە نوینەرایەتی لە لایەن هەڵسوراوانی مەدەنیەوە محاکەمە دەکرێن. نابێ بێڵین کە هاواری عه‌داله‌ت خوازانه‌ی ئەوان دەنگدانەوەی لە کۆمەڵگادا نەبێت. لەبیرمان نەچێت ئەوانەی کە لەسەر کورسیی قەزاوەت پاڵیان داوەتەوە، پاسدارانی نەزمێکن کە کارنامەی زیاتر لە ٤ دەیە تاڵان و بڕۆ، سەرکوت و توشی هەژاری کردنی خەڵکیان هەیە. نابێ ئیجازە بدرێت کە ئەم جەناتەکارانە کەسانێک محاکەمە بکەن کە پێداگری لەسەر شەڕافەتمەندانە ترین بایەخە ئینسانیەکان دەکەن.


Report Page