..

..


 

مانگەکانی گەلاوێژ و خه‌رمانان وەبیر هێنەرەوەی یەکێک لەو جەنایەتە سامناکانەیە کە لە دەورانی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا، بەڕێوەچووە. ٣١ ساڵ لەوەپێش لە مانگەکانی گەلاوێژ و خه‌رمانانی ساڵی ١٣٦٧ دا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەستی دایە جەنایەتێک کە ئاسەوار و بەڵگەکانی تا ئیستاش ڕادەیەکی زۆر لە خۆی وەحشەگەری و دڕندەیی کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامی نیشان ئەدات. خومەینی و ڕاوێژکارە سەرەکیەکانی ڕەفسەنجانی، خامنەیی و روحانی کە نیگەرانی پەرەگرتنی ناڕەزایەتی کرێکاران و خەڵکی ئێران دوای شکستی زەلیلانەی ڕژیم لە شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێراق بوون بە ئامانجی ترساندنی خەڵکی وەگیان هاتو لە شەڕ و فەلاکەتی ئابووری، بۆ کوشتاری زیندانیان بەرنامەیان دانا. بە وتەی عەلی رازینی سەرۆکی سازمانی قەزایی هێزە چەکدارەکان لەو سالەدا فەرمانی کوشتاری بە کۆمەڵی زیندانیان لە ساڵی ٦٧ یەکێک لە چەند هەنگاوی گرنگی خومەینی لەکۆتایی تەمەنیدا بوو کە بە وتەی ئەو ” مەسیری داهاتوی حەرەکەتی حکومەت” ی رۆشن کردەوە. پرۆژەی کوشتنی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران لە رۆژی هەینی ٢٨ ی مانگی پوشپەڕی ١٣٦٧ تەنیا رۆژێک دوای بە سەرەوە نانی جامی ژەهری قەبوڵ کردنی ئاتەش بەس لە شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێڕاقدا، لەسەر بنەمای فەرمانی خومەینی دەستی پێکرد. لەم رۆژەدا پێوەندی زیندانە سەرەکیەکانی ئێران لەگەڵ دنیای دەرەوە بە تەواوەتی پچڕا و لە ماوەی نزیکەی دوو مانگدا جەنایەتێک قەوما کە لە جۆری خۆیدا بێ وێنە بوو وە کۆمەڵگای ئێرانی تا ساڵانێک نوقمی پەژارەیەکی مەرگبار کرد.

بە فەرمانی خومەینی، هەیئەتی تایبەتی کە دواتر بوو بە هەیئەتی مەرگ، بە سەرپەرستی” ئایەتواللە ئەشراقی” پێکهاتو لە نوێنەرانی خومەینی، سەرۆک کۆمار، دادستانی گشتی بە ناو شۆڕش، وەزارەتخانەکانی دادگوستەری و ئیتلاعات و ئیدارەی زیندانە سەرەکیەکانی ڕاگرتنی زیندانیانی سیاسی واتە ئیوین و گەوهەر دەشتی کەرەج پێکهات و کرانە بەرپرسی ئیجرای پرۆژەی کوشتاری زیندانیانی سیاسی. لەو رۆژانەدا دەزگای کوشتار و جەنایەتی ڕژیمی ئیسلامی بە هەزاران زیندانی بە گرایشاتی جۆراو جۆری سیاسیەوەی سپاردە دەست جوخەکانی مەرگ. مونتەزری لە کتێبی بیرەوەریەکانیدا بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتەکانی بە دەستی گەیشتبوون، ژمارەیانی ٢٨٠٠ تا ٣٨٠٠ کەس باس کردوە و لەسەر بنەمای هێندێک لە ڕاپۆرتەکان لە نێوان ٥ تا ٦ هەزار ئینسانی تێکۆشەر لەم جەنایەتە سامناکەدا گیانیان لە پێناو خۆراگری و و لەسەر بیر و بۆچوونەکانیان لەدەستدا.

کۆماری ئیسلامی دوای ٤ ی مانگی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بنەماڵەی قوربانیانی لە رووداوی ئێعدامەکان ئاگادار کرد. بەشوێن ئەم جەنایەتەدا ڕژیم بە هەزاران کەس لە زیندانیانی ئێعدام کراوی لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی خاوەراندا شاردەوە، بەڵام ئەم پرۆژەیە هاوکات لە باقی شوێنەکانی ئێران لەوانە لە کوردستانیش بە کردەوە دەرهات. لە ڕاستیدا لەمرۆدا دەبێ نەک گوڵزاری خاوەران، بەڵکو دەبێ گوڵزاری خاوەرانی سەرتاسەری ئێران وەبیر بهێندرێتەوە.

سەرانی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی تا ئەمرۆش تەنانەت بەر بە ئامادە بوونی دایکانی داغدیدە دەگرن لەسەر گوڕی منداڵەکانیان لە گوڵزاری خاوەران، بە مەئمورانی لیباس شەخسی تەنیویانە تا مەبادا دایکێکی داغدار، هەوڵبدات، بە ئامادەبوون لەسەر گۆڕی جگەر گۆشەکەی هێندێک سوکنایی بێت. ڕێکخەران و بەڕیوەبەرانی ئەم جەنایەتە سامناکە ئێستا لە پۆستی سەرۆکی قوەی قەزاییە و مەجریەدان. کەسانی ئاگادار کە لە نزیکەوە گۆڕانکاریەکانی نێو کۆماری ئیسلامی چاودێری دەکەن گومانیان نییە کە ٣١ لەوە بەر و لە کاتی کارەساتی کوشتاری بە هەزاران کەس لە زیندانیانی سیاسیدا و ناشتنیان لە گۆڕی بە کۆمەڵدا، حەسەن روحانی یەکێک لە یاران و ڕاوێژکارانی نزیکی ڕەفسەنجانی و شەخسی خومەینی بووە.

ڕێكخراوی دیدەبانی مافی مرۆڤ، لە ساڵێ ١٣٨٤ لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی<< وەزیرانی مەرگ>> ، دەوری راستەوخۆی مستەفا پورمحەممەدی” کە لە لایەن حەسەن روحانیەوە وەک وەزیری دادگوستەری دیاریکراو وە ئێستا ڕاوێژکاری سەرۆکی قوەی قەزاییەیە لە جەریانی ئێعدامی بە هەزاران کەس لە زیندانیانی سیاسیدا بەڵگەمەند کردوە. لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧، موستەفا پورمحەممەدی، جێگری وەزیری ئیتلاعات ئەندامی هەیئەتیک بوو کە بە هەزاران زیندانی سیاسی دوای بازجویی دو سێ خولەکی بەرەو جوخەکانی مەرگ ڕەوانە کرد. ئەحکامی مەرگی زیندانیانیەکان لە حاڵیکدا دەردەکرا کە دادگاکانی” شۆڕش” پێشتر ژمارەیەکی زۆر لەم کەسانەیان محاکەمە بە زیندان مەعكوم کردبوو وە دەورەی زیندانیان تێپەڕ کردبوو. ئیبڕاهیم ڕەئیسی سەرۆکی قوەی قەزاییە ئێستای ڕژیم لە پۆستی دادستانیی کەرەج و هەمەدان دا یەکێکی تر لە بەڕێوەبەرانی سەرەکی ئێعدامەکانی هاوی ٦٧ بووە. عەلی ڕەبیعی وتەبێژی ئیستای دەوڵەتی روحانیش لە فەرماندەکانی یەگانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە دەیەی ٦٠ و لە عاملینی کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ دا بە ئەژمار دێت.

ئه‌مڕۆكه بە هیممەتی تێکۆشەرانی سیاسی و ڕزگار بوو لە کوشتاری بەکۆمەڵی ئێوین، ڕەجایی شاری کەرەج، عادل ئاباد، دیزل ئاباد و زیندانی سنە و شوێنەکانی تر، ئاستی ئەم جەنایەتە دژی بەشەرییە رۆشن تر بۆتەوە، هەموو ساڵێک لە مانگەکانی گەلاوێژ و خه‌رماناندا گەلیک مەڕاسمی وەبیر هێنانەوە و دەیان کەمپەینی بڵاو کردنەوەی بیرەوەی و بەڵگە و ئەسنادی ئەم جەنایەتە سامناکەی ڕژیمی ئیسلامی لە ولاتانی جۆراو جۆری دنیادا بەڕیوە دەچێت.

کرێکاران و خەڵکی ئێران تاوانبارانی ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆی، بەڕیوەبەران و تەئید کونەندەگانی ئەم جەنایەتە نە بیر دەکەن نە دەبەخشن. سەرئەنجام ئەو رۆژە دێت کە سەرانی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە دادگای دادی خەڵکی ئازار جەشتوی ئێراندا محاکەمە بکرێن، ڕازە سەربەمۆرەکانی جەنایەتگه‌لێكی بێ ئەژمار کە کردویانە ئاشکرا بێت و سزای شیاوی خۆیان وەربگرن. یاد و بیرەوەری گیانبەختکردوانی کوشتاری بەکۆمەڵی ساڵی ٦٧ و باقی گیانبەختکردوانی ڕێگای ڕزگاری بەشەریەت بۆ هەتا هەتایە زیندوە و جێی ڕیزە.


Report Page