..

..


 

ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بڕیاره‌ لە ڕۆژی ١٢ی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٨ بەرابەر لەگەڵ ٣ی مانگی ئوتی ٢٠١٩ “ئیسماعیل بەخشی، عەلی نەجاتی”لە هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی کرێکارانی حه‌فت تەپە و “سپیدە قولیان، ساناز ئەڵاهیاری، ئەمیر ئەمیرقولی و ئەمیر حسێن محەممەدی فەرد” لە هەڵسوڕاوانی سیاسی و لە پشتیوانان و یارانی بزوتنەوەی کرێکاری ئێران لە یەکێک لە بێدادگاکانی خۆیدا محاکەمە بکات. ئەم هەڵسوڕاوە کرێکاریانە و پشتیوانە دڵسۆزەکانیان تەنیا تاوانیان دیفاع لە مافی کرێکارانێکە کە ٧ مانگە لە بارودۆخێکی دژواردا زیندانی کراون. لە کاتێکەوە کە ده‌ستوپێوه‌نده‌ ئەمنییەتییه‌كانی ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامی لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردووەوە و لە جەریانی مانگرتن و ناڕەزایەتیی یەکپارچە و یەکگرتوانەی کرێکارانی نەیشەکەری حه‌فت تەپە و فولادی ئەهواز لە هێرشێکی شەوانەدا نوێنەرانی کرێکارانی حه‌فت تەپە و زیاتر لە ٤٠ کەس لە کرێکارانی فولادی ئەهوازیان گرت و ڕەوانەی زیندانیان کردن، ڕژیمی ئیسلامی هەروەها گۆپاڵی زیندان و ئەشکەنجە و سەرکوتی بەسەر سەری کرێکارانەوە ڕاگرتووە. لەو کاتەوە تا ئێستا هەموو دەنگێکی ناڕەزایەتیی و زەمزەمەی وەڕیخستنی مانگرتنێک بەرگوێی دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕژیم کەوتبێت، ناوەندە سەرکوت گەرەکانی ڕژیم بە بانگ کردن و هەڕەشە کرێکارانی ئەم دوو موجتەمەعە سەنعەتییەیان خستووه‌تە ژێر گوشارەوە. ڕژیم بە زیندانی کردن و محاکەمەی ڕێبەرانی کرێکاری و پشتیوانەکانیان لەهەوڵ دایە کە هەم چالاکانی بزوتنەوەی کرێکاری چاوترسێن بکات و هەم هەزینەی پشتیوانی و هەمراهی کردنی هەڵسوراوانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ کرێکاران بەرز بکاتەوە.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرخورد بە گیراوەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکاریشدا هەر ئەم ڕەواڵ و سیاسەتەی بەرەو پێش بردووە. لە کۆبوونەوەی ڕۆژی کرێکاردا لە تاران کە زیاتر لە ٥٠ کەس لە کرێکاران و خانەنشین كراوان گیران بۆ هەمویان پەروه‌نده‌ی قەزایی تەشکیل درا. لەگەڵ ئەوەیکە زۆربەی ئەوانە بە دانانی وه‌سیقه‌ ئازاد کران، بەڵام هەروا لە بەر مەترسی بانگ کردن و بازداشت و دەرکرانی ئەحکامی زیندان دان. لەم نێوانەدا ٤ کەس لە گیراوەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار بە ناوەکانی نێدا ناجی، مەرزیە ئەمیری، عاتفە ڕەنگڕیز و ئانیشا ئەسەدوڵڵاهی هێشتا لە بیلاتەکلیفی تەواودان.

توند بوونەوەی گوشارەکانی ڕژیم لەسەر هەڵسوراوانی بزوتنەوەی کرێکاری و پشتیوانان و یارانی دڵسۆزی کرێکاران لەسەر ناوەرۆکی درێژەی مانگرتن و خەباتی کرێکاران و ناڕەزایەتیی توێژی هەژاری کۆمەڵگا بێ وەستان لە ئارادایە. ئەم گوشارە پۆلیسیانە لە بارودۆخێکدا درێژەی هەیە کە لە ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ مانگی پوشپەڕەوە تا ڕۆژی سێشەممە ١ی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٨ واتە تەنیا لە ماوەی ٣ ڕۆژدا شایه‌تی لانیکەم ١٨ حاڵەت مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و ناڕەزایەتیی هەژارانی کۆمەڵگە بوین. بۆ نمونە دەکرێت ئاماژە بە ناڕەزایەتیی کرێکارانی کۆنتۆڕ سازیی قەزوێن، کۆبوونەوەی کارمەندانی ناوچەی تایبەتی ئابووری وزەی پارسی عەسەلویە، کۆبوونەوەی کرێکارانی قەراردادیی به‌شه‌كانی وەرگرتنی عەوارزی ئازادڕێی قەزوێن، کۆبوونەوەی خانەنشین کراوانی شیرکەتی مۆخابه‌راتی ڕێگای دووری شیراز، کۆبوونەوەی کارمەندانی شیرکەتی سەهامی عەداڵەت، کۆبوونەوەی مۆعه‌لیمانی حه‌قولته‌درسی ئیسفەهان، کۆبوونەوەی کارمەندانی نەخۆشخانەی ئاریا لە شاری ڕەشت، کۆبوونەوەی بێکارانی شارەستانی هوەیزە، کۆبوونەوەی کرێکارانی” میترو هۆڵدینگ” لە تاران لە ماوەی ئەم ٣ ڕۆژەدا بکرێت.

ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییانە نیشانی دەدات کە سەرەڕای کاریگەری نەرێنی بەرتەسک تر بوونەوەی ئاڵقەی تەحریمە نێونەتەوەییەکان و پەرەسەندنی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و توند بوونەوەی فەزای جەنگی و ئەمنییەتی لەسەر ڕەوتی درێژەی خەباتی کرێکاری و جەماوەری، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ناتوانێ بە پشت بەستن بە شگردی سەرکوت بەر بە درێژەی ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکاری و جەماوەریانە بگرێت. ئەم فاکتۆڕ و هۆکارە نه‌رێنییانه‌ ئەگەرچی لە کورت ماوەدا ڕەوتی گەشە و پەرەسەندنی ئەم مانگرتنانە هێور دەکاتەوە، بەڵام ناتوانێ بەر بە بەردەوام بوونی بگرێت. کەوایە خەباتی کرێکاران، مۆعه‌لیمان و باقی چین و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵ بە شێوەیەکی چارهەڵنەگر درێژەی دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەو موسیبەت، بێ مافی و بێ بەشیانەی کە چینی کرێکار و توێژی هەژاری کۆمەڵی کێشاوەتە مەیدانی بەرەوڕوو بوونەوە و خەبات لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی و ئەو داخوازیانەی کە ئاڵاکەیان هەڵکردووە بە قوڵی ڕیشەی لە مناسباتی سەرمایەداری، گەندەڵی نیهادینە بوو و قەیرانێکی هەمە لایەنە دایە کە سەرتاپای ئەم نیزامەی داگرتووە. کۆماری ئیسلامیی نە تەنیا لە وڵام دانەوە بەم داخوازی و مۆتاڵباتە دا داماوە، بەڵکوو بە توند کردنەوەی هەژاری و فەلاکەت و پەرەسەندنی بێکاری بواری عەینی بۆ پەرەسەندنی ئەم ناڕەزایەتییانەی فەراهەم کردووە. تا کاتێک کە بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی و مۆتاڵباتی کرێکاران و توێژی هەژاری کۆمەڵگە درێژەی هەیە، ڕەوتی کامڵ بوونی ئەم خەباتەش درێژەی دەبێت. لەبەر ئەوەی کرێکاران تەنیا لە حاڵی بزووتنەوە و حەرەکەتدا دەتوانن بۆ کامل بوونی خەباتی خۆیان دەرفەت دروست بکەن و لە بارودۆخی ئێستای بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی و مۆتاڵباتیدا کرێکاران باشترین دەرفەتیان بۆ کامڵ بوون و بەرەو پێش بردنی بزوتنەوەی کرێکاری دروست کردووە. دەستکەوتەکانی تا ئێستای بزوتنەوەی کرێکاری لە زەمینەی ڕێکخستن، پەروەردە کردنی هەڵسوراوان و ڕێبەرانی کرێکاری، دامەزراندنی پێوەندی لەگەڵ باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و زاڵبوون بەسەر هەست کردن بە لاوازی و داماویدا ئەساسەن لە دەستکەوتەکانی ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتییانەن.

کرێکاران لەناخی خەباتی ئێستادا، بە پشت بەستن بەم دەست کەوتانە و بە زاڵ بوون بەسەر هەستی داماویدا، کاتێک کە پێیان وایە کە ئیتر ناچنە ژێر باری ستەمەوە و لەسەر بنەمای ئەم دەرک و بەرداشتەی خۆیان دەست بەکار دەبن، شۆڕشێک دەخەنە دیمەنگاوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بەپێی غەریزەی چینایەتی خۆیەوە ئاگاداری شوێن و پێگەیەکە کە بزوتنەوەی ئێستای کرێکاری و دەور و نەخشێکی کە هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری و پشتیوانەکانیان هەیانە بۆیە لەدژیان شه‌مشیری لە کالان دەرکێشاوە. ئەگەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی دەیەوێ بە گرتن و زیندانی کردن و ئەشکەنجە و محاکەمە ڕێبەرانی کرێکاری چاوترسێن بکات و هەزینەی پشتیوانی لە بزوتنەوەی کرێکاری بەرێتە سەرەوە، بزوتنەوەی کرێکاریش بە هیممەتی ڕیبەران و پشتیوانە دڵسۆزەکانی دەبێ هەوڵ بدات کە هەزینەی سیاسی ئەم هەوسار پچڕاویەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەدژی بزوتنەوەی کرێکاری قورس تر بکات. دەبێ هەوڵ بدات هەر ئەو جۆرەی کە نەخشەی ئیعتیڕاف گیری لەژێر ئەشکەنجەدا بەناوی” تەڕاحی سوختە” بە ئامانجی ترساندنی هەڵسوراوانی کرێکاری کردە کەمپەینێکی سیاسی لەدژی جەنایەتەکانی ڕژیم، دادگایی کردنی هەڵسوراوانی کرێکاری و پشتیوانەکانی بزوتنەوەی کرێکاری لە ڕۆژی ١٢ی مانگی گەلاوێژیشدا بکەنە گۆڕەپانێک بۆ ڕێسوا کردنی هەرچی زیاتری ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی و کوتانی داغێکی تری شەرمەزاری بە نێوچاوانی سەرانی ئەو ڕژیمەوە.


Report Page