..

..


ئێستا چەند مانگە کە توند بوونەوەی فەزای جەنگی بۆتە یەکێک لە ئەساسی ترین فاکتۆڕەکانی پێوەندی ئیمپڕیالیزمی ئەمریکا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. ئەم فەزایە لە یەک دوو حه‌فته‌ی دواییدا گەیشتووه‌تە ئاستی کێشە لە نێوان ئیمپڕیالیستە ڕۆژئاواییەکان و کۆماری ئیسلامیی. ئاگر تێبەربوون و تەقاندنەوەی نەوتکێشەکان، خستنەخوارەوەی پەهپادی ئەمریکایی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بە ئامانج گرتنی پەهپاد لە لایەن ئه‌مریکاوە، ڕاگرتنی کەشتی نەوت هەڵگری ئێران لە جەبەل تارق لە لایەن بریتانیاوە، ڕاگیرانی نەوتکێشی ئیماراتی و لە کۆتاییدا ڕاگرتنی نەوتکێشی بریتانیایی لە کەنداوی فارس لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە هێندێک لەم ڕووداوانەن. هەڵبەت ڕاگرتنی نەوتکێشی بریتانیایی، پێی بەشێک لە وڵاتانی ئۆرووپاییشی هێناوەتە گۆڕەپانی کێشمەکێشەکانەوە، کە بە ڕواڵەت خوازیاری پاراستنی بەرجامن. وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا دەڵێ: ” وڵامی ئێمە بەپێی حیساب و کیتاب و بەهێز دەبێت” بەڵام جەخت دەکاتەوە کە” ئێمە بیر لە بژاردەی نیزامی ناکەینەوە، بەڵکوو بەدوای ڕێگا چارەی سیاسیدا و چارەسەر کردنی بابەتەکەوەین” ناوبراو لەدرێژەدا دەڵێ: ” ئەگەر ئازادی هاتوچۆی کەشتییەکان بکەوێتە مەترسییەوە، ئێران گەورە ترین دۆڕاو دەبێت.” ئاڵمان، فەڕانسە و بریتانیا هۆشداریان داوەتە ئێران کە هەرچی زووتر نەوتکێشی بریتانیایی ئازاد بکات و کۆتایی بە کێشەکان بێنێ و زیاتر پەرەیان پێنەدات.” پەیمانی نیزامی ناتۆش لە بەیانیەک دا ڕاگرتنی کەشتییە بریتانیاییەکەی لە لایەن ئێرانەوه‌ مەحکوم کرد و ئەوی بە پێشێل کرانی ئازادی کەشتیڕانی نیونەتەوەیی ناوبرد. کۆماری ئیسلامیش ڕاگیرانی نەوتکێشەکەی بە دزیی دەریایی ناوبرد. وەزیری دەرەوەی بریتانیا وتی کە ڕۆژی دووشەممە هه‌ندێک کرداری تازە لەدژی ئێران ڕادەگەیەنێت. هەرچەند کە ئەو باسی لەم کردارە تازانە نەکرد، بەڵام باسی لە ڕاگرتنی داراییەکانی ئێران و سەرچاوەی دارایی ڕژیم كرد. ئەوە لە ڕاستیدا چوونی وڵاتانی ئۆرووپایی بۆ هەمان بازنەی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە بەستێنی” گوشاری حەدی ئەکسەری” ئابووری و ماڵی بۆسەر کۆماری ئیسلامیی بۆ تەسلیم کردنی ڕژیمە. لە راستیدا گوشار و وتووێژ بۆتە پێوه‌ری سەرەکی مناسباتی ڕۆژئاوا و کۆماری ئیسلامیی. ئەگەر وتووێژ لەگەڵ ولاتانی ئۆرووپایی بە شێوەی ئاشکرا ڕادەگەیەندرێت بەڵام وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا لە لایەن ناوبژیوانەکانەوە و لە گەلێک لە حاڵەتەکاندا بە شاراوەیی بەڕێوەدەچێت. رۆژی هەینی ڕابردوو ترامپ لە وتووێژێکی مەتبوعاتیدا لە کۆشکی سپی لە ولام بەوەیکە ئایا ئیزنی بە یەکێک لە سیناتۆڕەکان داوە بۆ وتووێژ لەگەڵ زەریف وەزیری دەرەوەی ڕژیم کە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان هاتۆتە نیویۆرک، وێرای تەئیدی ئەم هەواڵە وتی” ئەگەر باقی سیناتۆرەکانیش داوای وتووێژ لەگەڵ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بکەن، وڵامی من ئەرێنی دەبێت”. ئەو لەم وتووێژەدا جارێکی تریش جەخت کردنەوەی خۆی لەسەر مەترسیدار بوونی بارودۆخی ئابووری ئێران و ئەوەیکە ئەم بارودۆخە خراپتریش دەبێت، دەربڕی.

له‌ ڕاستیدا کۆماری ئیسلامیی ڕێگایەکی بێجگە لە” تەسلیمێکی قارەمانانە” لەبەرانبەر گوشارەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوادا نییە تا بتوانێ لە ڕێگای کڕینی دەرفەتەوە دەست بداتە بەرەگار بوونەوەی ئەو کێشانەی کە لە ناخەوە هەڕەشەی لێدەکەن. ڕۆژئاوا دەزانێت کە ئابووری کۆماری ئیسلامیی بە تەواوی بە نیزامی ئابووری جیهانی سەرمایەدارییەوە بەستراوەتەوە و لە هەموان زیاتر ئەوە ئەمریکایە کە لەغاوی ئەم ئابووریە جیهانییەی بە دەستەوەیە. ئەوەیکە ئەحمەدی نیژاد سەرۆک کۆماری پێشوو لە وتووێژ لەگەڵ نیویۆرک تایمز دوای بە ئامانج گرتنی پەهپادێکی کۆماری ئیسلامی لە لایەن ئەمریکاوە، خوازیاری وتووێژ و دیالۆگ لەگەڵ ئەمریکا و ڕاستەوخۆ لەگەڵ ترامپ دەبێت، ڕاست دەربڕی ئەم بارودۆخە نابەسامانەی ڕژیمە. ئەو دەڵێ:” ئەمریکا خوازیاری وتووێژە لەسەر تەیفێکی بەرین تر لە بابەتەکانی دەرەوەی بەرجام، بابەتێک کە گرنگییەکی زیاتریان لە درێژە یان مەرگی بەرجام هەیە. بەڵام نیازمان بە وتووێژێکی ئەساسی لە هەموو بوارەکاندا هەیە.” ئەو دەڵێ ئینسان بە دەنگی بەرز بیر دەکاتەوە. کێ دەتوانێ ڕەدی بکاتەوە کە قسەکانی دەرخەری بە دەنگی بەرز بیرکردنەوەی کاربەدەستانی ڕژیم نەبێت.

ئەوەی کە لە ناخی هەڕەشەکانی هەردولادا، لە ناخی ڕووداوەکانی کە لێرە لەوێ ڕوو ئەدەن، لە ناخی فەزایەکی جەنگی و تەبلیغاتیدا کە لەو بارەیەوە بەڕێوە دەچێت، لەبیری نەکەین کە دەمێکەیە شەڕێکی ڕاستەقینە و لە بواری واقعیدا لەدژی خەڵکی ئێران لە ئارادایە. ئەوە موزد و حقوق بگیرانی کۆمەڵگان کەخەریکن لەژێر باری تەحریمەکان گرانیدا دەپلیشێن. کاتێک کە کالا زه‌روورییه‌كان لەسەر سفرەی خەڵک نامێنن، کاتێک کە نەخۆشەکان بەرەوڕووی قەفەسەی بەتاڵی دەرمانخانەکان دەبنەوە و تەنانەت توانایی کڕینی دەرمانی مەوجودیان نییە، کاتێک کە عزیزانیان لە بەر چاویان بەهۆی نەبوونی شیمی دەرمانی دەمرن، کاتێک کە ناڕەزایەتیی کرێکاران بۆ هەر داواکاریەکی ڕەوا بەرەوڕووی سەرکوت دەبنەوە، کەوایە هەموو ئەم فەزا جەنگیانە، هەموو ئەم کێشە و ئاڵوگۆڕی پەیامانە و هەراوهوریایەی هەردولا لە مەیدانی شەڕی ڕاستەقینەدا کاڵ دەکەنەوە. و لە راستیدا لەم مەیدانەدایە کە خەڵک دەبێ بچنە گۆڕەپانی شەڕی ئەو ڕژیمە کە زیاتر لە چوار دەیەیە بە ملیۆن کەس لە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی لە ژێر قەیرانی ئابووریدا دیل کردووە. سەرجەم ئەم فەزا جەنگییە، هەموو ئەم کێشانە دەرخەری کێشمەکێش لە ئۆردوی جیهانی سەرمایەداریی دایە. ئەگەر دەوڵەتی ئەمریکا بەشوێن نۆژەن کردنەوەی سوڵتەی خۆیەوەیەتی لە ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و لادانی ڕەقیبەکانی، کۆماری ئیسلامیش بەشوێن بەڕەسمیەت ناسرانی تواناییەکانییەتی لەم ناوچەیەدا بە لەبەرچاو گرتنی توانا نیزامی و ئابوورییەکانی. ئەوی تر دەیەوێ کە کۆماری ئیسلامی هاو ئاراستە لەگەل ستراتێژی خۆی ڕامبکات. و ئەمیان دەیەوێ وەک هێزێکی ناوچەیی بە ڕەسمیەت بناسرێت. و بەم جۆرە ئەگەر باوەشێن کردنی فەزای جەنگی لە لایەن هەردولاوە لە چوارچێوەی کێشمەکێشەکانی ناوخۆی ده‌سه‌ڵاتداران دایە، بەڵام شەڕی هەردولایان لەدژی چینی کرێکار، لەدژی هەموو ئەوانەی کە خەریکەن فڕێئەدرێنە قوڵایی کۆمەڵگاوە شەڕێکی ئاشکرای نێوان چینێک لەدژی چینێکە. ئەگەر شەڕی دەرون چینایەتی سازش و ڕەقابەت دوو پێوه‌ری سەرەکین، بەڵام لە شەڕی چینایەتیدا تەنیا سەرکەوتنی لایەک دەتوانی ئاکامی شەڕەکە دیاری بکات. و راست لێرەدایە کە دەبێ هەموو ئەو کێشمەکێشانە، هەڕەشە و دان وستانانه‌ وڵامی ڕاستەقینەی خۆی له‌ مەیدانی واقعی نەبەردا وەربگرنەوە. و ڕاست لێرەدایە کە کۆمەڵگا بە نیازە کە چینی ڕێبەری کۆمەڵگا بە هەموو توانایەوە بێتە مەیدان.

جەماوەری ملیۆنی خەڵک ناتوانن بەربە کێشمەکێشی دوو لایەنی ئەم شەڕە کۆنەپەره‌ستانەیە بگرن. بەڵام جەماوەری ملیۆنی خەڵک دەتوانن خۆیان بۆ کۆتایی هێنان بە تەمەنی ئەم ڕژیمە و ڕزگار بوون لەم فەلاکەتە ئامادە بکەن. جەماوەری ملیۆنی کارو زەحمەت دەتوانن بە جێگای بوون بە پیادە نیزامی ئەم کێشە کۆنەپەره‌ستانە خۆیان ببنە بازیگەری سەرەکی گۆڕەپانی نەبەرد. ئەگەر تەیفە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوایی لە سەڵتەنەت تەڵەبەوە تا کۆماریخواز لە موجاهیدینەوە تا ئەحزابی ناسیۆناڵیست خەریکی مه‌زمه‌زه‌كردنی سازان لەگەڵ ئەم یان ئەو لایەن و جار جارەش لەگەڵ هەردولایانن، لە بەرانبەردا زیاتر لە هەموان ئەوە چینی کرێکاری شۆڕشگێڕ، ئەوە جەماوەری ملیۆنی کار و زەحمەته‌، ئەوە ژنانی پێشڕەو و ڕادیکاڵه‌، ئەوە خانەنشینان، مۆعه‌لیمان، خوێندکاران و دانشجوویانن، ئەوە کۆمۆنیستەکان و ئەحزاب و سازمانە چەپ و کمۆمۆنیستەکان کە دەبێ ڕیزی سەربەخۆی چینایەتی خۆیان پێکبێنن. ئەوە شەڕی چینایەتییە کە هەم چارەنووسی کێشە و سازشەکانی هەموو ئەو جەمسەرە کۆنەپەره‌ستانە و هەموو چارەنووسی کۆمەڵگای ئێران دیاری دەکات.


Report Page