..

..

وتاری روژ
دروست کردنی ئیئتیلاف لەدژی کۆماری ئیسلامی

رۆژی هەینی ٢١ ی مانگی پوشپەڕ دەفتەری ترازا مەی سەرۆک وەزیرانی ئینگلستان باسی لە ئارادا بوونی کۆمەڵێک وتووێژ لە نێوان ئەمریکا و ئینگلستان لە ناوچەی کەنداو کرد. دەفتەری سەرۆک وەزیری بریتانیا ناوەرۆکی ئەم وتووێژانەی پێویستی دروست کردنی ئیئتیلافێکی نوێ لە نێوان ئینگلیستان و ئەمریکا بە ئامانجی بەهێز کردنی حوزوری نیزامی لەم ناوچەیەدا ڕاگەیاند. ئەوان پێویستی بوونی وەها ئیئتیلافێکیان هەڕەشەکان و تەحریکاتی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی کەنداو ڕاگەیاند. دەوڵەتی بریتانیا ده‌لێت کە رۆژی پێنجشەممە ٢٠ ی مانگی پوشپەڕ بەلەمەکانی سپای پاسداران لە کەشتیەکی ئەم وڵاتە لە ناوچەکە نزیک بوونەوە. بەڵام بە دخاڵەتی ناوگانی دەریایی بریتانیا ناچار بوون پاشەکشە بکەن. دروست کردنی ئەم جۆرە ئیئتیلافە ئەگەر بێت و سەربگرێت، په‌یمانێكی نیزامی ترە لە لایەن دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستیەوە بۆ دابین بوون و زەمانەتی تێپەڕ بوونی نەوتکێشی وڵاتانی ناوچەکە بە تەنگەی هورموزدا. گەروی هورمز وەک شاڕێیەکی ستراتیژیک، مەسیری هاتوچۆی کەشتیەکانی هەڵگری نەوت و میعاناتی گازیی وڵاتانی ناوچەی کەنداو و رۆژئاوای ئاسیا بەرە بازارەکانی ئوروپا و ئەمریکای باکوری و ئاسیایە. به‌ پێی ئاماری ئیدارەی ئیتلاعاتیی و وزەی ئەمریکا، لە ساڵی ڕابردودا رۆژانە بە شێوەی مامناوەند ١٨ میلیۆن بەرمیل نەوت لە تەنگەی هورموزەوە تێپەڕیوە و ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان کراوە.

لە بارودۆخێکدا کە توند بوونەوەی تەحریمەکانی ئەمریکا لەدژی هه‌نارده‌ كردنی نەوتی ئێران ئابووری ڕژیمی توشی تەنگ و چەڵەمەی زۆر کردوە، هێزەکانی سپای پاسداران لە یەک دوومانگی ڕابرودا بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەم تەحریمانە، مانۆڕ و حه‌ره‌كه‌تی تەحریک ئامێزی نیزامی زۆری بەڕێوەبردوە. وێڕای ئەوانە بەرپرسانی کۆماری ئیئسلامی لە چەند مانگی ڕابرودا گەلێک جار هەڕەشەیان کردوە کە:” ئەگەر بێت و زل هێزە جیهانیەکان نەهێڵن نەوتی ئێران بە تەنگەی هورمزدا بڕوات، ئەم تەنگەیە دەبەستن”. حەوتوی ڕابردو هەواڵنێریی رۆیتێرز جارێکی تر هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە داخستنی تەنگەی هورمزی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند:” لە وڵام بە سیاسه‌تی ئەمریکا بۆ قەدەغە بوونی سادراتی نەوتی ئێران، بەر بە ڕۆیشتنی نەوتکێشەکان بە گەروی هورموزدا دەگرێت”. لە سێ مانگی ڕابردودا بەهۆی توند بوونەوەی تەحریمە نەوتیەکانی ئەمریکاوە هەناردەی نەوتی کۆماری ئیسلامی تەقریبەن ڕاوەستاوە و بە پێچەوانەی دەورەکانی ڕابردو کۆماری ئیسلامی ئەم جارە لە تواناییەکی زۆر کەم بۆ دەور دانەوەی تەحریمەکان بەهرەمەندە. حه‌وتوی رابردو هێزی دەریایی بریتانیا لەسەر داخوازی ئەمریکا، نەوتکێشی گەورەی” گریس وان” کە هەڵگری نەوتی ئێران بوو بۆ سوریە و بۆ خۆ دزینەوە بە دەوری قارەی ئەفریقادا هاتبوو، لە گەروی” جەبەل تاریق” ڕاگرت و کێشەکانی نێوان ئینگلستان و ڕژیمی ئێرانی په‌ره‌ پێدا. ئەمەش بۆ دەوڵەتی ئینگلستان بۆتە بیانو و دەرفەتەێک تا دەست بداتە بەهێز کردنی حوزوری نیزامی خۆی لە ناوچەکەدا. دەوڵەتی ئینگلستان بە شێوەی ڕەسمی هێزی دەریایی سپای پاسدارانی بە دروست کردنی كێشه‌ بۆ نەوتکێشێکی خۆی کاتی تێپەڕ بوون بە تەنگەی هورمزدا تاوانبار کرد. و ئەمەشی کردە بیانویەک بۆ ناردنی ناوێکی جەنگی تر بۆ ناوچەکە.

کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام و سەپاندنی تەحریمە لانی زۆرەکان، لەگەڵ تەحریکاتی نیزامی لە ناوچەکەدا، هەڕەشە بۆ کەم کردنەوەی تەعەهوداتی بەرجامیش بوو. وتەبێژی سازمانی وزەی ئەتۆمی ڕژیم رۆژی دوو شەممەی حەتوی ڕابردو وە دوای تەواو بوونی مۆڵەتی دوو مانگەی ڕژیم بە یەکێتی ئوروپا، ڕایگەیاند کە:” کۆماری ئیسلامی لە پیتاندنی ئۆرانیۆم تا سنوری ٤،٥ لەسەد تێپەڕیوە و لەسەر بنەمای پێویستی پیتاندنی ئۆرانیۆم زیادتر دەکات”. لەم پێوەندەدا عەباس عێڕاقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانیش هەمان رۆژ ڕایگەیاند کە:” ئەگەر ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌ رێككه‌وتنی بەرجامدا ماونه‌ته‌وه‌، بە تایبەت وڵاتانی ئوروپایی بە شێوەی جیدی بە تەعەهوداتەکەیان بەرانبەر به‌ ئێران پێبەند نەبن و معافیەت لە تەحریمەکانی ئەمریکا وەرنەگرن، ئێران لە ماوەی ٦٠ رۆژی داهاتودا هەنگاوی سیهەم هەڵدێنێتەوە.” مەبەستی عێڕاقچی لە هەنگاوی سێهەم دکرێت دەست پێکرنەوەی کاری سانتریفوژەکان و بەرز کردنەوەی زیاتری پلەی پیتاندنی ئورانیۆم بێت.

ئەم کردارەی ڕژیم بەرەو رووی دەربڕینی ناڕەزایەتی دەوڵەتانی بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان و یەکێتی ئوروپا بوویەوە. وتەبێژی موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئوروپا ڕایگەیاند کە ئەم یەکێتیە سەبارەت بە زیاد کرانی ئاستی پیتاندن و تێپەڕ بوون لە ئاستی تەوافوقی بەرجام زۆر نیگەرانە. لەم پێوەندەدا رۆژی چوارشەممە ١٩ ی مانگی پوشپەڕ سەرۆک کۆماری فەرانسە ڕاوێژکاری دیپلۆماتیکی خۆی ڕەوانەی تاران کرد تا سەبارەت بە کرداری کۆماری ئیسلامی لە پێوەند لەگەڵ کەم کردنەوەی تەعەهودەکانی بەرجام هۆشداری بدات. بەپێی راپۆرتی هەواڵنێریەکان ئەو لە چاوپێکەوتن لەگەڵ عەلی شەمخانی دەبیری شۆرای ئەمنیەتی نەتەوەیی ڕژیم، لە پێوەند لەگەڵ” سازوکاری چارەسەری ناکۆکیەکان” لەبەرجامدا قسەی لەگەڵ کرد. شەمخانی بە ڕەخنە گرتن لە بێ کرداری یەکیتی ئوروپا لە بەرانبەر ئەمریکادا لەدژی ئێران، کەم بوونەوەی تەعەهودەکانی بەرجامی بە ستراتیژیك و غەیرە قابیلی گەڕانەوە و گۆڕان ناوبرد و لەسەر درێژەی ئەم سیاسەتە پێداگری کرد. لەم بوارەدا یەکێک لە بەرپرسانی یەکیتی ئوروپاش رۆژی هەینی ٢١ ی مانگی پوشپەڕ لە پێوەند لەگەڵ کەم بوونەوەی تەعەهوداتی کۆماری ئیسلامی لە بەرجامدا بە هەواڵنێرانی وت کە” چاوەڕێین کۆماری ئیسلامی پێبەندی سەرجەم تەعەهودەکانی بێت لە بەرجامدا.” بە پێی بەندی ٣٧ ی تەوافوقی بەرجام، لەسەر بنەمای” سازوکاری چارەسەری ناکۆکی” یان ” میکانیزمی ماشە” ئەگەر بێت و هەریەک لە سێ وڵاتی ئوروپایی واژۆکاری بەرجام( فەرانسە، ئاڵمان و بریتانیا) بەم ئاکامە بگەن کە کۆماری ئیسلامی تەوافوقی بەرجامی پێشێل کردوە، لە ماوەی ٦٥ رۆژدا هەڵسەنگاندنی ناکۆکی ئەدرێت بە شورای ئەمنیەتی سازمانی ملەل و ئەم ناوەندە بە شێوەی ئوتوماتیک دەتوانێ بە خێرایی سەرجەم تەحریمەکانی پێشووی سازمانی ملەل دەست پێبکاتەوە. قەرارە سبەینێ دووسەممە جەلەسەی کوموسیۆنی هابەشی بەرجام بە ئامادە بوونی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئوروپا بەڕێوەبچێت و بابەتی تەوافوقی ئەتۆمی تەوەری سەرەکیەتی.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای حاکمیەتیەوە ڕژیمی قەیران بووە. بەڵام گرفتی بنەڕەرتی ئەم حاکمیەتە دژی ئینسانیە بۆ جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش ئەوەیە کە باری قەیرانەکان بخاتە سەر شانی ئەوان و هەزینەی ئەم قەیرانە لە گیرفانی بەتاڵ و سفرەی بێ ڕەونەقی ئەوان دابین بكات. دەرێژەی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی بە واتای ژیان لە کۆمەڵگای قەیران لێدراو و ژیان لە کۆمەڵگایەکدایە کە بەردەوام لەبەردەم مەترسی شەڕ و کوشتار دایە.


Report Page