..

..

وتاری ڕۆژ


رۆژه‌كانی 18 تا 23ی پوشپه‌ر شاری تاران مه‌یدانی به‌ره‌وروبونه‌وه‌ی خوێندكاران و خه‌ڵكی نارازی به‌ ده‌ستی به‌تاڵ له‌ گه‌ڵ هێزه‌كانی سه‌رتاپا چه‌كداری رژیمی كۆماری ئیسلامی بوو. روداوه‌كانی ئه‌و رۆژانه‌ به‌ هێرشی پاسداران و لیباس شه‌خسیه‌كان بۆ كوی دانشگای تاران ده‌ستی پێ كرد. له‌ ئاكامی هێرشی شه‌وانه‌ی هێزه‌كانی رژیم بۆ سه‌ر خوێندكاران ژماره‌یه‌ك گیانیان به‌خت كرد و ژماره‌یه‌كی زۆریش بریندار بوون. ئه‌م روداوه‌ له‌ گه‌ڵ دژه‌ كرده‌وه‌ی خوێندكاران له‌ گشت زانكۆكانی ئێران به‌ره‌وه‌رو بووه‌وه‌ و شاری تارانیش بووه‌ مه‌یدانی خه‌باتێكی پر شور و شه‌وق له‌ دژی رژیمی ئیسلامی. 18ی پوشپه‌ر و روداوه‌كانی دوای ئه‌م رۆژه‌ كه‌ لاپه‌رێكی زێرین له‌ په‌روه‌نده‌ی خوێندكارانی شوڕشگێر و خه‌ڵكی خه‌باتكاره‌، چلون روی دا؟

نوێنه‌رانی موحافزه‌كاری مه‌جلیس له‌ كوتایی ته‌مه‌نی 4ی ساڵی نوێنه‌رایه‌تی خۆیان دا ده‌یانهه‌وێست یاسای راگه‌ێنه‌ره‌كان به‌ شێوه‌یه‌ك ئیسلاح بكه‌ن كه‌ داخستنی گوڤاره‌كانی ره‌خنه‌ گر ئاسانتر بێته‌وه‌. “سه‌لام” رۆژنامه‌ی ئیسلاح خوازان له‌ رۆژی 18ی پوشپه‌ر نوسی: “سه‌عید ئێمامی پیشنیاری ئیسلاحی یاسای راگێنه‌ره‌كانی داوه‌”. ئه‌م موره‌ به‌د نێوه‌ی ده‌زگای ئیتلاعاتی رژیم بۆ شاردنه‌وه‌ی جێگا ده‌ستی فه‌رمانده‌كانی سه‌ره‌كی تر له‌ قه‌تله‌ زنجیره‌یه‌كان، وه‌ك به‌رێوه‌ به‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م جینایه‌ته‌ بۆ هه‌موان ناسرابوو. ده‌زگای قه‌زایی رۆژی 17ی پوشپه‌ر رۆژنامه‌ی “سه‌لام”ی داخست. خوێندكاران سه‌رله‌ ئێوه‌ره‌ی ئه‌م رۆژه‌ له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌وروبه‌ری كوی دانشگا خۆپیشاندانێكیان وه‌رێ خست و خوازیاری هه‌لوه‌شاندنه‌وه‌ی بریاری داخستنی رۆژنامه‌ی “سه‌لام” و په‌سه‌ند نه‌كردنی لایه‌حه‌ی ئیسلاحی یاسای راگه‌ێنه‌ره‌كان بوون.

به‌ پێی وته‌ی ئه‌و شایه‌ت حاڵانه‌ی كه‌ خۆیان ئه‌و كات له‌ ریزه‌كانی حیزب الله دا ده‌وری به‌رێوه‌به‌ریان هه‌بوو له‌ نیوه‌ی شه‌و دا و دوای ئه‌وه‌ی كه‌ خۆپیشاندانی خوێندكاران هێور ده‌بێته‌وه‌ به‌ فه‌رمانی “خامنه‌یی”، حیزب الله و باقی هێزه‌كانی نیزامی و ئینتزامی رژیم له‌و په‌ره‌ی دڕنده‌یی دا رژانه‌ ناو كوی دانشگا، خوێندكارانیان له‌ حالێك دا كه‌ نیوه‌یان خه‌وتبوون دایه‌ به‌ر لێدان و ژماره‌یه‌كیان بریندار و خوێندكاركیان به‌ ناوی “عه‌زت الله ئێبراهیم نژاد” كوشت. خوێندكارێك به‌ ناوی “فرشته‌ی عه‌لیزاده‌”ش سه‌رله‌به‌یانی 18ی پوشپه‌ر له‌ كوی دانشگا ده‌ست به‌ سه‌ر و له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ دا گیانی به‌خت كرد. خوێندكاران و ژماره‌یه‌ك له‌ دانیشتوانی شه‌قامی كارگه‌ری شومالی، رۆژی 18ی پوشپه‌ر ده‌ستیان دایه‌ خۆپیشاندان و كه‌وتنه‌ به‌ر هێرشی هێزه‌كانی رژیم و له‌ ئاكامی ئه‌م به‌ره‌وروبونه‌وه‌یه‌ دا خوێندكارێك به‌ ناوی “تامی حامی فه‌ر” كوژرا. خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تی تا 5 رۆژ واته‌ تا 23ی پوشپه‌ر درێژه‌ی هه‌بوو. له‌م ماوه‌یه‌دا دروشمه‌كان رۆژ له‌ گه‌ڵ رۆژ رادیكاڵتر ده‌بوونه‌وه‌ و سه‌رجه‌م رژیم و دیكتاتوریه‌تی ئیسلامیان كردبۆه‌ ئامانج.

له‌ دوو رۆژی كوتایی دا واته‌ رۆژه‌كانی 22 23ی پوشپه‌ر كه‌ ئه‌م خه‌باته‌ جه‌ماوه‌ری بوویه‌وه‌ 1400 كه‌س ده‌ست به‌ سه‌ر كران و كه‌وتنه‌ ژێر توند ترین ئه‌شكه‌نجه‌كانه‌وه‌ و ژماره‌یه‌كیش له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ دا گیانیان به‌خت كرد. خه‌باتی 5 رۆژه‌ی خه‌ڵك و خوێندكاران له‌ 18 تا 23 پوشپه‌ر له‌ لایه‌ن خوێندكارانه‌وه‌ له‌ باقی شاره‌كان پشتیوانی لێ كرا.

روداوه‌كانی جینایه‌تكارانه‌ی 18ی پوشپه‌ر له‌ كوی دانشگا ده‌ستپێكی قوول بونه‌وه‌ی ناكوكی له‌ نێوان هێزه‌كانی ناوخۆی ده‌سه‌ڵات، واته‌ ئیسلاح خوازان و موحافزه‌كاران بوو. به‌ڵام گرینگتر له‌وه‌ له‌ رۆژه‌كانی 18 تا 23ی پوشپه‌ر هاتنه‌ مه‌یدانی خه‌ڵكی نارازی و دانی دروشم له‌ دژی كۆماری ئیسلامی و رێبه‌ری ئه‌م رژیمه‌ بوو. هه‌ر بوویه‌ ده‌كرێت خه‌باتی خوێندكاران و خه‌ڵكی نارازی له‌م رۆژانه‌ دا وه‌ك ده‌ستپێكی جه‌ماوه‌ری بوونه‌وه‌ی خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ و رزگاری به‌خشی خه‌ڵكی ئێران له‌ دژی رژیمی ئیسلامی ناو لێ به‌رین، خه‌باتێك كه‌ لایه‌نه‌كانی پرشنگدار و پێشڕه‌ویه‌كه‌ی مان له‌ خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و به‌ربڵاوی خه‌ڵک له م سالانه ی دوایی دا بینی.

له‌ پوشپه‌ری ساڵی 78 دا خه‌ڵك به‌ دروشمی دژی دیكتاتوری ویستی خۆیان بۆ نه‌مانی ئه‌م رژیمه‌ له‌ ئاستێكی جه‌ماوه‌ری دا به‌یان كرد. به‌ڵام ئه‌م خه‌باته‌ رێكخراو و خاوه‌نی رێبه‌ری نه‌بوو. خه‌ڵكی وه‌گیان هاتوو ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌یان ده‌ویست له‌ دروشمه‌كانیان دا به‌رزیان ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یان ویست به‌ روونی به‌یان نه‌ده‌كرد. خه‌باتی عه‌زیم و بوێرانه‌ی رۆژه‌كانی 18 تا 23ی پوشپه‌ری ساڵی 1378 به‌ بێ رێكخراو بوون و رێبه‌ری و بێ ئاسۆیه‌كی سیاسی روون، كه‌وته‌ به‌ر هێرشی رێكخراوی كۆماری ئیسلامی و له‌و قوناغه‌ دا سه‌ركوت كرا. ئێستا زیاتر له‌ یه‌ك ساڵه‌ كه‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی نارازی جارێكی دیكه‌ له‌ ئاستێكی به‌ربڵاوتر دا له‌ دژی كۆماری ئیسلامی هاتونه‌ته‌ مه‌یدان. ئه‌م به‌ره‌وروبونه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر چی له‌م ماوه‌یه‌ دا هه‌وراز و نشێوه‌ی زۆری به‌ سه‌ر داهاتووه‌، ئه‌گه‌ر چی له‌ رابردووی خۆی ته‌جره‌به‌ی به‌نرخی وه‌رگرتوه‌، به‌ڵام هێشتا له‌و كه‌م و كوریانه‌ی كه‌ بووه‌ هوی سه‌ركوتی خه‌باتی پوشپه‌ری ساڵی 78 ره‌نج ده‌بات و داهاتووكه‌شی له‌ گره‌وی چارسه‌ری ئه‌م كه‌م و كوریانه‌ دایه‌.

بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی ئه‌م قوناغه‌ی ئێستا له‌ ئێران له‌ ناوه‌رۆكی خۆی دا رادیكاڵه‌، به‌ڵام هێشتا رێبه‌ری رادیكاڵ و سه‌راسه‌ری خۆی نه‌دیوه‌ته‌وه‌. چینی سه‌ره‌كی نارازی له‌ كۆمه‌ڵگا واته‌ چینی كرێكار ئه‌گه‌ر چی پرش و بڵاو، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له‌ ناره‌زایه‌تی ئه‌م ده‌وره‌یه‌ دا به‌شدار بوو، به‌ڵام هێشتا نه‌یتوانیوه‌ موركی خۆی له‌‌ سه‌ر ره‌وتی ئه‌م خه‌باته‌ وه‌ك چینێكی سه‌ربه‌خۆ و رێكخراو دابنێ. هه‌ل و مه‌رجی دژوار و له‌ تاقه‌ت به‌ده‌ری كار و ژیانی چینی كرێكاری ئێران ئه‌م چینه‌ ناچار ده‌كات تا له‌ گه‌ڵ هۆكاره‌كانی ئه‌م هه‌ژاری و نه‌هامه‌تیه‌ دا به‌ره‌وروبێته‌وه‌. ئه‌م خه‌باته‌ ده‌بێته‌ هێزی بزوێنه‌ری خه‌بات له‌ دژی دیكتاتوری ده‌سه‌ڵات دار. له‌ جه‌رگه‌ی ئه‌م زه‌مینه‌ واقعیانه‌ دایه‌ كه‌ پێشڕه‌وانی بزوتنه‌وه‌ی كرێكاری، خوێندكاران و لاوانی سوسیالیست و كومونیست، له‌ هه‌ل و مه‌رجی له‌ باری ئه‌م ده‌وره‌یه‌ و له‌ هاوسه‌نگی هێزێك كه‌ به‌ زه‌ره‌ری رژیم گۆڕاوه‌، ده‌بێت سه‌رقالی پێك هێنانی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان خه‌باتی پرش و بڵاوی كرێكاران بن، سه‌رقاڵی جه‌ماوه‌ری كردنه‌وه‌ی دروشمه‌كانی دیموكراتیك، شوڕشگێرانه‌ و سوسیالیستی بن، خۆیان به‌ شكل دان به‌ ته‌شه‌كوله‌كانی كرێكاریه‌وه‌ ماندو بكه‌ن و سه‌رقالی دامه‌زراندنی ته‌شه‌كوله‌گه‌لێك بن كه‌ په‌یوه‌ندی له‌ نێوان خه‌ڵكی نارازی پێك بێنیت و سه‌رقالی جێگیر كردنی جێگا و شوێنی خۆیان وه‌ك رێبه‌ری واقعی و راسته‌قینه‌ی خه‌باتی رزگاری به‌خش له‌ ئێران بن و ئه‌مه‌ ئه‌م ده‌رس و ته‌جره‌به‌یه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ روداوه‌كانی 18ی پوشپه‌ری ساڵی 1378 و ساڵه‌كانی دواتری وه‌ریبگرێن.


Report Page