.
Sourceڕێژەی بێکاری لە کوردستان و کرماشان دوو ئەوەندەی تێکڕای ئێرانە
بەگوێرەی هەواڵێکی ئیسنا، ئەمڕۆ ٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ ناوەندی ئاماری ئێران ڕێژەی بێکاریی کوردستان و کرماشان لە زستانی ساڵی پاری ئاشکراکرد.
ناوەندی ئاماری ئێران ڕایگەیاندووە ڕێژەی بێکاریی زستانی ١٣٩٩ لە پارێزگای کرماشان ١٨% و لە کوردستان ١٨.٨% بووە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە تێکڕای ڕێژەی بێکاری لە ئێران ٩.٧% ڕاگەیەندراوە.
بەمەش ڕێژەی بێکاری لە کوردستان و کرماشان نزیکەی دوو ئەوەندەی تێکڕای ڕێژەی بێکاری لە ئێران بووە لە زستانی ساڵی پاردا.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئامار، کوردستان و کرماشان لە زستانی ساڵی پاردا بەرزترین ڕێژەی بێکاریی ئێرانیان هەبووە.
لەو ڕاپۆرتەدا هەروەها ئاشکراکراوە کە ڕێژەی بێکاری لە وەرزی زستاندا لە کوردستان و کرماشان بەراورد بە وەرزەکانی دیکە زیادیکردووە.
بەگوێرەی یاسای جیهانیی کار، هەر کەسێک هەفتەی لانیکەم ١٥ کاتژمێر کاربکات بە بێکار ناناسرێت.
بەڵام بە پێی یاسای کاری ئێران، هەر کەسێک لە هەفتەدا تەنانەت یەک کاتژمێریش کار بکات، بە بێکار ئەژمار ناکرێت.
بۆیە ئابوریناسان ڕێژەی ڕەسمیی بێکاری لە ئێران ڕەتدەکەنەوە و باوەڕیان وایە کە ئەگەر ڕێژەی بێکاری لەو وڵاتە بەپێی یاسای جیهانیی کار حساب بکرێت دوو بۆ سێ ئەوەندەی زیاتر دەبێت لەوەی ساڵانە ڕادەگەیەندرێت.