‍ ‍

‍ ‍

♦️ #کەیخوسرەوی لە نێوان گەنجێتی دەروون و تەمەنی درۆیین


🔷 #ئەمجەد غوڵامی


"کەیخوسرەوەی بوون" تەمەن و نەریتێکە کە خۆی لە پیری و کۆن بوون پاراستووە یان باشتر وایە بێم ئەو کەسێکە کە خووی بە تەمەنەوە نەگرتووە و هەردەم جۆرێک لە دایکبوونەوە تاقی دەکاتەوە و بەردەوام لە دەرەوەی ڕواڵەتی تەمەن، هەستێکی گەنجانە ئەزموون دەکات و لە دژوازیی نێوان ڕواڵەت و دەروون بە وەرگێڕانەوەی خۆی، وێنایەکی نۆێ دەبەخشێتە بەردەنگەکەی. کە لە گەڵی دادەنیشی و گوێی بۆ دەگری یەکەم شت بە زەینتدا دێت ئەوەیە کە "ئەم پیاوە بۆ هێندە گەنجانە بیر دەکاتەوە"، لە کاتێکدا کە هەوای ئەم وڵاتە هەوای پیری و دەمارگرژی و سەلەفییەتە.

کەیخوسرەوی بەو پێناسەیە ئاوێتەی جۆرێک لە دایکبوونەیی (natality) بە مانا ئارێنتیەکەیەتی؛ ئاوێتەی پراکسیسێکی ئازادیخوازانە و ڕێندانە بە تام و بۆنێکی چاوەروان نەکراو؛ ئاوێتەی ژیانێکی بەربڵاوی ئۆدیسەئاسا و هەردەم باکیرە کە سات بە سات و چرکە بە چرکەی شیاوی گێرانەوەیە. ژیانێک بە بێ ئەوەی پەلە بکرێت لە گێڕانەوەی و هەمیشەش دەبێ پەلە بکرێت بۆ فەرامۆش نەکردنی، لە کاتێکدا کە بیرهێنانەوەش میکانیزمێکە بۆ فەرامۆش کردن. 

ئەو ساتە ئاوارتانەی ئەزموون کردن و سەفەر و پاشان گەڕانەوە بۆ گێڕانەوەیان، هەوڵێکە بۆ دەوڵەمەندکردن و بەخشینەوەی حیکمەت بە ئەزموون و نەریتێکی کۆنە کە لە سەعدییەوە تا فەقێ تەیران چاوەروانییەک دەبەخشێتە گێرانەوە و وەک ئەڵمانییەکان دەڵێن: "هەر سەفەرێک دەوڵەمەندە بە گێرانەوەیەک". لەو ڕووەوە کاک عەبدوڵڵا ئاوێتەیەکە لە سەفەر و گێرانەوە یان ئەگەر سەفەر بە بەشێک لە ئێرلێبێن (Erleben) بزانین دەبێ بڵێین ئاوێتەیەکە لە ئەزموون و یادەوەری.

یادەوەری فاکتەری تۆمارکردنەوەی ئەزموونێکی تایەکاری لە ناو قەرەباڵغی ئەزموونە رۆژانەکانە و خودی ئەزموونیش هەوڵێکە بۆ دەستەبەرکردن و تاقی کردنەوەی ژیانێک بە پێوەری خەون و خۆدزینەوە لە ئاسایی بوون و جیاکردنەوەی ئەوەی شیاوی گێڕانەوەیە لەوەی کە هیچ بایەخ و مانایەکی نییە، لە پێناو گەیشتن بە ژیانێک کە شیاوی بیستن و گێڕانەوەیە. ئەمەش زۆر بە ئاسانی مسۆگەر نابێت، بە تایبەت لە سەردەمێکدا کە دەسەڵات و ئابووری و کۆمەڵگای مۆدێرن بەردەوام لە قەفەزێکی تاک ماناییدا رێگەی تاقی کردنەوەت لێ زەوت دەکا و کاتێک دەمریت کە هیچت نەبینیوە و هیچت تاقی نەکردۆتەوە. ئەمەیە ئەو کارەساتەی کە ژیانی ئەمڕۆ بە سەرتی دێنێ و تۆ دەرەتانی ئەوەت نییە کە پاڵپشتی لە خۆت بکەی. لە خۆتێکی تامەزرۆ لە سەردەمێکدا کە هەموو شت زەختە و پێویستە خۆت پاڵپشتی خۆت بیت. 

کەیخوسرەوی ڕێک لەم شوێنەدا دەژیت، کە لێی نزیک دەبیتەوە حەز بە ئەزموونەکانی دەکەیت، بە خۆپاڵپشتییەکەی و کوردوتنی "زوڵم لە خۆنەکردنەکەی" لە ئەزموونی دەرەبەگایەتییەوە تا هاوڕێتیی عەبدوڵڵا واعیزەکان، فەردیدەکان، ئاستیمەکان، سادقییەکان و شاملووەکان یان ئەزموونی کافە گوڵ مەمەد و نادری تا کارگە تایبەتییەکانی نووسین و بیستن. 

کە دەیگێڕێتەوە دەبێتە بەشێک لە ئەزموونێکی مێژوویی و کەڵکەبوو. وەک بڵێی ئەوە کاک عەبدوڵڵایە کە ئەم مێژووە دەخاتە گەڕ و بە گوڵوەژێرکردنی یەکە یەکەی ئەزموونەکانی و دەوڵەمەندکردنیان بە ئێرلێبێنی خۆی، ئاراستەی من و تۆیەکی دەکات کە هێشتا بێ مەتەق لە بەردەمی دانیشتووین و گوێمان بۆ گرتووە و ئەو وەک کاریزمایەک تەواو یادەوەرییەکانی تۆی هەژار خستووە و سەرسام لەو جۆرە ژیانەی زمانت لە گۆ کەوتووە. ئەمە هەمان وێنەیە کە لە "دەروونی خەوشداری بنەماڵەیی" و لەو ڕۆمانە بڵاونەکراوەیدا بە وێناکردنی فەقێ عەباسی بڵباس تا خۆی و دواتر ئەمیری کوڕی وەک زەمانێکی یەکپارچەی مێژوویی و خودێکی کێش‌دراوە (Distention animi) ئاراستە دەکرێت.

ئەم ئەزموونە کە دەگێڕدرێتەوە بێ سێ و دوو لە گەڵ خۆی دەتبا و تۆ دەبیتە بەشێک لەو خودە کێشەدراوەی کاک عەبدوڵڵا، بە هەمان شێوە ئەویش دەبێتە بەشێک لە ئەزموونی تایەکاری و خۆهەڵکێشانەکانی تۆ. واتە ئەزموونەکان بە شێوەیەکی گێڕانەوە بیستانە (Audience) لە تۆوە دەگێردرێنەوە و ئەمجارە تۆی کە بە گوتارێکی ناڕاستەوخۆی ئازاد (free indirect discourse)، ئەزموونە گوڵبژێرەکانی، گوڵوەژێر دەکەیەوە و بە بێ ئەوەی لە تام و بۆنەکەی کەم بێتەوە، دەیکەیتە بەشێک لە فەزای بەسەرهاتەکانی خۆت.

هەڵبەت ئەمە تەواو ئەو جەغزە سێحراوییە نییە کە تۆ لە دانیشتنی لای کاک عەبدوڵڵا هەستی پێ دەکەی. تۆ کە دادەنیشیت دەبێتە بەشێک لە نەریتێکی نازمانی، شتێک کە دەیبیستی ڕێک ئەوە نییە کە دەیگێڕیتەوە. ئەمەش تەنانەت خود دانیشتنەکەش تایەکاری و شاز دەکات. کاتێک لە هەموو ئەزموون و یادەوەرییەکان ورد دەبیتەوە، لە گەڵ ڕاوێژێک بەرەوڕوویت کە ناچارت دەکات بە بیستن لە سەردەمی دژواری بیستندا.


کەیخوسرەوی لەو سونگەوە فێڵێکە لە گەڵ زەمان و زمان، لە گەڵ زەمانێک کە هەردەم فەرامۆش دەکرێت و وەک هایدگر دەڵێت کارەساتێکە کە لە عالەم‌بووندا و لە رێگەی گەمارۆدران بە ژیانێکی بێ‌ماناوە تووشی دێی. مەگەر ئەوەی کە وەک فریدریک لە ڕۆمانی "پەروەردەی سۆزداری"ی فلوبێر خۆت لەو زەمانە بترازێنی و شوێنێک لە یادەوەریدا دەستەبەر بکەی و لەوێوە باشەکان و تایبەتییەکانی ژیانی لێ هەڵوەژێری و سەریەکی خەیەوە و دوای سەریەک خستنەوە و نواندنیان یان وەک لۆکاچ دەڵێت بە گۆڕینیان بۆ ئەزموونی بێ ناوبژیگەرانە، ژیانێکی تر بەرهەم بێنێت کە تێیدا بوون و ڕەوتی زەمان بە شێوەی نازەمان و ناتەمەن دەگێڕدرێتەوە. 

لەم یارییەدا زەمان دووجار گەمەی پێ دەکرێت؛ جارێک لە رێگەی بە شت کردن و ئاسایی کردنی ئەزموونی تایەکاری و جارێک بە تایبەتی کردنی و شازکردنی خودی ئەزموون. ئەمەش چ نییە جیا لە هەمان یاریی نێوان ئەزموونی "قوربانی" و "حورمەت‌سڕاوە" کە لە هەردووکیاندا ئەزموون لە دەرەوەی ویست و تاقەتی مرۆیین: ئەمیان هێندە پیرۆزە کە تەنیا شیاوی خودایانە و ئەویتریان هێندە کڕچ و کاڵە کە خودایان بۆ مرۆڤێشی قەدەغە دەکەن.

یاری و ڕاوێژی کاک عەبدوڵڵا ڕەوتێکی لەم شێوەی هەیە، جارێک شتە سروشتی و رۆژانەکان پیرۆز دەکات و جارێکی دیکە دایان دەبەزێنێت و ئاساییان دەکاتەوە وەک ئەوەی تۆش لەوێ بوویت و لە نزیکەوە هەستی پێ دەکەی و هەوڵ دەدەی فۆڕمێکی بۆ دیاری بکەی و بیکەیەتە هی خۆت. بەڵام لە مەودای نێوان سەرسام بوون و شەرمی گەنجێتی، لە نێوان تاسە و هەستی لە دەست دان، تەنیا دەتوانیت بیسەر بیت و لە ئاستانی کاریزمابوونی گێرانەوەیدا خۆت بدەیتە دەست چێژی ڕووداوەکان و هەردەم لە خۆت بپرسیت کە چۆنە ئەم پیاوە بەتەمەنە توانیویەتی بە گێڕانەوەی ئەو ئەزموونە تایەکارییە، دەرگا لە ڕووی تەمەن دابخات و بە بێ گۆڕینی دەمامکەکان گەنجێتی ڕۆ بنێتەوە.


t.me/SomaGovar



Report Page